کوردستان، ھەرێمێک تێیدابڕیاری حیزب تەقلە بەیاسا لێدەدا؛

لەلایەن ستاندار Posted on 391 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

بەپێی ماددەی ( ٥٦)لەیاسای ژمارە ( ۱ ) ی ساڵی ( ۱۹۹۲)ی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بەدەق ھاتووە کە [ پەرلەمان شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسەچارەنوس سازەکان دەبێت ، وھەرئەویش بڕیار لەسەر ڕێککەوتنەکان دەدات ، ھەروەھا پەرلەمان پەیوەندییە یاسایی ودەستورییەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد دیاری دەکات ] کەچی لەکۆبونەوەی ڕۆژی سێ شەممەی ( ٥-۲-۲۰۱۹)ی نێوان وەفدی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان ویەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشاری ھەولێر ، ھەردوو حیزب چەند بڕیارێکیانداوەو لەسەرچەند خاڵێک ڕێککەوتون لەوانە؛
ــ بڕیاڕیانداوە کە( ۱۸)ی شوباتی( ۲۰۱۹ )پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەھەولێر کۆبونەوە ئەنجامبدەن ، و ھەردوولاو حکومەتی بەغداش ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکوک .ئەمانەوچەند پرسێکی تر ، بەڵام بەلای منەوە
ئەوەی کە پێویستە ئاماژەی بۆبکرێت ئەوەیە کەھێشتا لەھەرێمی کوردستاندا ھێندەی بڕیارو ڕاسپاردەکانی حیزب زاڵەو لەسەرزەمینی واقیعدا کاری پێدەکرێت چارەکە ھێندەی ئەوە یاساکانی پەرلەمانی کوردستان و یاساکارپێکراوەکان لە ھەرێم کاریان پێناکرێت ،کەئەوەش جگەلەبێ ڕێزیکردن بەپەرلەمان ،بێ ھەیبەتکردنی یاساکانیشە کەلەو پەرلەمانەوە دەرچوێنراون .
ھەرچەندە من بەگومانم کەبتوانرێت لەو کاتەی دیاریکراوە چ پەرلەمان و چ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش بتوانن کۆبونەوەکانی کەبڕیاریان لێداوە ئەنجامبدرێن چونکە ئەزمونمان لەگەڵ ئەوجۆرە بڕیارانەی کەلەکۆبونەوەکانەوە دەدرێن ھەیە ، بەڵام ئەوەی کەمایەی تێڕامان وھەڵوەستەلەسەربۆکردنە ئەوەیە کە چ خێرەو لەکوێی دونیادا ھەبوە لەبارەگاکانی مەکتەبی سیاسی دووحیزبدا بڕیار لەسەر کۆبونەوەکردن ونەکردنی پەرلەمان بدرێت کە بەحساب لەئێستادا گەورەترین دامەزراوەی ھەرێم وھەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستانە .
بەداخەوە بڕیاردان لەسەردەسپێکردنەوەی کۆبونەوەی پەرلەمان کارێکی تازەنیەو دوای دوو ساڵ لەپەکخستنی پەرلەمان دواجار لەمانگی ئەیلولی (۲۰۱۷) دا ھەرلەکۆبونەوەی نێوان ھەردوو حیزب بڕیار لەسەرکاراکردنەوەی پەرلەماندرا ،و لەوەش کارەساتتر ئەوەبوو کەکارنامەی یەکەم دانیشتنیش کە ( ۱٥-۹-۲۰۱۷)بوو ھەرلە بارەگای حیزبەوەدانران.
لێرەدا چەند پرسیارێک دێتەئاراوەبۆ ھەموو حیزبەکان و پێویستیان بەوەڵام دانەوە ھەیەو ناکرێت بێ وەڵام بمێننەوەو ھەروابەسادەیی لێیان بڕوانرێت لەوانەش:

ــ یەکێتی وپارتی کەزۆرباس لەسەروەری یاسا دەکەن و ھەرخۆشیان یاسای ژمارە (۱)ی ساڵی (۱۹۹۲)یان دەرچونداوەودەنگیشیان بۆداوە ،
بۆپشتگوێی دەخەن و بڕیاری نێو بارەگاکانی خۆیانیان لەیاساکارپێکراوەکانی ھەرێم لەلا گرنگترو پیرۆزترە ؟

ــ ئەوحیزبانەی بەگشتی و بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی کە لەدانوستاندان بۆبەشداریکردن ونەکردن لەحکومەتدا ، لەدوای ئەوەی یەکێتی وپارتی لەسەر ھەموو بابەتەکان ڕێککەوتن و تەنانەت ڕۆژیشیان دیاریکرد بۆ دانیشتنی پەرلەمان ، پێمان بڵێن مححەلی ئێوە لەئیعرابدا چیەو لەکوێدایە ؟

ــ بۆھەموو پارتەسیاسیەکانی ھەرێم کەخاوەنی کورسی پەرلەمانین لەتاکە کورسیەکەوە بۆ زۆرترین کورسی ، ئایا پێتان وانیە کەھەموو دامەزراوەکانی ھەرێم و لەنێویشیاندا پەرلەمانی کوردستان کەگەورەترین دامەزراوەی یاسادانانە لەھەرێم بونەتە ئامێرێکی خنجیلانە بەدەست حیزبەوەو کەی ویسترا کاری پێدەکرێت و گەر بەپێویستیش نەزانرا ئەوا کڵۆم لەدەرگاکەی دەدرێت یان ڕاست وچەپێک بەسەریدا دەھێنرێت .

بۆیە ئەو ڕووداوو پێشھاتانەی کەلەم ھەرێمەی زیاتر لەچارەکە سەدەیەکە کورد خۆی تێیدا حوکمڕانی دەکات ،و بەرپرسەکانیشی زوو زوو دەم وەردەدەن لەسەروەری یاساو حوکمڕانی ڕەشید جگەلە گەوجاندنی ڕایگشتی ، گەڕانەوەشە بۆدواوە بەھەزاران میل .
وەیەکێک لەسەیروسەمەرەکانی تری دەسەڵاتدارانی مەملەکەت ئەوەیە کەلێرە بڕیاری حیزب زۆر بەئاسانی بۆڕ بەیاسا لێدەدات ،و زۆرجاریش بڕیاری تاکەکەسیش بوڕ بە بڕیاری حیزب ویاسا کارپێکراوەکانی ھەرێم لێدەدات .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.