خۆکوژیی ھونەر

لەلایەن ستاندار Posted on 250 جار بینراوە 0 سەرنج
aras

ئاراس فەتاح

لیستی ئەو نووسەر و ھونەرمەندانەی خۆکوژییان کردووە، درێژە. ئێرنست ھێمینگوای، کورت توخۆلسکی، ئێرنست تۆلەر، پریمۆ لیڤی، ھاینریش ڤۆن کلایست، گیۆرک تراکل، پاول سێلان، جاک لەندەن ، ڤلادیمێر مایۆکۆڤسکی، ڤیرجینیا ڤۆلف، ڤان کوخ، شتێفان تسڤایگ و چەندین نووسەر و ھونەرمەندی گەورەی تر بە کردەی خۆکوژیی کۆتایی بەژیانی خۆیان دەھێنن. دوای ھەموو کردەیەکی خۆکوژیی کەسێکی ناودار یان ئاسایی، کۆمەڵگا و کەسوکارەکانی بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارە گەورەیەدا دەگەڕێن: بۆچی؟

سەرەڕای ئەوەی خۆکوژیی کردەیەکی حەرام و تابۆیەکی کۆمەڵایەتیی و ئایینییە، بەڵام ھۆکارەکەی ھەرچییەک بێت، ھەم جێگای خەم و پەژارەیە و ھەمیش جێگای سەرسامییە بۆ ئێمەی لەژیاندا ماو. خەمی ئەوەی کە بۆچی نەمانتوانی کۆمەکیان بکەین و ڕێگریی لە مردنیان بکەین، سەرسامیی ئەوەی چۆن دەستیان چووەتە ژیانی خۆیان.

ھۆکارەکانی خۆکوژیی لە دێرزەمانەوە چەند سەرچاوەیەکیان ھەیە، بۆ نموونە شکست، شەرم، ژانی خۆشەویستیی، دڵپیسیی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکیی،‌ یان نەخۆشیی کوژەر و ھتد. کەرەسەکانیش گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا نەھاتووە، لەوێنەی ژەھر، چەقۆ، دەمانچە، دەرمان و پەت و خۆفڕێدان لە باڵەخانەی بەرزەوە یان خۆخنکاندن و ھتد. خۆکوشتن وەکو فارماسیی ھەم ژەھرە و ھەم دەرمان. خۆکوژ لە خۆکوشتندا فارماسیی ژیانی خۆی دەبینێتەوە کە ھەم دەردێکی کۆمەڵایەتییە و ھەم چارەسەرێکی فەردیی.

ئەم دوالیزمەی کردەی خۆکوشتن وادەکات کە خۆکوشتن لەناو ڕووبەری گشتییدا تەنھا وەکو کردەیەکی بێدەسەڵاتیی لەناو ژیاندا تەماشانەکرێت، بەڵکو بەنھێنیی وەکو ئازایەتییەکیش لێیبڕوانرێت کە ھەموو کەس پێی ناوێرێت و ئەو جورئەتەی نییە کۆتایی بە ژیانی خۆی بھێنێت. بەھەمان شێوەش خۆکوژ ھەمیشە کەسێکی نەخۆش نییە کە چارەسەری دەردەکەی نەزانێت، بەڵکو وشیارە بەوەی کە بۆئەو ژیان و مردن لەو چرکەساتەدا یەک بەھا و مانای لەیەکدانەبڕاو وەردەگرن. خۆکوژ تەنھا کەسێکی نائومێد نییە بەرامبەر ژیان و ھەموو دەرگاکان لەو چرکەساتەدا لەبەردەمییدا نەداخراون، بەڵکو پەنجەرەیەک بەسە تاوەکو خۆی لێوە فڕێبداتە خوارەوە، بۆئەوەی بچێتە ناو ژیانێکی نوێوە کە بۆ ئێمەی لەژیانداماو کۆتاییھێنانە بەژیان. زۆرکەڕەت ئەوان جگە لە خۆیان نایانەوێت ئازاری کەس بدەن. (ئیگۆن فریدێل)ی نووسەری نەمسایی بەڕەگەز جوو، کاتێک لەترسی ھێزەکانی SA ی نازییەکان کە دێن بۆ دەستگیرکردنی، پێشئەوەی خۆی لە قاتی سێھەمی ماڵەکەیەوە فڕێبداتە خوارەوە، خەمی ئەوەیەتی ئازاری خەڵکی تر بدات و ھاوار لە خەڵکانی سەر شەقامەکە دەکات، خۆتان لادەن! (شتێفان تسڤایگ)یش سەرەڕای ئەوەی لەدەست نازییەکان ھەڵھات و ژیانی خۆی ڕزگارکرد، بەڵام پێشئەوەی لە کۆتاییدا ژیانیدا پێکەوە لەگەڵ ھاوسەرەکەی لە تەنھایی و پەناھەندەیی، کۆتایی بە ژیانی خۆی بھێنێت، لە شوێنێکدا دەنووسێت، سڵاوم بۆ ھەموو ھاوڕێیانم ھەیە! ھیوادارم دوای شەوێکی درێژ فریای بینینی کازیوە بکەون! منی بێ سەبریش پێش ئەوان دەکەوم.

ھەندێ لە خۆکوژەکان پێشئەوەی کۆتایی بە ژیانی خۆیان بھێنن، یادەوەریی ماڵێکی ڕێکوپێک و ھەندێجار ڕووداوێکی شادیش لەدوای خۆیان بەجێدەھێڵن. ھەندێکیان لە وێنەی کچە ٢٥ ساڵەکەی ڕۆماننووسی بەناوبانگی بەلژیکی، (جۆرج سینەمۆن)، کە سەدان ڕۆمان و چیرۆکی پۆلیسیی بۆ بەجێھێشتووین، ماڵەکەی بەچەشنێک پاکدەکاتەوە وەکو ئەوەی بیەوێت وێنەیەکی جوان و پاکوتەمیز لە دوای خۆی بەجێبھێڵێت. ھەندێکی تریان لەوێنەی (دۆرۆپی ھێل) ئاھەنگێکی گەورە سازەدەکات و بەبیانووی ئەوەی سەفەرێکی درێژی لە پلاندایە، ھاوڕێیانی داوەتدەکات و پاشان خۆی لە باڵەخانەکەیەوە فڕێدەداتە خوارەوە و خۆیدەکوژێت. لە پشت ھەموو ئەم ئەزموونە خۆکوژییانەشەوە سروتێکی پەنھان ئامادەیە وەکو لە سروتە ئایینییەکاندا دەیانبینین.

گەر ڕۆماننووسێکی پۆلیسیی وەکو جۆرج سینەمۆن نەیتوانیبێت لەوە تێبگات کە کچەکەی نیازی خۆکوشتنی ھەیە، بۆ ئێمەی دۆست و ناسیاوی خۆکوژەکان مەحاڵە ڕێگریی لەو کردەیە بکەین. ھەربۆیە خۆکوژیی دەبێت بە نھێنییەک کە ئاسان نییە گرێکانی لەیەک جیابکەینەوە و وەکو گرێیەکی ئۆنتۆلۆژیی بۆ ئێمەی مرۆڤ دەمێنێتەوە.

ڕزگاربوونیش لە ھەوڵی خۆکوشتن دەشێت ببێت ھۆکارێک بۆ داھێنانی گەورە، وەکو لای نووسەری بەناوبانگی ئەڵمانی (ھێرمان ھێسە) دەیبینین. ئەو دەمانچەیەک دەکڕێت و نامەیەک بۆ دایکی دەنووسێت کە ھەر ئێستا بڕیاری داوە خۆی نەکوژێت. پاشان لە ڕۆمانێکیدا باس لە پاڵەوانێک دەکات کە دەچێتە دارستانێک و دارێک دەدۆزێتەوە و دەچێتە سەر چڵەکەی، بۆئەوەی پتەوەییەکەی تاقیبکاتەوە، پاشان خۆی فڕێدەداتە ناو ئاوەوە و دەخنکێت. (پاوڵ سێلان)ی ھومەرمەندی بەناوبانگ و فیرجینیا ڤۆڵفیش لەناو ئاودا خۆکوژییان کرد.

بەھەمانشێوەش خۆکوژیی کەسێک دەشێت ببێت بە ھۆکارێک بۆ لەدایکبوونی کارێکی ھونەریی، وەکو چۆن (فریدا کارلۆ) وێنەی خۆکوژییەژییەکەی (دۆرۆپی ھێل)مان لە تابلۆیەکدا بۆدەکێشێت. وێنەی ژنێک کە جلێکی ئاھەنگی قەترانی لەبەردایە و چەپکە گوڵێک بە سەر سنگیەوەیەتی و لە ژێڕ باڵەخایەکی ناو ھەوردا، لەناو خوێناوی خۆیدا بەھێمنیی لەسەر زەوی ڕاکشاوە. تابلۆکانی (ڕینێ ماگریت)یش پڕە لە ئادەوەریی ئاو، چونکە کاتێک ئەو دوانزە ساڵان بوو، لاشەی دایکی بەمردوویی لەناو ڕووباردا دۆزرایەوە. بۆیە رووبەرێکی زۆری تابلۆ سوریالییەکانی بریتین لە یادەوەریی ئەو درامایە. وێنەی ژنان لەژێر ماسییدا لەناو ئاو، ھەندێکیشیان سەرپۆشێک بەسەر دەموچاویانەوە ماچی خۆشەویستەکەیان دەکەن. ھەموو ئەم داھێنانە دەگەڕێنەوە بۆ یادەوەریی ئەو لەگەڵ خۆکوژیی دایکی و ئەو چیرۆکانەی کە لە منداڵییدا لەسەر دایکی بیستبووی، چونکە کاتێک دایکی بە خنکاوی دەدۆزنەوە، جلی خەوتنەکەی بەسەرسەرییەوە لوولی خورادبوو.

ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەشدا جێگای تێڕامانە، ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە لەماوەیەکی کورتدا دوو ھونەرمەندی ناودار و ھەڵکەوتووی ناو دونیای موزیک کە سەر بە دوو نەوەی جیاواز بوون، بەھۆکاری خۆکوژیی ماڵئاواییمان لێدەکەن. یەکێکیان فەرھاد عەبدولمەجیدی برای شەھید ئازاد ھەورامییە کە بە نەوت خۆی دەسووتێنێت. ئەوی تریشیان ڕێھات حەمەعەزیزە کە گەنجێکی بەھەرەمەند و خوێندکاری پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی بوو و لەماڵەکەی خۆیاندا بە پەت خۆی دەخنکێنێت. ھێندەی ئاگاداربم مێژووی کاکە فەرھاد، حیکایەتی ژیانێکی پڕ لە کارەساتی ئینسانیی بوو کە لێوانلێو بوو لە ئاگر و ژان، لە دڵەڕاوکی گرتن و کوشتنی سەردەمی بەعس. فەرھاد ھونەرمەندێکی گەورە بوو کە دەشیا دەیان قوتابی فێری زانستی موزیک بکات، بەڵام لەناو ئاگردا کۆتایی بە ژیانی جەھەنەمئاسای خۆی ھێنا. کاکە ڕێھاتی ژەنیاری ئامێری کلارنێتیش کە سەر بە نەوەی دوای ئەنفال و ڕاپەڕینە، بە خۆخنکاندن کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا.

نھێنییەکی ئاشکرایە کە ژیانی ئینسانەکانی ئێمە پڕێتی لە کەساسیی و نائومێدیی و بێڕێزیی و خەمۆکیی، ھونەرمەندەکانیش کە بە ھەست و وشیارییەکی ترەوە تەماشای ژیان دەکەن، دەشێت تەحەمولی ئەم ھەموو ناشرینیی و بەدییە نەکەن. کۆمەڵگای کوردیی ساڵانێکی دەوێت تاوەکو توانایەکی ناوێزەی تێدا دەرکەوێت، بۆیە زۆر زەحمەتە ئەم کۆمەڵگایە تەحەمولی لەدەستدانی داھێنەرەکانی بکات، چونکە خۆی لە ئاستێکی زۆر نزم و بێکەڵکی ھونەریی و فیکرییدا دەژیی. کاکە فەرھاد دوای ئەوەی خوێندنی موزیک لە دانمارک تەواودەکات، دەگەێتەوە و دەبێتە مامۆستا لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان، پاشئەوەی بێزاردەبێت دەگەڕێتەوە بۆ دانمارک. ئەمجارەیان بڕوانامەی ماستەر لەئامێری گیتاردا بەدەستدەھێنێت و دوبارە دەگەڕێتەوە کوردستان و دەبێت بە مامۆستا لەبەشی ھونەر لەزانکۆی سلێمانی. کاکە فەرھاد چەندجارێک وڵات بەجێدەھێڵێت و دەگەڕێتەوە، بەڵام پێدەچێت گەڕانەوەی دواجاری بۆ ئەوە بووبێت دواڕۆژی خۆی بە خۆسوتاندن تۆماربکات.

دڵشکان لە وڵاتی ئێمەدا نموونەی زۆرە. چەندین لە نووسەر و ھونەرمەندە ناودارەکانی کورد دوای ئەوەی بە دڵگەشییەوە دەگەڕێنەوە وڵات، بۆئەوەی خزمەت بە ھونەر و فیکر بکەن، کەچی نائومێددەکرێن و بە دڵشکاوییەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئەوروپا، چونکە بەو زەلکاوەی ناو دونیای ھونەر و فیکری حیزبیی نامۆن، لەناو گەعدەی ھونەریی ماڵباتە سیاسییەکاندا جێگایان نابێتەوە و ناشیانەوێت ببن بە فەرمانبەری ھونەریی و موچەی ڕاوێژکارێکی بێئیش بخۆن. ئەخلاقە فیکریی و ھونەرییەکەشیان ڕێگایان پێنادا تەسلیمی ئەو بەدیی و لووسیی و ناشرینییانەی ناو ئەو دونیایە بن کە لە فەزای ھونەر و فیکردا ئامادەیە. کۆمەڵگای مردووپەرست و سەرۆکپەرست و پاڕەپەرست ناتوانێت ڕێز لە ئەخلاقی ھونەری باڵا و ئەو بەھرەمەندانە بگرێت کە ھێشتا لە ژیاندا ماون و خۆیان نەکوشتووە.‌

من لێرەدا تەنھا مەبەستمە ئەو ڕاستییە بخەمە بەرچاو، کە نھێنیی خۆکوژیی داھێنەرەکان بە قەد نھێنییەکانی ژیانیان گەورەیە. خەمی کەسوکاریان بە قەد ژانی خۆیان لە کۆمەڵگایەکی پڕ ناعەدالەت و پڕمەینەت قووڵە. ھەندێک لەو نھێنییانە کاتێک دەردەکەون کە خۆیان دەکوژن، ھەندێکی تریشیان بە پەنھانیی دەمێننەوە. بۆیە ھەموو قسەکردنێک لەسەر نھێنییەکانی ئەوان، ھیچ کاتێک ئەو بۆشاییەی ژان و ئازاری ئەوان پڕناکاتەوە کە لە ژیانیاندا ھەیانبووە. نالۆژیکییترین پرسیارێک کە ئاراستەیان دەکرێت لەکاتێکدا خۆیان لەگەڵماندا نین، ئەوەیە بپرسین: بۆ واتان لێکردین، لەبری ئەوەی بپرسین بۆ واتان لەخۆتان کرد؟ خۆکوژیی باڵاترین کردەی فەردانیی و شەخسیی کەسێکە کە وشیار و ژیرە بە کردەکەی خۆی، گەرچی خەم و پەژارەی قووڵ بۆ ئێمەی زیندوو بەجێدەھێڵن.

…………………………….

تێبینی:
١. ئەم کورتە نووسینە، وەڵامی ھاوڕێیەکی موزیکژەنی ئازیزمە دەربارەی خۆکوژیی فەرھاد عەبدولمەجید و ھەڵات حەمەعەزیز.
٢. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی خۆکوژیی ناوداران، بڕوانە ئەم کتێبە.
Birgit Lahanns: Am Todespunkt – ١٨ berühmte Dichter und Maler, die sich das Leben nahmen. Dietz Verlag, ٢٠١٤
٣. وێنەکە تابلۆیەکە لە گەلەری (باربارا توم)ەوە وەرمگرتووە، ‌بەناوی خۆکوشتن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *