سێ تیر بەرجەستەی گۆڕان دەکەون

لەلایەن ستاندار Posted on 392 جار بینراوە

کارۆخ عوسمان

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزب لەئێستادا خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانی کوردستانەو شەرعیەتی پێکھێنانی حکومەتی بەدەستەوەیە.
“ھەرچەندە کورسیەکان شەرعی نین” بەڵام لەدوای مسادەقەکردنی ھێزە سیاسیەکانیتر لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن گشت کورسیەکان بوونەتە شەرعی ویاسایی.
پارتی مەسرور مسعود بارزانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی کابینەی نۆیەمی حکومەت پێکبھێنێت، کەبەھێزترین کاراکتەری ناو پارتیەو واریسی کورسی سەرۆکی حزبەکەو میری بنەماڵەی بارزانیشە.
لەئێستاشدا ھەندێجار وەک سەرۆکی پارتی دەبینرێت، واتا پارتی بڕیاردەری یەکەمی حزبەکەی سەرپشککردووە بۆ کواڵسیۆنی حکومەت.
مسرور بارزانی وادەردەکەوێ کە کەسێکی توندەو کەمتر لەنێچیرڤان بارزانی و باوکیشی بەیەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەزامەندە، بەتایبەت بەنەوەکانی تاڵەبانی کۆچکردوو.
لەسەرەتادا پارتی واوێنای کابینەی نۆیەمی دەکرد کەزۆرینەی ڕەھای بڕیارەکانی حکومەتی بۆ مسروربارزانی سەرۆک مەیسەر کردووە.
واتا دەیەویست یەکێتی تەریک بکات یاخود بەشداریەکی لاوەکی پێبکات، بۆیە ھەرزوو بزوتنەوەی گۆڕانی ھێنایەپێش و لەگەڵیدا کەوتە دانوستان، تەنھا بۆئەوەی میراتگرانی جەلال تاڵەبانی لاوازبکات چەند پۆستێکی بۆ گۆڕان پێشنیارکرد، ھەرچەندە پارتی دەیویست یەکێتی بەشدار بێت بەڵام بەقەبارەیەک لەتەریک کردن خراپتر بێت، بەڵام یەکێتی ڕازی نەبوو، پارتیش بۆئەوەی فشار لەسەر یەکێتی بکات بۆ پێکھێنانی حکومەت وەک (گیسکی ھەیاس و فەرخە گورگ) زوو زوو گۆڕانی نیشانی یەکێتی دەدا، بەڵام یەکێتی بێباک و وریا مایەوە لەمەیدانەکەد، لەھەردانوستانێکیشی لەگەڵ پارتیدا لۆبیەکی دەرەکیشی دەکرد.
ھەردوێنێ، قوباد تاڵەبانی لەبەغداد لەگەڵ سەرۆک وەزیران بوو، جگە لەویش قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کوتلە شیعەکان بەچڕی کۆبوەوە.
ماوەیەک بەرلەئێستا لاھور شێخ جەنگی لەئەنکەرەو کۆنفرانسی سلۆڤینیابوو لەگەڵ ئەردۆگان، بڕیاری ھاوبەندییەکی توندیان لەنێواندا درا، کە دواتر فەرید ئەسەسەرد لە کەناڵی TRT درکاندی.
وەفدێکیتریان لەئێران بوون، وە ئێرانیش وەفدێکی ھاتە ھەولێرو فەرمانی تارانی بۆ پارتی ھێنابوو.
لەو سەروبەندەی کە پارتی دەیگوت؛ گشت حزبەکان بەپێی قەبارەی ھەڵبژاردن و کورسی پەرلەمان بەشداری حکومەتیان پێ دەکرێت ئەمریکیەکان لەدەباشان لەگەڵ پاڤڵ تاڵەبانی بوون، لەگەڕانەوەشیان بۆ ھەولێر فەرمانی واشنتنیان بەپارتی ڕاگەیاند.
ھەرئەوەیە دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەت، چونکە فشارە دەرەکیەکان وایانکرد کەیەکێتی شەراکەتی بەقەبارەی نفوز دەبێ پێبکرێت نەک بەپێوەری دەنگ و کورسی.
ھەربۆیەش پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی مسروربارزانیش شپرەزەییان پێوەدیارە لەپێکھێنانی حکومەت.
دەستڕۆیشتووەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕانیش سەرەتا بەو ھیوایەی کەپارتی و مەسرور بارزانی پێیدابوون لەتەریککردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ھەڵبژاردنی گۆڕان وەک بەدیلی ئەو حزبە ھەڵپەیان کردو بەبێ گەڕانەوە بۆجڤاتی نیشتمانی و بەبێ گوێدان بەڕەئی دەنگدەران و ھەڵسوڕاوان و نوخبەی سیاسی کەھەمیشە پاڵپشتی گۆڕان بوونە خۆیان وەک شەریکی پارتی لەکابینەی نۆیەم نمایش کرد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بزوتنەوەی گۆڕان لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق و ھەرێمیش ھاواری تەزویرکردنێکی گەورەی لێ ھەڵسا.
لەدوای بەکۆتاھاتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان رایانگەیاند کەسەرلەبەری پرۆسەکە رەت دەکەنەوە، کەچی نەیان کرد.
ڕایانگەیاند کە ناچنە ناو پەرلەمان و دەبن بەڕکابەرێکی مەدەنی توندو بەمیکانیزمێکی کارا دەخزێنە ناو شەقامی ناڕازی کەچی چونە پەرلەمان.
ڕایانگەیاند کە بەھیچ جۆرێ بەشداری حکومەتێک ناکەن کە تەزویر لەھەڵبژاردنەکەیدا میکانیزمی بردنەوە بووبێت کەچی وادەچنە حکومەتەوە.
بڕیار دوای بڕیار دژی خۆیان و گوتارو سیاسەتە بنەڕەتیەکەیان وەستانەوە بۆ بەشداری لەحکومەتێک کەپۆستەکانیان وەک بەخشش پێدەدرێت نەک وەکو استحقاقی ھەڵبژاردن و پرۆژەی کار، چونکە ئەگەر تەواوی پۆستەکانیش وەرگرن پارتی و مسرور بارزانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەھیچ جۆرێک نادەن بەھیچ یەکێ لەوانەی گۆڕان کە دەیانکەن بەشەریکی حکومەت، واتا وەک جاری پێشوو جگە لەموچەخۆری موچەزۆر ھیچیتر نین لەو کابینەیەدا.
لەئێستادا گۆڕان لەگشت ئەو معادەلانە تێگەیشتووە، دەزانێ ئەو ڕەقەمە نین کەخوێندنەوەیان بۆخۆیان دەکرد بەڵام یەکێ لەمەھانەکانیان ئەوەیە دەڵێن: ئەگەر بەشداری حکومەت نەکەین ئەوا حکومەتی خۆجێیی سلێمانیمان لەدەست دەچێت، وەک ئەوە وایە گۆڕان تەنھا لەپێناو ئیدارەی سلێمانی دامەزرابێت، وەلێ ئەوەش بەشێک لەغافڵاندنی جەماوەرو دیماگۆجیەتە، چونکە حەقیقەت ئەوەیە کەبەشێک لەو ھەڵسوڕاوانەی ئێستای ژێردەستەی دەستڕۆیشتووانی گرد تموحی دانیشتن لەسەر کورسیەکی موچەزۆریان ھەیەو بەس، ئەگینا مەسەلەی پڕۆژەو بەرنامەو ئەجێندای سیاسی گۆڕان بووەتە شتێکی لاوەکی لەلایان.
ڕەنگە لەرویەکەوە پارتی زەرەری لەو بڕیارەی سەرەتای تەشکیل کردنی حکومەت کردبێت کەدەیەویست یەکێتی تەریک بکات بەڵام بەڕوویەکدا قازانجی کردووە، بەھۆی بێ ئەرزشکردنی بڕیارەکانی گۆڕان و توانەوەی ئۆپۆزسیۆنە کاراکەی نەوشیروان مستەفا. سودی زۆری لەو کادرە کەم ئەزموون و تەماحکارانەی گۆڕان وەرگرت تاکو لەناو جەماوەردا گۆڕانی پێبشکێنێت، لەوەیاندا پارتی سەرکەوتنی بەدەستھێنا.

بەڵام دوای کەوتنەجوڵەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەتایبەت کوڕو برازاکانی جەلال تاڵەبانی ئەو ھەوەسی پارتی تێکشکاو لەو بەشەی کە دەیویست یەکێتی وەلابنێ کەوتە ھەڵەوە، ئێستا ناچارکراوە بەسیاسەتەکەیدا بچێتەوە کەلەپێناو کابینەی داھاتوو دایڕشتبوو.
ھەربۆیە دەکرێ بڵێین، بزوتنەوەی گۆڕان کەوتە تەڵەوە، ھەم تەڵەی پارتی کەشەرمەندەی بەرقاپی جەماوەرەکەی کرد، ھەمیش تەڵەی یەکێتی، کەلەئێستادا گۆڕان واپیشان دەدرێت جگە لەئیدارەی سلێمانی و پۆستە پارەدارەکانی حکومەت ھیچ مەرامێکیتری نیە.

تیرێکی پارتی و دوو تیری یەکێتی بەرجەستەی گۆڕان کەوتن، چونکە لەپێکھێنانی کابینەکەداو بەشداری یەکێتی بەقەبارەی نفوزی سیاسی و سەربازی حکومەتێکی جوتڕەو جوت بڕیارو جوت قەبارە دێتەوجود نەک سێ.
تیری چوارەمیش پۆست-گۆڕان لەشادەماری دەدات گەر ھەروا بڕوات.
کەواتە بزوتنەوەی گۆڕان دەکەوێتە دەرەوەی بەشداری ڕاستەقینە، ھەموو ئەوباجەشی کەدەیدات ھی ئەوکاتەیە کە لەساڵی ٢٠١٣ لاوازترین تیمی ناردبووە ناو پەرلەمان و حکومەت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.