بون و نه‌بونى حكومه‌ت به‌من چش !

لەلایەن ستاندار Posted on 553 جار بینراوە
شێرزاد شێخانى
له‌وه‌ته‌ى حزبه‌ شۆڕشگێڕه‌كانى كوردستان له‌دواى راپه‌رينه‌كه‌ى به‌هارى 1991 دابه‌زينه‌ ناو شاره‌كان و، شێوازێكى سه‌قه‌تى حوكمڕانيان له‌كوردستاندا په‌يڕه‌وكرد كه‌ سيماى سه‌ره‌كى قووڵكردنه‌وه‌ى ململانێيه‌ ته‌قليديه‌كانى لێكه‌وته‌وه‌ تا سنورى هه‌ڵگيرساندنى شه‌ڕى قێزه‌ونى ناوخۆوه‌ ، به‌درێژايى ئه‌و بيستو حه‌وت ساڵه‌ى حوكمڕانيه‌كه‌يان هه‌رچى به‌هاى ئه‌خلاقى جوانى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى و مۆڕاڵى سياسى هه‌يه‌ له‌ناويان بردو، كلتوورێكى ناشرينى حوكمڕانييان پێشكه‌ش به‌ ميلله‌ته‌كه‌يان كرد. بيروباوه‌ڕى شۆڕشگێڕايه‌تى حزبايه‌تى وبه‌رخۆدانى نه‌ته‌وه‌ييان گۆڕى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى بنه‌ماڵه‌و تاكه‌كه‌سى!. جاشايه‌تى و خزمه‌تكارى ئه‌جينداى بێگانه‌و داگييركه‌رانى كوردستان، كه‌وته‌ پێش قوربانيدانى پێشمه‌رگه‌ ! له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا چينێكى تازه‌ى ناشۆڕشگێڕو به‌رژه‌وه‌ندخوازو تا سه‌ر ئێسقان گه‌نده‌ڵ ، شوێنى چيينه‌ خه‌باتگێڕه‌كه‌ى شاخى گرته‌وه‌ !. به‌مه‌ش به‌ها ئه‌خلاقيه‌كانى كۆمه‌ڵگاى كورده‌وارى ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و داڕوخان رۆشت .
له‌نه‌تيجه‌شدا بينيمان ئه‌و حزبانه‌ى له‌سه‌رده‌مى خه‌باتى شاخدا كاريان بۆ رزگارى و ئازادى ميلله‌ته‌كه‌يان ئه‌كرد ، زۆر دڕندانه‌تر له‌رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانى پێشتر كه‌وتنه‌ وێزه‌ى ميلله‌ته‌كه‌يان و هه‌مو دروشمه‌ جوانه‌كانى شۆڕشى رزگاريخوازى ميلله‌ته‌كه‌يان له‌بن پێى خۆيان ناو ، سيسته‌مێكى ديكتاتۆرييانه‌ى كورديان به‌سه‌ر ميلله‌ته‌دا سه‌پاند . زۆرجار ده‌سه‌ڵاتى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى كوردى چه‌ند هه‌نگاوێكيش پێش رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانى پێشتريش كه‌وتون، بۆ نمونه‌ ده‌سه‌ڵاتى ديكتاتۆرى سه‌دام سه‌ربارى سروشتى شوفێنيزم و ره‌گه‌زپه‌رستييه‌كه‌ى ، به‌ڵام تا ئه‌و ئه‌ندازه‌يه‌ش بێويژدان نه‌بو ده‌ست بۆ قووتى خه‌ڵكى كوردستان به‌رێ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتى كوردى سه‌ربارى دزين و تاڵانكردنى سامانى ميلله‌ته‌‌مان ، سڵى له‌وه‌ش نه‌كرده‌وه‌ ده‌ست بۆ قووتى مناڵى كورد ببات و سێ به‌شى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ره‌كان لووش بكات !.
به‌درێژايى هه‌شت كابينه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ماوه‌ى بيستوحه‌وت ساڵدا، ده‌سكه‌وتێكى ئه‌وتۆمان نه‌بينى كێشه‌ ژياريه‌كانى ميلله‌ته‌كه‌مان چاره‌سه‌ر بكات ، به‌تايبه‌تيش كێشه‌ خزمه‌تگوزاريه‌كانى وه‌كو كاره‌باو ئاوو رێگاوبان و ته‌ندروستى وكشتوكاڵ وهتد. له‌وڵاتێكى نه‌وتفرۆشدا، حكومه‌ت ناتوانێ ته‌نها يه‌ك به‌رميل نه‌وتى سپى بۆ ماڵى هاوڵاتيانى ناوچه‌ شاخاوييه‌كان دابينبكات ، به‌ناچارييه‌وه‌ ده‌ست بۆ سامانى دارستان ئه‌به‌ن بۆ خۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش كاره‌ساته‌ به‌سه‌ر ژيينگه‌وه‌ . له‌هه‌رێمێكدا كه‌ پێش حه‌فتا ساڵ نيوه‌ى خۆراكى عيراقى‌ له‌گه‌نم و جۆى ناوچه‌ى قه‌راجى هه‌ولێره‌وه‌ دابينده‌كرا، ئێستا وايلێهاتوه‌ گه‌نم و جۆ‌كه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ دراوى قوڕس ئه‌كڕێ ، ته‌ماته‌و كه‌ره‌وزو په‌تاته‌و هه‌نارو سێوه‌كه‌شى له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵات هاورده‌ ئه‌كات . له‌م كه‌ينو به‌ينه‌دا حزبه‌ فاشيله‌كانى ده‌سه‌ڵاتى كوردى دێن باسى دواكه‌وتنى پێكهێنانى كابينه‌ى نۆيه‌مى حكومه‌تى هه‌رێممان بۆ ئه‌كه‌ن. هه‌ندێكيان فرمێسكى تميساحاويشمان بۆ ئه‌ڕێژن گو‌ايه‌ دواكه‌وتنى حكومه‌ت زه‌ره‌ره‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندى ميلله‌ت ئه‌گه‌يه‌نێ ، من نازانم حكومه‌ت تا ئێستا چ خێرێكى بۆ ميلله‌ت هه‌بوه‌، هه‌تا پێشكه‌وتن ودواكه‌وتنى په‌يوه‌ست بێت به‌ به‌رژوه‌ندى خه‌ڵكه‌وه‌ ؟! .
ئێستاش به‌م هه‌مو سامانى ژێرخاك و سه‌رخاكى كوردستانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌غدا مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نه‌نێرێ ، حكومه‌ته‌ بنكه‌ فراوانه‌كه‌مان ئه‌بێ ده‌سته‌سڕ رابخات له‌به‌ر ده‌ركى مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ بۆ كڕينى به‌نزێنى سه‌رۆكه‌كه‌يان‌ !. ئه‌وان په‌له‌ى پۆستو ئيمتيازه‌كانى خۆيانن ، نه‌وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندى‌ ميلله‌ته‌كه‌يان ، كه‌ هيچ سوودو قازانجێكى له‌هه‌ر هه‌شت كابينه‌كه‌ى پێشتردا نه‌بينيوه‌ ، تا بگاته‌ سه‌ر كابينه‌ى نۆيه‌مه‌وه‌ . دواى ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌وێ بپرسم ، ئاخۆ جياوازى نێچيرڤان بارزانى ومه‌سرور بارزانى له‌چيدايه‌ كه‌ هه‌ردوكيان كوڕى يه‌ك بنه‌ماڵه‌و په‌روه‌رده‌ى يه‌ك حزب و خاوه‌ن يه‌ك به‌رنامه‌ى وێرانكارى هه‌رێمه‌كه‌يانن ؟؟!!. ئه‌م جێگۆڕكێيه‌ى نێچيرڤان و مه‌سرور په‌يوه‌ندى به‌ ململانێى ناوخۆيى بنه‌ماڵه‌كه‌يانه‌وه‌يه‌، هيچ په‌يوه‌ندى به‌ به‌رنامه‌ى حزبه‌كه‌يانه‌وه‌ نيه‌، ئيدى ئه‌بێ چى هه‌بێ ببێته‌ مايه‌ى دڵخۆشى ميلله‌ت ئه‌گه‌ر زووتر مه‌سرور ببێت به‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت و نێچيرڤانيش ببێته‌ سه‌رۆكى هه‌رێم و مه‌سعود بارزانيش ببێته‌ مه‌رجه‌عى باڵاو مورشيدى ئه‌علاى جه‌مهورى كوردستان ؟؟!!! . عه‌يب نه‌بێ به‌ ژنه‌ دۆمه‌كه‌يان وت ” دموچاوت ره‌شه‌ ” . ئه‌ويش له‌وه‌ڵامدا وتى ” سه‌رم بخوا هه‌ر ئه‌مه‌م هه‌يه “‌ ؟؟!!!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.