بۆ حزب و وەزیرەکانی

لەلایەن ستاندار Posted on 355 جار بینراوە

 

پ.ی.د. رعد رفعە
بۆ حزب:
پێش ئەوەی وەزیر ئاشنا بێت بەماف وئەرکەکانی ومومارەسەیان بکات، پێویستە حزبی سیاسی پێکھێنەری حکومەت بزانی ئەرکی چیە سەبارەت بە وەزیر وتیمە حکومیەکەی بۆ ئەوەی بەرنامە وکارنامە چاکسازیەکانی لە حکومەتدا جێبەجێبکات. گرنگترین ئەرکی حزب لە پرۆسەی بەشداری حکومەتدا بریتیە لە:
یەکەم: دەبێ حزب وسەرکردایەتی وکادیرەکانی بزانن کە پرۆسەی چاکسازی، پرۆسەیەکی فۆناغبەندی درێژخایەنە ونابێت وھەڵەیە گەندەڵی بە دامەزراوەیی ویاسایی وکولتوری کوردستان بیستو ھەشت ساڵی رابردوو بە چاوتروکانێک چاکسازی تێدابکرێت و واتێبگەین کەبەچەند کورسیەکی کەمی پەرلەمان دەتوانرێ ھەموو ھیوا وئاواتەکانی چاکسازی لە گشت بوار وسێکتەرەکان ئەنجامدەدرێ. بەڵام ئەوە نابێ وابکات بە روحێکی داروخا و ورەیەکی بەزیو بەرەنگاری مافیاکانی گەندەڵی بکەیت لە کوردستان وبەپێچەونەوە دەبێ چاوڕونی ودیدگات رۆشن بکات بۆ ئامانجە پیرۆزەکانی خزمەتی خەڵک.
دووەم: نابێ پرۆسەی چاکسازی لە حکومەتدا کورتبکرێتەوە لەو چەند وەزارەتەی حزبەکە وەریدەگرێت، بەجۆرێک نابێ کارنامەی چاکسازی لە حکومەت پەڕوباڵی بکرێت لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان. ئەوەی لەکابینەی ھەشتەمی حکومەت روویدا سوڕانەوە بوو بەسەر چاکسازی، بەشێوەیەک حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بەرنامە چاکسازیەکانیان تەنھا لەو وەزارەتانە ئەنجامدەدا کە بەرکەوتەی خۆیان بوو، گشت وەزارەت ودەستەو فەرمانگە گرنگەکانی بەرکەوتەی پارتی ویەکێتیان فەرامۆشکردبوو وتەنھا خەریکی ئەو چەند وەزارەتەی خۆیان بوون. بۆیە لە ماوەی حکومەتی کابینەی ھەشت نەماندیت حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەشدار لە حکومەت ھیچ رۆڵ وکاریگەریەکی چاکسازیان ھەبێ لە ھەندێک وەزارەتی گرنگی وەک: خوێندنی باڵا، پەروەردە، شارەوانی، پلاندانان، ناوخۆ، ھتد… چونکە ئەوانە ھەموویان لەژێردەستی پارتی ویەکێتی بوون وکەوتبوونە دەرەوەی پڕۆژەکانی چاکسازی وحزبەکانی تریش رۆڵ وفشاریان نەبوو بۆ چاکسازی تێیاندا.
سێیەم: دەبێ بزانرێ کە دەسەڵاتی راستەقینە وفیعلی ھەموو کۆنەبۆتەوە لە دیوانی وەزارەت یان تەنانەت لەخودی حکومەت، بەڵکو ھەندێک دەسەڵاتی گرنگ ھەن لە رێگای دامەزراوە حکومیەکان مومارەسە دەکرێن بۆ قازانجی کەسانێک لە سەرو ودەرەوەی ئەو دامەزراوانە. وەک دۆسیەکانی: نەوت وگاز (بە گرێبەست ودەرھێنان ودابەشکردن وگواستنەوەو فرۆشتن وپارەوەرگرتن)، وقەرزو خەرجیەکانی، وگومرگەکان وکۆمپانیاکانی دڵنیایی وکوالیتی، وباج ورسوماتی دامەزراوەکانی ھەرێم.
چوارەم: پێویستە حزبەکان پۆستی باڵا وبڕیاربەدەست لەو دامەزراوانە بەدەست بێنن کە تیایاندا بڕیارەکانی چاکسازی جێبەجێ ناکرێ یان پەکدەخرێ یان بەلایەنی کەمەوە دوادەخرێن. ئەو دامەزراوە گرنگانەش وەک: سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێم، دیوانی پەرلەمان، وەزارەتی پێشمەرگە وناوخۆ ودارایی وسامانە سروشتیەکان، سەرۆکایەتی زانکۆکان، بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکان، ھتد…
پێنجەم: ھەبوونی ھەماھەنگی نێوان حزبەکانی خاوەن پڕۆژەی چاکسازی بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە. ئەو ھەماھەنگیەش دەبێت بەفەرمی رێکەوتنی لەسەر بکرێت ولەلایەن تیمی حکومەت و پەرلەمان وناوەند وژوەرکانی حزبەکان پلانی بۆ دابنرێت وجێبەجێش بکرێت. تەنانەت پێویستە ھەماھەنگی وپڕۆژە یاسای ھاوبەش ھەبێت لە نێوان ئەو حزبانەی ئۆپۆزسیۆنیشیان ھەڵبژاردوە لەگەڵ ئەو حزبانەی بەشداری حکومەتیش دەکەن.
شەشەم: پێکھێنانی ئەجومەنی باڵای چاکسازی، ھەرحزبێکی بەشداربوو لە حکومەت ئەندامێکی کارای بڕیار لەدەستی تێدا ھەبێت وئەم ئەنجومەنە لەرۆژی بەخشینی متمانە بە حکومەت، ئەویش یاسای پێ دەرچێت وئەندامەکانی ھەمان رۆژ متمانەیان پێ ببەخشرێ وپوختەی ئەرکەکانی بریتی بێت لە:
ڕ- دارشتنی پلانی چاکسازی.
ب- بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتنە سیاسی وکارنامەی حکومەتی پەسەندکراو لەلایەن حزبەکانی پێکھێنەری حکومەت.
ت- چارەسەرکردنی کێشەکانی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت ولادانی لەمپەر وئاستەنگەکان لەلایەن ھەر کەس ولایەنێک دروستی دەکات.
پ- ھەر دوو مانگ جارێک کۆبێتەوە بۆ بەدواداچوون بە کاروچاڵاکی وگرفتەکانی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت.
حەفتەم: دەبێت حزب کەسانی ناسراو بە ئازایی ودڵسۆزی وشارەزایی وخاوەن ئەزمون وھەڵویست ھەڵبژێری بۆ ئەو وەزارەتانەی وەری دەگرێت ولەھەمان کاتدا راوێژکاری خۆبەخشی بەتوانایان بۆ دابنێ.
ھەشتەم: ناوەند وژوورەکانی توێژینەوە وحکومەت وپەرلەمانی حزبەکان راستەوخۆ رێنمایی وپڕۆژە وپلانی چوار ساڵی کارکردن وەزیرو دەستەو دامەزراوەکانیان ئامادە بکات. پێویستە ئەو دامەزراوەیە کەسانی شارەزا ودڵسۆز وخاوەن ئەزمون وتوانایەکی کارگێری بەرزیان ھەبێت بۆ بەدواداچون ولێپرسینەوە لە وەزیر وپۆستھەڵگرە حکومیەکان ونابێ وەکو رابردوو حزب چاوپۆشی لە کەمتەرخەمی وکەموکورتی وھەڵەی وەزیرەکانی بکات. پێویستە لێرەدا بگوترێ ئەو وەزیر وپۆستھەڵگرانەی لە ماوەی رابردوو سەنگەرەکانیان دەگواستەوە بۆ حزبێکی دەسەڵات یان تێوەدەگلان لە گەندەڵی یان نەرمیان دەنواند لە بەرامبەر گەندەڵیەکانی دەسەڵات یان بڕیار وفەرمان ورێنمای دژی بەرژەوەندی خەڵک وخاکی کوردستانیان دەرکردوە ئەوا بەرپرسی یەکەم وسەرەکی حزبەکانیان پاشان خودی ئەو کەسانە؛ چونکە ھەر ئەو حزبە ئەو کەسەی ھەڵبژاردوە بۆ ئەم پۆستە، پاشان ھەر ئەو حزبە وەزیرەکەی ناردۆتە جەنگێک بێ ئەوەی چەکداری بکات یان بە لایەنی کەمەوە رێنمایی بکات ولێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات.
نۆیەم: پاداشت وسزا: ھەر وەزیر وپۆستھەڵگرێکی بچوک یان گەورە ئەگەر کار وچاڵاکی وپڕۆژەی چاکی ئەنجامدا پێویستە پاداشت بکرێت ئەگەر تەنھا بە سوپاس وپێزانینێکیش بێت. پێچەوانەکەشی ھەر راستە، ھەر کەسێک لەوانە کەمتەرخەم بوو یان تێوەگلا بە گەندەڵی یان نەرمی نواند بەرامبەر گەندەڵی وگەندەڵکاران پێویستە لە ماوەیکی کورتدا ئاگاداربکرێتەوە وکارە ھەڵەکانی راست بکاتەوە، وھەرکاتێک زانرا وەزیر وپۆستھەڵگرەکە بەردەوامە پێویستە بێ دوودڵی ئەو کەسە متمانەکەی لەلایەن خوودی حزبەکەی خۆی لێبستێندرێتەوە وبکریتە پەند بۆ ئەوانی تر. بۆ ئەوەی پرۆسەی وەرگرتنەوەی متمانەکەش بە ئاسایی ویاسایی بەڕێوەبچێ پێویستە پێش بەشداریکردن لە حکومەت رێکەوتنی لەسەر بکرێت کە ھەر کاتێک حزبەکان بۆیان ھەیە وەزیر یان پۆستھەڵگرێک بەکەسێکی تر بگۆڕن وپێویستە لە گشت لایەنەکانی پێکھێنەری حکومەت کارئاسانی بۆ کارە پێشکەش بکەن.

بۆ وەزیر:
یەکەم: پێش ھەر شتێک، پێویستە وەزیر بزانێ ئەو کاندیدی حزب وجەماوەر ودەنگدەری حزبەکەیەتی نەک کاندیدی سەرۆکی حکومەت، بۆیە پێویست ناکات وەکو وەزیرەکانی حزبی دەسەڵات مامەڵە لەگەڵ سەرۆک وجێگری حکومەت بکات وخۆی بەقەرزاری حزبەکەی ودەنگدەرەکانی بزانێ نەک سەرۆکی حکومەت.
دووم: پێویسە یاساکانی کاری پەرلەمان وئەنجومەنی وەزیران و یاسای وەزارەتەکەی وچەند وەزارەت ودەستە وفەرمانگەی پەیوەست بە وەزارەتەکەی و گشت ھەموارەکانی شارزا بێت وھەروەھا رێنمایی وپەیڕەوی وەزارەتەکەی شارەزابێت وخۆیشی لێکۆڵینەوە وتوێژینەوەی لەسەر کردبێت وبیکات.
سێیەم: پێویستە لیژنەی بەدواداچوون بۆ سەرپێچی وسزادراوە سیاسی وکەسیەکان لە سنوری وەزارەتەکەی پێکبھێنێ بێ رەچاوکردنی ئینتمای حزبی وئایدۆلۆژی، وسەرۆکایەتی لیژنەکە لەکەسێکی شارەزاو دڵسۆزی نزیکی خۆی دابنێت وئەندامەکانیشی لەکەسانی دڵسۆز وئازاو چاونەترس بن وپسپۆری یاسایی وکارگێری وپسپۆری وەزارەتیەکەی بێت.
چوارەم: پێویستە بەوردی ودووربینانە بڕیار وپڕۆژە وکارەکانی ئەنجامبدا، بەجۆرێک دیراسەی لێکەوت و کاریگەری بڕیارەکانی بکات کە دەچێتە بەرژەوەندی چاکسازی ریشەیی وراستەقینە یان دەچێتە گیرفانی گەندەڵکار وحزبەکانی دەسەڵات.
پێنجەم: زۆر ئاگاداری پڕۆژە وپێشنیار وبۆچونەکانی راوێژکار وبەڕێوەبەرە گشتیەکانی ناو وەزارەت بێت؛ چونکە ئەوانە –زۆربەیان نەک ھەموویان- چەندین ساڵە تێوەگڵاون لە گەندەڵی وخزمەتکردنی بەرپەرسانی حزبەکانی دەسەڵات وشارەزایی وپسپۆریەکی زۆریان پەیداکردوە بەو ئەزمونەی چەندین ساڵەیان لەکاری ناو وەزارەتەکە. لەکابینەی ھەشتەمدا بینیمان ئەو جۆرە راوێکارانە وەزیری حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنیان توشی چەندین ھەڵەی ستراتیژی کردو چەندین قۆناغ لە ئامانجە راستەقینەکەی چاکسازیان دوورخستنەوەو بوونە ھۆکاری ناشرینکردنی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ناو شەقامدا.
شەشەم: پێکھێنانی بۆردێکی راوێژکاری خۆبەخشی لە کەسانی شارەزا ودڵسۆزی ناوەو دەرەوەی وەزارەتەکە. ئەرکیان پێشکەشکردنی پێشنیار وپڕۆژەی چاکسازی بێت وھەروەھا راستەوخۆ کۆبونەوەی دەوریان ھەبێت لەگەڵ وەزیر.
حەفتەم: کەمکردنەوەی بیرۆکراتی وشۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانی وەزیر و وەزارەت بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان وبەڕێوەبەرایەتی قەزاکان بۆ ئەوەی ئەم ھەنگاوە ببێتە دەستپێکی چەسپاندنی سیستەمی لامەرکەزیەتی ئیداری بۆ شارەکان.
ھەشتەم: بەھیچ شێوەیەک دیاری کەسیی پارەو شتومەک وئامێر لە سەرۆکی حکومەت وجێگرەکەی و وەزیرەکانی ھەردوو حزبی دەسەڵات وەنەگرێت؛ چونکە بەرتیل وچاوشۆڕکردنی بەرامبەرە ودواتر سوودی لێوەردەگرن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.