پانوڕامای ڕێککەوتنی حزبەکانی باشوری کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 674 جار بینراوە

ئامادەکردنی : باوکی سانا

مسعود عبدالخالق : هاووڵاتیان متمانەیان بەڕێککەوتنی حزبەکان نیە ٫ چونکە خاڵەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندی خەڵک هەمیشە پەراوێز خراوە 

 

ڕێککەوتنامە (convention) لەنێوان حزب ولایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان خەریکە قۆناغی حاڵەت تێدەپەڕێنێت و دەبێتە دیاردە ٫ بەگشتی ڕێککەوتنەکان لەسەرەتادا بەئامانجی دوورکەوتنەوە لەشەڕی براکوژی و (برامان برایی کیسەمان جودایی) دەستی پێکرد ٫ لەئێستاشدا خەریکە دەبێتە بەردی بناغەی زمانی لێکتێگەیشتن بۆ حکومڕانی و ئیدارەدانی هەرێم ۰

یەکەم : ڕێککەوتنی ستراتیژی پارتی ویەکێتی لە ۲۰۰۷/۷/۲۷ ، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێککەوتنێکی ستراتیژیان واژۆ کرد٫ دوای ڕێککەوتنەکە کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی کوردستان ھات و ھەردوولا لە بواری سیاسی و حکومڕانی دا بە ھاوبەشی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ڕێککەوتن ۰ خاڵە جەوهەریەکانی ڕێککەوتنە ستراتیجیەکەی پارتی و یەکێتی کە کۆی گشتی (۲۷) خاڵی لەخۆگرتبوو ٫ دابەش کرابون بە سەر (۸) بەش و تەوەر کە ئەمانە بون ( سیاسی و تیۆری ٫ پەرلەمان ٫ حکومڕانی ٫ لەسەر ئاستی عێراق ٫ پەیوەندیەکانی دەرەوە ٫ میکانیزم وچاودێری ٫ ڕاگەیاندن ٫ تێپەڕاندنی قۆناغەکانی پێشوو ) ۰۰۰

لەکۆتایی خستنەڕووی خاڵ و تەوەرەکان هەروەک ئاماژەیان پێکردبوو ٫ هاتوە ( هیوادارین ئەم یەکڕیزی ویەک هەڵوێستیە ببێتە مایەی ئەوەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراو و دامەزراوە دیموکراتیەکان پتر بەگەڕ بخرێن وپشتیوانی بکرێن ونابێ ئەم ڕێککەوتنە ببێتە ئەگەری بەهێز بونی ئۆپۆزسیۆنی نەرێنێ (سلبی)لەکوردستان دا یان لەژێر سایەیدا گەندەڵی سیاسی و ئیداری حەشار بدرێن ٫ بەڵکو پێویستە نەخشەیەکی ژیرانەی بۆ دابنرێت بۆ لەڕەگ و ڕیشە هەڵکەندنی گەندەڵی سیاسی و ئیداری۰

هەروەها هەوڵدان بۆ ناساندنی ئەو جینۆسایدەی دژ بەگەلی کورد کراوە بەدنیا ۰ دواجار هەردوولا جەتیان لەڕێککەوتنەکە کردۆتەوە هەروەک ئاماژەیان پێکردوە : بۆیە ئەم ڕێککەوتنە لەڕوانگەی دڵسۆزی بۆ گەل ونیشتمان و دروستکردنی متمانەی پتری جەماوەر بەپێویست دەزانین ۰

دووەم : ڕێککەوتنی سیاسی گۆڕان و یەکێتی سێ ساڵ بەرلەئێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەڕوانگەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ھەستیاریی قۆناغەکەو بەئامانجی تێپەڕاندنی کێشەو قەیرانەکان و بەھێزکردنی پەیوەندییەکان و کارکردنی پێکەوەیی لەداھاتوودا، دوای گفتوگۆیەکی زۆر لە ۲۰۱٦/٥/۱۷ْ توانیان ڕێککەوتنێکی ھاوبەشی ٢٥ خاڵی ئیمزابکەن٫ ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی دەباشان بونیاتنرا کەلە ۲۰۱۲/۹/۲٤ بەئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ئیمزا کرا ٫ ئەمەو لەلایەن (پارتی )یەوە ڕێککەوتننامەی واژۆ کراو لە نێوان یەکێتی و گۆڕان بە کودەتایەکی دژی حزبەکە و بە دۆژمنایەتی لەگەڵ بارزانی خوێندنەوەی بۆکرا . بەڵام خۆیان هەردوولا پێیان وابوو ڕێککەوتنی ھاوبەشی نێوانیان لە ١٧/٥/٢٠١٦ ئومێدێکی گەورەی لای ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و کادرو ئەندامانی ھەردوو حزبەکەش دروست دەکات ٫ ڕێککەوتنەکە بەئاڕاستەی ئەوەبوو ببێتە نەخشەڕێگەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و چارەسەرکردنی قەیرانەکان و ھاوھەڵوێستی و کارکردنی پێکەوەیی ھەردوو حزب لەسەر پرسە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ٫ بەڵام خێرایی ڕووداوە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان و ھاتنەپێشەوەی چەندین پێشھاتی نوێ کە پێویست بوو خوێندنەوەی گونجاویان بۆ بکرێت، وایان کرد تائێستا نەتوانرێت کۆی خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێن ٫ هەر چەند رێککەوتنەکە تا ئەندازەیەک زەمینەیەکی لەباری ڕەخساند بۆ ئەوەی لەسنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین ھەردوو حزب پێکەوە بۆ ئیدارەدانی حکومەتی خۆجێی و نمونەیەک لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات پێشکەش بکەن . ڕێککەوتنە سیاسیەکەی یەکێتی وگۆڕان (۲٥) ماددەی لەخۆگرت و دابەش کرابوو بەسەر( ۱۱) بەش کەبریتین لە ( بنەمای سەرەکی ٫ دەستورو شێوازی حکومڕانی ٫ مافی سەربەخۆیی وڕیفراندۆم ٫ دەسەڵاتی دادوەری ٫ پەیوەندی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕال ٫ فراکسیۆنەکان و تیمەکانی حکومەت ٫ پێشمەرگەو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ٫ پەیوەندیەکانی دەرەوە ٫ کەرتەکانی ئابوری و نەوت ٫ ڕاگەیاندن ٫ حوکمە کۆتاییەکان) ۰ خاڵە جەوهەریەکانی رێککەوتنەکە ئەمانە بوو : ٭ ئاسایی کردنەوەی دۆخی سیاسی هەرێم ۰

٭کاراکردنەوەی پەرلەمان۰ ٭

باشکردنی دۆخی ئابوری و گوزەرانی خەڵک،۰

٭دروستکردنی ئیئتیلاف لەنێوان فراکسیۆنەکانیان۰

سێ یەم : ڕێککەوتنی سیاسی پارتی و گۆڕان لەدواهەمین پێشهاتەکانی تایبەت بە موفاجەئەی ڕێککەوتن واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕان بوو کەلە ۲۰۱۸/۲/۱۸ بڵاوکرایەوە ۰ مەراسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە پیرمام بەڕێوە چوو کە دکتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس لەلایەنی پارتی و جەلال جەوھەر ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لەلایەنی گۆڕان، ڕێککەوتنەکەیان واژۆ کرد. ئەمەو ڕێککەوتنەکە ئەنجامی ٧ کۆبوونەوەی پێشتر بوو کە لە نێوان پارتی و گۆڕان ئەنجام درا و لە کۆتاییدا گەیشتنە ڕێککەوتن٫ لەدوا قۆناغیشدا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ٢ی ٢٠١٩ جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان پەسەندی کرد. بەگوێرەی دەقی ڕێککەوتنەکە جەختکراوەتەوە لە چاکسازی و کۆتاییهێنان بە سیستمی پاشەکەوتی موچە و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان. بەگوێرەی رێککەوتنەکە هەردوولا ڕێککەوتوون حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پابه‌ند ده‌بێت بۆ بەدامه‌زراوه‌یی و به‌نیشتمانی‌كردنی‌ سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی‌ هه‌رێم، به ‌جۆرێك كه‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سەڵاته‌كان مسۆگه‌ر بكات، هه‌روه‌ك حكومه‌ت پابه‌ند ده‌بێت به‌ نه‌هێشتنی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و جێگیركردنی‌ بڕی‌ پاشه‌كه‌وت له‌ ژمێره‌ی‌ موچه‌خۆران دا و گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌م پاشه‌كه‌وته‌ به‌ خشته‌یه‌كی‌ گونجاو له‌گه‌ڵ‌ باشبوون و توانای‌ دارایی. دەقی ڕێککەوتنەکە: یەکەم لەسەر ئاستی عێراق:

 

١-حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی مافە دەستورییەکان و دانانی سەقفی زەمەنی بۆ هەریەک لە پرسەکانی ماددەی (١٤٠)، نەوت و غاز، بودجە، پێشمەرگە، دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی و دادگای فیدراڵی عێراق. ٢-ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بۆ پێش ١٠/٦/٢٠١٤ و دانانی سەقفی زەمەنی بۆ ئەو مەبەستە، بەڕێوەبردنی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەهاوبەشیی لەگەڵ پێکهاتەکان. ٣-حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، دەستەی دانوستاندن دروست دەکەن، بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستورییەکانی میلـلەتەکەمان. ٤-حکومەتی هەرێم پێداگریی دەکات لەپێناو چەسپاندنی پرنسیپی هاوسەنگیی و هاوبەشیی ڕاستەقینە و سازدانی لەسەر ئاستی عێراق و دامەزراوەکانی عێراق. ٥-حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگریی بکات لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق. دووەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ١-حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە بە دامەزراوەیی و بەنیشتیمانییکردنی سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێم، بەجۆرێک کە جیاکردنەوەی دەسەڵآتەکان مسۆگەر بکات. ٢-حکومەتی هەریمی کوردستان بە نەهێشتنی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و جێگیرکردنی بڕی پاشەکەوت لە ژمیرەی مووچەخۆراندا و گێڕانەوەی ئەم پاشەکەوتە بە خشتەیەکی گونجاو لەگەڵ باشبوون و توانای دارایی. ٣-حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پەیڕەوکردنی پرەنسیپەکانی حوکمڕانیی چاک، بەتایبەت شەفافیەت لێپرسینەوە و هاوبەشیی ڕاستەقینە… هتد، بەمەبەستی حکومەتی هاوڵاتییبوون و بۆ هەموو کوردستانیان. ٤-حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە دەکات بەسەر لیستی مووچەخۆران و بەمەبەستی ساغکردنەوەی فەرمانبەری ڕاستەقینە لە مووچەخۆر و خانەنشینان، بۆئەوەی لیستی فەرمانبەران ڕێکبخرێتەوە لەسەر بنەمای میلاکی ڕاستەقینە، ئەویش بە پێکهێنانی ئەنجومەنی خزمەت دەبێت. ٥-حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدات بە دامەزراندنەوەی گشت ئەوکەسانەی لەبەر هێزی سیاسیی لەسەر کارەکانیان دووخراونەتەوە و سزای جۆراوجۆر دراون. ٦-حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە نیشتیمانیی و دامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە. ٧-حکومەتی هەرێم پابەندە بە تەرشیقکردنی حکومەت و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان. ٨-پەیرەوکردنی لامەرکەزیەتی کارگێڕیی و دارایی زیاتر بۆ پارێزگاکان و شۆربوونەوەی دەسەڵات بۆ یەکە کارگێڕییەکان لەژێر چاودێریی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران. ٩-جەختکردنەوە لەسەر ڕێزگرتن لە ئازادییەکان، جیاوازییەکان و دەستخستنی زانیاری بەپێی یاسا و پشتیوانیی دامودەزگای پۆلیس و دادگا بۆئەوەی کاری خۆیان ئەنجام بدەن، نابێت هیچ کەس بەپێی فەرمانی دادوەر دەستگیربکرێت، و نابێت نابێت لەدەرەوەی شوێنی تایبەت بە ڕاگیراوەکان کەس بەند بکرێت، وە نابێت هیچ کەس لەسەر لایەنداریی سیاسیی سزا بدرێت. ١٠-پەیڕەوکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان و ڕێگرتن لە قۆرغکاریی و پشتیوانیی کێبڕکێ و پشکداریی هاوڵاتیان. ١١-حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان پابەندن بە یەکپارچەیی و یەکگرتوویی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و کاردەکەن بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهێز پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆشەوە. ١٢-حکومەتی هەرێمی کاردەکات بۆ پاراستنی هەرێم لە شەڕی و ململانێی نێودەوڵەتیی و ئیقلیمیی و شەڕ و ململانێی ناوخۆیی.

١/پەرلەمانی کوردستان

ا-هەموو ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتیمانییان هەیە، بە سازانی هەردوولا هەموار دەکرێنو دەردەچوێندرێن لەناو پەرلەمان، وەک (دەستور، یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان…..هتد).

ب-کاراکردنی ڕۆڵی چاودێریی پەرلەمان و هەموو ئەو دەزگایانەی تایبەتن بە چاودێریی و پشکنین.

٢/دەسەڵاتی جێبەجێکردن

١/سەرۆکایەتیی هەرێم کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەلایەن پەرلەمانی کوردستان تا نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان و پێداچوونەوە بە دەسەڵآتەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمدا.

٢/ئەنجومەنی وەزیران/بەرنامەی کابینەی وەزاری سەبارەت بە بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتەوە ١-بەرنامەی وەزاری کە کۆکراوەی بەرنامەی لایەنە بەشدارەکانە، دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت. ٢-بەرنامەی وەزاری دەبێت پرۆژە یاسای چاکسازیی هەمەلایەنەی سیاسیی، یاسایی، ئابووریی و دارایی و کارگێڕیی لەخۆ بگرێت.

٣-لەچوارچێوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئەنجومەنێکی باڵای چاکسازیی دروست بکرێت.

٤-دیاریکردنی سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنی هەر سێکتەرێک لەو سێکتەرانەی کە لە بەرنامە هاوبەشەکەمان دا دێت، لە دۆخی ئاسایی و ئارامیی سەقامگیریی دا لە هەرێمی کوردستان. چوارەم : ڕێککەوتن لەچوارچێوەی بەرنامەی هەڵبژاردن هەروەک ئەوەی لەساڵی ۲۰۰۹ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کەلە ۷/۲٥ٓ ی هەمان ساڵ بەڕێوەچوو ٫ لەنێوان کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی و سۆشیالیست و زەحمەتکێشان لەژێر ناوی لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازی ئەنجامدرا۰

پێنجەم : ڕێککەوتن لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری ٫ بەناردنی شاندێکی هاوبەش بۆ بەغدا لە ۲۰۱۸/۱/٤ ۰ لە بارەی گرنگی ڕێککەوتن مسعود عبدالخالق نوسەرو چاودێری سیاسی بەستاندەری ڕاگەیاند : هەر چەند لەمێژوودا ڕێککەوتنەکان بە جۆرێک لەپیرۆزی سەیرکراوە و هەندێک جار پاڵپشت بەدەقێکی ئایینی لەئایینە ئاسمانیەکان بەهای زیاتری پێدراوە تا لەلایەن لایەنەکانی ڕێککەوتنامە پابەندبونی زیاتری تیادا بەرجەستە بێ ۰ هەروەها لەبارەی ڕێککەوتنی حزبەکان لەهەرێمی کوردستان و پەیوەندیان بە خەڵکەوە مسعود عبدالخالق تیشکی خستەسەر ئەوەی : ڕێککەوتنەکان لەنێوان دوو حزب دەکرێن لەسەر حسابی لایەنی سێ یەم بۆیە بەردەوام بەچاوی گومانەوە لێی دەڕواندرێ ٫ لەکاتێک دا ئەگەر ڕێککەوتنامەکان لەبازنەیەکی فراوان بکرێ و بەشداری زۆربەی حزبەکانی تێدابێ بێ گومان ئەنجامی باشی دەبێ ۰

سەبارەت بە متمانەی هاووڵاتیان بەرامبەر بەڕێککەوتنی نێوان حزبەکان مسعود عبدالخالق ئاماژەی بەوەکرد : لەکاتێک دا ٦٥٪ دەنگدەرانی هەرێم بایکۆتی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکەن ئەوە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە خەڵک لەبەرامبەر هەموو ئەو هەنگاوانەی حزب و دەسەڵات دەینێن متمانەی بەهیچیان نەماوە ٫ ئەگەر سەیر بکەین لەئەرزی واقیع دا پڕاکتیزەبونی ڕێککەوتنی نێوان حزبەگەندەڵەکان ئاسانترە لەو ڕێککەوتنەی لەنێوان حزبێکی دەسەڵات و حزبێکی بەرەی ئۆپۆزسیۆن ئەنجام دەدرێ ٫ هەروەها چاودێرە سیاسیەکە ئەوەی ئاشکرا کرد : هاووڵاتیان متمانەیان بەڕێککەوتنی حزبەکان نیە ٫ چونکە خاڵەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندی خەڵک هەمیشە پەراوێز خراوە ٫ بەڵکو بەتێپەڕبونی کات لەڕێککەوتنەکان دا تەنها ئەو بەشەیان جێ بەجێ دەبێ کە پەیوەندی بە بەرژەوەندی تەسکی حزبی و کەسی هەبوە۰ لەکۆتایی دا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە :

۰۱ ئەو خاڵەی جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە ٫ بەهۆی ئەوەی حزبەکان دۆخێکی ناتەندروستی سیاسیان دروست کردوە بۆیە لەگەڵ هەر ڕێککەوتنێک لەلایەن حزبەکانی تری دەرەوەی ڕێککەوتنەکە لەهەموو قۆناغەکان دا ٫ هەمیشە بەچاوی گومانەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێ۰

۰۲ یەکێک لەباشیەکانی رێککەوتنەکان ئەگەر لەئەرزی واقیع هیچ ئەنجامێکی کردەیشیان نەبێ بەسەر چاکردنی ژیان وگوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ٫ بەڵام هیچ نەبێ بۆ ماوەیەکی کاتی گرژی نێوان لایەنەکانی ناو ڕێککەوتن سفردەبێتەوە و لەجیاتی دژایەتی هەوڵیان دەدرێ کەمێک موجامەلەی سیاسی بەرمبەر یەکتر بکەن ۰

۰۳ هەروەها لەخراپیەکانیشی ئەوەیە خەریکە متمانەی تاکی کورد بەم هەنگاوەش نەمێنێ چونکە خەڵکی لەوەتێگەیشتون ئەوان لەپەراوێزی ڕێککەوتنەکاندان ٫ هەر چەند یەکێک لە خاڵە لێکچوەکانی هەموو ڕێککەوتنەکان باسی خۆشگوزەرانی و ژیانی خەڵکە۰

۰٤ جگە لەوەی هەندێک لەچاودێران پێیان وایە ئەگەر ڕێککەوتنەکان نەبن و حزبەکان پەرتەوازەبن ٫ لەوانەیە (خێرایی گۆڕانکارییەکان و بەرژەوەندی زلھێزان لەناوچەکەدا ) دوو هۆکاری سەرەکین تابەهۆیانەوە ببنەمایەی ئەوەی پرسی کورد بکرێتەوە بە قوربانی ڕێککەوتن و پەیماننامە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.