داھاتووی گەلێک بۆ پەنجەکەڵێک

لەلایەن ستاندار Posted on 235 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر                                                  

ڕەخنە بۆ باشترکردن و ھاندان و پێشخستنە ھەر ڕەخنەش بۆ وێران کردن و سارکردنەوەو چەقبەستنە.
ھێرش کردن ڕەوایە بۆ خۆپارێزی و بەرگری کردن و تەسلیم نەبوون و ئازادیی و بەش پارێزییە، ھەر ھێرشیش بۆ داگیرکاری و داپڵۆسین و تەسلیم بوون و دەستەمۆکردن و بەش خورادنە.
پیاھەڵدان ودەستخۆشی و چەپڵە بۆ ھاندان و سوپاسگوزاری و ڕەوایدان و پشتگیری و گیراکرن و دووبارەکردنەوەی کاری باشە، ھەر پیاھەڵدان و دەستخۆشـی و چەپڵەش بۆ خۆنزیک کردنەوەو خۆ‌ھەڵواسین و ماستاوکردن و ڕەوایدان بە خراپەکاری و پاڵپشتـی کاری نەشیاو گومڕاکردن و دروست کردنـی دیکتاتۆرە.
ھاوڕای و ھەماھەنگـی و دەستگیرۆی و یارمەتـی و چاوڕوانـی بە ھۆشیاری و لێکۆڵینەوەو پەلەنەکردن بۆ دەستکەوت و سەرکەوتن و پێکانـی ئامانجە، ھەر ھاوڕای و ھەماھەنگـی و دەستگیرۆی و یارمەتـی و چاوڕوانـیش بەبێ لێکۆڵینەو بەنەزانـی و بەپەلکردن ھۆکارە بۆ کەوتن و دەستبەتاڵـی و لە ئامانج دوورکەوتنەوە.
ھەرکاتێ نێوانی حیزبەکان سارد و ئاڵۆز و ھێرشی ڕاگەیاندن ڕووبەڕووی یەکتر ئەکەن خەڵکی بێزراو توڕەدەرەکەون و تووشی دڵەڕاوکێی ئەبن و باس لە خراپی ئەگەری شەڕی ناوخۆ ئەکەن و ڕاستەخۆ فەیس بووک ئەبێت بە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەو ئیتر لەوەودوا خەڵکی خۆیان یان باشتر بڵێین ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ئەبنە زمان حاڵ و تا ئەو ئاستەی بۆیان بکرێ فوو لە گڕی ئاگرێک ئەکەن کە خودی حیزبەکان بەنیازنین دایگیرسێنن!
خۆ ئەگەر مەزاجی ئەکاونتەکانی فەیس بووک پێوەربووایە بەو ئاڕاستەیە ھەڵسوکەوت بکرایە ئەوە لەدوای کۆتای ھاتنی شەڕی ناوخۆی ساڵی ١٩٩١وە چەندین شەڕی ناوخۆیی تر ھەڵئەگیرسا.
ھەرکاتێکیش ڕێکەوتن یان ھاوپەیمانی نێوان دوو حیزب یان زیاتر ڕائەگەیەنرێ دیسان خەڵکی مەزاجی تێکەچێ و تووڕە و بێزاردەرەکەون و ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەست بە ھێرش کردنە سەر ڕێکەوتن یان ھاوپەیمانیەکە ئەکەن و ڕاستەخۆ ئەو ڕێکەوتن و ھاوپەیمانیانیە بۆ بەرژەوەندی حیزبی کەسی و دزینی سامانی گشتی ئەگێڕنەوە ئەگەرچی کاتی ڕێکەوتن یان ھاوپەیمانیەکە لە ڕۆژی یەکەم و سەرەتاشیبێ و جارێ چاوی ڕووناکی نەبینیبێ!
لە دوای شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی لە ساڵی ١٩٩٢ یەکێک لە ھۆکارەکانی درێژەپێنەدانی ئەو شەڕە نەگلیسە خودی کۆمەڵگە بوون کە ڕەچاوی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ھاوخوێنی و ھاوبەشی ژیانیان ئەکرد و لەبری ھاندان و کەمترکردنی شەڕەکە ھەمیشە ھەوڵئەدرا ئاو بکرێ بەگرەکەیا “لەگەڵ چەند نمونەیەکی پێچەوانەی کەمیش” کە ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ڕووبەڕوو و ڕاستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ یەکتر ئەکرد و تێکەڵی و سەردان و کۆبوونەوەی شوێنە گشتیەکان زیاتر لەیەکی نزیک ئەکردنەوە.
بەڵام بەراورد بە ئێستای سەردەمی فەیس بووک ئەبینرێ ھەمیشە کۆمەڵگە لە “جەنگی سارد”ا ئەژی و لەگەڵ ھەر گۆڕانکاریەکیشا کۆتای بە جەنگی ساردی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان نایەت و بگرە سوود لە ھەر گۆڕانکاریەک وەرەگیرێ تا بازاڕی خۆ ناساندن و کۆکردنەوەی (پەنجەکەڵ- لایک) گەرمتر بکرێ و ئەوەی سەیریشە ئەوەیە ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان حیزب و حکومەت و دەسەڵات بە ھەلپەرست و خۆپەرست و بەرژەوەندی کەسی تۆمەتبارەکەن لەکاتێکا ھەر خودی ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ساڵانێکە بۆ بەرژەوەندی کەسی و خۆبە ئەفسانەکردن و خۆناساندن و کۆکردنەوەی “پەنجەکەڵ- لایک” ساڵانێکی زۆرە شەڕێکی سارد بەڕێوەئەبەن.
گرنگە کۆمەڵگە بە گشتی و ئەکاونتەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەتایبەتـی بوارێک بۆ پێکەوە ژیان و ھەماھەنگی بھێڵنەوە و لەبری ھێرشی ڕاستەوخۆ بۆ ھەر گۆڕانکاریەک بە ڕێکەوتنی سیاسی حیزبەکان و دروستکردنی حوکمەتیشەوە و دانەبەخۆدابگرن تا ھەنگاوە کردەییەکان شوێن پێـیان دەرەکەوێت.
ئەگەر شەڕ یان ئاشتـی و ھەڵچون و ئاژاوە یان ھێمنـی ودانەبەخۆداگرتـن دوو پرسیاربن ئاڕاستە بکرێن گومانـی تیانیە مرۆڤە بیـر پێگەشتوو جێگیـرو ڕەفتار ھاوسەنگەکان ھەمیشە یەکەم ھەڵەبژێرن و ئەوانەی دووەمیش ھەڵەبژێرن کە ھەمیشە کەمینەیەکـی ھەلپەرست و شەڕەنگێزن کەسانێکـی تێکشکاو دەروون نەخۆش و خۆپەرستن.
ئەگەرچـی ئەکاونتە نادیارو بێ خاوەن و گومان لێکراوەکانـی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە سەر بەبەرەی دووەمن و کەمینەن بەڵام مەزاجـی زۆرینەی بەرەی یەکەمیان ماندوو توڕەو بێتاقەت و تا ئاستێکیش ڕەشبین کردووە و ھەندێک جار بەبـێ ئاگا لەو شەڕە ساردەی ساڵانێکە بەرەی دووەمـی کەمینە بەڕێوەی ئەبەن ئیتـر بە پاڵشتـی حیزب، سەرکردەی حیزب و بازرگانـی چاوچنۆکبـێ یان تەنانەت بۆ کۆکردنەوەی “پەنجەکەڵ-لایک”یشبێت تێوەئەگلێـن و ئەبنە پاڵپشت و چەکـی دەستـی ئەوە بەرە کەمینەیەو سەرەنجام وێنەیەکـی زۆرینە لای خوێنەرو سەردانکەرانـی ئەو تۆڕەکۆمەڵایەتییانە دروست ئەکەن.
ئەگەر پشتگیری کارێک کرد یان دەنگدا بە حیزبێکێکـی سیاسـی یان ھاوکاری کارێکـی خێـرخوازی یان وەبەرھێنان….ھتد گرنگە پشت بە ھۆشیاری و بە لێکۆڵینەوەو بە کات ببەستـی خۆ ئەگەر ئەنجامەکەی وەک چاوڕوانـی کراو دڵخواز نەبوو ئەودەمە بڕیاردان دروست ئەبێت و ئەکرێ ھاوکاری ڕاگیری و وەبەرھێنان بوەستێرێ و دەنگیش بە حیزبە سیاسیەکە نەیرێت.
بوونـی ھۆشیاری بۆ تێگەشتـن و لێکدانەوەو شـڕۆڤەکردنێکـی بابەتیانە و پرسیارکردن و گەران بەدوای سەرچاوەی دیارو باوەڕپێکراو پەلە نەکردن لە بڕیاردان کلیلـی چارەسەر و کۆتایـی شەڕی ساردی ئەو تۆڕەکۆمەڵایەتییانەیە کە بۆتە دیاردەیەک کۆمەڵگە بەئارەزووی کەمینەیەکـی نادیار ھەنگاوئەنـێ و ھێدی ھێدی بەھا جوانەکانـی کۆمەڵگە تەسلیم بە کلیکێک ئەکرێن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.