یەکێتی و گۆڕان بۆ وا دەکەن؟

لەلایەن ستاندار Posted on 249 جار بینراوە

د.قارەمان شێخ بزێنی
کاتێک ھێزە سیاسیەکانی زۆنی سەوز دابەش و لەت لەت بوون و بۆ ھێزی بچوک، ئیتر ھەیمەنەی سیاسی و کاریگەری ئابورییان بەرەو بچوک بونەوە و پوکانەوە چوو، ئەم ھێزانە بە فۆرمی جیاواز و تێڕوانینی جیاوازەوە چوونە نێو پەرلەمان، تەنانەت لە گۆڕەپانی سەوزیشدا شێلگیرانە گەوتنە ململانێی یەکتر و لاواز کردن و لە ناوبردنی یەکتری، تەنانەت بزووتنەوەی گۆران وەک ئەوەی چەقی گۆرانکاریەکان شاری سلێمانی بێت، فشاری جەماوەری و کاریگەری ڕاگەیاندنەکانیان لە زۆنی سەوزدا چڕ کردەوە، یەکێتیش بەرپەرچی جولانەوە سیاسی و جەماوەریەکانی بزووتنەوەی گۆرانی دەدایەوە، تا کار گەیشتە دوور خستنەوە و دەرکردنی بەشێک لە کادیرو ھەوادارانی گۆران لە نێو دەستەڵاتەکانی گۆرەپانی سەزدا، ئەم پێشبرکێ و ململانێیانە تا ڕێکەوتنانەی دەباشان لە بەردەوام بوو، ڕێکەوتنانەی دەباشان ئاسۆیەکی نوێی لە پەیوەندیەکانی ئەو دوو ھێزەدا ھێنایە ئاراوە، جەماوەری ھەردوو ھێز بە خۆشحالیەوە پێشوازییان لە نزیک بونەوەی ئەو دوو ھێزە کرد.
ڕەنگە نەھەقیان نەبووبێت، چونکە تاکە چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی کرژیەکان و کۆکردنەوەی کاریگەری ھێزە لەتبوەکان لێکتر نزیک بونەوەیەیان ئاسۆی ئەو ڕێکەوتنە بوو، ئەگینا جگە لە پێش برکێی خزمەت کردن و تەواو کردنی تیمی داواکاریەکانی پارتی چیتری لێبەرھەم نایات، زۆرێک دەزانن تا ئەم دوو ھێزە لێکتر بترازێن و شێرازەی نێوانییان پەرت بێت کاریگەرییان لە نێو حکومەتی ھەرێم و گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا لاواز تر بێکاریگەر تر دەبێت.
بۆیە چەند پرسیاێک خۆی قوت دەکاتەوە : ئایا یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان درک بەو ڕاستیانە ناکەن ، کە قبول نەکردنی یەکتر و نەبوونی یەک جەمسەر کارکردن، ھەردووکیان دەکاتە خۆراکێکی چەور بۆ تێرکردنی ئارزووە سیاسیەکانی ھێزەکانی تر، ئایا یەکێتی بزوتنەوەی گۆران ئاگاداری ئەو نین کە خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا بە گەشبینیەکی زۆرەوە دەیڕوانیە ڕێکەوتنامەی دەباشان؟ ئایا یەکێتی و بزووتنەوەی گۆران کاتی ئەوە نەھاتووە، کە بیرێک لەوە بکەنەوە ئایا کێ بوو ئاستنگی ڕاستەقینەی بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ڕێکەوتننامەیە دروست کرد؟ ئایا یەکێتی و بزووتنەوەی گۆران درک بە کەمکردنەوەی قورسای سیاسی و ئابوری خۆیان ناکەن؟ ئایا دەتوانن لە سێبەری پارتیدا ڕیزەکانی خۆیان تۆکمە بکەن و ئایندەی سیاسی بۆ خۆیان فەراھەم بکەن؟ ئایا پارتی بەزەی بە نەیارەکانی دێتەوە، تا ئەم ھێزانە ئایندەی خۆیان بەم ھێزەوە گرێ بدەن؟؟؟
تێناکەم یەکێتی و گۆڕان بۆ وا دەکەن، ئایا ناکرێت ھەوڵی لێک نزیک بونەوە بدەن و زۆنی سەوز بکەنە لانکەی ھێزە سیاسیە ھاو ھەڵوێستەکان، ئایا قبوڵ کردنی یەکتر پتر خزمەت بەو ھێزانە و جەماوەری دەڤەرەکە دەکات یاخود لێکترازان و دوور کەوتنەوە؟ ئایا تێڕوانینە سیاسیەکانی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆران لێکتر نزیکن یان گۆران و پارتی، یاخود یەکێتی و پارتی؟!
لە نێو ئەو بارودۆخەدا کە بزووتنەوەی گۆڕان بە ھیوای گەشەندن و مانەوەی ڕۆڵی خۆی پەنای بردۆتە بەر پارتی و چاوەڕوانە پارتی ڕاستگۆیانە مامەلەی لە گەڵدا بکات، بێئاگا لەوەی پارتی بۆ ساتێک و لە ھەر دەرفەتێکدا بە شێوازی جیاواز ھەوڵی لاواز کردنی نەیارەکانی دەدات، چجای ئەوەی چاوەروانی بەخشیشەکانی پارتی بیت، ڕەنگە ئەمەش کارێکی ئاسای بێت پارتی ئەنجامی دەدات، ھەر ھێزێکی تریش بێت ڕەنگە ھەمان ڕێگا بگرێتە بەر. بەڵام ئەوە یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕانن، پێویستە نەبنە پاروی چەور بۆ تێر کردنی شەھیەی سیاسی پارتی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.