مەسعود عەبدولخالق لە دیدارێکدا “ئەوەی بانگەشەی پشتیوانی پرۆلیتاریای دەکرد ئێستا لەسەر پشتی پرۆلیتاریا دەوڵەمەند بوە”

لەلایەن ستاندار Posted on 618 جار بینراوە

دەمەتەقێی گرووپی گوڵنار لەگەڵمەسعوود عبدالخالق نووسەرو ڕۆشنبیر، کە تیایدا چەندین بابەتی گرنگی تایبەت بە شۆرشی نوێ و مێژووی کورد و چەند بابەتێکی فیکری و هەلسەنگاندن بۆ چەند کەسایەتیەکی کورد دەکات.

Image may contain: 4 people, people smiling, people standing and beard

گوڵنار: بەڵام بۆچی زۆربەی سەرانی کوردو شۆڕشی کوردی تەسلیمی لە سەدا سەدی ئەو بیرە ھێنراوانە بوون وەک مارکس و لینین و ماوتسیتۆنگ.؟
مەسعوود عەبدولخالق: دەردی کورد ئەوەیە کە لاساییکەرەوەیە، دەردێکە پێی دەگوترێت (تقزم الثقافی)، پێی وایە ئەو شتانەی لە دەرەوە بن و بیانی بن گرنگن، بۆیە دەبینیت لەناو بزووتنەوەی عەلمانی کوردیدا کەمتر ناوی شێخ سەعیدی پیران و شێخ سەعیدی نوورسی و شێخی نەھری و قازی موحەممەد دەھێنن، تەنانەت ناوی فەیلەسووفانێکی وەک سەیفەدین ئامێدی و ئیبن شەمسەدینی شەھرەزووری ناھێنن، لە کاتێکدا ئیبن شەمسەدینی شەھرەزووری فەیلەسووفێکی زۆر زۆر گەورەیە، یا مەولەوی تاوەگۆزی کە بەڕاستی فەیلەسووف بووە، ئەوانە ناویان ھەر ناھێنرێت، بەڵام بڕۆ لێیان بپرسە ئەقوال و وتەکانی (ھۆشیمینەو ترۆتسکی و مارکس و لینین) ھەموویانیان لەبەرەو دەیڵێنەوە، ئەوەش جۆرێک لە نەقسی ڕۆشنبیرییە، پێیان وایە ڕۆشنبیری ئەوەیە کە تۆ ئەو ناوانە بزانی و پێیان کاریگەر بیت، من ھەر زوو ھەستم بەوە کرد، ھەر لە سەرەتاوە کە چوومە ناو شۆڕش دیتم ئەو خەڵکەی ئێمە دەردێکی تووش بووە لاسایی دەرەوە دەکاتەوە بەبێ داھێنان (ئیبداع)، بەڵام لاساییکردنەوەکەشی سلبی و خراپە، چۆن.؟ تەنانەت لەلاساییکردنەوەکەشی لاسایی بەشە خراپ و سلبییەکەی دەرەوە دەکاتەوە نەک ئیجابی و باشییەکەی.! بۆ نموونە شیوعییەت ھەندێ لایەنی ئیجابیشی تێدا بوو، زۆر وڵات بەھۆی شیوعییەت ڕزگار کرا، لینین و ستالین ھەبوون، خرۆشۆف و ترۆتسکی ھەبوون، ھۆشیمینەو تۆخین ھەبوون، ھەندێکی ئەوانە زۆر باش بوون، ئەمانەی خۆمان دەچوون کامیان زۆر توندو خراپ و پیاوکوژە ئەوەیان دەھێنا، زۆر سەرسام بوون بەو، وانەی ئەویان دەخوێند، کتێبی ئەویان چاپدەکرد، بۆیە دەبینی مارکسییەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان سەرسام بوون بە ھۆشیمینەو ڤێتنەو سەرۆکەکەی کەمبۆدیا کە دوو ملیۆن مرۆڤی کوشت بەناوی جێبەجێکردنی شیوعییەت و ستالین و ماوتسیتۆنگ، بەڕاستی ئەوانە زۆر پیاوکوژ بوون، لە کاتێکیشدا ئەو فیکرانەیان ھێنا کە لە جیھاندا ھەرەسیان ھێنابوو و بەرەو کۆتایی دەچوون، وەکو ئێستا.! لە کاتی ئێستادا کتێبی داروین کە ١٥٥ ساڵ بەر لە ئێستا نووسراوە ئێستا وەریدەگێڕنە سەر کوردی لە کاتێکدا لە جیھاندا ئێستا باوی نەماوە، ئەو کاتیش وابوو، ئەو کاتەی لە کوردستان گەرمەی مارکسییەت بوو و لەسەر مارکسییەت بە شەڕ دەھاتن و یەکتریان دەکوشت، مارکسییەت ھەرەسی ھێنابوو.! شەڕەکەش چۆن بوو، دەیانگوت ئەوە باڵی (ترۆتسکی)یە ئەوەش باڵی (ستالین)یە.

  پەشیمان نیم لە بەشداریکردن لە شۆرش، بەڵام ئەگەر عەیبە نەبووایە لە سێ مانگی یەکەم زیاتر نەمدەکردو وازم دەھێنا

با شتێکتان بۆ بگێڕمەوە زۆر گرنگە، بەیانییەکیان ھەستاینەوە دەبینین یەکێک خۆی کوشتووە (ئینتحار) لە شاخ و لەناو شۆڕشدا، کوردی سەروو بوو، پرسیمان ئەوە چی بووەو چییە.؟ گوتیان: ئەوە سەرۆکی حیزبەکەی ئافرەتە (ناوی ناھێنم)، بە خۆیان باڵی ستالینین، ئەو ئافرەتە شووی بە یەکێک کردووە کە لە باڵی ترۆتسکیە.! ئەوە لەداخی ئەو شوورەییە خۆی لەسێدارە داوە، سەیری باروودۆخی کورد.! ترۆتسکی لەکوێ و ستالین لەکوێ.؟!!
بۆ نموونە شەڕی براکوژییەکان لە کوردستان یەکتریان تۆمەتبار دەکرد لەسەر ئەو باڵ و فیکرە جیاوازانە، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە لە جیھاندا سەرەتای ڕمان و ھەرەسھێنانی شیوعییەت بوو، کابرایەک لە پۆڵۆنیا سەرۆکی سەندیکا بوو، بزووتنەوەو ڕاپەڕینێکی بەرپا کرد گوتی: شیوعییەتمان ھەر ناوێ.! لیغڤاوەنسەی ناو بوو دواتریش بووە سەرۆکی ئەو وڵاتە، مینش ھەمیشە بە سەرانی شۆڕشم دەگوت: ئێوە ئاگاتان لە وردەکاری جیھان نییە، ھەمیشەش گلەییان لە من دەکرد کە چۆن تۆ بڕوانامەیەکی بەرزت ھەیە کەچی شارەزای مارکس و مارکسییەت نیت.؟! منیش دەمگوت: کاکە وەڵا ئێوە ئاگاتان لە زانست نییە، ئێستا زانستی کیمیا، فیزیا، گەردوون، بایۆلۆجی نییە، ھەمووی گۆڕاوە، ئەو زانیارییانەی ئێوەش ھەمووی زانیاریی کلاسیکییە، تا ئەو دەمەش زۆربەی ڕۆشنبیری کورد زانیارییەکانی ھی سەرەتای سەدەی بیست بوو، زانیاریی نوێی نەبوو، ھیچ زانیارییەکی سەدەی بیست و یەکەمی پێ نەبوو.

 ڕۆژی یەکەم کە بینیم چاوەڕێم نەدەکرد ئەو پیاوە نەوشیروان موستەفا بێت، قوڕکاریی دەکردو خانووی درووست دەکرد

 

نموونەیەکی کۆتایی دەھێنمەوە لەبارەی لاساییکردنەوەی کوێرانەوە، لە کوردستان ڕۆژنامەیەک دەردەچوو بەناوی (یەکسانی)، کۆمەڵێک ئافرەت لەکوردستان دەریان دەکرد، سەیر دەکەم کتومت لاسایی ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی دەکەنەوە بەناوی (گڵایشخاین)، بە ھەمان شێوە ئافرەتانی ئەڵمانیاش بۆ یەکسانی دەریان دەکرد بەڵام ئەوان دوای ٢٧ ساڵ شکستیان ھێنا، بەڵام کێشەکە ئەوە بوو کە لاساییکردنەوەی ئافرەتەکانی ئێمە ھی ١٣٠ ساڵ بەر لەو کاتە بوو، واتە ئەو ڕۆژنامە ئەڵمانییە ١٣٠ ساڵ بەر لەو کاتەدا دەرچووبوو، بۆیە من ھەمیشە لە خوێندنەوە خۆم تەسلیمی ھیچ نووسەرو کتێبێک ناکەم مەگەر لەسەر حەق بێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەناو شۆڕشدا کۆمەڵێک خەڵکی ڕۆشنبیری چاک درووست بووبوون کە (نا مارکسی) بوون، ئەوانەی کاتی خۆی درووشمی دۆستایەتی پرۆلیتاریای ھەڵگرتبوو و بە دیدی خۆی کار بۆ نەھێشتنی ستەمی سەری دەکا، ئێستا خۆی پرۆلیتار دەچەوسێنێتەوەو خۆشی لەسەر حسابی ئەوان دەوڵەمەند کردووە، تەنانەت ڕقیشی لە ھیچ سەرمایەدارێکی جیھان نییە، بە حسابی کاتی خۆشی دژی سەرمایەداریی بوون.

 

 گەندەڵ ناتوانێ ٢٧ ساڵ حوکم بکا ئەگەر کۆمەڵگە ساغ و پتەو بێت

گوڵنار: باست لە شکاندنی شکۆی مرۆڤی کورد کرد، ئایا جیاوازی ئەو دوو شکۆ شکاندنەی دوای ڕیفراندۆم و ئاشبەتاڵی ٩٧٥ لە چیدایە.؟! 
مەسعوود عەبدولخالق: ئەوەی من دەیبینم بە جۆرێکی دیکەیە، ئەوەی ساڵی ٩٧٥ ناچاری بوو، موئامەرەی دەولی بوو، سەرکردایەتی شۆڕشی کورد ھیچ چارەسەرێکی لەبەردەمدا نەمابوو، ئەوەی ئەو کاتە لە ھی ڕیفراندۆم باشتر بوو، دوای ئەوە لە پێناوی دزی و گەندەڵی نەبوو، وەزعی دووەلی ئەوکاتیش زۆر جیاوازتر بوو، ئەو کاتە سەردەمی جەنگی سارد بوو، کورد تێیدا بووبووە بەشێکی بچووک، نە شەرق نە غەرب پشتیوانی نەدەکرد، بزووتنەوەی کوردی لە باروودۆخێکی زۆر خراپدا بوو، بۆیە کە شکست دەھێنێت لەو کاتەدا ھیچ چارەسەرێکی نییە، وە کۆتاییەکەشی بەوە نەھات کە بڵێی سەرکردایەتی کورد لە کۆتاییدا کۆمەڵێک پارەی زۆری دەستکەوت و ھەڵھات و ڕۆی، یەکێک لە نیشانەکانی ئەوەی کە خەڵک ھەر لەگەڵ شۆڕش مابوو ئەوە بوو کە شکستیشی ھێنا ھەموو خەڵک لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕش ڕۆی، بۆیە ئێمە دەکرێ ھەندێ پاساو ھەن بۆی بھێنینەوە، بەڵام ئێستا لەدوای ڕیفراندۆم کورد زۆر ناشیرین بوو، لە پەیوەندی نێودەوڵەتیدا شتێک ھەیە پێی دەگوترێت چۆن شکۆی میللەتێک دەشکێت.؟ ئەتۆ بچیت عینادی لەگەڵ دۆستان بکەیت، وە تەنازولیش لە بۆ ناحەزان بکەیت.! لەدوای ڕیفراندۆم کتومت ئەوە ڕوویدا،

برادەرەکانم زۆریان پێناخۆش بوو کە من دەمگوت بزووتنەوەی کوردی و ڕیفراندۆم شکست دەھێنن، چونکە ھەموومان دەمانزانی ئەو پرۆسەیە شکست دەھێنێت، بەڵام بەگوێی کەسیان نەکرد،

ڕێککەوتنێکی زۆر ھەبوو لەگەڵ ھەموو دۆستانیان لە تەواوی دونیادا گوتیان نایکەین، زۆربەی برادەرەکانم زۆریان پێناخۆش بوو کە من دەمگوت بزووتنەوەی کوردی و ڕیفراندۆم شکست دەھێنن، چونکە ھەموومان دەمانزانی ئەو پرۆسەیە شکست دەھێنێت، بەڵام بەگوێی کەسیان نەکرد، بەڵام لە ھەمووی گرنگتر شتێکە، ئەوەی کە ڕیفراندۆمی سووتاند نە ١٦ی ئۆکتۆبەرە، نە موئامەرەی فڵان دەوڵەتە، ئەو دەسەڵاتە کوردییە بە خۆی بوو، ئەویش کەی.؟! کاتێک کە دادگای فیدرالی چوار ماددە دەردەکاو ئەمانیش دەچن ئیمزای لەسەر دەکەن، زۆر تەنازولێکی گەورە بوو، ئەوە ڕیفراندۆمی سووتاند، نەک ڕیفراندۆمی ھەڵوەشاندەوە، چونکە ھەڵوەشاندنەوە بڕێک باشترە، سووتاندی.! بۆیە ھیچ ئەمەلێک نەما. لە داھاتووش ئەگەر نەوەی ئێمە بچێ ڕیفراندۆم بکا، بەپێی ئەو تەنازولەی کە سەرکردایەتی کورد بۆ دادگای فیدراڵی کردی ئەو ھەلەی داھاتووشی سووتاندووە.
گوڵنار: گوتت ئیسلامییەکانی کوردستانیش زۆر کاریگەرن بە عەقڵی عەرەبی و ئەوەندەی پێیانخۆشە عێراقی بن ئەوەندە پێیانخۆش نییە کوردستانی بن، بۆچی ئەو ئایینەی کە زانایانی کورد گەشەیان پێداوە، بۆچی زاڵ نەبووە بەسەر کۆمەڵگەی کوردیداو کورد نەیتوانیوە ئەوە بکاتە ئایینی فەرمی خۆی.؟ 
مەسعوود عەبدولخالق: ئەگەر فۆکس بخەینە سەر ئیسلامییەکانی کورد ئەوا بەشی ھەرە زۆری کاریگەرە یا دەیەوێ ئاڕاستەی عەرەبی ھەبێت، یا خۆی بە بچووکتر دەزانێ لە عەرەب، وا دەزانێ دەبێت ئایین لە ڕێی عەقڵی عەرەبییەوە وەربگیرێت، لە کاتێکدا عەقڵی عەرەبیش لە ئەزمەدایە، وا دەزانێ ئایین لە پێناو عەرەبدا ھاتووە، تەنانەت کتێبی زانایانی عەرەب ھەیە دەڵێت: “ھەموو جیھان قەرزاری مەیە، مێژوو قەرزارمانە، ئێرە زەوی پێغەمبەرانە، ھەمووکەس پێویستی بە عەرەبە”، تەنانەت لە بڕگەیەکی کتێبەکەشیدا دەڵێ: “تەنانەت خوداش پێویستی بە عەرەبە”، تەنانەت زانایانی گەورەی وەک دکتۆر یوسف قەرزاویش چەمک و زاراوەی زۆر ڕەگەزپەرستانە لەپێناو عەرەبدا بەکار دەھێنن (ئوممەی عەرەبی ئیسلامیی)، لە کاتێکدا ئەو چەمکە ھیچ ئەسڵ و بنەمایەکی نییە، عەرەب کەی ئوممەیە.؟! ئوممەت تەنھا ئوممەتی ئایینە، لە کاتێکدا مێژوویەکی پڕ لە خیانەتیان ھەیە، تەنانەت لەناو دەوڵەتی عوسمانیشدا گەورەترین خیانەت عەرەب کردی، فەلەستین عەرەب بۆ خۆی دۆڕاندی، ئەوە قسەی من نییە، دەیەھا بەڵگەو ڕێککەوتنی ژێر بەژێر ھەیە، ئەو کاتەی کە ئەوان خیانەتیان لە عوسمانی کردو فەلەستینیان دۆڕاند، کورد دەچێ لە شوعەیبە دژی ئینگلیز دەجەنگا لەبەر عوسمانلییەکان، کەچی دەشڵێن بزووتنەوەی کورد خائینە، کەچی لەو ھەموو مەلەفدارەی کە ھەبوو یەک مەلەفداری کوردی تێدا نەبوو، کوردێکی تێدا نەبوو مەلەفی ھەبووبێت لەگەڵ بەریتانیاو زێڕو پارەی پێ وەرگرتبێت، لە کاتێکدا لیستێک بڵاوکرایەوە کە (٥٢) شێخ و کەسایەتی عەرەبی ناوی تێیدا ھەبوو کە پارەو زێڕیان لە ئینگلیز وەرگرتووە، مەبەستم ئەوە بوو کە ئیسلامیی ئەمڕۆی کوردی کاریگەرە بە ئەقڵی عەرەبی، ئاساییە لێی وەربگری بەڵام تەسلیمی مەبە، ئێستا بڕۆ ناو ئەدەبییاتی ئیسلامییەکانی کوردستان ئەوەندەی ناوی فڵانی ئیبنی فڵانی عەرەبی ھەیە، ناوی شێخ سەعیدی نوورسی و شێخی پیران و مەلای گەورەو سوبحانی و مودەڕیس ناھێنرێت، زۆر بە دەگمەن نەبێت. بڕۆ کتێبخانەکانیان بگەڕێ، زۆربەی نووسراوەکانیان ھی عەرەبەکانە، زۆر بە دەگمەن کتێبێکی (سەیفەدین ئامێدی) تێدایە، لە کاتێکدا (سەیفەدین ئامێدی) لە ئاستی (ئەرەستۆ)دایە، چونکە کوردە ھەر ناوی ناھێنن، پێدەچێت ھەر ناویشی نەبیستبێت، لە کاتێکدا پێنج کتێبی زۆر بەھێزیشی ھەیە، یا ئەو بۆچوونانەی مەلای گەورە، بە درێژایی تەمەنم ئەوەندەی کتێبم خوێندۆتەوە، لەنووسەرە عەرەب و موسڵمان و تەنانەت ئەورووپییەکانیش کەس وەک (مەولەوی تاوگۆزی) نەیتوانیوە بە دەقیق و جوانترین شێوە وەسفی خودا بکا، ھەر چۆنێک بە خەیاڵتدا دێت، بە چ شێوەیەک وەسفی دەکەیت، بە چ ئاڕاستەیەک تۆ دەیبینیت، خودا ئەوەیە کە وا نییە، کەچی ھیچ شتێکم نەدیتووە وەک ئەوەی کە مەولەوی باسی دەکا.

 ئێستا بڕۆ ناو ئەدەبییاتی ئیسلامییەکانی کوردستان ئەوەندەی ناوی فڵانی ئیبنی فڵانی عەرەبی ھەیە، ناوی شێخ سەعیدی نوورسی و شێخی پیران و مەلای گەورەو سوبحانی و مودەڕیس ناھێنرێت

گوڵنار: سەرەتای تێکەڵبوونت بە کاری سیاسیی و نەتەوەیی کەی و چۆن بوو.؟
مەسعوود عەبدولخالق: بێگومان ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی بە دەستی خۆت نییە، چونکە ساڵی ١٩٦٣ کە من تەمەنم ٥ ساڵان بوو عەرەب ھاتن ناوچەی ئێمەیان ھەموو تاڵانکردو سووتاندیان و ناویان لێنا (ساری نەھیبە)، ماڵ و سامانی ئێمەیان ھەموو برد، بەبێ ئەوەی ھیچ شتێکیش ھەبێت، منیش وەک منداڵێک لە دایک و باوکم دەپرسیم ئەوە لەبەرچی وامان لێدەکەن.؟! دەڵێن: لەبەر ئەوەی کە کوردین، منیش وەک منداڵێک ڕاستەوخۆ کاردانەوەم دەبێت. بەڵام وەک خۆم ھیچکاتێک نەچوومەتە ناو حیزب، چوومەتە ناو شۆڕش، بەڵام حیزب نا، زۆرجار مامۆستاو برادەرانم پێم دەڵێن تۆ سیاسەتمەدارو سیاسیت و لەبارەی سیاسەتەوە دەدوێیت، بەڵام خۆ ناکرێ ھەمیشە بۆ ئەوانی ڕوون بکەمەوە، سیاسیی ئەوانەن لەناو حیزبێکدا بن، بەڵام ھی من سیاسیی نییە، چونکە من لە ژیانمدا بەڵێنێکم بەخودا داوە، کە ھیچکات لە پەنا ستەمدا نەبم، ئەوەی کە دژی نەتەوەیی لەسەر کورد کراوە من ھەمیشە دژی بووم، کە دەسەڵاتی کوردی ستەم لە خەڵکی خۆمان دەکا من دژی وەستاوم، کەچی خەڵکێکی وا ھەیە نەشارەزا دەڵێن تۆ ھەر دەمێکی لەسەر لایەنێکی و لە ئاوازێک دەخوێنیت، ئێ ڕاستیش دەکا، ھەر کاتەی لایەنێک ستەم دەکا، تۆ دەبێ لای ستەملێکراو بیت، زۆرجار پێم دەڵێن تۆ سەردەمێک یەکێتی بوویت، بەڵام ئەوە شۆڕش بوو، حیزبی بەعسیش ستەمی لە کورد دەکرد من چوومەتە ناو ئەو شۆڕشەو پێویستیش بوو کە بیکەین، دوای ئەوە حیزبەکانی خۆمان ستەمیان لە یەکترو خەڵک کردووە، منیش ھەمیشە گوتوومە دژی ستەمکارم و کێ ستەملێکراو بێت من دەچمە سەنگەری ئەوەوە، بۆیە ھەر جارەی تۆ دەبێ ڕوو لە یەکێکیان بکەیت، چونکە تا سەر نە ستەملێکراو دەمێنێ نە ستەمکاریش لەسەر ڕێڕەوی خۆیان.! خەڵکێکی زۆر پێمدەڵێن وەڵا سەرمان لێت دەرناچێت، ڕاست دەکا لێم تێناگا، چونکە لە ئەسڵ و جەوھەری ئایین تێنەگەشتووە. منیش بۆ ئەو مەبەستە ساڵی ١٩٨٠ چوومە ناو شۆڕشی کوردەوە کە ئەو کاتە یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشڕەوایەتی دەکرد، من ئەو کاتە ڕاگەیاندنکار نەبووم و وەک پێشمەرگە چوومە ناوییەوەو چەکمان ھەڵگرت و دژی بەعس وەستاینەوە، من و مامۆستا جەلال جەوھەر (ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەوساو ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی ئێستای گۆڕان) پێکەوە چووین، بە بیرم دێت لە ھەولێر سواری ئۆتۆمبێلێک بووین و چووینە قەڵادزێ، ئەو کاتەش دەستی ڕێکخستن لەوێ بەھێز بوو، لەوێ لەڕێی قاچاخچییەوە چووینە قەڵاتووکان، شەوێک میوانی پیاوێک بووین ناوی (حەسەنی برایم شوان) بوو، ئێستاش ماوە، بۆ ڕۆژی دووەم بەرەو ناوزەنگ بەڕێکەوتین و گەیشتینە ئەوێ.

حیزبێک ھەبوو ناوی (حزب التحریر العالم) بوو، ژمارەیان ٣ کەس بوو، زۆرجار دەھاتنە لای ئێمە موناقەشەیان دەکردو دەیانگوت ئەگەر حیزبەکەمان درووستکرد دەبێ (واشنتۆن)یش ڕزگار بکەین

گوڵنار: لە ٩٨٠ەوە تا کەی لە شۆڕشدا مایتەوە.؟
مەسعوود عەبدولخالق: تا ساڵی ١٩٨٧، ئیدی وازم ھێنا، چونکە ئەو بۆچوون و پێشبینییەی کە ئێمە بۆ شۆڕش ھەمانبوو، وە ئەوەی لە زانکۆو لە کایە کۆمەڵایەتییەکە لەبارەی شۆڕشەوە بۆمان باسدەکرا، کە بینیمان زۆر جیاوازو پێچەوانە بوو لەوێ، تیۆرو نەزەرییەکە زۆر جوان بوو بەڵام کردارو واقیعەکە زۆر ناشیرین بوو، تەنانەت ئەو حەوت ساڵە لەبەر عەیبەو قسەی خەڵکی ڕامانکێشا، ئەگینا ئەوە ھی ئەوە نەبوو بە شۆڕش ناوی بێنیت.
گوڵنار: ئەی چی بوو.؟
مەسعوود عەبدولخالق:: زوڵم و زۆرو یەکترکوشتن، ھی واھەبوو چەکدارییەکەی لەوێ ھەر میھنەو پیشە بوو، دوای ئەوە ھێندە بە ڕق و قینەوە یەکتریان دەکوشت کە زۆر ناخۆش و تەحەمول نەکراو بوو، دوای ئەوە ستەمکردن لە ھاوڵاتی سڤیل، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی زۆر جوامێرو قارەمانیشی تێدا بوو، وا دیار بوو شۆڕشەکەش وەک مەبادیئ نەبوو و باوەڕیان بە مەبدەئی شۆڕش نەبوو، ئێمە واماندەزانی لە کۆتاییدا شۆڕشەکە لە خزمەتی کوردە، بەڵام وانەبوو، ئەوەی کە ئێستا خەڵک لەبارەی ئەو شۆڕشەوە تێیگەیشتووە ئەوکاتیش ھەر ئەو سەرنج و تێگەیشتنە ھەبوو.
گوڵنار: پەشیمانی لەو حەوت ساڵەی تەمەنت لەناو شۆڕشدا.؟
مەسعوود عەبدولخالق: نا، پەشیمان نیم، بەڵام ئەگەر عەیبە نەبووایە لە سێ مانگی یەکەم زیاتر نەمدەکردو وازم دەھێنا یا شتێکی ترمان دەکرد، ئینجا ئێمە چاوەڕێی شتی ترمان دەکرد، باسی ئیسلامییەت ھاتە گۆڕێ، کە ئێران شۆڕشی کرد بزووتنەوەکانی ئیسلامیی لە جیھاندا زۆر سەری ھەڵدا، کوردستانیش وەک بەشێک لە جیھان، ئینجا زۆر ناخۆشە بە خەڵکی بڵێیت حیزبی بەعس زۆر خراپەو شۆڕشی ئێمە زۆر مەردانەو چاکە کەچی وا دەرنەچێت.
گوڵنار: بۆچی یەکێتی بەدەر لە نەیارە سەرسەختەکەی کە بەعس بوو، بە گژ کوردەکانی (پارتی و جودو جوقدو بزووتنەوەی ئیسلامیی و دیموکرات و پەکەکەو پاسۆک و سۆشیالیست)یشدا چوویەوە.؟
مەسعوود عەبدولخالق: ئەوکاتە شەڕی براکوژی نەبوو، گوێم لە ئەندام مەکتەب سیاسییە مارکسییەکان دەبوو بەگوێرەی لێکدانەوەی چینایەتی باسی ئەوەیان دەکرد کە فڵانە حیزبی نەیارمان تەمسیلی (بۆ نموونە) چینی بۆرژواز دەکا، ئەوی دیکەشیان تەمسیلی چینی وردە بۆرژوازی دەکا، ئەوان پێیانوابوو ئەوە ململانێیەکی چینایەتییەو نابێ چینایەتی بمێنێ، لەبەر ئەوە وەک سیغەیەکی قانوونی و شۆڕشی ڕەواییان پێدابوو، کەس بۆی نەبوو بڵێ ئەوە شەڕی براکوژییە، بۆیە دەبینی لەگەڵ ھەموو لایەنەکان ئەو شەڕە کرا، بەڵام نەک ھەر یەکێتی، ھەر حیزبێک بە ئێستاشەوە کە دەسەڵات دەگرێتە دەست ئەو ئایەتە قورئانییە جێبەجێ دەکا (کلا ان الانسان لیطغی)، بۆیە ھەرکەس ھێزی لە خۆی بینی خێرا ستەم لەوانی دیکە دەکا، بۆیە دەبینی سەرکردایەتی ئێستاش کە ھەن پەروەردەکراوی سەدەی بیستەمن کە پەروەردەیەکی شۆڕشی زۆر توند ھەبوو لەو کاتەدا، بۆیە ھەتا ئەو سەرکردانە لە کوردستان ھەبن و سەرکردە بن باروودۆخی توندوتیژیش ھەر دەمێنێ و لاناچێت.

سیاسەتمەداری کورد ئەو سێ سیفەتە ناشیرینەی تێدان کە قسە دەکا درۆ دەکا، کە بەڵێن دەدا نایباتە سەر، کە ئەمانەتی دەکەوێتە دەست خیانەتی لێدەکا، بەڵام نەوشیروان موستەفا لەو سێ بوارە پاک بوو

گوڵنار: لەبارەی ئاڵای شۆڕشەوە چی دەڵێیت و چەندە ئاگاداری ئەوە بوویت.؟
مەسعوود عەبدولخالق: یەکێتی ئەو تایبەتمەندییە ئیجابییەی ھەبوو کە ڕای جیاوازی قبووڵ بوو لەناو خۆیدا، بەڵام کە جودا دەبوویەوە خێرا دەبووە شەڕ.

Image may contain: 7 people, people sitting and outdoor
گوڵنار: بەڵام ئاڵای شۆڕش ھێشتا ئاشکرا نەبووبوو.
مەسعوود عەبدولخالق: با جوودا بووبوونەوە، ڕاشیانگەیاند، بەدەر لەوان حیزبی سۆشیالیست لەناو یەکێتی بۆچوونی جودایان ھەبوو، بەڵام تا لەناو یەکێتی بوون ھیچ گرفتێکیان نەبوو، کە جوودا بوونەوە ئیدی بووە شەڕیان، ئاڵای شۆڕشیش وا بوو، ئاڵای شۆڕش بۆچوونێکی وایان ھەبوو دەیانگوت چینی کرێکارانی عێراق ھەموویان یەک چینن، کێشەی کرێکار چ لە سلێمانی چ لە بەسرە بێ ھەر یەک کێشەیە، لەبەر ئەوەش بوو ناویان لێنرا عێراقچی، پێیان ناخۆش بوو باسی کوردستانچێتی بکەی، ئەوانە لەسەر ئەو بنەمایە جیابوونەوە، یەکێک لەوانە ھاتە لای من و گوتی: دەمانەوێ (حەربی تەحریر) دەست پێبکەین، دەیانگوت چین وایکردو ڤێتنام وایکرد، بەڵام لە کوردستان ئەوە نەدەکرا، ئەو کەسە دەیگوت: شار بە شار ئازاد دەکەین، دوا ئەوە پایتەخت بە پایتەخت ھەمووی دەگرین، حیزبێک ھەبوو ناوی (حزب التحریر العالم) بوو، ژمارەیان ٣ کەس بوو، زۆرجار دەھاتنە لای ئێمە موناقەشەیان دەکردو دەیانگوت ئەگەر حیزبەکەمان درووستکرد دەبێ (واشنتۆن)یش ڕزگار بکەین، دوای ئەوە یەکێکیان شەھید بوو دوانیان مانەوە، بارەگایان لە کونە شاخێک بوو لە نازەنگ زۆر بە ناھەمواری جێی خۆی کردبوویەوە لەو شاخە، باوەڕیشی وابوو کە ھەموو جیھانی پێ ڕزگار دەکرێت، بۆیە لە سەردەمێکی زۆر خەیاڵاوی دەژیاین، باوەڕ بکەن ئەو پیاوە گەورە گەورانەم دەدی بەو خەیاڵەوە بیریان دەکردەوە دڵم پێیان دەسووتا.
گوڵنار: بینینی خودی نەوشیروان موستەفا لە ناوزەنگ چۆن و کەی بوو.؟
مەسعوود عەبدولخالق: ڕۆژی یەکەم کە بینیم چاوەڕێم نەدەکرد ئەو پیاوە نەوشیروان موستەفا بێت، قوڕکاریی دەکردو خانووی درووست دەکرد، ناویشی زۆر ڕۆشتبوو، بەڵام ناوی بە ڕەنگی نەدەچوو، لە ژیانما دوو کەس بەخوێندنەوەو سەرنجدان لە ناوەکانیان بە ھەڵە چووبووم بۆ جەستەو کەسایەتیان، ئەوانیش کاک نەوشیروان و مامۆستا عەلی باپیر بوون، بۆ کاک نەوشیروان پێموابوو پیاوێکی قەڵەوی گەورەی کەشخەی چاوشینە، پاک و خاوێنە، منیش کە چووم پیاوێکیان پێنیشاندام خەریکی قوڕکاریی بوو و خانووی درووست دەکرد لەگەڵ پێشمەرگەکان، گوتیان ئەوە کاک نەوشیروانە. کاک نەوشیروان بە گشتییەکەی وابوو پیاوێکی تەبیعەت خۆش و زۆر کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵام زۆر پاک بوو، ئەو پەروەردەیەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران کە بەو پاکییەی ھات پێدەچێت کاریگەری کاک نەوشیروان بووبێت، نەمزانیوەو گومانم نییە لە ژیانیدا درۆیەکی کردبێت، پێچەوانەو خیلافی بەڵێنێکی خۆی جووڵابێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتمەداری کورد ئەو سێ سیفەتە ناشیرینەی تێدان کە قسە دەکا درۆ دەکا، کە بەڵێن دەدا نایباتە سەر، کە ئەمانەتی دەکەوێتە دەست خیانەتی لێدەکا، بەڵام نەوشیروان موستەفا لەو سێ بوارە پاک بوو و یەک دانەیانی تێدا نەبوو، تەنانەت لەو بوارانەشدا لەگەڵ مام جەلال زۆر جیاواز بوو، مام جەلال تا بڵێی لە بواری ستراتیژی و نێودەوڵەتی پێشکەوتووبوو، پێم وانییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پیاوێکی ھاوشێوەی ئەو ھەبێت لە دیبلۆماسییەت و تەقدیری حەدەس و لایەنی کۆمەڵایەتی و زمانزانین، بەڵام لەگەڵ کاک نەوشیروان لێکجودا بوون، مام جەلال سیاسەتی دەکرد، بە واتای (بۆ گەیشتن بە ئامانج ھەموو شێوازێکی کار ڕەوایە) دەجووڵایەوە، بەڵام نەوشیروان موستەفا زۆر جودا بوو، ئەگەر بیگوتبا دوژمنتم ئیدی دەیگوت، قسەکەی لە ناخیدا چۆن بوو بە کردەوەو ڕوواڵەتیش ھەروا بوو، تەنانەت لە نووسینەکانیشیدا ھەروابوو، قەناعەتم نییە لە ژیانیدا پێنج دیناری حەرامی کەسێکی خواردبێت، پێموایە لەو کوردستانە ھیچ کەسێک لەو پاکتر دەرنەچێت لە ڕۆژی قیامەت لە بواری حەرام نەخواردن.
گوڵنار: دوای ڕاپەڕین زۆربەی زۆری ھاوسەنگەرو ھاوڕێکانی نەوشیروان موستەفا دەبنە بزنسمان و سەرمایەدارو ستەمکار، بۆچی نەوشیروان موستەفا ھەروەک خۆی مایەوە.؟
مەسعوود عەبدولخالق: بێگومان کە دەچیتە ناو شۆڕش ھەندێ دیاردەی سادە ھەست پێدەکەیت، بۆ نموونە ئێمە چووینە ناو شۆڕش دەمانبینی ھەر سەرکردەیەکی پرۆلیتاریا دەمانچەیەکی بەستووەو پاسەوانێک لەدووی دەڕوا، ھەفتەی ڕۆژێک برنج و شلە ھەبوو بۆ کۆی گشتی خەڵک، کەچی ئەندام مەکتەب سیاسییەکانی پرۆلیتار ھەموو ڕۆژێک برنج و شلەیان دەخوارد، شتی تایبەتیان بۆ دەھات لە دەرەوە، دوای ئەوە شەڕی بێتواتە ھاتە پێشەوە کە دەسکەوتی تێدا بوو، ھەستمانکرد خاوەندارێتی تایبەت درووست دەبێت بۆ ئەو سەرکردانە، پێش ڕێککەوتنی ٩٨٣ خەڵکێک تەسلیم بووەوە بە ڕژێم و ژمارەی چەکیش زیادی کرد، ھەستمان کرد زۆربەی زۆری سەرکردەکان دەستیان بە چەک فرۆشتن کرد، بەبیانووی ئەوەی چۆن بارەگا بەڕێوە بەرین و مووچە نییە. تەنانەت لەدوای ڕێککەوتنی ٩٨٣ پارەیەکی زۆر ھات و وەک مووچەی ئێستا دابەشکرا بەسەر چەند کەسێکی ھەلپەرست و لە پێشینە، بۆیە جڵەوی شۆڕش بەربوو و شۆڕش بەرەو تێکچوون ھەنگاوی نا، ڕاستە نەوشیروان موستەفا ھەوڵێکی زۆریدا، بەڵام شەپۆلی تێکچوونەکە زۆرتربوو، تەنانەت تا ئەوکاتەش کە ئایدیۆلۆژیا ھەبوو باشتر بوو، لەگەڵ لاوازبوونی ئایدیۆلۆژیا بزووتنەوەی کوردی یەکجاریی بەرەو فەسادو گەندەڵی چوو، لەبەر ئەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش پێشەنگ و پێشڕەوی ئەوان بوو، ئەوانی تر لاسایی یەکێتیان دەکردەوە، ھەم لە ئیشی باش ھەم لە ئیشی خراپ یەکێتی پێشڕەو بوو، من پێموایە گەندەڵییەکەش لەلای ئەوانەوە دەستی پێکردو دواتر حیزبەکانی تریش لاسایی ئەویان کردەوەو فێر بوون.
*****************
بۆ ئاگاداربوون لە چالاکییەکانی گرووپی گوڵنار لە تیلیگرام
https://t.me/Gullnar
ئەم دەمەتەقێیە بەسپـۆنسەری نوسینگەی “کۆزاری دونیـــــا ” بۆ ئالوگۆڕی دراو بڵاودەکرێـتەوە
سلێمانی-بازاڕی شەوکەتی مەلا

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.