سەرنجێک لەبارەی لابردنی پاشەکەوتی موچەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 247 جار بینراوە

كمال محمد

دوای نزیکەی سێ ساڵ بەسەر پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بە ناوی قەیرانی دارایی و شەری داعشەوە سەرەنجام سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر کۆتایی بەو سیستەمە ھێنا ،ھەڵبەتە لێرەدا ئابوری سەربەخۆش لەلایەن دەسەڵاتدارنی ھەرێمەوە ھۆکارێکی گرنگی قەیرانەکان بوو ،ئەوەی گرنگە تێگەیشتنی راستیە پەردەپۆشکراوەکانە لە ئابوری سەربەخۆدا ،ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ھەرێم جگە لە داھاتی ناوخۆ و نەوتی خۆی و کێڵگەنەوتییەکانی کەرکوک ھێشتا توانای دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی نەبێت !کاتێک بە گوێرەی کۆی ئەو داھاتانە پێوانەیی بکرێت ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت بری پارەی پێویست بۆ موچە دابین بکرێت ،

دەتوانین تێبینی ئەوە بکەین کە دوای ئەوەی ھەلومەرجەکان لەنێوان بەغداد و ھەرێم و روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر نەھاتنایەتە ئاراوە ئەوا رەنگە سیستەمی پاشەکەوت نەکرایە بە ھەمیشەیی ئەوا ماوەیەکی درێژتری بەسەردا ئەھات !ھەروەھا پێویستە ئەوە بەیاد بێنیەوە کە کابینەی داھاتو رادەستی مەسرور بارزانی ئەکرێت و ھەلی بەردەوامی بۆ نێچیر نەماوەتەوە ،بۆیە سەرۆک وەزیرانی ئێستا ھەروەک چۆن ئەندازیاری داھێنانی پاشەکەوت و ئابوری سەربەخۆ بو ئەیەوێت بەو شێوەیەش خودی خۆی بە ئەندازیاری کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان بناسێنێت ،بێگومان ئەوەی ئەکرێت دور نییە ھۆکارەکەی ململانێی نێوانیان نەبێت ،

ئەوەی لێرە مەبەستمە بیڵێم خاوەندارێتی کردنی ئەم پرسەیە لەلایەن حیزبەکانەوە وەک جۆرێک لە دەستکەوت بۆ خۆیان تا بە ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمەی بفرۆشنەوە و چاوەروانی سوپاسی ھاوڵاتیان بن !لێرەدا بە بڕوای من تەنھا خاڵێک کە لە چاوەروانی ئۆپۆزسیۆنی بەشداربوی کابینەی داھاتودا بوو لابردنی پاشەکەوت بوو بەڵام بەبێ ئەوەی ھیچ پەیوەندی بە رێکەوتنیشەوە ھەبێ سەرەنجام ئەو دەستکەوتەش نەما بۆ ئۆپۆزسیۆنی رابردوو !
بۆیە خاڵ و پرسی گرنگتر ھەیە لە رێکەوتنەکاندا وەک ئەوەی کە بانگەشەی بۆ ئەکرێ بۆ ئەوەی سیستەمی حکومڕانی و سیاسی پێ بگۆڕدرێت و بکرێت بە دەستکەوت ،ئەویش ئەگەر بکرێ !؟
بۆ نمونە سەروەری یاساو پاراستنی مافی رەوای ھاوڵاتیان و رێگریکردن لە رەشبگیری و زیندانییەکانی حیزبی ھەروەکو ئەوەی کە ئێستا لە بادینان ئەگوزەرێ و ھەمو لایەک بێ دەنگن لێیی ،جارێ باسی مەلەفی نەوت و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ناکەین کە ھەمیشە دەستبردن بۆی ئاسان نەبوە بەڵام لەلایەن ھێزێکی وەکو بزوتنەوەی گۆڕانەوە کراوە بە مەرجی بەشداریکردنیان لە کابینەی داھاتوو !

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.