وێناکردنی ناسنامەو مانای ھەڵەبجە لە ١٦/٣ دا …

لەلایەن ستاندار Posted on 277 جار بینراوە

كمال محمد

بێگومان کاریگەرییەکانی ئەو کارەساتە شوێنی خۆی لە قوڵایی مێژوی گەلی کورد و دانیشتوانی ھەڵەبجەدا گرتوە ،بۆ تێگەیشتن لەو راستییە پێویستە لە قوڵاییەوە دەرک بە ئێش و ئازارەکانی ئەو شارە بکرێت،لێرەدا مەبەستم زیادکردنی کارەساتەکە نییە لە قەبارەی خۆی بەڵکو ھەڵدانەوەی مێژوی نەتەوەکەمانە کە چەندین جار روبەروی ھێرش و پەلاماری شۆڤێنیست بوەتەوە،

لە رواڵەتدا ھەڵەبجە دیمەنێکی ھەمەرەنگ پیشان ئەدات ،بەڵام ئەمە دیمەنێکی میدیاییەو بە تەواوی ئامانجەکەی پروپاگەندەیەو ئەو شارەی کە بانگەشەی بۆ ئەکرێت لەروی کردارییەوە سەلمێندراوە کە تەنھا لە پێناو پەرەسەندنی ململانێی سیاسییە ناوخۆییەکان ئەم ناوەی لەخۆی بارکردوە !کۆڵەکەی سەرەکی کۆی رەخنەکان لە کاتێکدایە کە ھەلومەرجەکان بۆ رواندنەوەی کێشەو قەیرانەکانی ئەو شارە بە لایەنی ئەرێنیدا تێپەری نەکردوە و نەتوانراوە ناسنامەی ھەڵەبجە وک خۆیان بناسێنن ،

ئێستاو دوای ٣١ ساڵ بەسەر ئەو کردارە تراژیدیایەی کەبەسەر ھەڵەبجەدا ھاتوە شارەکە بوە گۆڕەپانێک کە راستییەکانی تێدابدۆزرێتەوە،راستییەک کە بۆ دانیشتوان و قوربانییەکانی بوە بە بەشێک لە خەم ئازار ،بۆ دەسەڵاتیش بەرزترین رێژەی قازانج بوەلەم گۆڕەپانەدا کەبەدەست ھاتوە،رەنگە ئەم بەدەستھێنانی قازانجە ھۆکار بێت بۆ خەونی چەندین ھەڵەبجەی دیکە لە مێژودا کە بونی ھەبوایە !

بە شێوەیەکی بەرجەستەتر ئەم شارە خوازیارە بونی خۆی بپارێزێ ،کاتێک ھێشتا لە ئاستی بونێکی سادەدایە لەوچاو ئەو ناسنامەیەی کە ھەیەتی ،چون بە درێژایی ٢٨ سالی دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە ئەرکی گرەنتیکردنی ھەڵوێستی یەکسانیخواز بەرامبەر تەواوی ھاوڵاتیان و قوربانیانی دەستی ئەو کارەساتە بکات ،بۆیە کاتێک لە رۆژگاری ئەمڕۆوە سەیری رابردویان بکەن ،ھەست ئەکەن کە ئەم قۆناغە درێژەخایەنەش قۆناغێکی ھێندە بەسود نەبوە ،بۆئەوەی دابڕان و دوبارە وابەستەنەبونیان لەو تراژیدیایە ھۆکار بێت بەرەو راستی مانای کردنەوەی لاپەرەیەکی سپی بۆ ژیانێکی سەردەمیانە .

پێویستە ھەموان لەوە دڵنیا بن کە دەسەڵات لەرێگەی ناسنامەکەیەوە ھەوڵی پێشخستنی ئەم شارەی نەداوە بەگوێرەی قورسایی کارەساتەکە ،بەڵکو ناسنامەکەی بەکارھێناوە لەخزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی ،لێرەدا ئەگەرئەم روداوە ھاوشێوەی ھێرۆشیما بەراورد بکرێت ،ئەوا کۆتایی بە ژیانێکی مانادار و ناسنامەکەی دێت یاخود لەدەست دانی ماناکەی دێت لەروی ژیانێکی سەردەمیانەوە بۆ ھەڵەبجەوە بە پێچەوانەی ھێرۆشیماوە،بۆیە ئەگەر تەنھا لەمیانەی ناوھێنان و یادکردنەوە و بەکارھێنانییەوە تەماشای ئەم شارە بکرێت ئەوا ناتوانرێت ماناو بونیادێکی نوێی ژیانی بھێنێتە دی کە لە خواستی خەڵکی ھەڵەبجەو چارەسەری تەندروستی قوربانییەکانیدا بێت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.