ھەڵەبجە لە کولانەوەی برینەکان بۆ پڕۆژەیەکی نیشتمانی

لەلایەن ستاندار Posted on 224 جار بینراوە

پرۆفسۆری یاریدەدەر د.رعد رفعەـ سکرتێری دەزگای ستاندەر

شازدەی سێی ھەموو ساڵێک دەست دەکرێتەوە بەکولاندنەوەی برینە قوڵەکانی ھەڵەبجەییەکان بە قسەکردن و نوسین و بەرنامە ئامادەکردن لەسەر کارەساتەکانی ھەڵەبجە. سیاسیەکانمان لەو ساڵیادانەدا ھەر وتارە و دەیدەن، ھەر ڕستەیە و ڕیزی دەکەن ، ھەر دروشم وبەڵێنە بەگوێی خەڵکیدا دەیزرنگێننەوە. ئەوەی پار یان پێرار یان زیاتر لە بیست ساڵ لەمەوبەر گوتراوە، جارێکی تریش دەگوترێتەوە. پاش تەواوبوونی مەڕاسیمەکانیش ھەر یەکە دەگەڕێتەوە ماڵی خۆی وکەس ولایەنێکیش نیە تەنانەت بەدواداچون بۆ قسەکانیش بکات.
پرسیارە جدیەکە ئەوەیە: ئایا کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە تەنھا بە قسەو دروشم وبەڵێن یاد‌بکرێتەوە؟ یان برینەکانی سارێژ بکرێتەوە بە خزمەتگوزاری وپڕۆژەی نیشتمانی؟ من لێرەدا ھەوڵدەدەم جودا لە رابردوو نەخشە رێگای بەرجەستەبوونی پارێزگای ھەڵەبجە لەم خاڵانەی خوارەوە بخەمەروو: ‌
یەکەم: پێکھێنانی ئەنجومەنێکی بەھێزی پشتگیری میللی وجەماوەری بۆ پارێزگای ھەڵەبجە، لە مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی زانکۆ وقوتابخانەکان، چاڵاکوانان، راگەیاندکاران، ریشسپی وپیاوماقوڵان وئافرەتانی کاریگەر لە کۆمەڵگە، بەرپرسە کارگێریەکانی دڵسۆزی ناوچەکە، نوێنەری قەزاو ناحیەکانی سنوری پارێزگا، بسنزمانە خاوەن ھەڵوێستەکان، نوێنەری پارێزگای سلێمانی، پەرلەمانتارە ھەڵەبجەییەکانی عێراق وھەرێمی کوردستان، وھەر کەسایەتیەکی تر کە بتوانێ دڵسۆزانە کاریگەری ئیجابی ھەبێت لەسەر رەوشی پارێزگاکە.
دووەم: ئەو ئەنجومەنەی سەرەوە ھەستێت بە دامەزراندنی “دەزگای ھەڵەبجە” بۆ ماف وپەرەپێدانی پارێزگاکە، وناساندنی ئەم دەزگایە لەلایەن دانیشتوانی سنوری پارێزگاکە وھاونیشتمانیانی ھەرێم ودامەزراوە فەرمیەکانی ھەرێم ودەوڵەتی عێراقی. ئەم دەزگایە ھەستێت بەو ئەرکانەی خوارەوە:
– دامەزراندنی کەناڵ وسایتی ھەڵەبجە وپەخشکردنی بەرنامەکانی بە زمانەکانی کوردی وعەرەبی وئینگلیزی. ئەو میدیایە جگە لە بڵاوکردنەوەی کارو چاڵاکیەکانی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە، ئەرکە سەرەکیەکانی دروستکردنی لۆبیە بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی ھەڵەبجە وھەڵەبجەییەکان.
– دروستکردنی پردی دبلۆماسی لەگەڵ باڵوێزخانە وکونسوڵیەکانی ووڵاتان لە عێراق وھەرێمی کوردستان بەمەبەستی ھاوکاریکردنی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە بۆ گەشەی ھەندێک کەرتی گرنگی وەکو پەروەردە وخوێندنی باڵا وتەندروستی ودروستکردنی ژێرخانی پارێزگا لە ھێلەکانی گواستنەوەی وگەیاندن وئاو وئاوەڕۆک.
سێیەم: دامەزراندنی “سندوقی ھەڵەبجە بۆ پەرەپێدان” وکۆکردنەوەی کۆمەک ویارمەتی مادی بۆ دۆسیەی مافی خەڵکەکەی وپەرەپێدانی ژێرخانی پارێزگای ھەڵەبجە. ئەم سندوقە لەو رێگایانەی خوارەوە دۆڵەمەند بکرێت:
– دەتوانرێ ھەر خێزانێکی ھەڵەبجە -بەھەژارەکانیشەوە- بەلایەنی کەم مانگانە دوو ھەزار تا پێنج ھەزار دینار ببەخشن بەم ستدوقە، ئەمە جگە لە کۆمپانیا وبسنزمانەکانی کە دەتوانن رۆڵی بەرچاویان ھەبێت لە دۆڵەمەندکردنی ئەو سندوقە.
– بەیاسا تەرخانکردنی بەشێک لە بودجەی ھەرێم وعێراق بۆ کۆمەکی ئەم سندوقە، ئەویش بەتەرخانکردنی بەشی ھەڵەبجە لە بودجەی وەبەرھینان وبەکارھینان بەڕەچاوکردنی مێژوی قوربانیدانی ھەڵەبجە.
– ھێنانی کۆمەک پرۆژەی نەتەوە یەکگرتوەکان وریکخراوە نیودەوڵەتی وریکخراوە جیھانی ودەوڵەتان.
– وەرگرتنی بەشێک لە بودجەی “پەرەپێدانی ھەرێمەکان” لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ.
– گەڕانەوەی داھاتی خاڵە سنوریەکانی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە بۆ ئەم سندوقە؛ ئەوەش بە جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی عیراقی فیدڕاڵ بەگەڕانەوەی داھاتی گومرگەکان بۆ پارێزگاکان.
– وەرگرتنی پارەی پترۆدۆلاری بلۆکە نەوتیەکانی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە؛ چونکە ئەوە بڕیارێکی دەوڵەتی عێراقیەو پێویستە ھەموو پارێزگا خاوەن نەوتەکان تێیدا سوودمەندبن.
چوارەم: لەرووی یاساییەوە کار لەسەر ئەم کەیسانەی خوارەوە بکرێت لەلایەم ئەنجومەن ودەزگا ودامەزراوە حکومی وتەشریعیەکان:
– گۆڕینی نەخشەی ھەرێم وغێراق بەزیادکردنی پارێزگای ھەڵەبجە لە نەخشەکەدا.
– تەرخانکردن وزیادکردنی ژمارە ورێژەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پشکی پارێزگای ھەڵەبجە بەفەرمی.
– ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پارێزگای ھەڵەبجە لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی پارێزگاکانی عێراق.
– پێکھێنانی لیژنەیەکی یاسایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای “قەرەبوکردنەوەی موڵک وماڵی زیانلێکەوتوانی رژێمی روخاو” ژمارە (١٦)ی ساڵی ٢٠١٠.
– بەدواداچوون بۆ وەرگرتنی قەرەبوی قوربانیانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە کە فەرمی دادگای تەمیزی عێراقی ناوی بردوە بە جینوساید “إبادە جماعیە” وداوای لە زیانلێکەوتوان کردوە داوای مافی قەرەبونەوە بکەن لە دادگاکانی عێراق.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.