لە ژاپۆنیش ناوی کوردستان قەدەغەیە !!

لەلایەن ستاندار Posted on 316 جار بینراوە

دلشاد حەمە

ئەکادیمیستێکی ژاپۆنی کە ئێستا بۆ کارێکی لێکۆڵینەوە لە کوردستانە ، هەواڵی بڵاوبوونەوەی کتێبێکی نوێی پێگووتم کە لە ژاپۆن چاپکراوە بە زمانی ژاپۆنی. ناونیشانی کتێبەکە ’55 بەند (چاپتەر) بۆ ناسینی کوردان’. ئەم کتێبە لە مانگی یەکی ئەمساڵ دەزگای ئاکاشی شۆتنی ( Akashi Shoten) ژاپۆنی بڵاوی کوردۆتەوە بەشێکە لە زنیجیرەیەک کتێب بۆ ناساناندی نەتەوەو وڵات و میللەتانی دنیا. ئەوەی جێگەی سەرنج و گرنگی بوو بۆ من ئەوە بوو ئەو ئەکادیمیستە کە خۆشی یەکێک لە نووسەرەکانە، درکاندی کە کتێبەکە لە سەرەتادا ناوی ئاوا بوو ’55 بەند بۆ ناسینی کوردستان’، بەڵام هەندێک لە نووسەرەکان کە شارەزای بواری تورکیان یان پەیوەندیان بە هەندێک دەزگای ئەکادیمی و لێکۆڵینەوەی تورکیا هەیە ناڕازیی بوون لە بەکارهێنانی ناوی کوردستان و بەشەکانی خۆیان کێشاوەتەوە لە کتێبەکەدا. لە ترسی ئەوەی بەشدارانی تریش لە پڕۆژەکە بکشێنەوە دەزگاکە بە ناچاریی ناوی ‘کوردستان’ دەگۆڕیت بۆ ‘کوردەکان’ و ناونیشانی کتێبەکە دەبێتە ‘ 55 چاپتەر بۆ ناسینی کوردان’. هەڵبەتە من ژاپۆنی نازانم بەڵام وەرگێری گوگڵ یارمەتی دام ناونیشانی چاپتەرەکان ببینم کە لە مێژووی کۆنی کوردەوە دەستپێدەکات بۆ سەردەمی ئیسلامی و عوسمانی و سەفەوی و لە دوای شەڕی یەکەم و هەتا دەگاتە ریفرانۆمی هەرێمی کوردستان. کتێبەکە چەند لایەنێکی هەرە گرنگی مێژووی سیاسی کوردستان و کورد لە خۆی دەگرێت و ٣٨ ئەکادیمی و نووسەری دیاری ژاپۆنی نووسویانەو بۆ خوێنەری ژاپۆنی نووسراوە بۆ ئاشنا بوون بە کورد و مێژووەکەی.
ئاشکرایە دەوڵەتی تورکی تابۆیەکی وەهای خستۆتە سەر کورد و کوردستان و هەر شتێک پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت کە لە مەیدانی سیاسیەوە پەلی کێشاوە بۆ مەیدانی کەلتوری و ئەکادیمی و هونەریی. هەرروەکو بە ئاکادیمیە ژاپۆنیە میوانەکەم گووت کە ئەویش گرنگی بە بوارێکی تایبەتی کوردناسیی دەدات، رەنگە ئەو بژاردەی ئەو کە کارکردنە لەسەر کوردو کەلتوری کوردی بژاردەیەکی ئاسان نەبێت و پڕ کێشە بێت بەڵام ئەو بە سەرسوڕمانوە گووتی ‘ئینجا گرنگ و شایەنی خۆماندوو کردنە’. ئەم وەڵامە ئاهێکی بۆ من گەڕاندوە. هەر ئەوەشە وایکردووە کارکردن لە بواری کورد و کوردناسیدا بەتایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٠-ەوە پەرە بستێنێت و ببێتە بوارێکی جێگەی سەرنج.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.