ستاندەر
توانا ئه‌حمه‌د، ڕاوێژكاری ڕاگەیاندنى سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی شاری موسڵ و ئه‌و كاردانه‌وه جیاوازانه‌ی له‌وباره‌یه‌وه دروستبوون رایگەیاند “من یه‌کێک بووم له‌وانه‌ی لە سلێمانیه‌وه تا موسڵ له‌و سه‌ردانه‌دا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار بوین، دوای گه‌یشتنی بۆ بنکه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی موسڵ و کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی ئه‌و شاره، سه‌ردانی شوێنی رووداوه‌که‌ی کرد له‌ناو شاری موسڵ که پێی ده‌گوترێت جه‌زیره.
وتیشی:”ره‌نگه به‌لای هه‌مووانه‌وه سه‌یر بێت که تیمی پاسه‌وانی سه‌رۆک کۆمار بۆ موسڵی پایته‌ختی تازه رزگارکراوی داعش ته‌نیا حەوت پاسه‌وان بون، پێنج لەوانە چه‌کی سوک و دوانیشیان ته‌نیا ده‌مانچه‌یان پێ بوو، وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم د. رێکه‌وت، حسن جیهاد و من و کوردۆ عەلی رۆژنامەنوس و شوفێرێک و دوو سکرتێری تایبه‌تی سه‌رۆک”.
به‌وته‌ی ڕاوێژكاری سه‌رۆک کۆمار بۆ شارپرێس، به‌رهه‌م ساڵح بێ ئه‌وه‌ی پێشوه‌خت که‌سێک یان پاسه‌وانێکی خۆی بنێرێت، سه‌ردانی شوێنی رووداوه‌که‌ی کرد، به گه‌یشتنی بۆ شوێنه‌که به‌شێک له که‌سوکاری قوربانیان ئاماده بوون، كه به ڕوونی وه‌ک له ڤیدیۆ و وێنه‌کان ده‌رئه‌که‌وێ به رێزه‌وه داوایان له سه‌رۆک کۆمار کرد بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و سزادانی تاوانبارانی روداوه‌که پشتیوانیان بکات.
توانا ئه‌حمه‌د باسی له‌وه‌شكرد، له هه‌موو روداوه‌کانی ئه‌و شوێنه من ئه‌توانم بڵێم که‌متر له نیو مه‌تر دوور بووم له کاک به‌رهه‌م، نه قسه‌ی خه‌ڵکه‌که، نهرهفتاریان جگه له رێز و داوای یارمه‌تی له سه‌رۆک کۆمار شتێکی تری تێدا نه‌بوو، به‌ڵام گله‌یی زۆریان له ئیداره‌ی شاره‌که کرد، ژنێک به گریانه‌وه گله‌یی له ئیداره‌ی شاره‌که کرد و داوای کرد سه‌رۆک کۆمار یارمه‌تیان بدات که قوربانیەکانیان به شه‌هید ئەژمار بکرێ، هه‌ر له‌وێ سه‌رۆک کۆمار دروشمێک که دژی گه‌نده‌ڵی بوو له یه‌کێک له ئاماده‌بوانی وه‌رگرت و به‌رزی کرده‌وه
توانا ئه‌حمه‌د پێشیوابوو، “بڕوا ناکه‌م ئه‌و ریسکه‌ی سه‌رۆك كۆمار کردی له موسڵ، هیچ سه‌رۆکێکی تر بتوانێ بیکات، ره‌نگه ئه‌م ریسکه به هه‌ڵه‌یه‌کی ئه‌منی هه‌ژمار بکرێت، به‌ڵام کێ هه‌یه بتوانی به حەوت پاسه‌وانی چه‌کدار و چه‌ند یاریدهدەرێک سه‌ردانی شارێک بکات که پایته‌ختی داعش و ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی بوو و ساڵێک پێش ئێستا سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌بوو بۆ هه‌موو جیهان”.