(نا)ی ناڕق (ئا)ی ناکۆیلەیی

لەلایەن ستاندار Posted on 247 جار بینراوە

پەیکار عوسمان

– ڕقی سیاسی تایبەت نیە بە هەنێکمان، هەموومان پێکەوە بەرهەمی ئەهێنین، چونکە هەموومان لەسەر عەقڵی سڕینەوەی ئەویترین. سڕینەوەش باش و خراپ نافامێ، خۆمانەو خۆیانە ئەزانێ! (خۆمانە خراپیشبێ باشە، خۆیانە باشیشبێ خراپە).

– ستەمکاریی پەیوەندی بە دەسەڵاتداری و بێ دەسەڵاتییەوە نیە، پەیوەندی بە عەقڵیەتی ستەمکارانەوە هەیە! بێدەسەڵاتییش یەکسان نیە بە مەزڵومیەت، ئەشێ بێدەسەڵاتیش زاڵم بێت!
مەسەلەن تۆی بێدەسەڵات، کە هەرچی لەگەڵت نەبوو، کەسایەتی تیرۆرکەیت و بیکەیت بە جاسوس.. بەمە تۆ هەر لە ئێستاوە ستەمکاریت و ناسینەوەی ستەمکارییەکەت پێویستی بە قۆناغی دەسەڵاتدارییت نیە.

– ئەسڵەن ستەمی بێدەسەڵات، لەوەدا لە ستەمی دەسەڵاتدار خراپترە کە، ستەمی دەسەڵات یەکڕووە، بەڵام ستەمی بێدەسەڵات فریودەرەو زۆرجار شتەکە وەکو دژەستەمکار دەرئەکەوێ، لەکاتێکا ئەویش هەر ستەمکارەو هەمان عەقڵی سڕینەوەی لەسەردایە.

– بڕێکی زۆری خوارییەکان، لە مەبدەئی پاداشت و سزاوە ڕاست ئەکرێنەوە، بەڵام ئەم مەبدەئە، لە کولتوری سڕینەوەدا هەرگیز ناچەسپێ، چونکە لە سڕینەوەدا سزا بۆ خراپەکاری نیە، بۆ ئەوە! پاداشت بۆ باشکاری نیە، بۆ منە! ئاخر لە سڕینەوەدا، باش منم و خراپ ئەوە.

– سڕینەوە وەجاخی کوێرە، بەو مانایەی کە مەکینەی لێکچوونەو ناتوانێ جیاوازی بەرهەم بهێنێ.
ئاخر لەسڕینەوەدا، ئەسڵەن پێویست نیە من جیاوازبم لە تۆ، چونکە من هەر ئەونەی کە منم، ئیتر فریشتەم و تۆش هەرئەونەی کە تۆیت، ئیتر شەیتانیت!
یەعنی سڕینەوەکە خۆی دنیاکەی دابەشی دوو جیاوازی موزەییەف کردوەو هەوێی جیاوازیی پێداوین، ئیتر منو تۆ کارێکمان بە جیاوازبوونی ڕاستەقینە نابێت.

– لە سڕێنەوەدا تۆ کارێکی باشیش بکەیت، من پێت ناڵێم دەستخۆش، بۆئەوەی دان بە بوونتا نەنێم! چونکە ئەگەر هەبیت، ئیتر یەکترقبوڵکردن دێتەپێش، بۆئەوەشی خۆم لە قبوڵکردنت لادەم، ئەبێ خۆم لە بوونت لادەم!
ئیتر تۆ خراپییەکانت هەمیشە بەرچاوە، چونکە کەرەستەی سڕینەوەن بۆ من، بەڵام باشییەکانت قەت نابینم چونکە کەرەستەی بوونن بۆ تۆ! منیش کە لەسەر عەقڵی سڕینەوەم، کێشەم لەگەڵ بوونتا هەیە نەك لەگەڵ باشی و خراپیت.

– بۆئەوەی یەکترقبوڵکردن هەبێت، ئەبێ باشییەکانی بەرامبەر فەرامۆش نەکەین ئەگەر تۆزقاڵێکیشبێت! چونکە کەڵکەڵەی سڕینەوەی بەرامبەر، لە سڕینەوەی ئەو تۆزەوە دێت! نێوانی یەکترقبوڵکردن و سڕینەوە، تەنیا بینین و نەبینینی ئەو گۆشەیەی یەکترە.
یەعنی خراپییەکانی بەرامبەر هەرچەن زۆربێت، باشییەکانی قەت کەم نیە، چونکە (چەقبەستن و مانەوە لە عەقڵیەتی سڕینەوەدا) نەبینینی ئەو کەمەیە!

١- مەسەلەن بەشداری گۆران لە حکومەت، هەرگیز بەو جۆرە نیە کە هیچ جانبێکی باشی نەبێ و بە هەموو نەوعێك خراپ بێت!
ئەم هێزە ئەگەر تەنیا تۆزێكی بەرنامەو بانگەشەی خۆی لە حکومەتا جێبکاتەوە، باشترە لەوەی لە دوورە هەر قسەی گەورەبکاو بەرهەمەکەشی هەر هیچ و نائومێدیی بێت.

٢- یان نەوەی نوێ شایەنی ئەو ڕەتکردنەوە ڕەهایە نیە کە لای هەنێکمانەوە هەیە. ئەوەی کە شایەنی ڕەتکردنەوەیە، تەنیا ئەو ڕەتکردنەوە ڕەهایەیە کە لەم هێزەوە بۆ ئەوانیتر هەیە. ئاخر ئەم نەفەسی سڕینەوەیە ئەیکاتەوە بە کۆپییەکی ئەوانیتر!
ئەوەی کە شایەنی ڕەتکردنەوەیە، تەنیا پۆپۆلزمی ئەم هێزەیە، ئاخر وەکچۆن فەساد ڕێگرە لە حوکمداریی ڕەشید، پۆپۆلیزمیش ڕێگرە لە موعارەزەبوونی ڕەشید.

٣- یان بەو هەموو پۆخڵەواتەوە، تەنانەت یەکێتی و پارتیش شایەنی ڕەتکردنەوەی ڕەها نین! هەر هیچ نەبێ بەشێکی خەڵکی ئێمەیان لەگەڵەو ئێمەش لەگەڵ ئەو خەڵکە پێویستمان بە ژیانە، نەك بە ڕق و تێكبەربوون.

– جا حکومەتێك و موعارەزەیەك کە زۆرنا، هەر گێڕێك باشتربن لەوەی کە هەن، ئەوە کەم نیە، چونکە جوڵەیە! کێشەی ئێمەش خراپی دۆخەکە نیە، وەستانی ئێمەیە لە دۆخەکەدا، بۆیە هەڵەین ئەگەر هەنگاوی بچوك بە کەم بزانین!

– لە دۆخی ئێمەدا، نا ی سیاسی جورئەتی ئەوێ، چونکە ڕەتکردنەوەی ستەمکارییە، بەڵام بەڵێ ی سیاسی جورئەتێکی گەورەتری ئەوێ، چونکە ڕەتکردنەوەی کولتوری ڕق و سڕینەوەیە، کە دایکی ستەمکارییەکەیە!!

– (بەڵێ ی ڕەها کۆیلەییەو نای ڕەهاش ڕقە)
تۆزێ زیاتر وردیکەیەنەوە، ئەو تەقسیمەش نامێنێ و هەردوکیان ئەبنەوە کۆیلەیی، ئەسڵەن کۆیلەیی ڕق خراپترو توندتریشە، لە کۆیلەیی مەسەلەن بەرژەوەندی!
نای ڕەها هەرگیز ئازادیخوازی و هۆشیاریی و ئەم شتانە نیە، بەڵکو تەنیا دیوەکەی تری ستەمکاری و سڕینەوەیە. کاری دروست و عەقڵانیش تێکەڵکردنی بەڵێ و نەخێرە بۆ شتەکان. ئەم تێکەڵەیە ئەمانپارێزێ لەوەی کە بڕۆین بەرەو دەمارگیری و ڕق و ستەم و سڕێنەوە.

– تێکەڵەیەك کە ئەگەر زۆرینەشی بەڵێ بێت، بەڵام ڕێژەیەك نای هەر تیابێت. تێکەڵەیەك کە ئەگەر زۆرینەشی نا بێت، بەڵام ڕێژەیەك بەڵێ ی هەر تیابێت.
بۆئەوەی پاشەکشێیەك بە ڕق و سڕینەوە بکەین، لەبەرژەوەندی ململانێ ی تەندروست.
بۆئەوەی “ڕقی ئێمە لەیەکتر” لاچێ و خۆمان بکەوینە بەرامبەر یەك. ئاخر ئەوەی لە شەستەکانەوە هەیە، ململانێ ی ڕقەکانمانە، نەك ململانێ ی خۆمان!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.