ئەگەر ئەردۆغان و هاوپەیمانەكەی 50%ی كەمتری دەنگەكانی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بهێنن چی رودەدات؟

لەلایەن ستاندار Posted on 265 جار بینراوە

ستاندەر

ئەمڕۆ ٣١-٣-٢٠١٩ دانیشتوانی تورکیا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی ئەو وڵاتە، لەگەڵ موختاری گەڕەکەکان.
لە تورکیا شارەوانییەکان بەسەر شارەوانی شارە گەورەکان و شارەوانی شارۆچکەکاندا، لە 81 پارێزگادا دابەشکراون. بەپێی ئەو دابەشکردنەش شارەوانی 81 پارێزگا کە 30 لەوانە شارەوانی شاری گەورەن و 919 شارەوانی شارۆچکەکان هەن. لەم هەڵبژاردنەدا ئەندامانی ئەنجوومەن و سەرۆکی ئەو شارەوانیانە هەڵدەبژێردرێن. بەدەر لەوەش، موختاری ٥٠٣٨٥ گەڕەک و گوندیش، بە هەمان شێوە، هەڵدەبژێردرێن.
سیازدە پارتی سیاسی، بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن و کاندیدیان هەیە بۆ هەر یەکێک لەو کورسیانە. بەپێی راپرسییەکان، پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و پارتی گەلی کۆماریی بەرهەڵستکار و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکی و پارتی دیموکراتی گەلان لەگەڵ پارتی باش یان پارتی چاک، سەرەکیترین پارتەکانی هەڵبژاردنەکەن.
بەڵام ئەو پێنج پارتە هەموو بەرامبەر یەک کێبڕکێ ناکەن! پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکی (MHP) هاوپەیمانییەتییەکیان پێک هێناوە، بە شێوەیەک کە لەو شارانەی AKP دەرفەتی بردنەوەی زیادترە، MHP کاندیدی نییە، لەو شارانەش کە MHP دەرفەتی بردنەوەی زیادترە، AKP کاندیدی نییە. بۆ ئەوەی دەنگەکانیان یەک پێبگرن و پێکەوە براوەی هەڵبژاردنەکە بن.
لە بەرامبەردا، پارتی گەلی کۆماری CHP و پارتی چاک IP هاوپەیمانییەتیەکی هاوشێوەیان پێک هێناوە بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ AKP و MHP.
پارتی دیموکراتی گەلان HDP یش هەرچەندە بە فەرمی بەشێک نییە لە هیچ یەکێک لەم دوو هاوپەیمانییە، بەڵام پشتگیری هاوپەیمانی CHP و IP دەکات. هاوسەرۆکی HDP ئەو پشتگیرییەی بەم وشانە راگەیاند:
هاوسەرۆکی HDP: “لە کوردستان [مەبەستی باکووری کوردستانە] دەنگ دەدەین بە کاندیدەکانی خۆمان، لە شارەکانی رۆژئاواش [مەبەستی شارە تورکییەکانە] کاندیدمان نابێت و دەنگ بەو کاندیدانە دەدەین کە کێبڕکێ لەگەڵ کاندیدەکانی AKP دەکەن.”
ستراتیژێک کە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی AKP هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی لەسەر داڕشت. ئەردۆغان نیگەران بوو لە بەکارهێنانی دەستەواژەی “کوردستان” لەلایەن هاوسەرۆکی HDP وە و لەوڕۆژەوە لە زۆربەی کۆبوونەوە جەماوەرییەکانیدا بە سەرسوڕمانەوە باس لەو قسەیە دەکات و دەڵێت: “لە تورکیا شوێنێک نییە ناوی کوردستان بێت.” جار و باریش توندتر دەبێت و دەڵێت “لە باکووری عێراق کوردستانێک هەیە، کی حەزی لە کوردستانە با بچێت بۆ ئەوێ.”
لە ناوەندی ئەم هاوپەیمانیی و جەمسەرگیرییە سیاسیانەدا، دانیشتوانی تورکیا شارەوانییەکانیان هەڵدەبژێرن. هەڵبژاردنێک کە زیادتر لە هەڵبژاردنی گشتی دەچێت، نەک شارەوانییەکان. ئەوەش لەبەر ئەوەی ئەردۆغان هەموو دەنگدانێک بە ئامرازێک دەبینێت بۆ پتەوکردنی پێگە و دەسەڵاتی خۆی، هاوکات نایەوێت سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە لەدەست بدات.
بۆ HDP یش ئەم هەڵبژاردنە گرنگی خۆی هەیە، لەبەر ئەوەی ئامانجی سەرەکی ئەوەیە ئەو شارەوانیانە بەدەستبهێنێتەوە کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بۆ خۆی مسۆگەر کردبوون، بەڵام دواتر بە بڕیاری دادگا لەدەستیان سەندرانەوە و لەجێگەی سەرۆک شارەوانیانەکانی HDP کەسانێک بە ناوی قەییوم دامەزرێندران.
ئێوارەی 31-3-2019 ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکە ئاشکرا دەبن، یان هاوپەیمانییەکەی ئەردۆغان و باخچەلی لەسەر ئاستی تورکیا لەسەدا 50 زیاتر دەهێنن و ئەردۆغان بەردەوام دەبێت لە تاکڕەوی، یان رێژەی دەنگەکانی ئەو هاوپەیمانییەتیە دادەبەزێتە ژێر لەسەدا 50 و قەیرانێکی نوێ لە تورکیا سەرهەڵدەدات کە ئەویش بابەتی لەدەستدانی رەوایەتی سەرۆک کۆمار و کابینەی ئێستایە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.