مێژووی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و بەشداری پارتە کوردییەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 341 جار بینراوە

ستاندەر

لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ تاساڵی ٢٠١٤ هەژدە جار هەڵبژاردنی شارەوانی لە تورکیادا ئەنجامدراوە. یەكەمین هەڵبژاردنی شارەوانیی تورکیا لە ساڵی ١٩٣٠ ئەنجامدراو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو. دواهەمین هەڵبژاردنی شارەوانییش له ٣٠ ئازاری ٢٠١٤ ئەنجامدراو پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە) براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بوو.
لە ساڵی ١٩٣٠ تا ساڵی ١٩٥٠ هەڵبژاردنی شارەوانی چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرا. بەڵام لەدوای ساڵی ١٩٥٠ ماوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کرا بە پێنچ ساڵ جارێک. لەدوای ئەنجامدانی یەکەم کودەتای سەربازی لە تورکیا لە ساڵی ١٩٦٠ هەڵبژاردن بۆماوەی ٣ ساڵ دواخرا. جارێکیش هەڵبژاردنی شارەوانی ساڵێک پێشخرا لەساڵی١٩٧٧دا. دواجاریش کە هەڵبژاردن دواخرا، لەدوای کودەتای ساڵی ١٩٨٠ بوو، کە هەڵبژاردن بۆ ماوەی دوو ساڵ دواخرا. جگە لەم کاتانە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی تورکیا لەکاتی خۆیاندا ئەنجامدراون، بەم شێوەیەی خوارەوە:
(١٩٣٠/١٩٣٤/١٩٣٨/١٩٤٢/١٩٤٦/١٩٥٠/١٩٥٥/١٩٦٣/١٩٦٨/١٩٧٣/١٩٧٧/١٩٨٤/١٩٨٩/١٩٩٤/١٩٩٩/٢٠٠٤/٢٠٠٩/٢٠١٤ … ٢٠١٩).
یه‌که‌م هه‌وڵی به‌شداری سیاسی بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌ خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی تورکیا له‌رێگه‌ی پارتی (بزوتنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ دیموكرات – دەپ)ه‌وه‌ بوو له‌ ساڵی‌ ١٩٩٠‌‌دا. وەک یەکەم پارتی دانپێدانراو لە تورکیادا.
بەڵام دوای ٣ ساڵ كاركردن ئەوپارتە لەلایەن حكومەتی توركیاوە داخرا، بەدوای ئەوەدا لەساڵی ١٩٩٣ پارتی (رەنجی گەل – هەپ)یان دروستكرد، بەڵام ئەم پارتەش دوای ساڵێک لە دامەزراندنی لەساڵی ١٩٩٤دا و بەماوەیەک پێش هەڵبژاردنی شارەوانیەکان داخرا. لەبەر نەبوونی پارتی سیاسی لەوکاتەدا چالاکانی کورد لەباکوری کوردستان و تورکیا بە پاڵێوراوی سەربەخۆ، یان بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتێكی تردا، بەشداریان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا کرد.
كورد بۆ یەكەمجار لەساڵی ١٩٩٩و لەڕێگەی (پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌ل- هادەپ) بەشداری لە هەڵبژاردنی ١٨ی نیسانی ١٩٩٩ی شارەوانییەكانی توركیای كرد. هادەپ ١ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دەنگی بەدەستهێناو توانی ٣٧ شارەوانی باكووری كوردستان بەدەستبهێنێت و بەو ئەنجامەش هادەپ بوو بە حەوتەمین پارت لەڕووی پێگەی جەماوەری لەسەرتاسەری توركیادا.
(پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌ل- هادەپ) له‌ساڵی‌ ٢٠٠٢ لەلایەن دادگای‌ ده‌ستوری‌ توركیاوە بڕیاری‌ داخستنی‌ درا. به‌و هۆیه‌شه‌وه‌، (پارتی‌ گه‌لی‌ دیموكرات -ده‌هەپە) كه‌ ساڵی‌ ١٩٩٧ دامه‌زرابوو، جێگه‌ی‌ هاده‌پی‌ گرته‌وه.
لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی ٢٨ی ئازاری ٢٠٠٤ی شارەوانییەكانی توركیادا کوردەکان لەرێگەی پارتی (دەهەپە)و بەهاوپەیمانی لەگەڵ پارتی (سۆشیال دیموكراتی گەل) بەشداری هەڵبژاردنیان کردو پێكەوە ١ ملیۆن و ٦٦٠ هەزار دەنگیان بەدەستهێنا، ئەمەش بەرامبەر بوو بە بردنەوەی ٦٤ سەرۆكایەتی شارەوانی، بەم ئەنجامەش (دەهەپە) بوو بە شەشەم پارتی توركیا لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە
پارتی‌ (ده‌هەپە) به‌هەمان سیناریۆی‌ پارتە کوردییەکانی پێش خۆی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٤دا داخرا. دواتر لە رێکەوتی ٩ى تشرینى دووەمی ٢٠٠٥دا، (پارتى کۆمەڵگەى دیموکراتى -دەتەپە)یان دامەزراند. دەتەپە لە هەڵبژاردنی ٢٩ی ئازاری ٢٠٠٩دا، بەشداریی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیان کرد. لەم هەڵبژاردنەدا دەتەپە ٢ ملیۆن و ٢٧٧ هەزار دەنگی بەدەستهێناو ٩٦ سەرۆكایەتیی شارەوانییان لە تورکیادا بردەوە، کە سەرجەمیان شارەوانیەکانی سنوری باکوری کوردستان بوون. بەم ئەنجامەش (دەتەپە) بوو بە چوارەم پارتی توركیا لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە.
دوای دوو ساڵ لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٩‌ دا به‌هه‌مان شێوه‌ی پارته‌ کوردییه‌کانی دیکه‌و به‌‌ بریاری دادگای ده‌ستوری تورکیا پارتی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ دیموكراتی‌ (ده‌ته‌په‌) بڕیاری‌ داخستنی‌ درا.  به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ چالاکانی کورد روویانکرده‌ (پارتی‌ ئاشتی‌‌و دیموكراسی‌ -به‌ده‌په‌)، ئه‌میش پارتێکی دیکه‌ی کوردی بوو لە ساڵی‌ ٢٠٠٨دا دامه‌زرابوو.
لە دوایەمین هەڵبژاردنی شارەوانی تورکیادا کە لە ٣٠ی ئازاری٢٠١٤دا بەرێوەچوو، كوردەکان لەرێگەی (بەدەپە) بەشدارییان كردو توانیان ١٠٢ شارەوانی ببەنەوە. کە سەرجەمیان شارەوانییەکانی سنوری باکوری کوردستان بوون و سیستمى هاوسەرۆکیان بۆ یەکەمجار تیایدا جێگیرکرد.

بەڵام دوابەدوای کودەتا شکستخواردوەکەی ساڵی ٢٠١٦ لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دژ بە تیرۆر هەڵمەتی گرتن و دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان دەستی پێکرد، لەو چوارچێوەیەشدا نزیکەی ٦٨ سەرۆک شارەوانی دەستگیرکران و ٩٤ شارەوانیش دەستیان بەسەرداگیراو لەجێگای سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان، قەیومەکانی حکومەت دامەزرێندران.
بەم شێوەیەش دەتوانین بڵێین کوردەکانی باکوری کوردستان بەشدارییان لە چوار هەڵبژاردنی شارەوانیدا کردووە، لەرێگەی پارتە سیاسییە کوردییەکانەوە. هەڵبژاردنی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ دەبێتە پێنجەم ئەزموونی بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا.
لەم هەڵبژاردنەدا (پارتی‌ دیموكراتی‌  گه‌لان- هه‌ده‌په‌) نوێنەرایەتی زۆرینەی کوردەکانی باکوری کوردستان دەکات، ئەم پارتەش لەساڵی ٢٠١٢دا دامەزراوەو لە ئێستادا سێهەم گەورەترین پارتی تورکیایە لە پەرلەمانی تورکیا کە خاوەنی ٦٧ کورسی پەرلەمانییە. لەم هەڵبژاردنەدا هەدەپە بووەتە نوێنەری زۆرینەی پارتە کوردییەکانی باکوری کوردستان ئەوەش پاش ئەوەی حەوت پارتی کوردی لەباکوری کوردستان بڕیاریاندا، لەم هەڵبژاردنەدا بە لیستی جیا بەشداری نەکەن و دەنگەکانیان بخەنە پاڵ هەدەپە، لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین شارەوانی لە تورکیاو باکوری کوردستاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.