ستاندەر
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی کوردستان دەستپێشخەرییەكی نوێ دەکات بۆ ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی.
نێچیرڤان بارزانی،كە كاندیدی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، وا گومان دەكات، ئەگەر فراكسیۆنی یەكێتی لەهەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو دەنگدان بەكاندیدی سەرۆك بەشداری نەكەن، ئەوە سەرۆكی داهاتووی هەرێم تەنیا لەسنووری پارتی دەسەڵاتی دەبێتو لەسنووری یەكێتی دەسەڵاتی نابێت.
بەپێی زانیارییەکان ، نێچیرڤان بارزانی لەپەیامەكانی پارتی بۆ یەكێتی نیگەران بووەو ئێستا هاتووەتە سەر هێڵو دەیەوێت شاندێكی تری پارتی بنێرێتە لای یەكێتی، بۆ ئەوەی گفتوگۆی نوێ بكەنو بگەن بەرێككەوتن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، هەڵوێستەكەی نێچیرڤان بارزانی بەهۆی ئەوەوەیە، كە گومانی هەیە لەو پەیامانەی پێشتری پارتی، كە بۆ یەكێتی-یان ناردووە بۆ رێككەوتن، كە پەیامەكان لەرێگەی كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی نێردراون، ئەویش بەكەسێكی نزیك لەمەسرور بارزانی دادەنرێتو گومان دەكرێت وا پەیامەكانی گەیاندبێت، پارتیو یەكێتی نەگەن بەئەنجام.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە نێچیرڤان بارزانی گومانی هەیە لە بوونی هەوڵێك بۆ ئەوەی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بەشداری هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نەكەنو دەنگ بەكاندیدی سەرۆكی هەرێم نەدەن، بۆیە هەوڵ دەدات، پارتیو یەكێتی بگەن بەرێككەوتن، كە گومانەكەشی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، پێشتر ئەو كەسانەی لەشاندی پارتی لەنێچیرڤان بارزانی نزیك بوون دوورخراونەتەوەو كەسانی نزیك لەخودی کاک مەسعود سەرۆكی پارتیو مەسرور بارزانی كاندیدی ئەو حیزبە بۆ پۆستی حكومەت دانراون بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی.
لەئێستادا بەهۆی هەوڵە نوێیەكەی نێچیرڤان بارزانی، پرسی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ رۆژی چوار شەممە دواخراوەو بڕیارە لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی شاندی نوێی پارتی بچێتە لای یەكێتیو گفتوگۆ بكەن بۆ رێككەوتن.