کێشەی ڕەوایەتی

لەلایەن ستاندار Posted on 220 جار بینراوە

پەیکار عوسمان

کیشەی دنیا شەڕنیە، کێشەی دنیا ڕەوایەتی شەڕە، هەتا شەڕی ڕەوا هەبێت، ئاشتی نابێت.

دۆخی ئاشتی دۆخی ناشەڕنیە، دۆخی ناڕەوایەتی شەڕە!
دابەشکردنی شەڕ، بۆ شەڕی ڕەواو ناڕەوا، ئاشتی بۆ دنیا ناهێنێ و هیچ لەشەڕ کەمناکاتەوە، چونکە ‘شەڕ’ تۆزقاڵێك بواری ڕەوایەتی ڕاستەقینەی هەبێت، ئیتر دەرگای ڕەوایەتی موزەییەف ئەکرێتەوە.

ئاشتی لە ڕەحمی ناڕەوایەتی شەڕەوە لەدایك ئەبێت، تا شەڕ بچوکترین چانسی ڕەوایەتی هەبێت، ئاشتی لەم دنیایەدا چانسی نیە.
شەڕی ڕەواو ناڕەوا، لە زاڵمی و مەزڵومیدا فەرقیان هەیە، بەڵام لە شەڕییدا هەر شەڕن و ناڕەوان.

تۆ دێیتە سەرم تەعەدام لێبکەیت، من ئاسایی بەرگری لەخۆم ئەکەم، ئەم بەرگرییە “پێویستە” نەك ڕەوا!!
من ئەو بەرگرییە بە بڕوایەکی تەواو بە ڕەوایەتی ئاشتییەوە ئەیکەم، نەك بە بڕوابوون بە ڕوایەتی خودی بەرگرییەکەوە کە شەڕە، چونکە شەڕ لە هیچ وێنەیەکیدا شایەنی ڕەوابوون نیە.

لە کۆندا شەڕەکان بێ کەڤەری ڕەوایەتی ئەکران، مەسەلەن شوێنێك داگیرئەکرا، بە ئاشکراو بێ پەردە، بۆ تاڵانیی.
دواتر مرۆڤایەتی گەیشت بە قۆناغی ڕەوایەتی، ئیتر زاڵمیش هەروەکو مەزڵوم، لە بەرگی ڕەوایەتیدا شەڕەکانی ئەکات، وەك کۆمیدیای شەڕە دینییەکان، کە هەمیشە هەردولا لەسەر حەقن!

دواتر مرۆڤ گەیشت بە قۆناغی “بەرگری”، سەیرکە وەزارەتەکانی سوپا، ناویان وەزارەتی بەرگریییە!
سەیرکە شەرڤانێك لە عەفرین بەرگری لە ماڵەکەی خۆی ئەکات، ماڵی مەجازی و نیشتمان نا، هەر ڕێك خودی ماڵەکەی خۆی، کەچی تورکیای داگیرکەر کە هاتۆتە سەر ماڵە، ئەویش هەر بەرگری ئەکاو وڵات ئەپارێزێ لە تیرۆر!!

هیچ شتێك وەکو بەرگری و ڕەوایەتییەکەی، دنیای نەکردوە بە ماڵێك بۆ شەڕ!
ئێستا شەڕێکی ناڕەوا لە دنیادا بوونی نەماوە، چونکە هەموو شەڕەکان “بەرگرین” و بەرگریش ڕەوایە، ئیتر هەموو شەڕەکانیش ڕەوان!!
ئێستا لە دنیادا شەڕێك نەماوە، ئەوەی هەیە کۆمەڵیك بەرگرین کە دنیاکەیان کاولکردوە!

جا بۆئەوەی ڕەوایەتی لە شەڕ وەرگرینەوە، ئەبێ ڕەوایەتی لە بەرگری وەرگرینەوە! بۆئەوەی سیحری شەڕ بەتاڵبکەینەوە، ئەبێ سیحری بەرگری بەتاڵبکەینەوە، سیحری بەرگریش لە ڕەوایەتیەکەیدایە!

تا مرۆڤ لەسەر عەقڵی ڕەوایەتی بەرگری بێت، لەسەر عەقڵی شەڕەو ناچێتە سەر عەقڵی ئاشتی.
تا ڕەوایەتی لە “بەرگری” وەرنەگرینەوە، ئیشی مرۆڤ هەر ئەوەیە، کە دنیا لە شەڕێکەوە بداتە دەست شەڕێکی ترو ئاشتیش تەنیا پشوویەکە لەو نێوانەدا.

((بەرگری ستەملێکراو پێویستییەکی ناچارییە نەك ڕەوایەتییەکی موقەدەس)) چونکە خودی “موقەدەس و ڕەوایەتی” کەرەستەی بەرهەمهێنانی توندوتیژیین و توندوتیژیش کەرەستەی بەرهەمهێنانی ستەمەو لەوێشەوە ڕەنگە ستەملێکراو ببێتەوە بە ستەمکار.

توندوتیژی ئەوکاتەشی کە “پێویستە” هێشتا جوان نیە، ئاخر ئەگەر لە حاڵەتە پێویستەکاندا عاتیفە بتگرێ و جوانیی بدەیتێ، دواتر لەکاتی ناپێویستیشا دێتەوە بەردەمت و ناشرینییت ئەداتێ!

ئەو شەرڤانەی کە دژی شەمشەمەکوێرەکان، بەرگری لە خۆی و جوانیی ئەم دنیایە ئەکات، ئەگەر تۆ هەر دەستی ماچئەکەیت، من دەست و قاچیشی!
بەڵام تەنانەت بەو بەرگرییەش ناڵێم ڕەوا، پێ ی ئەڵێم (بەرگری پێویست) چونکە ئەمەوێ لە زهنی خۆمدا، تەواوی ڕەوایەتی لە شەڕ بستێنمەوەو بیدەم بە ئاشتی، نەك ئەوەی ڕەوایەتی لە ڕێگەی “بەرگرییەوە” بکەمەوە بە گیرفانی شەڕدا.

ئەزانی بۆ گرنگە ڕەوایەتی لە بەرگری وەرگرینەوە؟ مەسەلەن بۆئەوەی شتانێکی وەکو ژنکوژێ پاشەکشێ بکەن!
ئاخر کابرای بێشەرەف، “بەرگری” لە شەرەفی ناموبارەکی خۆی ئەکاو شەرەفیش “موقەدەسەو” دیفاعکردنیش لە موقەدەس ڕەوایە، بۆیە ئەو ژنەکەی خۆی ئەکوژێ!!

بەڵام هەر ئەو پیاوە، ئەگەر بیری خۆی خاڵیکردبێتەوە لە موقەدەس و “ڕەوایەتی بەرگریکردن لێ ی”، ئەوکات ژنەکەی گەورەترین خیانەتیشی لێبکات، ئەو ناکەوێتە بەردەم (ڕەوایەتی) کوشتنی ڕۆحێك، بەڵکو ئەکەوێتە بەردەم پرسیاری ئەوەی کە (پێویستە) چیبکات!
لە یەکەمدا ئەو پێیوایە ‘ڕەوایە’ ژنەکەی بکوژێت، بەڵام دووەمدا ئەو پێیوایە ‘پێویستە’ لە ژنەکەی جیابێتەوە.

لە ڕەوایەتیدا تۆ ئەکەویتە بەردەم ڕابردوو، ڕابردووش ئەو شوێنەیە کە بیرنەکردنەوەی لێوە ئەهێنیت!
لە پێویستیدا تۆ ئەکەویتە بەردەم ئێستا، ئێستاش ئەو چرکەساتەیە کە بیری تیائەکەیتەوە.

“ڕەوا” بڕیاری پێشوەختەی کۆمەڵگاو عەقڵی جەمعە، لێرەدا ژنکوژ حوکمێکی نەداوە، حوکمێکی کۆمەڵگای جێبەجێکردوە.
“پێویست” بڕیاری ئێستای تۆیە، کە عەقڵی خۆتی تێدا ئەکەیتە سەنتەرو عەقڵی جەمعی تێدا ئەخەیتە پەراوێزەوە. بەمەش ئیتر، لە هەمان دۆخەدا کە ئەوانیتر ژنەکانیانی تیا ئەکوژن، ڕەنگە تۆ ژنەکەتی تیا ببەخشیت!

“پێویست” تۆو ئێستاو ئاشتی و بیرکردنەوەن.
“ڕەوا” کۆمەڵگاو دوێنێ و موقەدەس و شەڕن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.