یەکێتی و گۆڕان و قۆناغی داھاتوو

لەلایەن ستاندار Posted on 216 جار بینراوە

ھیوا حەسەن عەلی

دوای زیاتر لەشەش مانگ چاوەڕوانی دەرەنجام ھەرسێ لایەنی سیاسی پارتی لەگەڵ یەکێتی گۆڕان ڕێککەوتن بۆ پێکھێنانی حکومەت ، لەم ماوە درێژەدا لێکدانەوەی زۆر کراو حزب و لایەنە سیاسیەکان جگە لە شکاندنی یەکتر ھەر حزبەو خۆی بە فریادڕەس و ھەڵگری خەمی خەڵکی دەزانی دواتر بە زیادکردنی چەند پۆستێک ئەو خەمەیان لەبیر خۆیان بردەوە.
پەندێکی کوردی ھەیە ئەڵێ (ئەوەی رۆی ، رۆی) بەڵام گرنگ داھاتووە، ئایا ئەو ھێزە سیاسیانەی کە بەشداری حکومەت ئەکەن تا چی ئاستێک ئەتوانن ھیچ نەبێ بەشێک لەبەرنامە سیاسیەکەیان لەم کابینە نوێیەدا جێئەکەنەوەو ئەیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە؟
ئەوەی زۆر گرنگەو ئەمەوێ قسەی لەسەر بکەم ھێزەکانی دەرەوەی پارتییە چی ئەوانەی بەشداری حکومەت ئەکەن و چی ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، رابردوو ئەوەی سەلماند کە پەرتەوازەیی و یەکتر نەخوێندنەوە چەنێ زیانی بە پرۆسەی سیاسی و بژێوی ژیانی خەڵکی گەیاندووە ، ئەوەندەش زیانی بە خودی حزبەکانیانیش گەیاندووە، بۆیە کارکردن بەھەمان نەفەس و رق و یەکتر شکاندن ، ھەرێمەکەمان بەرەو کەناری لەناوچوون ئەبات.
سیاسەت چییە؟ سیاسەت پەند وەرگرتنە لەھەڵەکانی رابردوو وەھەروەھا دانانی نەخشەی نوێ و پتەوە بۆ داھاتوو.
ئەو حزبانە گەر مەبەستیان دەرچوونە لەم فەوزا سیاسیەو حوکمڕانیەی کە لەکوردستانداھەیە، پێویستە بە بەرنامەو بەدیدگای نوێوە بچنە نێو ئەم قۆناغەی کە دەرەنجامی ھەڵبژاردن ھێناوێتە پێشەوە ،ئەویش باڵادەستکردنی لایەنێکی سیاسی و بچوک کردنەوەی لایەنەکانی دیکەیە لەروی کورسی پەرلەمانییەوە.
ئەگەر ئەو لایەنانە وەخۆیان نەکەون و سنورێک بۆ تاکڕەوی دەسەڵات دانەنێن لەڕێگای دروستکردنی بەرەیەک یان لانی کەم پەیوەندیەکی باشیان ھەبێت بۆ ئەوەی بتوانن لەچوارساڵی داھاتوو کاریگەریان ھەبێت لە دەرچواندنی ئەو یاسایانەی کە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی ئەکات لە کوردستاندا.
ئەو لایەنانە کەندەڵ و سەختی زۆر ھەیە لەڕێگایان ئەگەر بە مەنتقی عەقڵ مامەڵەی لەگەڵ نەکەن ئەوا خۆیان و میللەتەکیان بەرەو تونێلێکی تاریک پەلکێش ئەکەن.
بۆیە گرنگە لەمڕۆوە ڕابردوو لەبیر بکەن و بەرژەوەندی گشتی بخەنە پێش بەرژەوەندیە حزبی و تاکە کەسیەکان و خەمێک لەدوارۆژی نەتەوەکیان و ھەرێمەکیان بخۆن.
بۆ ئەم مەبەستەش ئەرکی سەرەکی لەئەستۆی یەکێتی و گۆڕانە کە ئەبێ شان بدەنەبەر ئەم قۆناغە بەو پێیەی ئەم دوو لایەنە، بەتایبەتی یەکێتی کە خاوەن ھێزو براوەی دووەمی ھەڵبژاردنە، ھەم گۆڕانیش کە پێشتر لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن بووەو خاوەن بەرنامەو پرۆژەی تایبەت بووە بۆ چاکسازی و ھەمیش پێشترش پەیوەندییەکی باشی ھەبووە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێستا، بۆیە ئەکرێ یەکێتی و گۆڕان بەدوو ڕێگا کار لەسەر پرۆسەی چاکسازی بکەن .
یەکەم بەو پێیەی ئەمان بەشداری حکومەتن ئەتوانن کاریگەری باشیان ھەبێت لە دروستکردنی بڕیار کە خزمەت بە بوژاندنەوەی ھەرێمەکەمان بکات و دامو دەزگاکانی حکومەت بە دامەزراوەیی بکەن.
دووەم ئەتوانن ھاوکاریەکی باشی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بن بۆ ئەو پرۆژانەی کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە دێتە پەرلەمان و تێپەڕاندنیان لەناو ھۆڵی پەرلەمان ، پاشان جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە لەتیمی ھەردوو حزب لەحکومەتەوە بێگومان بە ھاوکاری و ھەماھەنگی تیمی پارتی کە دەسەڵاتی یەکەمە لەحکومەت.
من پێم وایە پارتیش بەپێی ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلول دروشمی کوردستانێکی بەھێزی ھەڵگرتبوو گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی کە تاکڕەوی لەدەسەڵات و پشتگۆێ خستنی لایەنەکانی دیکەی گۆڕەپانی سیاسی جگە لەبچوک کردنەوەی قەوارەی سیاسی ھەرێمەکەمان ھیچ دەسکەوتێکی دیکەی نابێ ، بۆیە کوردستانێکی بەھێز پێویستی بە بەھێزکردنی پەیوەندێکانی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و گۆڕینی عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی ووڵات و بەدامەزراوەکردنی دامودەزگاکانی ووڵاتە.
سەختی ژیانی خەڵک و پەیوەندی خراپی نێوان لایەنە سیاسیەکان و کێشەی سیستمی حوکمڕانی و گەندەڵی و ناشەفافی لە بواری داھات و سامانی ووڵات ، ھەروەھا کێشەی نێوان ھەرێم و ناوەند و دەیان کێشەی کەڵەکەبوی ماوەی ڕابردوی حوکمڕانی خۆماڵی بابەتگەلێکن کە پێویستە لەم خولەی پەرلەمان یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەھەماھەنگی لەگەڵ پارتی کاری لەسەر بکەن کە خۆی لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینێت:ـ
ـ باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵک و دانانی نەخشە رێگایەک بۆ پێدانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران.
ـ نوسینەوەی دەستور بەشێوەیەک کە سیستمی حوکمڕانی لەکوردستان ببێتە سیستمی پەرلەمانی، بێگومان ئەویش پێویستی بە ھەماھەنگی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسیەکانە .
ـ کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکان و دانانی میکانزمێک کە تەنھا ھاووڵاتی ئەو نەتەوانە دەنگ بە کاندیدەکانیان بدەن، بۆ ئەوەی نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان ھەڵبژێرن.
ـ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای چاکسازی بەجۆرێک کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەتەواوی تێدا بچەسپێت.
ـ دەرکردنی یاسایەک بۆ بەشەفافکردنی داھاتی نەوت و داھاتەکانی دیکە کە لەژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستان بێت.
ـ ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردن لەشێوازی یەک دائیرەیی بۆ فرە بازنەیی .
ـ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەجۆرێک ھیچ کەس و لایەنێک نەتوانێ درز بخاتە نێوانیانەوە.
ـ دەرکردنی یاسایەک کە دەسەڵاتی حزب لە حکومەت جیابکاتەوە.
ئەمانەو چەندین یاسای تر ھەن کە ئەگەر لەم خولەی پەرلەمان دەربکرێن و تێیپەڕێنن بێگومان چوار ساڵی داھاتوو ئەبێتە بوژاندنەوەی ژێرخان و سەرخانی ئابوری کوردستان و حوکمڕانیەکەشمان ئەبێتە جێی ستایشی ناوەندە سیاسیەکانی ناوچەکەو جیھان.
ڕاستە ئەم ھەنگاوانە ئاسان نین، بەڵام ئەگەر یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئیرادەی چاکسازیان ھەبێت ئەتوانن لانی کەمی ئەم ھەنگاوانە جێبەجێ بکەن، ڕۆژانی داھاتوو شاھیدی ڕاستیەکانن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.