بڕیارەکەی بارزانی ڕێککەوتننامەی یەکێتی و پارتی دواخست

لەلایەن ستاندار Posted on 181 جار بینراوە

ئارام هادی

ڕۆژی چوارشەممە 2019/4/3 بارزانی لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا، بەبێ گەڕانەوە بۆ مەکتەب سیاسی و وەفدی دانوستاندکاری حزبەکەی، هاوکات بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی بزوتنەوەی گۆڕان، کە ڕێککەوتنیان لەنێواندا هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆ، پەیمانی پێدانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی بە جێگری یەکەمی یەکێتی دەدات، کەماوەیەک بو وەفدی هەردوولادا لەسەری ڕێکنەدەکەوتن.

سەرئەنجام ئەم بڕیارە تاکلایەنەیەی بارزانی، هۆشداری بزوتنەوەی گۆڕانی بەدواداهات بۆ پارتی، کەپێیان ڕاگەیاندن لە ئەگەری زیادکردنی جێگری دووەمی سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی و دانی پۆستەکە بەیەکێتی، بەشداری حکومەت نابن، ئەمەش وایکرد درەنگانی شەوی ڕابردوو، کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بەتەلەفون بە عیماد ئەحمدی ئەندامی مەکتەب سیاسی یەکێتی ڕاگەیاندوە، کە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی نێوانیان بۆپێکهێنانی حکومەت کەبڕیاربو ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبچێت، دوادەخرێت بۆ کاتێکی نادیار.

دەکرێت بڵێین ئەمە یەکەم بڕیاری بارزانی یە، دوای دروستبونی بارەگایەک بەناوی (بارەگای بارزانی)، کە لەسەرەتای ناوهێنانی بارەگای بارزانی، کاردانەوەی بەشێک لە چاودێران و ڕۆژنامەنوسانی لێکەوتەوە و بونی ئەو بارەگایەیان بە زیادە و ڕێگر دەبینی، لەبەردەم کارەکانی حکومەت و هاوکات باسیشیان لەوە دەکرد کە بەدروستکردنی بارەگایەک بۆخۆی، بارزانی بەنیازە لەم ڕێگەیەوە جارێکیتر هەژمونی خۆی بسەپێنێت بە سەر کۆی گشتی سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی لەهەرێم و دەست بەرداری دەسەڵاتیش نابێت، ئەمە لەکاتێکدا لەدوای ڕیفراندۆم، بەهۆی فشاری نێودەوڵەتیەوە وازی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم هێنا و لەئێستاشدا ئەو پۆستە دراوە بە برازاکەی کە جێگری حزبەکەشیەتی.

ئەوەی پەیوەندی بە یەکێتی یەوە هەبێت لەسەر بەرکەوتەی هەڵبژاردن و بەشداریکردنیان لە حکومەت، لەدەرەوەی هۆشداریەکەی گۆڕانە، چونکە یەکێتی لەگەڵ پارتی ڕێککەوتنی هەیە نەک گۆڕان، ئەمە بۆ گۆڕانیش هەروایە، هۆشداریەکەی گۆڕان بۆ پارتیە و هیچ پەیوەندی بە یەکێتی یەوە نیە، تەنها ئەوەنەبێت کە ڕەنگە چەند دانیشتنێکیتری وەفدەکانی (پارتی- گۆڕان و پارتی-یەکێتی) بەدوادابێت تا دەگەنە ڕێککەوتنی یەکجارەکی و ئەگەریش هەیە پێکهێنانی حکومەت بخاتە سەرەتای مانگی ئایار.

ڕەنگە سێ ساڵ و نیوی داهاتو، کابینەی پێنج ڕووبەڕووی زۆرێکیتر لە دەستوەردانە تاک لایەنەکانی بارزانی ببێتەوە، جانازانرێت، ئایا حکومەت ئیرادەی هەیە ستۆپ بە دەستوەردانەکانی بارزانی بکات؟، یا حکومەت ملکەچی بڕیارەکانی بارەگای بارزانی دەبێت.

پەیوەست بەم بابەتە پەندێکی کوردی هەیە دەڵێ “مانگەشەو سەرلە ئێوارە دیارە”، بارزانی هێشتا پایەکانی بارەگاکەی بەتەواوەتی نەچەسپیوە بێ گەڕانەوە بۆ هیچ کەسێک بڕیار دەدات، دەبێت لە داهاتودا چۆن بێت؟، هاوکات بەپێچەوانەی پێشبینیەکانی سەرەتای دەستنیشانکردنی مەسروربارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت، کە لەلایەن بەشێک لە چاودێرانی سیاسیەوە پێیان وابو کابینەکەی تۆکمەتر و بەهێزتردەبێت لە کابینەکانی ڕابردوو، بەڵام پێدەچێت ئەم کابینەیە لاوازترین کابینەبێت لەمێژووی حکومڕانی هەرێمدا، چونکە ئەوەی تائێستا لەبەرچاوانە بەهۆی ناکۆکیەکانی (یەکێتی و پارتی)، لەسەر ئیدارەدانی هەرێم کە 191ڕۆژی تێپەڕاند و هێشتا حکومەت پێکنەهاتوە، بەشێک لە بەهێزیەکەی لەدەستداوە و ئەوەی ماویشە دەبێتە قوربانی دەستوەردانەکانی بارەگاکەی بارزانی لەداهاتودا.

دواجار چارەنوسی کابینەی نۆ لەبەردەم چەند ئەگەرێکدایە لەوانە.
1. ڕازیکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن پارتیەوە، بە پۆستێکیتر، یابەم جۆرەی ئێستا هەیە.
2. کشانەوەی گۆڕان لە ڕێککەوتننامەی نێوانیان لەگەڵ پارتی و هەڵبژاردنی ئۆپۆزسیۆن.
با چاوەڕێبین بزانین کامیان دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.