بزوتنەوەی گۆڕان: شكستی نوخبەیەکی سیاسیی نوێ

لەلایەن ستاندار Posted on 964 جار بینراوە 0 سەرنج
marewan u aras

ئاراس فەتاح، مەریوان وریا قانع

گەرچی دواھەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمان یەکێکە لە ڕووداوە سیاسییە گرنگەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین، كه‌چی بەدەگمەن نەبێت گفوگۆیەکی عەقڵانیی لەبارەوە نەکرا. بایکۆتکردنی بەرفراوانی ئەم ھەڵبژاردنە ڕووداوێکی سیاسیی گرنگ بوو. پەنابردنی گەورە و سیستماتیکیش بۆ تەزویر، بۆ ڕزگارکردنی وێنەی ھەڵبژاردنەکە و بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی دوو پارتە سیاسییە باڵادەستەکە، لانیکەم ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەم دوو ھێزە، نەک تەنھا متمانەی سیاسیی و ئەخلاقیی خۆیان لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا لەدەستداوە، بەڵکو ھێما بۆ لەدایکبوونی دۆخێکیش دەکات کە ھیچ دیماگۆگییەت و درۆیەکی سیاسیی لەناویدا ناتوانێت خۆی وەک ھەقیقەت بە کۆمەڵگا بفرۆشێت. گرنگ نییە ئەو درۆ و دیماگۆکییە لە کوێوە دێت، لە ھێزە حوکمڕانەکانەوە یان لەو ھێزانەوە کە سەردەمانێک ئۆپۆزیسیۆن بوون. ئەمڕۆ درۆی سیاسیی وەک درۆیەکی بێده‌مامك و ڕووت، وەک درۆیەک کە ھیچ گوتارێک ناتوانێت ڕزگاریبکات، كه‌وتۆته‌ ناو ڕووبەری گشتیی کۆمەڵگای ئێمەوە.

لەسەرێكه‌وه‌ ئەوەی دەیبینین دروستبوونی کۆمەڵگایەکە لە ڕێگای تەڵاقدانی سیاسەتەوە لە بۆشاییەکی سیاسیی گەورە و ترسناکدا دەژیی و خەمێکی مێژوویی ڕاستەقینە بۆ دروستکردنی ”ژیانی گشتیی“ عەقڵانیی لەئارادا نەماوە. لەسەرێکی دیکەوە جۆرێک لە گیرخواردنی قووڵ و ھەمەلایەن بەدەست تەفاسیلە ڕۆژانەییەکانی ئیشکردنی کایەی سیاسەتەوە لە کۆمەڵگای ئێمه‌دا لەئارادایە. لە فۆرمی ئێستایدا سیاسەت نەک توانای چارەسەرکردنی ھیچ کێشەیەکی لە کوردستاندا نەماوە، بەڵکو خۆشی بووە بە ئامرازی بەرھەمھێنانی کێشەی نوێ و ترسناک، ھەم بۆ ناو کایەی سیاسیی خۆی و ھەم بۆ کۆمەڵگاش. لەوانە بۆ نموونە، ململانێی نێوان منداڵانی خێزانە سوڵتانییەکان لەگەڵ باوکان و پیرەکانی ناو حیزبدا و ململانێیان لەنێوان خۆیاندا و ململانێشیان لەگەڵ منداڵانی خێزانە سوڵتانییەکانی تردا. ئەم ململانێ تازەیە بووە بە یەکێک لەو کێشە سەرەکیی و گەورانەی کە ڕووبەڕووی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمە بوەتەوە: کێشەی چەسپاندنی تەواوەتی تەوریس و سوڵتانیزمی سیاسیی. ئەم پرۆژەی ”دەستگۆڕکێ“ ناوەکییەی ناو دەسەڵات لەنێوان منداڵەکان و پیرەکاندا، ڕەنگە نه‌توانێت بەبێ پێکدادان و شەپۆلێکی گەورە لە توندوتیژی تێپەڕێت، ھاوکات چەندەھا دابەشبوونی تازە دەخاتە ناو کۆمەڵگای ئێمەوە و بڕێکی زۆریش لە دابەشبوونە کۆن و تەقلدییەکان توندتر و تۆختر دەکاتەوە. منداڵەکان لەم ساتەدا لە پرۆسەی دروستکردنی لەشکری تایبەت و میدیای تایبەت و پێگەی ئابوریی و سیاسیی تایبەت بەخۆیاندان، خەریکی گەشەدانن بە پەیوەندیی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی تایبەت و لەناو حیزبیشدا باڵی تایبەت بە خۆیان دروستدەکەن. ھەموو ئەمانەش بە کۆمەڵێک تەماحی سیاسیی قەبەوە گرێدەدەن، که‌ ئابوریی لێڵ و تاریکیی نەوت و بەکۆمپانیاکردنی کۆمەڵگا و بازرگانیکردن بە ھەمووشتێکەوە ژێرخانەکەیان دەستنیشاندەکات.

ئەگەر لەسەردەمی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەگشتیی و لەدوای حەڤدەی شوباتەوە بەتایبەتی، بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمە بە ”نھێنی“ لەگەڵ ئەم دەسەڵاتدارانە و فۆرمی حوکمڕانییەکەیاندا نەبووبێت، ئەوا لە دواھەمین ھەڵبژاردنی پەرلەماندا بە ”ئاشکرا“ خۆی لەم فۆرمە حوکمڕانییە و سەرجەمی نوخبەکانی دابڕیی.

دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009دا تەنھا ساتەوەختی لەدایکبوونی گوتار و دید و زمانێکی تر بۆ سیاسەت نەبوو، تەنھا پێشنیارکردنی پلان و بەرنامەیەکی مێژوویی نەبووە، تەنھا ساتەوەختی بەرھەمھێنانی سایکۆلۆژیایەکی سیاسیی نوێش نەبوو، تەنھا دۆخی ھاتنەکایەی جۆرێک لە حەماسەتی سیاسیی و کۆمەڵایەتییش نەبوو کە سنوورە ئەستورەکانی ترسی سیاسیی لە کوردستاندا تێکشکاند، بەڵکو ساتەوەختی دروستبوونی ”نوخبەیەکی سیاسیی نوێ“ش بوو لە به‌رامبه‌ر هه‌ردوو نوخبه سوڵتانییه حوکمڕانەکەی ھەرێمدا. لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا نەوەیەک لە گەنجانی سەر بە خێزانەکانی چینی خوارەوە و چینی ناوەڕاست، بوون بە بکەری سیاسیی نوێ و لەناو کایەی سیاسیی و ڕووبەری گشتیی و‌ له‌ میدیا تازەکەی دوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا دەرکەوتن. دروستبوونی ئەم نوخبە تازەیە، لەپاڵ ئەو گوتار و بەرنامە و سایکۆلۆژیا و حەماسەتە تازەیەدا کە دروستبوو، ھەم کۆمەڵێک کێشەی بۆ نەخشە تەقلیدییەکەی دروستبوونی نوخبەی سیاسیی لە ھەرێمدا دروستکرد، ھەم ھیوا و چاوەڕوانییەکی گەورەشی بە کۆمەڵگای ئێمە بەخشیی بۆ چارەسەرکردنی ھەندێک لە کێشە سەرەکییەکانی. ئەم نەوە تازەیە چونکە پێگە سیاسییەکانیان بە تۆڕە مافیایی و گەندەڵکارییە گەورەکانی ناو ھەرێمەوە تێکەڵ نەبووبوو، چونکە لەناو ھیچ پرۆسەیەکی تەوریسیی سیاسیشەوە نەھاتبوون، چونکە نوێنه‌رایه‌تی نه‌وه‌یه‌كی نائومێد و دڵشكاو و توڕه‌ی نەناسراوی کۆمەڵگای دوای ڕاپه‌ڕینی ئێمەیان ده‌كرد، بۆیە کێشەیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ دید و گوتار و زمانە ڕادیکاڵەکەی بزوتنەوەکەدا نەبوو. دروستبوونی ئەم نوخبە تازەیە، کە پێکھاتبوون لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەم بزوتنەوەیە و لە کەسە دیار و چالاکەکانی ناو بزوتنەوەکە خۆی و بە تایبەتیش لەوانەی لەناو میدیای گۆڕاندا کاریاندەکرد و دەردەکەوتن، شەپازلەیەکی گەورەبوو لە میکانیزمەکانی دروستبوونی نوخبە لە دونیای ئێمەدا و ناکۆکیش بوو بەو ھەندەسە سیاسییە باڵادەستە کە دروستبوونی نوخبەی سیاسیی بەتوندیی بە پرۆژەی بەھێزبوونی خێزانە سوڵتانییە سیاسییەکانەوە گرێدەدا.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لەماوەیەکی كورتدا بوو بە ”پارتێکی باڵادەست“، بەڵام لەوەدا سەرنەکەوت ببێت بە ”پارتێکی حوکمڕان“. ئەم جیاوازییە لەنێوان ”پارتی حوکمڕان“ و ”پارتی باڵادەست“دا گرنگییەکی میتۆدیی ھەیە. بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی باڵادەستەیی خۆی بگۆڕێت بۆ حوکمڕانییکردن، چونكه تا ئەمڕۆ ھێزی حوكمڕان لە دونیای ئێمەدا هێزێكه جومگه ئابووریی و سه‌ربازیی و ئه‌منیی و ئیدارییەکانی مۆنۆپۆڵکردوە و له‌ڕێگای ئەم مۆنۆپۆڵکردنەشەوه كۆمه‌ڵگاکە ئاراستەده‌كات. ھەرچی ”پارتی باڵادەست“ە هێزێكه هه‌یمه‌نەی له‌ناو ”ڕووبه‌ری گشتیی“دا هه‌یه و له‌ڕێگای گوتاره‌كانیه‌وه ڕووداو دروستده‌كات. حیزب دەکرێت لەناو خەڵک و کۆمەڵگادا باڵادەست بێت، دەشێت گوتارەکانی ببنە گوتاری باڵادەست، زمانەکەی ببێت بە زمانی قسەکردنی زۆرینەی کۆمەڵایەتیی، دەشێت نوخبەیەک دروستبکات لەناو ڕای گشتییدا شوێنی باوەڕ و متمانە بێت، بەڵام لە دونیای ئێمەدا تا ئەم ساتە مەرج نییە ئەم شتانە بیگۆڕن و بیكەن به”پارتێکی حوکمڕان“ و بیگەیەنن بە دەسەڵات. گەیشتن بە دەسەڵات و بوون بە ”پارتی حوکمڕان“ لە دونیای ئێمەدا میکانیزمی تریان لە پشتە. ئەگەر دیموکراسییەت ئەو سیستمە بێت کە ھەموو پارتە سیاسییەکان بتوانن ھەڵبژاردن بدۆڕێنن، ئەوا لە ھەرێمی کوردستاندا تا ئەم ساتە ئەم دۆڕاندنە شمولی ”پارتە حوکمڕانەکان“ ناکات، ئەوان بە دەیەھا شێوە ناھێڵن بدۆڕێن و دۆڕاندن تەنھا شمولی ئەوانە دەکات کە دەشێت ”باڵادەستبن“ و دەیانەوێت به میكانیزمی ئاشتییانه به‌ده‌سه‌ڵات بگەن و ببن به حوكمڕان.

بێگومان ”پارتی حوکمڕان“ دەشێت شتێک لە لیبرالیزمی سیاسیی دەستەبەربکات، بۆ نموونە ھەڵبژاردن ئەنجامبدات، ڕێگەبدات زیاد لە پارتێکی سیاسیی بوونی ھەبێت و بەشداری ھەڵبژاردنەکانیش بکەن، دەشێت بڕێکی کەم لە ئازادیی مەدەنییش دەستەبەربکات، بەڵام ھاوکات ناھێڵێت سیستەمێک دروستببێت تیایدا دەستگۆڕکێی دەسەڵات ڕووبدات. ”پارتی حوکمڕان“ لە شوێنێکی وەک کوردستاندا، تا ئێستاش دەتوانێت ڕێگە لە دەستگۆڕکێی دەسەڵات و لە ململانێی سیاسیی یەکسان و بەیاساڕێکخراو بگرێت. دەشتوانێت تەزویری گەورە و سیستماتیک ئەنجامبدات و چۆنیشی ویست بەوشێوەیە دەستکاریی ئەنجامی دەنگدانەکان بکات.

لەگەڵ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا ڕاستەوخۆ ھەوڵدان بۆ پەکخستنی ھەمەلایەنەی پرۆسەی گۆڕانكاریی و بێنرخکردنی بکەرە سیاسییە تازەکانی ناو ئەم بزوتنەوەیە دەستیپێکرد. کڕینی کەسانی سەر بە نوخبە تازەکەی ناو گۆڕان له‌لایه‌ن هه‌ردوو هێزه حوكمڕانه‌كه‌وە، بەتایبەتی لەلایەن پارتییەوە، بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستیپێکرد. لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا پارتی لەوەدا سەرکەوت ژمارەیەک لە ناوە دیار و تازەکانی ناو ئەم بزوتنەوەیە بکڕێت و بیانھێنێتە ناو ڕیزەکانی خۆیەوە. ھەندێک ناوی تریش بەھۆی ناڕازیبوونیان لە چۆنیەتی ئیشکردنی ناوەکیی بزوتنەوەکەوە وازیانھێنا. لە دوای مرنی نەوشیروان مستەفا خۆشییەوە، نوخبە سیاسییەکەی ناو بزوتنه‌وه‌کە بە لەدەستدانی كاریزما سیاسییەکەیان لەڕووی سیاسییەوە ھەتیوکەوتن. كۆچی دوایی نەوشیروان مسته‌فا ته‌نها بزوتنه‌وه‌كه‌ی لاواز و بێئیراده‌ و بێپلان نه‌كرد، به‌ڵكو نەوشیروان خۆشی وه‌كو باوكێكی بایۆلۆژیی پێگه‌ی هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی به‌چه‌شنێکی مه‌ترسییدار به‌هێزكرد و ئه‌و مۆدێله‌ی لە تەوریسی سیاسیی بۆ بزوتنەوەکە بەجێھێشت كه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌نی سیاسیی خۆی دژایه‌تیی ده‌كرد. به‌مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا بزوتنەوەکە تەنھا توشی ئیفلیجبوونێکی گەورە نه‌بوو، به‌ڵكو به‌و بڕیارانه‌ش تووشی شۆك بوو كه نەوشیروان بەر لە مردنی دایبوو. نەوشیروان مستەفا لەڕێگای تەوریسکردنی موڵک و ماڵ و دەزگا سەرەکییەکانی بزوتنەوەکەوە بۆ کوڕەکانی، ھەڵەیەکی ستراتیژیی كوشنده‌ و کارەساتێکی سیاسیی هێجگار گه‌وره‌ی ئەنجامدا، کە مۆدێل و ئاکاری بزوتنەوەکەی لەدوای مردنی خۆیەوە تەواو گۆڕی. له‌چركه‌ساتی ده‌ركردنی قه‌سامی شه‌رعیی گردەكه‌وه بۆ کوڕەکانی، ڤایرۆسی تەوریسی سیاسیی لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا کەوتە ئیش و ھەمان ئەو فۆرمەی لە ململانێ دروستکرد کە لەنێوان منداڵی خێزانە سوڵتانییەکان و نەوەکانی بەر لەخۆیان لەناو یەکێتی و پارتیدا ئامادەیە. پرۆسەی تەوریسکردنی سیاسیی لەناو گۆڕاندا ئەو فیشەکی رەحمەتە بوو کە بە كه‌لله‌سه‌ری نوخبە سیاسییە تازەکەی ناو گۆڕانەوە نرا. گروپێكی دێماگۆگی ناو نوخبە تازەکە بوون بە پیادەکەر و پارێزەری پرۆژەی تەوریسیی سیاسیی لەناو ئەم ھێزەدا و پاساوی یاسایی و سیاسیی و ئه‌خلاقییان بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه داده‌تاشیی. ئەو ئەندام و ھەوادارانەش کە ئه‌م پرۆسه‌یه‌یان به‌كوشتنی سیاسیی بزوتنەوەکە ده‌زانی، یان ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه، یان ماڵی سیاسیی گۆڕانیان به‌جێهێشت و گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵی شەخسیی خۆیان. به‌شێكی تریشیان به‌ھۆكار و پاساوی جیاواز بۆ دۆزینەوەی کار، تا ئەمڕۆ لەناو گۆڕاندا ماونەتەوە. کەسە بەتەمەنەکانیش دەستیان بە کڵاو و تەماحە شەخسییەکانی خۆیانەوە گرتوە، تاوه‌كو بای تەوریسکردن نەیبات.

لە پرۆسەی چەسپاندنی ئەم پرۆژە تەوریسییەدا بزوتنەوەی گۆڕان گۆڕا بۆ ھەڵقەیەکی تری پرۆژەی دروستکردنی خێزانێکی سوڵتانیی تازە لە ھەرێمدا. وەکچۆن بارزانی ”بارەگای بارزانی“ ھەیە و لەو بارەگا ناڕەسمییەوە ئاراستەی حکومەت و پێگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە ھەرێمدا دەکات، بەھەمان شێوە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، بەبێ بوونی ھیچ پێگەیەکی ڕەسمیی لەناو گۆڕاندا، لە ماڵەکەی باوکیانەوە لە گردەکە، بڕیار لەسەر پرسه‌ سەرەکییەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان دەدەن و ئاراسته‌ی سیاسیی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی بزوتنه‌وه‌كه‌ش دیارییده‌كه‌ن. بەمجۆرە لەماوەی دە ساڵدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە ھێزێکی سیاسیی تازە و ڕادیکاڵەوە گۆڕا بۆ ھێزێکی نیمچە سوڵتانیی. لەمڕۆشدا کارکردن بۆ چەسپاندنی تەواوەتی تەوریسی سیاسیی بەشێکی زۆر لە جوڵە و ئاکار و ھەڵوێستە سیاسییەکانی ئەم بزوتنەوەیە دەستنیشاندەکات.

گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزیی سیاسه‌ت متمانه‌یه. هه‌ر هێزێكی سیاسییش ئه‌م سه‌رمایه‌ی لەده‌ستدا، ناتوانێت ببێت به بكه‌رێكی سیاسیی بۆ گۆڕانكاریی. لەكاتی نه‌خۆشكه‌وتنی نه‌وشیروان مسته‌فادا، به‌تایبه‌تی پاش كۆچی دوایی و خستنه‌گه‌ڕى پڕۆسه‌ی ته‌وریسی سیاسییەوە، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی ڕەمزیی خۆی كه شانازیی پێوه‌ده‌كرد و خه‌باتی بۆ ده‌كرد، لەدەستدا. سەرمایەیەک کە بریتیی بوو لە دژایه‌تییكردنی ته‌وریسی سیاسیی و بەگژاچوونەوەی سیسته‌می سوڵتانیی. ئیتر یەکێک لە کۆڵەکە ھەرە سەرەکییەکانی بەرنامە و دونیابینی ئەم بزوتنەوەیە، کە ڕێگرتن بوو لە تەوریسی سیاسیی، ڕووخا. ھاوکات له‌دوای مردنی نه‌وشیروان مستەفاوه ژماره‌ی هه‌ڵه‌ ستراتیژییەکان و نه‌بوونی ئیرادەیەکی سیاسیی بەھێز و چالاک بۆ کاری سیاسیی، لەناو بزوتنەوەکەدا لە گەشەیەکی بەردەوامدایە. سه‌ره‌تای گۆجبوونی سیاسیی گۆڕان له‌ بەشدارییكردن له حكومه‌ت و شكستی خه‌باتی په‌رله‌مانیی و قفڵكردنی په‌رله‌مانه‌وه ده‌ستپێده‌كات. پاشان هه‌ر له‌ نەبوونی دیدگایه‌كی ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌وه بۆ ریفراندۆم بیگرە، تا ده‌گات به له‌ده‌ستدانی ئه‌و هه‌له مێژووییه كه گۆڕان دوای شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌رەوە سه‌ركردایه‌تی دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆنی گه‌وره دژ به شكسته مێژووییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم بكات. دوای ئەوانەش دۆڕانی دوو هه‌ڵبژاردن و كه‌مكردنی ژماره‌ی كورسییه‌كانی بۆ نیوه، قبوڵكردنی هه‌موو ئه‌و ته‌زویر و ساخته‌چێتییه‌ی پرۆسه‌ی ھەڵبژاردن و ئاماده‌نه‌بوونی هیچ یه‌كێك له سه‌ركرده نوێكانی ئەم بزوتنەوەیە بۆ داننان به‌و شكسته سیاسییه گه‌وره‌یەدا و ده‌ست له‌كار نه‌كێشانه‌وه‌ی ھیچ یەکێکیان. له‌م كۆتاییه‌شدا گەڵاڵه‌كردنی سه‌فه‌قه‌ی سیاسیی له‌گه‌ڵ پارتیدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ و زیندوکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم لەژێر ھەیمەنەی خواست و تەماحەکانی پارتیدا. هه‌موو ئه‌مانه نه‌ك هه‌ر بوون به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و سەرمایه ڕه‌مزیی و سیاسییە گەورەیەی خۆی له‌ده‌ستبدات كه هه‌یبوو، به‌ڵكو بوون به‌هۆكاری به‌رهه‌مهێنانی كولتوورێكی سیاسیی زۆر خراپیش كه متمانه‌ی دەنگده‌ر تیایدا دەکرێت به‌ قوربانی بەرژه‌وه‌ندیی گروپ و تاقمی تایبەت و بە قوربانیی بەخێزانیكردنی ده‌سه‌ڵات. ئه‌م كولتووره له داهاتوودا ته‌نها متمانه‌ی ده‌نگده‌ر به ئەخلاقیی سیاسیی و چه‌مكی ئۆپۆزیسیۆن له‌قناكات، به‌ڵكو كۆی پرۆسه‌ی سیاسیی و خه‌باتی مەدەنیی و په‌رله‌مانتارییش لە ھەموو شێوەکانیدا بەتەواوی بێنرخدەکات.

به‌بۆچوونی ئێمه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە ئێستادا و به مانا سیاسییه ته‌قلیدییه‌كه‌ی ”خیانه‌ت“ له ستراتیژ و سیاسەتی ئەم ساتەی خۆی ناکات، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر ڕاستگۆیانه په‌یڕه‌وی ئه‌و سیاسه‌ته نوێیه‌ی ته‌وریسی سیاسیی و بەخێزانییكردنی حیزب و گرێدانی سیاسەت بە دەسکەوت و پێگەی ئابوورییەوە ده‌كات. ھەموو ئەمانە بە خێراییەکی زۆر له‌دوای مردنی نه‌وشیروان مسته‌فاوه لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا دروستبوون و بوون به‌هۆكاری شكستێكی گه‌وره‌ بۆ نوخبەیەکی سیاسیی نوێی ناو كۆمه‌ڵگای ئێمه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *