ئایا داننەنان و نکۆڵیکردن لە تاوانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تاوانە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 210 جار بینراوە

کەمال چۆمانی

بەڕیتانیا، ئەمریکا و ١٦ وڵاتی ئەوڕوپیی و ئیسڕائیل بەپێی قانون هەر نکۆڵیکردنێک لە جینۆسایدی هۆڵۆکۆستیان قەدەغەکردوە و رەتکردنەوەی ئەو تاوانە سزای لەسەرە. ئەو وڵاتانەی بەشداریی هۆڵۆکۆستیش بونە وەک ئەڵمانیا، نەمسا، هەنگاریا و رۆمانیا، هەمو سیمبۆلێکی نازیزمیشیان قەدەغەکردوە و نیشاندانی هەر هاوسۆزیی و نیشانەیەکی نازیزم تاوانە. هەرچەندە ئەو قەدەغەکردنە زۆرجار روبەڕوی رەخنە دەبێتەوە بە هۆی ئەوەی هەندێکجار بەکاردەهێنرێت بۆ رێگرتن لە رەخنەگرتن لە تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسڕائیل بەرانبەر فەڵەستینییەکان، بەڵام قانونێکی تا بڵێی پێویستە و نکۆڵیکردن لە تاوانی وا گەورە رێخۆشکردنە بۆ تاوانی هاوشێوە. چەسپاندنی عەدالەت ئەوکاتە بەتەواوی بەدەستدێت کە دڵنیایی هەبێت تاوانی هاوشێوە دوبارە نابێتەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا، تا ئێستا تاوانی هەڵەبجە و ئەنفال و جینۆسایدی ئێزیدیی بە قانونێک بە تاوان نەناسێنراوە. لەگەڵ ئاوارە حوسین، پسپۆڕ لە تاوانەکانی دژی ئینسانییەت لە زانکۆی هەڵەبجە، ماوەی رابردو ئەو پرسەمان باسکرد. ئەو دەڵێت: *تا ئێستا جینۆسایدی هەڵەبجە و کەیسەکانی تری جینۆسایدی کورد لە پارلەمانی کوردستان بە یاسا دانیان پێدا نەنراوە. گەر پارلەمانی کوردستان بەو ئەرکە هەڵنەستێت ئیتر ئێمەی کورد چۆن بتوانین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەڕسوریی و پێگە-بەهێزییەوە داوای دانپێدانانی بکەین.”
لە هەرێمی کوردستاندا قانونێک نییە کە نیشاندانی سیمبۆلەکانی بەعسیزم و هەر هاوسۆزییەک لەگەڵ بەعسیزم بە تاوان بناسێنێت. تا ئێستا پارلەمانی کوردستان ئەو تاوانانەی بە جینۆساید نەناساندون.
سەرۆکی حکومەت بەیاننامەیەکی زۆر لاوازی بڵاوکردۆتەوە. ئەو وشانەی بەکاریهێناون، لە ئاست ئەو تاوانە گەورەیە نین. بۆ نمونە نوسیویەتی: “ئه‌و شاڵاوه‌ى هیچ سنورێكى نه‌ده‌ناسى، ئافره‌ت، پیاو، منداڵ و به‌ساڵاچوو، گرنگ له‌ناوبردنى ژیان بوو له گوند و شارۆچكه‌ و شاره‌كانى ئه‌م به‌شه‌ى كوردستان.” گرنگ لەناوبردنی ژیان نەبو، بەڵکو ئامانج سڕینەوەی نەتەوایەتیی کورد بو بۆیە ئەنفال بە جینۆساید دادەنرێت و تاوانێکی گەورەیە. ئەوە ئەوپەڕی نەخوێندەوای ئەو کەسە نیشاندەدات کە ئەو بەیاننامەیەی نوسیوە.
هۆکارەکە رونە؛ دادگای باڵای تاوانەکانی عێڕاق هەڵەبجە و ئەنفالی بە جینۆساید ناساندوە، پارلەمانی عێڕاقیش هەروەها. فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان مستەشار و جاش دەرچوە بە تۆمەتی بەشداریکردنیان لە تاوانەکانی دژ بە ئینسانەت کەچی یەکێتیی و پارتیی دەیانپارێزن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.