هەیە جانی دیکتاتۆری

لەلایەن ستاندار Posted on 266 جار بینراوە

لەشکر قادر

«خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی-سیاسی بۆ دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی کوردی»

١. دەسەڵاتی کوردی لەھەموو ئاستەکاندا شکستی ھێناوە،تاکو ئەو چرکەساتەش نەیتوانیوە کولتووری ڕژێمی بەعس تێپەڕێنێت، موئەسەسات دروست بکات، ئازادی فەراھەم بکات و مافەکانی ھاوڵاتیان بپارێزێت، گەندەڵی نەھێڵێت و یاسا سەروەربێت. یەکێتی و پارتی و نوخبە سیاسیەکانی ناو ئەم دوو حیزبە نەک ھەر ئەم بەھایانەی لەکۆمەڵگەدا جێگیر نەکرد، بەڵکو لە نائاگایی و نا-ھوشیاریەکی تەواودان بەرامبەر بە وەزیفەکانی زانست و فیکری سیاسی مۆدێرن، کۆمەڵگەی ئێمەیان ئیفلیج کرد و ئەم مۆدێلە ناشیرینەی ڕژێمی ستەمکاری و دیکتاتۆریان بەرھەمھێنا. لەجیاتی چەسپاندنی بنەما مەدەنی و دیموکراسیەکان ھاتن و بنەما خێڵکیەکانیان چەسپاند و حوکمی چەتەیی و بنەماڵەیان دامەزراند.

٢. گەندەڵی و نادادپەروەری و کوشتن و تیرۆری سیاسی، یەکێکە لە سیما دیارەکانی ھەر سیستەمێکی سیاسی دیکتاتۆر، ھەموو دەسەڵاتێکی وەحشیگەر بۆ مانەوە و درێژەدان بە تەمەنی خۆی بەم فۆڕمە لە زەبروزەنگ و توندوتیژی ئیش دەکات. دەسەڵاتی کوردی زۆربەی سرروشت و تایبەتمەندیەکانی کولتووری تۆتالیتاریزمی تێدایە.

٣. ھەموو دەسەڵاتێکی تۆتالیتار لەسەر کوشتنی ڕەخنە و کپکردنی دەنگی ئازاد ئیش دەکات، لەسەر دروستکردنی مۆدێلی کۆمەڵگەی بێدەنگ «کردنی کۆمەڵگە بە بێدەنگخانە»ئیش دەکەن. بەڵام ئێمە ناوەستین و پێمان وایە سەردەمی ئێمە سەردەمی ڕەخنەگرتنە، ھەموو بێدەنگیەک نەشتەرگەری جوانکاریە بۆ ناعەدالەتی و نائینسانیەت و کولتووری مەرگدۆستی زیاتر دەکات. لەھەمانکاتدا کاتێک ڕەخنە دەمرێت ھەیەجانی دیکتاتۆری بەھێزتر دەبێت.

٤. ھەموو دەسەڵاتێکی ستەمکار و دیکتاتۆر لە حەقیقەت دەترسێت، بۆیە ھەمیشە بە سەدان ماسکی ساختە بەچەندەھا ڕێگای نائەخلاقی حەقیقەت سەرکوت دەکات و ناشیرینیەکانی خۆی پێ دادەپۆشێ. لەڕێگەی کوشتن و تۆقاندن و ھەڕەشەکردن ھەموو دەنگە ناڕازی و ڕەخنەکان بێدەنگ دەکات، ھەموو ڕێگەیەکی نامۆڕاڵی دەگرێتەبەر، دژ بەھەموو ئەو ھەوڵانە دەوەستێتەوە کە ئیش لەسەر کەشفکردنی حەقیقەتەکان دەکەن. بۆئەو مەبەستەش ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانی بواری سیاسەت گەورەترین قوربانین، چونکە ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆ و ڕەخنەگرە ئازاکانی کۆمەڵگەی ئێمە بونەتە مانفێستی کەشفکردنی دیوە بەد و ناشیرنەکەی دەسەڵات، بونەتە ھەوێنی حەقیقەت و لابردنی ماسک و ماکیاژی دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی و پارتی.

٥. ھەموو تاکێکی کۆمەڵگەی کوردی وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی و بەرپرسیارانە پێویستە ببێتە بەرگریکارێکی ڕاستەقینەی دادپەروەری و دژە گەندەڵی، دژی ئەو مۆدێلە سیاسیەی (یەکێتی و پارتی) خەبات و بەرەنگاری بکات لەپێناو: چاکەی گشتی، ھێنانەدی گۆڕانکاری سیاسی، نەھێشتنی گەندەڵی و پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ. پێویستە ئینسانی کورد دژی ئەو سیستەمە نامۆڕاڵی و ناشارستانیە بوەستنەوە کە ئەم دوو ھێزە بەرھەمیانھێناوە. دژ بە سیستەمێک کە بەردەوام کاردەکات بۆ وێرانبوونی سایکۆلۆژیای مرۆڤی کورد و بێبەھاکردنی ئینسان.

٦. ھەڕەشەکردن، ڕفاندناندن و تیرۆری نھێنی، لێدان و سوکایەتی پێکردن، تەقەکردن….ھتر بەرامبەر بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و ڕەخنەگران، سوتاندن و داخستی دەزگای میدیایی. ھەموو ئەمانەو زیاتریش ھەیەجانی دیکتاتۆری و کەشوھەوایەکی پۆلیسی لە کۆمەڵگەی ئێمە دروستکردووە.

٧. دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی و پارتی لەجیاتی بونیادنانی کولتووری ژیاندۆستی، بەھەزارەھا ڕێگا دەمانبەنەوە سەر مەرگدۆستی. تیرۆری فیکری و کەسایەتی ئینسانی کورد دەکەن، دەمانکوژن، جا کوشتنی جستەیی بێت یان مەعنەوی. ئەم دوو ھێزە ھەمیشە دەیانەوێ بەسەر لاشەی ھەزارەھا دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەنوس و نوسەر و ڕەخنەگردا بپەڕێتەوە بۆ ئامانجە چەپەڵەکانی خۆیان. بۆیە ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانی بواری سیاسی و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ قوربانی یەکەمن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا. چونکە ڕۆژنامەنوس ڕەخنەگرانی سەربەخۆ کەشفکەری زۆنە تاریکەکانی سیستەمێکی گەندەڵ و مانفێستی شکست و داڕزانی ئەخلاقی سیاسی یەکێتی و پارتین. ئەم فۆڕمە لە ڕۆژنامەنوس و ڕەخنەگران بێ ھیچ بەرژەوەندیەکی سیاسی و ئابووری و ئایدۆلۆژی دەنوسن، تەنھالەپێناو ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بەرامبەر بە ھاونیشتیمانیانی کۆمەڵگەو گێڕانەوەی شکۆو بەھاو ئیعتیبار بۆ مرۆڤ و ھێنانەدی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یاسایی لە کۆمەڵگەدا.

٨. یەکێتی و پارتی لەڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی «ئابووری، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ھێزە چەکدارەکان»و ھەموو کایەکانی تری کۆمەڵگە، درێژە بەمانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەدات. ئەم مۆدێلە دیکتاتۆریە ھەتادێت پایەکانی دەسەڵات خۆی بەھێزتر دەکات، لەڕێگەی: گەندەڵی ئابووری و سەربازی و یاسایی ، ترساندن و تۆقاندن و تیرۆرکردن، ھەروەھا لەڕێگەی وەگەرخستنی دەزگا کولتووری وپەروەردەیی و میدیایی و…ھتر بۆ بەرژەوەندیە حیزبیەکان.

٩. مرۆڤی کورد دەبێ لەو حەقیقەتە تێبگات کە ئازادی لەھەموو شتێک گرنگترە، تەنھا ئازادی دەتوانێ مرۆڤ و کۆمەڵگەی ئێمە ڕزگاربکات. دەبێ ھەموومان بۆ ئازادی خۆمان و ئەوانی تریش خەبات بکەین و بەرەنگاریەکی عەقڵانی دژ بە کولتووری سیاسی یەکێتی و پارتی سەڕێگابخەین. ھیچ گروپ و ڕێکخراوێکی سیاسی بۆی نییە بەناوی ھیچ موقەدەسێکی سیاسیەوە خودی ئازادی بخاتە ژێر پرسیارەوە.

١٠. بۆئەوەی لەم سیستەم و کولتورە سیاسیە نا-عەقڵانی و نا-مۆڕاڵیە نەجاتیمان بێت کە یەکێتی و پارتی بەرھەمیانھێناوە، پێویستیمان بە گوتاری عەقڵانی و سەرڕێگاخستنی جوڵانەوەی کۆمەڵایەتی و خوڵقاندنی کردەیەکی شۆڕشگێڕانەی مەدەنیە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.