لیژنەی باڵای مەراسیمی یادی ئەنفال وەڵامی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانى دایەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 255 جار بینراوە

ستاندەر

لیژنەى باڵای مەراسیمی یادی ئەنفال وەڵامی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی دایەوە کە وتبووی دەبێت ئیدارەی گەمیان داوای لێبوردن لە پەرلەمانی کوردستان بکات بەرامبەر ئەوەی وتاری سەرۆکایەتی پەرلەمان لە لایەن ئیدارەى گەرمیان و رێکخەرانی یادى ٣١ ساڵەى ئەنفالدا لە مەراسیمەکەدا لابراوەو دواتر لە کۆتایدا دانراوە،  ئەوەشی بە بێ رێزی به‌رامبه‌ر به‌گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و نۆینه‌ری شه‌رعیی خه‌ڵكی كوردستان لە قەڵەمدا بوو.

دەقی رونکردنەوەکەی لیژنەی باڵای مەراسیمی یادی ئەنفال:

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ناوی ناوه‌ بێرێزی كردن به‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن ئیداره‌ی گه‌رمیان وڕێكخه‌رانی مه‌راسیمی یادی 31 ساڵه‌ی تاوانی ئه‌نفال بڵاوكردۆته‌وه‌ و تیایدا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ وتاری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌ پرۆتۆكۆل لادراوه‌ و وتاری په‌رله‌مان وحكومه‌تی عیراق زیاد كراوه‌ ، ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ی باڵای مه‌راسیمی یادی ئه‌نفال و ڕێكخه‌رانی مه‌راسیمه‌كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌م خاڵانه‌ ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه‌ :
1.    سه‌ره‌تا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان تا كاتی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌ لیژنه‌ی باڵای مه‌راسیمه‌كه‌وه‌ نه‌كردووه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ڕێی حیزبه‌وه‌ ڕێكخه‌رانی مه‌راسیمیان ئاگادار كردۆته‌وه‌ ، به‌ڵام وتاری په‌رله‌مان به‌پێی پرۆتۆكۆلی كارپێكراو له‌ شوێنی شایسته‌ی خۆیدا دانرا ، دواتر له‌پڕ لیژنه‌ی یاده‌كه‌ ئاگادار كرایه‌وه‌ كه‌ هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان وتاری په‌رله‌مانی كوردستان ده‌خوێنێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش به‌ پێی پرۆتۆكۆل له‌ شوێنی خۆیدا جێگیركرا ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماده‌ نابێ‌ و لیژنه‌ی باڵای مه‌راسیمه‌كه‌ش ئاگادار ناكاته‌وه‌ وله‌مه‌ خراپتریش له‌كاتی مه‌راسیمه‌كه‌دا خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كه‌ی به‌ په‌رله‌مانتارێكی داواكراو له‌دادگا ده‌سپێرێ‌ ، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی مه‌ترسیداره‌ ، چونكه‌ كه‌سوكاری ئه‌و خۆپیشانده‌ره‌ شه‌هیده‌ی كه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ تۆمه‌تباری راسته‌وخۆیه‌ به‌ كوشتنی له‌خۆپیشاندانه‌كه‌ی 2015 ی كه‌لاردا و یاداشتی ده‌سگیركردنی هه‌یه‌ له‌سه‌ری “یاداشتی ده‌سگیركردنه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ ڕونكردنه‌وه‌كه‌دا هاوپێچ ده‌كه‌ین”، كه‌ئه‌مه‌یان بیستبوو هاتبوونه‌ پشت سه‌كۆ و سه‌ر سته‌یجی مه‌راسیمه‌كه‌ و سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵه‌كانی هێوركردنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن ڕێكخه‌رانی مه‌راسیمه‌كه‌وه‌ ،به‌ڵام تێكڕا ته‌ئكیدیان ده‌كرده‌وه‌ كه‌ به‌هیچ جۆرێك ئه‌و شوێنه‌ جێناهێڵن وئه‌و سوكایه‌تیه‌ قبوڵ ناكه‌ن و ڕێگه‌ ناده‌ن تۆمه‌تبار به‌ كوشتنی كوڕه‌كه‌یان به‌ناوی گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی هه‌رێمه‌وه‌ سوكایه‌تی به‌ خوێنی كوڕه‌ شه‌هیده‌كه‌یان بكات ، ئێمه‌ لێره‌دا له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌پرسین حیكمه‌تی دانانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی وتار له‌م مه‌راسیمه‌دا ونانه‌وه‌ی ئه‌م ئاژاوه‌یه‌ چیه‌ وخزمه‌تی كێ‌ ده‌كات و ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كه‌ به‌و په‌رله‌مانتاره‌ داواكراوه‌ بدرایه‌ كێ‌ ته‌حه‌مولی ئاكامه‌كانی ئه‌و كاردانه‌وانه‌ی ده‌كرد كه‌ له‌و هه‌نگاوه‌ ده‌كه‌وتنه‌وه‌ ، له‌كاتێكدا زیاتر له‌ 20 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنه‌جیاجیاكان و سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان و سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان وجینۆساید وزیندانیانی سیاسی كه‌ پاشتر وتاره‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ له‌وێ‌ بوون ، هاوكات پێشتر ڕێكخه‌رانی مه‌راسیم هۆشداریان له‌م هه‌نگاوه‌ مه‌ترسیداره‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دابوو و هه‌موولایه‌كیش له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاگادار بوون .

2.    له‌په‌یوه‌ندی به‌شوێنی وتاری په‌رله‌مانیشدا وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا كه‌ وتاری په‌رله‌مان له‌ شوێنی شایانی خ
ۆیدا دانرابوو ،به‌ڵام وه‌فده‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی پارتی كه‌ به‌ به‌درێژایی مه‌راسیمه‌كه‌ پێداگریان ده‌كرد كه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ داواكراوه‌ وتاری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌خوێنێته‌وه‌  ، تا له‌كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌دا و له‌سه‌ر داوای كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان ولیژنه‌ی باڵای مه‌راسیم ڕازی بوون وتاره‌كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارێكی تریانه‌وه‌ بخوێنرێته‌وه‌ .

3.    ئه‌وه‌ش كه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌ڵێت له‌ كۆتایدا وتاری سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان وحكومه‌تی عیراق زیادكراوه‌ ،ئه‌مه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی نیه‌ و په‌رله‌مان وحكومه‌تی عیراق چه‌ند ڕۆژ پێش مه‌راسیمه‌كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ لیژنه‌ی باڵای مه‌راسیمه‌كه‌وه‌ كردووه‌ و وتاره‌كانیان به‌پێێ‌ پرۆتۆكۆل له‌شوێنی خۆیدا دانراوه‌ و تاكاتی به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیمه‌كه‌ش له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدا بوون له‌گه‌ڵ ڕێكخه‌رانی مه‌راسیم .

لیژنه‌ی باڵای مه‌راسیمی یادی ئه‌نفال له‌ گه‌رمیان
16/4/2019

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.