سەبارەت بە دكتۆر مەریوانی وریا قانع و نەبونی وشەی هەستپێكردنی ئەمرۆكەی حیزبە سیاسییەكان

لەلایەن ستاندار Posted on 226 جار بینراوە

كمال محمد

لە مێژووی دنیای سیاسی و ئایدۆلۆژی ئێمە لەدوای راپەرینەوە ئەوەمان بۆ دەرئەخات كەسیاسەت و كۆی پرۆسێسە سیاسییەكان بە جۆرێك ناشرین كراون بەدەست حیزبەكانەوەكە دەرەنجامەكەی هەمو جۆرە وێرانكارییەكە كە دەتوانین بە كۆتایی هێنانی راستەقینەی سیاسەتی بزانین ،هەرلەم سۆنگەیەوە لەرۆژگاری ئەمرۆشماندا بەجۆرێك لەناوچوونی سیاسەت لەئارادایە كەلەگەڵ هیچ سەردەم و گەلێكی دیكەدا ئەستەمە بەراورد بكرێت ،لێرەدا پاڵپشت بە مێژووی نوخبەی نوسەران و رۆشنبیران و كەسایەتییە ئەكادیمییەكان كە هەندێكیان بوون بە رۆشنبیری حیزبی و ئالودەی پۆست و پارە بوون و تەنها ڕۆڵیان جوانكردنی ناشرینیەكانی حیزب و دەسەڵات بوو ، بەشێكی دیكەشیان بەرپرسیارێتی گەلیان لە ئەستۆ گرت و هەوڵی خستنەروی چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە كۆمەڵگای سیاسی و ئەخلاقی ئێمە داوە راست شرۆڤەكردنی روداوەكان و سیستەمی سیاسییان وەك خۆی كردوە و دەشێت هەندێكیشیان وەك شۆرشگێرێك جێگای خۆیان لەناو ئەو كار و خەباتەی كە لە رێگەی رەخنەو بۆچونەكانیانەوە بۆ جێگیركردنی راستییەكان داویانە بكەنەوە ،ئاشكرایە كەلەپێش دروستبونی ئۆپۆزسیۆنیشەوە ئەم نوخبە لە رۆشنبیر و روناكبیرانەوە بەردەوام لە رێگەی رەخنەكانییەوە پەرچەكردار و هەڵوێست و بۆچونیان بەرامبەر سیستەمی سیاسی و سەردەمە تاریكەكانی دەسەڵاتی حیزبیەوە خستۆتە روو پێیان وابو هەوڵدان بۆلەسەر پێمانەوەی كۆمەڵگا هەڵوێستێكی ئەخلاقی و سیاسیی و مرۆییە ،لەسەردەمی دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕانیشدا چەندین نوسەر و روناكبیر بەو ئومێدەی چیدیكە ئەو رەخنانەی كە لە بواری مۆڕاڵ و سیاسییەوە ئاراستەی دەسەڵاتیان كردوە بە شێوەیەكی دیكەو بە رێگایەكی بتوانرێت دەرەنجامێكی باش بەدوای خۆیدا بهێنێت ،لەوانە (دكتۆر مەریوانی وریا قانع و ئاراس فەتاح و چەندانی دیكەش )بە بێ هیچ بەرژەوەندییەك و بیری بەدەست هێنانی پلەو پۆستێك شەو رۆژیان خستۆتە سەر یەك بۆ ئەوەی كۆتای بە ستەمی دەسەڵات بهێنرێت و لەم بارەیەوە تێكۆشانێكی مەزنیان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی كۆمەڵگا و تاك لەپێناو لەدەست نەدانی سەربەخۆیی رۆشنبیری و مافەكان و پاراستنی كەرامەتی خۆیان وابەستەیی و پاشكۆیەتی بۆ هیچ گروپ و حیزب و دەسەڵاتێك نەكەن و نەبنە تاكێكی مۆنۆپۆلكراوی دەستی ئەم لایەن و ئەو لایەن ،هاوهەڵوێستی و پشتگیری كردنی ئەم نوخبەیە لە نوسەران و روناكبیران بۆ ئەوە بوو هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان كاراتر بن دژی ستەم و سیستەمە شكستخواردوەكەو زیاتر داماڵینی سیاسەت لەبەهاكان و ئەخلاقەكەی ، ئەمانەو سەرەرای بەتەوریس كردنی سیاسەت و دروستكردنی حیزبی بنەماڵەو گروپێكی سیاسی دیكە بوو هاوشێوەی پارتی و یەكێتی ،بەڵام ئێستاو دوای نزیكەی یەك دەیە ساڵ لە هەوڵ و ماندوبون و پاڵپشتی ئەم هێزانە لە بری هەستپێكردن لە جێگای پاداشت بۆیان كە بەرهەم و رەنجێكی زۆریان بۆ كۆمەڵگای سیاسی كۆكردۆتەوە ،بە پێچەوانەوە ئەم هێزانە خستویانەتەخزمەتی حیزب و چەند گروپێكی سیاسی نوێوە نەوەك بەرهەمێك بۆ هەموان و رێگری كردن لە دوبارەكردنەوەی تەورێسێكی دیكەی سیاسی كە خودی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەرەتادا دژی بوو ،لێ ئێستاش ئەركێكی سیاسی و ئەخلاقی و رۆشنبیری هەمان ئەو روناكبیرانەیە كە بەردەوامی بە هەڵوێستە بنەرەتییەكانیان بدەن كاتێك پێكدادانی دو قۆناغ و دو ناسنامە لە پرەنسیب و ئایدۆلۆژیای ئەم هێزانە جێگای باسە !.دكتۆر مەریوان لەسەر بنەمای واقیع شیكاری و خوێندنەوەی خۆی بۆ مێژووی سیاسی دوای راپەرین هەیە كاتێك داروخانی جەستەیی و رۆحی كۆمەڵگا ئەبینێت و كەبە سەردەمە تاریكەكان ئەناسرێت و لەم چەن ساڵەی دواییدا لەبەرگێكدا ئەینوسێتەوە ،بەڵام ئەوەی جێگای داخە میدیا و سایتەكانی هەندێك ئەولایەنانەیە كە ڕۆڵیان لە دەربازكردنی قەیرانە قورسەكانی سیستەم و نەبونی ئەكادیمیای زانستی و رۆشنبیری و پەرەوەردەیی پشتگوێ خستوەو بە بێ رەچاوكردن و بە بنەماگرتنی وشەی هەستپێكردن و پەیبەخۆبردنەوە هەوڵی بەلارێدابردنی راستییەكان ئەدەن و ئەمەش گوزارشت لە دۆخێكی پێچەوانەی رۆحی ئازادی و هەستكردن بە رێساگەرایی و واقیع و راستییەكان ئەكات .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.