هەڵمەت غەریب
هێشتا دیار نیە سیستەمی سیاسی هەرێم چۆن ئەبێت وچوارچێوەکەی بەدڵی کێ ئەبێت ، هێشتا شەری نوسینەوەی دەستور دەستی پێنەکردوە، کەچی تەواوی پرۆسەی سیاسی کوردستانی عێراق لەخاڵێکدا چەقی بەستووە کە هەرگیز ناچێتە هیچ ئەقلێکی سەلیمەوە شەڕ کردن لەپێناویدا تائەوڕادەیە سەخت بێت، ئەویش جێگری سەرۆکە!! ئەو پۆستە بێ دەسەڵات وشکلیەیی هەرێمی کوردستانی نزیک کردەوە لە لێکترازانێکی راستەقینەی تر و ئێستاش کۆی پرۆسەی سیاسی لە چوارچێوەیەکی چەقبەستودا هێشتوەتەوە.
شەڕی یەکێتی وگۆڕان لەسەر جێگر بۆ؟! ئەم جێگرە یاخود پۆستە چ سودێکی بۆ ئەم دوو هێزە هەیە ؟ تێروانینی ئەم دوو هێزە دەربارەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی وەک خۆیەتی یان گۆراوە ؟ وەئایا یەکێتی شایستەی ئەوەیە ئەوەندە نازی هەڵبگیرێت تا رازی بکریت و بەشدار بێت لە پرۆسەی دروستکردنەوەی حکومەتی داهاتوودا؟
بەر لەوەی وەلامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە ئەمەوێ ئەوە بڵێم پۆستی جێگر لەسیستەمی سیاسی پەرلەمانیدا پۆستیێکی بێ بایەخە لە رووی یاسایی وسیاسیەوە، چونکە لەحزوری رئیسدا لەباشترین حالەتدا لە راوێژکارێک زیاتر بایەخی نیە، بەتایبەت لە ناوچەیەکی وەک ئیمەش ئەوەندە بایەخ بە راوێژ وشت نادرێت ،بۆیە لەوانەیە حزورێکی کارتۆنی هەبێت یان توتی ئاسا تەنها قسەی سەرۆک دووبارە بکاتەوە ، لە ناوچەی رۆژهەلات بەگشتی جێگر لەسیستەمی پەرلەمانیدا جا چ جیگری سەرۆک وەزیران بێت یان جیگری رئیس جێگەی سەرنج وبایەخ نیە نابێت لەخۆمان پرسیوە دوو جێگری سەرۆک وەزیران یان سەرۆک ولاتی ناوچەکە ناویان جیە؟! پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە جێگرێکی بی دەسەلات لەناو سیستەمێکی ناڕوون وشێواوی سیاسی وەک هەرێمدا چ سودێکی هەیەبۆ بەرژەوەندی گشتی وچ خزمەتێکی پرۆسەی سیاسی وبەدامەزراوەیی کردنی دەوڵەت ودیموکراسی ئەکات؟
لەڕاستیدا جێگر یاخود دامەزراوەی سەرۆکایەتی لەڕابردوودا دوو هێزی سیاسی کاریگەری وەک یەکیتی وگۆڕان زۆر رەخنەیان لێدەگرت وپرۆژەشیان هەبوو بۆ لە قاوغ دانی وتەنانەت گۆڕان بە زیادیشی ئەزانی خودی کاک نەوشیروانی رەحمەتیش باوەری وابوو کوردستان زۆری ماوە دامەزراوەی سەرۆکایەتی تێدا دروست بکرێت کەچی ئێستا شەر لەسەر جێگر نەک دامەزراوەکە ئەکەن ، بێگومان ئامانجی یەکێتی ڕوونە لە داواکردنی جێگر کە پەیوەندی هەیە بە تەسفیەی کێشە ناوخۆیەکانی خۆیەوە و لەرێگەی داتاشینی پۆستێکی واوە حزبەکە تارادەیەک ئەپارێزێت لە لێکترازانێکی تر کە پێم وایە ئەم جارە بترازێت یەکێتی وەک حزب کۆتایی دێت، هەرچیش تایبەت بێت بە گۆڕان ئامانجی لە جێگری سەرۆک هەستانەوەی بزوتنەوەکەیە لەوشکستە سیاسیەی کە لە هەلبژاردنەکانی ساڵی رابردووداتوشی بوو یاخود لە دوای کۆچی رەحمەتی کاک نەوشیروانەوە توشی بووە، واتە شەڕەکە هیچ پەیوەندیەکی بەبەرژەوەندی گشتیەوە نیە نە بۆ گۆران نە بۆ یەکێتی چونکە ئەوەی لەو دامەزراوەیەدا دەستیان ئەکەوێت زەحمەتە لەم کابینە نوێیەدا بەدی بێت بۆیان بەتایبەت لەحزوری کارەکتەرێکی نوێی وەک مەسرور بارزانی لە حوکمەتدا.
سەرەڕای ئەوەی جێگر هیج دەسەلاتێکی فعلی نیە بە پێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی ژمارە(۱)ساڵی ۲٠٠٥ ی هەموارکراوبەلکو ئەوەی هەیە بریتیە لە پێدانی دەسەلات لە سەرۆکەوە بۆ جیگرەکەی بۆیە مراهەنە کردن لەسەر ئەمەش گرەوە لەسەر ئەسپی تۆپیوو کە یەکێتی و گۆران ئەیکەن لە حزوری پیاوێکی بەهیزی وەک نێچیرڤان بارزانی کە هەردوو لایان ئەزموونیان هەیە لەگەڵی، بۆیە من پێم وایە جێگر وەک نەبوو وایە بەپێی یاسا نەک واقع، تەسەوری من وایە نەک دوو جێگر بەڵکو جێگر زیادە وپێویستی بە دانانی جیگر نیە سەرۆک بەهیچ شێوەیەک، چونکە هەم بارگرانیەکی گەورەی ئابوری وئیداری دروست ئەکات لەسەر هەرێم هەم هیچ سەربارخستنێکی نوێی بۆ پرۆسەی سیاسی وئیداری هەرێم تیدا نیە، ئەمە سەرباری ئەوەی داتاشینی پۆست بۆ بەرژەوەندی کەس وحزب ئەبێتە عورفێکی سیاسی زۆر خراپ لەدامەزراوەکانی وڵاتدابۆ ڕازی کردنی ئەو هێزانەی دۆڕاون لە هەڵبژاردنەکاندا بەئامانجی رازی بوون بە بەشداری پرۆسەی سیاسیدا.
سەرباری ئەوەی پێشینەیەکی خراپ دروست ئەکات لەزەمەنێکی دورترداهەرێم ئەکات بە غەریب وعەجیبترین جوگرافیای دنیا لەبەرێوەبردندا و سومعەی هەرێم ئەوەندەی تر لەکەدار ئەکات.
لەم ڕووە پێم وایە پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە وبەهێزدایە ئەویش لەنیوان ڕازیکردنی کۆمەڵێ سیاسی شکستخواردووی هەرێم وسەررێخستنی دامەزراوەکان کامیان هەلدەبژێرێت وە گومانیشم لەوە نیە سەرکەوتنی پارتی لە ئیدارە دانی کوردستان لە چوار ساڵی ئایندەدا بەندە بە ڕێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەرانی کوردستان و تیپەراندنی ئەم قۆناغە دابەشکاریەی کە هەیە ، وەپێشم وایە یەکێتی هیچی وای پێشکەشی پرۆسەکە نەکردوە تا بەوڕادەیە نازی هەلبگیرێت وڕازی بکرێت وەک چۆن یەکێتی هیچ حسابێکی بۆ کەس وحزبێک نەکرد لە یەکلایی کردنەوەی سەرۆکی کۆماردا.