چوار خاڵ لە پەراوێزی لێکترازانەکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

لەلایەن ستاندار Posted on 249 جار بینراوە

کەمال چۆمانی

نەوەی نوێ لێکترازاوە و تازە ئەو دو بەرەیە جارێکی تر ناتوانن بەیەکەوە ئیش بکەن. ئەو دو بەرەیە وەک جەلال تاڵەبانیی و نەوشیروان مستەفاش نین خەباتێکی ٤٠ ساڵییان پێکەوە هەبێت و بتوانن دوای لێکترازان و دەیان سوکایەتییش، بتوانن رێککەوتن بکەنەوە و هەوڵبدەن پێکەوە کاربکەن.
ئەوەی گرنگە هەردولا بە رێی خۆیاندا بڕۆن و واز لە یەکتر بێنن:
١- شاسوار عەبدولواحید پێدەچێت لەمەودوا جوڵانەوەکە لە “روخاندنی دو بنەماڵەکە”وە بگۆڕێت بۆ “روخاندنی دو ئەندام پارلەمانەکە.” نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید تاوەکو زیاتر بەرەی ناڕازیی ناشیرین بکەن، خۆیان زیاتر لای خەڵک ناشیرین دەبن. باشترین کارێک شاسوار بیکات ئەوەیە کە بیسەلمێنێت ئەو بانگەشانەی بەرەی ناڕازیی جوڵانەوەکە ئەگەر راستییش بوبن، ئەوا خۆی هێندە دیموکراتیکە لەبری تەخویندکردنیان، بەڵکو چاکسازیی لە خۆیی و جوڵانەوەکەیدا دەکات.
٢- بەرەی ناڕازییەکانی جوڵانەوەکەش پێویستە واز لەوە بێنن تەنها قسە لەسەر بەبنەماڵەییبون و بەباندبونی بزوتنەوەکە و خۆپەرستیی و تاکڕەوێتیی شاسوار عەبدولواحید و گرتە-ڤیدیۆییەکان بکەن. ئەوەی گرنگە، ئەوانیش بتوانن لەو ئاڵۆزیی و گەڕەلاوژێیەی سیاسەتی کوردیی لە هەردو پارلەماندا خۆیان بە ئاراستەیەکی نوێ ئامادەبکەن و واز لە نەوەی نوێ بێنن، مەبەستم نەک تەنها هاتنەدەرەوە لە حیزبەکە، بەڵکو خۆیان بە جۆرێکی تر رێکبخەن کە بتوانن نوێنەرایەتیی ئەو خەڵکە بکەن کە دەنگیان پێیان داوە.
٣- من بڕوایەکی پتەوم بە فرە-حیزبیی هەیە، فرە-حیزبییش بە بنەمایەکی گرنگی چەسپاندنی دیموکراسیی دەزانم، بەڵام ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان پێویستیی بە حیزبی زیاتر نییە. وەک لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشدا گوتم، ئەگەر چاکسازییخوازانی کوردستان راست دەکەن، بۆ قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەکانی داهاتو، واتا تەنها بۆ چوار یان ئەوپەڕی هەشت ساڵ، پێویستە هەمویان لە دەرەوەی یەکێتیی و پارتیی لە یەک بەرەدا کۆببنەوە. ئەو بەرەیە لە هەرێمی کوردستان هاوپەیمان بن و بەیەکەوە بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەن، لە هەڵبژاردنەکانی عێڕاقیشدا، لەگەڵ هێزێکی کاریگەری عێڕاقیی بۆ پارلەمانی عێڕاق و هەڵبژاردنی پارێزگاکان بەشداریی بکەن، تەنانەت لە کەرکوکیش.
لەسەر ئاستی تەواوی کوردستانیش، ئەو بەرەیە پێویستە لەگەڵ رۆژئاڤا پەیوەندییەکی زۆر پتەو دروستبکەن کە ئەو پەیوەندییە دۆستایەتییە ببێتە بناغەی دامەزراندنی کۆنگرەیەکی کوردستانیی گەورەتر.
٤- بۆ خۆشمان وەک خەڵک، زۆر کارمان لەسەر ئەو هێزانە کردوە و دژی ئەوان خەباتمان کردوە، پێویستە لەو دۆخە گەڕەلاوژێیییەدا، ئەگەر زیاتریش کار لەسەر خۆمان نەکەین، لای کەم هێندەی کاتمان بەو گەڕەلاوژێیە خەسار دەکەین، پێویستە لە هەمو بوارێکدا کات بۆ بەرەوپێشبردنی خۆمان تەرخان بکەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.