ڕەوشت

لەلایەن ستاندار Posted on 513 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

یەکێک وە گرنگتـرین ئەو دەزوەی ھەڵکردن و بەردەوامـی و مانەوەی مرۆڤەکانـی پێکەوە گرێداوە ئەو ڕێکەوتنە واژۆنەکراوەی نێوان مرۆڤەکانە کە پێـی ئەوترێ (ڕەوشـت).
ھەڵبەتە ھەمان ڕێکەوتنـی واژۆنەکرا لە نێوان کۆی پێکھاتەکانـی سـروشتا بوونـی ھەیە و کاری پێئەکرێ بۆ نمونە ئاژەڵەکان لە سەرەتای دروست بوونیانەوە تا ئەمڕۆ وابەستەی ئەو ڕەوشتەن کە سـروشت بۆی دیاری کردوون و لەسەری ئەڕۆن خۆ ئەگەر مرۆڤ دەست لە سـروشتـی ژیانیان وەرنەیات ئەوا ئەوان ھیچ کاتـێ دەستبەرداری ڕەوشتـی بۆماوەی خۆیان نابن و بەردەوام ئەبن.
ئەگەر مرۆڤ لە سـروشت جیاکرێـتەوە ئەوا بە ئاسانـی بۆت دەرەکەوێ سـروشتـی ڕەوشتـی دیاریکراوی سروشت ڕێزی لێئەگیرێ و لەسەر ڕێچکەی خۆی گوزەرەکات و ئەوەی ھۆکارە بۆ کۆی بێ ڕێزییەکان و دەرچوون لەو گرێبەستە واژۆنەکراوە مرۆڤە.
پێشێل کردنـی یان پچڕاندنـی دەزوەی ئەو گرێبەستە گرنگە واژۆ نەکراوە ھێندەی پچڕاندنـی تاڵێک دەزوی باریک ئاسانە ھیچ شتێک ھێندەی ئەو کارە ئاسان نیە بەڵام گەڕانەوە سەر سروشتـی ڕەوشت یان گرێدانـەوەی دەزوەکە کارێکـی تا ئاستێکـی زۆر گرانەوە لایەنـی کەم کاتێکـی زۆری پێویستە وەک ئەشزانین ھەمیشە کات ھاوکار نیە و ھەندێ جار تەمەن بەشـی پێویستیەکانـی ئەو کاتە ناکات.
کەم تا زۆر بە شێوازی جیاواز لە کۆی سەر ئەم زەمینەیا لادان و پچڕاندنی دەزوی بەھاکانـی ڕەوشت تا ئاستێک بووە بە پیشەی ئەو خەڵکانەی کە خواستـی ئەو لادانانەیان ھەیە جا ئیـتـر بۆ دەستکەوتـی مادی کۆمپانیا زەبەلاحەکانبـێ یان سیاسیە درۆزنەکانبـێ یان بازرگانە چاوچنۆکەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا لە کۆی ئەم زەمینەیا ھەندێ لە بەھاکانـی ڕەوشت گرنگی پێئەدرێ کەس ناوێرێ لە سنورەکانـی نزیک بێتەوە و لێـی لابات یان بیپچڕێنـێ.
بە پێچەوانەوە لە ھەندێک شوێنیشا ڕێـز بۆ ھیچ بەھایەکـی ڕەوشتـی سروشتـی ڕاگری پێکەوە ژیان ناگیـرێ و کۆمەڵگە بەرەو فەوتان و ھەرەس ئەبرێ.
بۆ نمونە لە ڕۆژئاوا ڤیدیۆ و وێنەگرتن لە شوێنە گشتیەکانا سەربەخۆو بەپێـی ئارەزوکانـی ھەر تاکێک نیە بەڵکو ئەگەر کەسـی دەرکەتوو لە وێنە چرکاوکەدا پرسـی پێنەکراوبـێ ئەوە بەپێـی یاسا ئەتوانـێ تووشـی سزادان بکات، ھەر بۆیە لە فێرگەو باخچەی ساوایان و کۆبوونەوەو چالاکیەکاندا وێنە و ڤیدیۆ گرتن ڕێگە پێنەدراوە ئەگەر پێشتـر مۆڵەت بۆ وەرنەگرتبـێ.
نھێنـی ھەر مرۆڤێک تایبەتمەندیەکانێتـی، کە ھەرگیـز ئامادەنابـێ و ناتوانـێ وەک ئەوەی سروشت لە سروشتـی کەسایەتـی ھەر مرۆڤێکا دیاری کردووە بە ئامادەبوونـی خەڵکانیتر بەرجەستەی بکات.
تایبەت مەندیەکانـی مرۆڤ جیاوازن ھەر ئەوەش ھۆکاری نھێنـی مرۆڤەکانن. ئەو کارو ڕەفتارەی مرۆڤەکان لە شوێنە گشتییەکانا ئەیانکەن ھەمان کارو ڕەفتار نین کە مرۆڤەکان لە تەنھایـی پەنھانییا ئەیانکەن، واتە ئەو کاتەی مرۆڤەکان پێکەوەئەبن بەشێک لە ڕەفتارانەی ئەیانکەن و ئەیانوێنـن سەد لە سەد سروشتـی مرۆڤەکان نیـن بەڵکو بۆ خۆ گونجان و ھەڵکردن لەگەڵ ئەوانـیترا ئەکرێن بەڵام کاتێک مرۆڤ سەربەخۆی تەواوی خۆی وەرەگرێ و تەنھا دوو چاو لە کۆی چاوەکان کە ئەویش چاوەکانـی خودی مرۆڤەکەیە ڕەفتارو کرداری ئەبینـن ئیـتـر لەو کاتەیا مرۆڤ سەربەخۆی خۆی وەرەگرێ و ئەو پێویستیانەی کە ناتوانـێ بەئامادەبوونـی مرۆڤەکانـی تر پڕیبکاتەوە لەو سات و کاتەیا تەواوی پێویستیەکانـی خۆی تێـرەئەکات.
کەواتە ئازادی سەد لەسەدی مرۆڤەکان تەنھا لە تەنھایـی مرۆڤا بـێ چاودێری فەراھم و بەرجەستەئەکرێ و ھەر نزیک بوونەوەیەک لێـی پێشێل کردنـی ئازادی سروشتـی مرۆڤە.
کاتێکیش دوو مرۆڤـی پێگەشتوو سەربەخۆ لە کارێکـی پێکەوییا بەشدارئەبن و دوور لە بەشداری خەڵکانـیتر مافـی سەربەخۆی و سروشتـی ئازادی پێبەخشراو بەرجەستە ئەکەن ئیتـر ھەر دزە تەماشایەک یان کامێرەیەکـی چاودێری ئەچیتە قاڵبـی تاوانـی پێشێل کردنـی سروشتی ئازادی پێبەخشراوەو کارێکـی ئاست نزم و دوور لە ڕەوشتە، کەسـی دزە تەماشاکەر تاوانبارو تێکدەری شیرازەی کۆمەڵگەیە و تەنھا نەفرەت ئەچنێتەوە.
بەڵام ھەموو کاتـێ دزە چاودێری زیانبەخش نیە و ناشچێتە چوارچێوەی تێکدانـی شیرازەی کۆمەڵگە تا ئەو شوێنەی بە یاسا ڕێکخرابـێ و لە بازنەی خۆشگوزەرانـی و پاراستنـی مرۆڤا بەکاربھێنرێ.
لێرەوە ھەست بەو تاوانە زۆرانە ئەکرێ کە بەرامبەر مرۆڤ لەلایەن خودی مرۆڤەوە ئەکرێ و ڕۆژانە چەندین جار مافـی سروشتـی ئازادی مرۆڤەکان ئەبەزێنـرێ بە تاوانیش ئەژمار ناکرێ چونکە بەشێک لە و بەزاندنـی ئازادیە سروشتیەی مرۆڤ ئەگەر تاوان بێت ئەوا ئەو تاوانە ھۆکارە بۆ پاراستنـی مرۆڤەکان لە تاوانێکـی گەورەترو نەخوازروتر ھەربۆیە مرۆڤەکان لێـی بێدەنگ ئەبن و بەڵکو ھەندێ جار بەخۆشحاڵیشەوە سوپاسگورازی بەزاندنـی سروشتـی ئازادیەکان ئەبن چونکوم خود لێـی سودمەندە، نمونەی ئەو بەزاندنـی سروشتـی ئازادیەی مرۆڤیش کامێـرای چاودێری شوێنە گشتیەکانـن کە لە چەندین تاوانا ڕۆڵـی یەکلای کەرەوەو خاڵـی کۆتایان لە سەر ئیسپات کردنـی بوونـی تاوان و دەستنیشان کردنـی تاوانبار ھەیە.
کاتێک مرۆڤەکان لە تەنھایـی ڕەوان و خوددا سەد لەسەدی ئازادیە سروشتیەکانـی بەرجەستە ئەکات و ئەم کارەش کارێکـی گشتگیـرەو کۆی مرۆڤایەتـی ئەگرێتەوە، ئیتـر بۆ ئەبـێ لە کاتـی ئاشکرابوونـی لەلایەن کەسانێکـی ترەوە بە ئابڕو چوون ئەژمارکرێ و شەرمەزاری بۆ مرۆڤ دروست بکات، لە کاتێکا کەسـی بەرامبەریش ھەمان کارو فەرمان لە تەنیاییا بەرجەستە ئەکات!
ئەو کاتەی مرۆڤ سنوری ئازادی سروشتـی کەسێکـیتر ئەبەزێنـێ و لە پەنھانیا بەبـێ پرس تەماشای ئەکات بگرە لەوەش زیاتـر کامێرا بۆ تۆمارکردن دائەنـی ئەوە تەنھا تەنھا تاوان نیە و بەس بەڵکو ئەمە ئەبێتە ھۆکاری لێکترازانـی کۆمەڵگەو پشێووی جڤاکـی، نەک ھەر ئەوەندە بەڵکو کاری لەو جۆرە ئاستێکـی نزمـی کەسایەتـی و بـێ ڕەوشتیشە.
کاتێکیش کە بازنەی ڕەوشت کەلێنـی تێئەکەوێت ئیتـر ئەو گرێبەستە واژۆنەکراوەی نێوان مرۆڤەکان بوونـی نامێنێت و پێکەوە ژیان و پێکەوە ھەڵکردن کارێکـی ئاستەم ئەبێت و بـێ متمانەی ڕابەرایەتـی کۆمەڵگە ئەکات و گرێدانەوەی دەزوی متمانە بوون بەیەکتـر زۆرترین ووزەو کاتـی ئەوێت.
کەواتە بۆ ڕاگرتنـی شیرازەی کۆمەڵگەو پێکەوە ژیان و متانەبوون بە مرۆڤە ھاوڕێکان و دەست وەرنەدان و پێشێل نەکردنـی سروشتـی ئازادیەکانـی تاک ئەبـێ دەزوی گرێبەستـێ واژۆنەکراو نەپچڕێنرێ و ڕەوشتـی نەبەزاندنـی سنوری ئازادی مرۆڤ وابەستەی ڕەوان بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.