مەھدی کاوانی
حوکمی دوو بنەماڵەیییەو بەدیموکراتیزی و فرەیی و پەرلەمانیش پۆشتە دەکرێ
وەک ستالینیش ئاسا ، گرنگ دەنگدەر نیە ، گرنگ ئەوەیە کێ دەنگەکان دەبژێرێ .
خەریکە بڵێم قسەی ئەو برادەرە کوردەی سولێمانی و ماوەی ٣٠ ساڵێکە نیشتەجێی ئەلمانیایە و لە دەمەتەقێیەکی بە مسینجەر و یەکتر دواندن . دەڵێ سوسیالیستی و دیموکراتی و کاری فەیلەسوفەکان ، دیاردەیەکی ڕۆژئاواییەو لاسایی کردنەوە لای خۆمان و ئیدی و ئیدی ھاوشێوەی خۆمان ، تا ئێستا ھیچی لە شوێن شین نەبۆتەوە.
بەندە ئەگەر ئایەکەش لە دروستی ڕاکەی نەدەم ، ناتوانم ناکەش بدەم چونکە تاوەکو ئێستا لەو وڵاتانەی کە دەکەونە دامێن سەرمایەداری بە تایبەتی وڵاتانی ئیسلامی ، وڵاتێکم نەبینیوە کە مەرحەلەی پاش دیموکراتی ، گوازبێتەوە بۆ پێشکەوتنی ئابووری وکۆمەڵایەتی و ڕۆشەنبیری و پێیەوە خۆش گوزەرانی بۆ خەلکەکە دابین بکا . نمونەی حوسنی موبارەک و زینەدین عابدین و عەلی سالح و بۆتەفلیقەو عومەر حەسەن بەشیرو حوکمی پاش موعەمەر قەزافی ، باشترین نمونەن کە وڵاتانی دامێن سەرمایەداری ناتوانن بە ڕێگای لاسایی کردنەوەی ڕۆژئاوا وڵات بەڕێوە بەرن . ھی کوردینەی خۆمانەش بە تایبەتی و عیراق بە گشتی وپاش رووخانی سەدام ، نەک شتەکان وەک خۆیەتی ، بەلکو خراپتریش .
کۆمۆنەی پاریس لە سەردەمی مارکس ڕوویداو بۆ خۆشی پشگیریەکی تەواوی لێوە کرد بەس لێرەو لەوێش لای ئەم و ئەو باسی لە ھەرەسی کۆمۆنە دەکرد . مارکس و بۆ ئەو کاتی دەیگۆت سوسیالیستی ئەگەر لە وڵاتێکی ھەرە بەھێزی سەرمایەداری زیاتر مەبەستی ئینگلتەرە بوو ، سەر نەگرێ و پێیەوە بگوازیتەوە بۆ ولاتانی تری سەرمایەداری موستەحیلە . ڕاستی قسەی مارکس لە تەجروبەی یەکیەتی سۆڤیەت بە دەر کەوت . چاینەش با حیزبی شوعی قیادەی سیاسی بە دەستەوە بێت ، بەڵام سیستەمی ئابووری لەو ولاتەش وەک ھی ڕۆژئاوای لێ ھاتووە .
سیستەمی سیاسی مەبەستم ھی جیھانی کۆن ، بەشێوەیەکی گشتی زیاتر سیستەمی مەلەکی بووە . وەک باس دەکەن نموونەی چاینە دەناو ئەو سیستەمە پاشایەتیە بەپۆزەتیڤ باس دەکرێ . یانی پاشاکانیان بە زنجیرەو دروستی حوکمڕانی خۆیان بۆ ئەو شوێنە بردۆتەوە کەنەیەڵن گەلەکەیان برسی بێت .
ئەو سیستە ئابووریەی کە لە ڕۆژئاواو تا ڕادەیەکی زۆر نەگۆڕیشە ، لە خۆیەوە نەھاتووە . ئەوان تا کەنیسەیان کلک و گوێ نەکرد کە شەڕی سەد ساڵەی ناوخۆی ئەوروپی لێ کەوتەوە ، شەڕوشۆڕەکانیش لە سەدەکانی ناوەراست و زیاتر ئەو سەردەمە بوو کە سەلاحەدینی ئەیوبی وەک تازەخەلیفەی ئیسلامی بە دەرکەوت ، ئیدی بە دوایەوە توانیان ئەو وەرچەرخانە مێژوویە ھەرە گرنگە لە دەرەبەگایەتی بۆ سەرمایەداری بگۆڕن .
وڵاتانی ئیسلامی نەک نەیان توانیوە وەک مەسیحیەکان ئاسا کەنیسە کلک و گوێ بکەن بەلکو مزگەوتەکان دە ئەوەندەی جاران گەرمو گوڕترن .
گۆڕینی سیستەم یان ڕوودانی وەرچەرخانی نوێ بە بونیاتنانی ئابووری و پێشکەوتنی کۆمەلایەتی و ڕۆشەنبیریەوە دەکرێ کە دەبێ لە پێشدا وەک ئەوروپا ئاسا ھەموو تەگەرەکانی بەردەمی لاببردرێ کە لە ھەموویان گرنگتر لابردنی دەستێوەردانی دینە لەکایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بە دواشیەوە بەشداری پێکردنی ژنە لە ناو ھەموو جموجۆلە سیاسی و ئابووریەکان و کەھەردوکیان لە تەواوی ئەو ولاتانە کە ژمارەی دانیشتوانیان نزیکەی ملیارو نیوێک دەبی ، غائیبە .
تاقی کردنەوەی حوکمرانی لەکوردستان ٢٨ ساڵی تێپەڕاند ، ئەوەی لە واقیعدا دەبینرێ حوکم حوکمی دووبنە ماڵەی بارزانی وتاڵەبانیەو بەس و ھیچی تر .
قسەم لە سەر ئەوەوە نیە تا چ ئەندازەیەک دیموکراتین یان نا . دیسان قسەشم لە سەر ئەوەوە نیە ، کە پێیان بڵێم ڕێڕەوی دەستاو دەستکردنی دەسەلات بە ئامانج بگرن ، بەس لە ھەرکەسێ بپرسی حوکمی بنەماڵەیی ، دەکاتە حوکمی پاشایەتی جا ئەوشێوە حوکمرانیە دیموکراتی و پەڕلەمانی بێت یان نا ، سەرۆک دەسەلاتی رەھا بێت یان مام ناوەندی یان تەشریفاتی . سەرۆک لە پەڕلەمانەوە ھەلببژێردرێ یان لە لایەن خەلکەوە .
ئەو دەستەواژانە وبە بۆچوونی خۆم پولەکی ناھێنێ بە دەلیلی ئەوەی ئەوە ٢٨ ساڵەحوکمی کورد دوو زۆنی بارزانی و تالەبانیەو بەس و ھیچی تر . دەستوورمان ھەبێ نەبێ ھیچ لەمەسەلەکان ناگۆڕدرێ . باشترین دەستووری جیھانی ، دەستوری فەرەنسا بە نمونە بکەینە دەستووری خۆمان ، ھەمان تاس و ھەمان حەمامە .
کاکە با پۆشتەکردنەکەشیان بە حوکمی سیستەمی دیموکراتی و ئەو دیاردە تەزویرە ھەرە فراوانەیان ، بێدەنگی لێوە بکرێ.
تائێرە با بڵێن قبولمانە ، حوکم حوکمی بنەماڵەییە و سەد دەر سەد حوکمی دەرەبەگایەتی بەر قەرارە . ھەمدیسان با وا دانێین ئاساییە . بەس دە خەلکی برسی مەکەن ، دە خەلکی بێ ئیش مەکەن ، دەگەشەی کشت وکالی و جولە ئابووریەکان سفر مەکەنەوە . دە ھەندەک لاسایی سیستەمی سیاسی دەرەبەگایەتی و کاری پاشایەتی ئەوان سەردەمان ، وێنا بکەن .
ئەوەش لێگەڕێن کاکە دە لاسایی ولاتانی کەنداو بکەنەوە . دەبینن لەو ولاتانە کە سیستەمی حوکمرانیش پاشایەتیە بەس جموجۆلە ئابووریەکان ودۆزینەوەی ھەلی کارو پێشکەوتنی وڵاتیان ، نەوەستاندوە .
لێشناگەڕێن ولاتانی دەوروبەر ھێرشیان بکەنە سەر و دەشیان پارێزن
ئەوان ولاتێکی نەوتینە ، ھی ئێوەش وڵاتێکی نەوتیە .
کاکە دە بەس لاسایی ئەردەن بکەنەوە حوکمی وان بە یاسا ، مەلەکیە ھی ئێوە بەبێ یاسا مەلەکیە . قەترەیەک نەوتی دەرھێنانیان نیەو پەنجا ساڵیش دەبی ، دیناری ئەردەنی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی بەھاکەی خۆی پاراستووە .
ئەخر ئێوە نا ، ھەر چەشنە حوکمرانیەکی ھاوشێوەی ئێوە لە ھەر ولاتێکەوە بێت و گەشەی ئابووری تیایدا بە ھەمووکەرتەکانیەوە وەستێنرابێ و بەشی ھەرە زۆری خەلکەکەی بە بەتالە موقەنەعەو دەستنەکەوتنی کار ، کات بەڕێوە ببات و سامانی نەوتیش لە نێو خۆیان بە سیستەمی سەفتە بۆ ئێمەو خوردەش بۆ خەلک ، تەخشان و پەخشان بکرێ و سنورەکانیش لەبەردەم وڵاتانی ھاوسنوور ئاواڵە بێتو بە ئارەزووی خۆیان بێنە ناوەوەو ئێوە نەتوانن بەرگری بکەن ، ئەوڕۆ یان سبەی ئەو جۆرە حوکمرانیە دەڕوخێ یان کۆتایی پێدێت و ئاسۆی خەلکیش بە ناڕۆشنی دەمێنێتەوە و ناشزانرێ کە خراپتر لە پاشتر ، ڕووبەروویان دەبیتەوە ،
نابێتەوە .