سیستەمی حوکمڕانی کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 760 جار بینراوە

پ.ی.د.رعد رفعە محمد
لە جیھاندا سێ جۆرە سیستەمی حوکمڕانی ھەیە:
– سیستەمی سەرۆکایەتی: مۆنتسکیۆی فەرەنسی پێی وایە دیموکراترین سیستەمە؛ چونکە ھەر سێ دەسەڵاتە تەنفیزی ویاسادانان وقەزاییەکە بەتەواوی لێکجودان وھیچ ھەژمونێکی تەوتۆیان بەسەر یەکەوە نیە. سەرۆک دەسەڵاتێکی فراوانی ھەیە وھەر خۆی سەرۆکی حکومەت و وەزیرکانی دادەنێت وپێویستی بە متمانە بەخشینی پەرلەمان نیە.
– سیستەمی پەرلەمانی: لەسەر بنەمای ھاوکاری وھاوسەنگی بنیادنراوە، واتە: نوێنەری ھەڵبژێردراوی گەل لە پەرلەمان متمانە دەبەخشن بە سەرۆک وکابینە حکومیەکە وھەر پەرلەمانیش دەتوانێ لێپرسینەوە ومتمانەیان لێ وەرگرێتەوە. لەبەرامبەردا، حکومەت دەتوانێ داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکات وپەرلەمان ھەڵوەشێنێتەوە.
– سیستەمی نیمچە سەرۆکایەتی یان تێکەڵە: ئەم سیستەمە لەھەندێ ووڵاتی وەک فەرەنسا وئیرلەندا ونەمسا پەیڕەو دەکرێ. ئەم سیستەمە لە ئەنجامی ھەندێ ھەڵەی تاکڕەوانەی پراکتیکی سیستەمی سەرۆکایەتی بەرپا بووە، وەک ھەڵسوکەوتە تاکڕەوانەی ناپلیۆن لە فەرەنسا، تا لەساڵی ١٩٥٨ دیگۆلڕ سیستەمەکەی لە سەرۆکایەتی گۆڕی بۆ نیمچە سەرۆکایەتی. لەو سیستەمە سەرۆک راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە ھەڵدەبژێردرێ وسەرۆکی حکومەتیش لەلایەن پەرلەمانەوە وبەھەردوکیان دەسەڵاتی جێبەجێکاری پێکدەھێنن. دادگای دەستوری مەرجەعە بۆ ئەم جۆرە سیسیتەمە بەمەبەستی یەکلایی کردنەوەی سنوری دەسەڵاتە تەنفیزیەکان.
لەژێر رۆشنایی ئەو زانیارانەی سەرەوە سیستەمی حوکمرانی ھەرێمی کوردستان بەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینە روو:
یەکەم: لەھەرێمی کوردستان چۆن ستەم ونادادی بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکرێت بەناوی سیستەمی سەرمایەداری وسەربەخۆیی ئابوری، لەکاتێکدا ئەو ناوانە تەنھا بونەتە ماسک بۆ قۆرخکاری وھەژمونی حزب بەسەر بازار وکۆمپانیا وبژێوی خەڵکی. بەھەمان شێواز، سیستەمی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم تەنھا بەناو پەرلەمانیە؛ چونکە سیستەمی ھەرێم نە سەرۆکایەتیە، نە پەرلەمانی، نە نیمچە سەرۆکایەتی.
سیستەمی سەرۆکایەتی نیە؛ چونکە سەرۆکی حکومەت لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی پێ دەبەخشرێ. سیستەمی پەرلەمانیش نیە چونکە؛ سەرۆکی ھەرێمیش چەندین دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ھەیە کە لە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی ھەموارکراوی ساڵی ٢٠٠٥ ھاتووە. ھەروەھا سیستەمەکە نیمچە سەرۆکایەتی نیە؛ چونکە ھیچ مەرجەعێکی دەستوری نیە لایەنە ناکۆکەکان پەنای بۆ ببەن بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی سنوری دەسەڵاتەکان.
دووەم: سەرۆکایەتی ھەرێم بۆتە کاڵایەک ھەر جارەو بەباڵای کەسێک دەیدورن. ھەر لەساڵی ١٩٩٢ یاسای ژمارە ٢ی رابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردی وساڵی ١٩٩٣ یاسای دەستەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ویاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی ساڵی ٢٠٠٥ بە گشت ھەموارەکانی تا کۆتایی ٢٠١٨ ھەمویان دەرخەری ئەو راستیەن کە ھەر کاتێک حزبی دەسەڵات بەرژەوەندی کەسی وحزبیان لەچی دابێت یاساکان بەو شێوازە دەگۆڕن ودەستکاری دەکەن.
لە ٢٠٠٥ بەرامبەر پۆستی سەرۆک کۆمار سەرۆکی ھەرێمیان دامەزراند، کاتێک ھەستیانکرد کاندیدی کاریزمای بەھێزیان ھەیە، ھەڵبژاردنی سەرۆکیان راستەوخۆ لەناو خەڵک ئەنجامدا. ھەر کاتێک بەگوێرەی یاساکەی خۆیان بۆیان نەبوو سەرۆکەکەیان جارێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە، یاساکەیان بۆ گۆڕیوە وماوەی سەرۆکایەتیان درێژکردۆتەوە ودەرگای پەرلەمانیشیان قفڵداوە بەرووی ھەر دەستکاریەکی یاساکە. کاتێک سەرۆکەکەیان بۆی نەبوو –دوای ریفراندۆم- بەبڕیارێکی زلھێزەکان بەردەوام بێت لە سەرۆکایەتی ھەرێم، دامەزراوەی سەرۆکایەتیان سڕکرد ودەسەڵاتەکانیان دابەشکرد بەسەر حکومەت وئەنجومەنە دادوەریەکەیان.
ئێستا بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانیان بەنیازن دامەزراوەکە زیندو بکەنەوە وھەڵبژاردنی سەرۆکیش لەپەرلەمان بێت.
سێیەم: لەم ھەرێمەی ئێمەدا، پێدەچێ بەمەبەست جەدەلی سیستەمی حوکمرانی دروستکرابێ، ئایا سیستەمی حوکمرانی لە کوردستان پەرلەمانیە یان سەرۆکایەتی؟ ئایا کامەیان دیموکراتیەو کامەیان دیکتاتۆری؟
خۆی لە بنەڕەتدا ھەر سێ سیستەمەکەی سەرەوە شێوازی حوکمرانی دیموکراتین ولە ھەرێمی کوردستان بەھەڵە سیستەمی پەرلەمانی بەدیموکراتی وسیستەمی سەرۆکایەتیش بە دیکتاتۆری ناوزەند دەکرێت. ئەمریکا پێشکەوتوترین سیستەمی سیاسی دیموکراتی ھەیە کە ئەویش سیستەمی سەرۆکایەتی پەیڕەو دەکات.
لە کوردستان ئەم کێشمە کێشمەی جۆری سیستەم بۆ پەردە پۆشکردنی ماھیەتی حوکمڕانی کوردستانە؛ چونکە دەسەڵاتداران گشت جومگەکانی حوکمڕانیان کۆنترۆڵکردوە، ھەر لە زانکۆ وقوتابخانەو باخچەی ساوایانەوە تا پێشمەرگە وئاسایش وپۆلیس وبازاڕ وکۆمپانیا وسەندیکا ودادگا وموختار وپەرلەمان حکومەت وھتد…
بۆیە پێویستە شەری حزبە سیاسیەکان ورێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ومیدیای ئازاد وچاڵاکوانان دروستکردنی دامەزرواەکان بێت بە پلەی یەکەم نەک مشتومڕی بێ ھودە لەسەر جۆری سیستەمی حوکمڕانی لەھەرێمی کوردستان؛ چونکە تەنانەت لە ووڵاتە دیکتاتۆرەکانیش کاتێک دامەزراوەکان دروستکراون وسەربەخۆکراون توانراوە گۆڕانکاری وچاکسازی بەقۆتاغ ئەنجام بدرێ ولەکۆتاییدا سیسەتەمێکی حوکمڕانی دیموکرات بنیادبنێن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.