ئابووری سه‌ربه‌خۆ كۆكردنه‌وه‌و لێكده‌ركردنی ژماره‌كان نییه
سه‌نگه‌ر رسول*
چیرۆكه‌كانی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ئابووری زۆر مه‌ترسیدارن و باجهكهشییان زۆر قورسه‌و بواری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان گه‌لێك ئه‌سته‌مه. كێشه‌ی ئابووری كێشه‌ی سیاسی پارتێك نییه قه‌تیس بووبێت له‌نێوان كه‌مبوونه‌وه‌ی كورسییه‌كانی و دووری و نزیكی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو بۆ راستكردنه‌وه‌ی باری لاری ئه‌و پارته كه له‌دواجاردا به‌شێكی كۆمه‌ڵگا لێی زه‌ره‌مه‌نده نه‌ك هه‌مووی به‌ڵكو نیوه‌شی نا! به‌ڵام له كێشه ئابووریییهكاندا نوخبه‌یه‌كی سیاسی یاخود پارتێكی سیاسی جوڵه‌یه‌كی نه‌شاز و بێ ووردبوونه‌وه ئه‌كات و له‌دوایشدا كۆمه‌ڵگا به‌یه‌كه‌وه به‌هه‌موو ره‌نگه‌كانییه‌وه باجه‌كه‌ی ده‌دات و له‌وه‌ش خراپتر ئه‌و هه‌ڵه ستراتیژییه‌ی كه له‌سیاسه‌تی ئابووری دێته بوون ئه‌وا بهزهمهنێكی كورت ناتووێتهوهو ده‌بێته بهستهڵكێك و نه‌وه‌یه‌ك و دوونه‌وه‌ی دواتر ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن!
بۆ تێگه‌یشتن له قه‌باره‌ی توندی زیانه‌كانی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ئابووری و كه چۆن میلله‌تان باجی قورسییان داوه ئه‌وا ده‌بێت خوێندنه‌وه بۆ چه‌ند نموونه‌یه‌ك بكه‌ین. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا بگه‌رێینه دواوه ئه‌وا له‌دوای سه‌ركه‌وتنی شۆرشی كۆمیونیستهكانی چاینا له ئۆكتۆبه‌ری 1949 دا، ما‌و زیدۆنگی سه‌ركرده‌ی ئه‌و شۆرشه له‌ژێر ناوی شۆرشی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یه‌ویست مۆدێلێك له‌ئابووری سۆسیالیزم بنیات بنێت، به‌ڵام ئه‌و مۆدێله نه‌ك هه‌ر ئابوورییه‌كه‌ی پێشنه‌خست به‌ڵكو به ملیۆنان خه‌ڵكی (مه‌زنده‌ی 30 ملیۆن زیاتر ده‌كرێت)، بوونه قوربانی و ته‌نانه‌ت له‌دوای مردنی ئه‌و سهركردهشدا پارته‌كه‌ی له ساڵی 1981 به‌فه‌رمی دانی به‌وه دانا كه ده‌رئه‌نجامی شۆرشه كه‌لتوورییه‌كه‌ی ما‌و زۆر به‌خراپی به‌سه‌ر ووڵات و ئابوورییه‌كه‌ی و خه‌ڵكه‌كه‌ی شكاوه‌ته‌وه!
ئه‌گه‌ر بۆ نموونه‌ی دووه‌م باز بده‌ین بۆ سه‌رده‌می ئێستا و له‌مۆدێلی ئابوورییه‌كی سه‌رمایه‌داریدا باسبكه‌ین ئه‌وا ده‌بینینی سكانداڵی كۆمپانیای نه‌وتی نیشتیمانی به‌رازیل ناسراو به پیترۆبراس وڵاتی به‌رازیل دووچاری گه‌وره‌ترین قه‌یرانی ئابووری كرد‌و له‌دواجاریش هه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌و وڵاته‌كه‌ی باجی گهورهیانداو چیرۆكه‌كه‌شی به‌مشێویه بوو؛ پترۆبراس وه‌ك یه‌كێك له‌پایه ئابوورییه گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌تی به‌رازیل و له‌دوای ساڵی 2008 ه‌وه كۆمپانیاكه دروستكردنی كۆمه‌ڵگای پترۆكیمیایی كۆمپێرژ (the Rio de Janeiro Petrochemical Complex (Comperj)) له‌سه‌ر رووبه‌ری 45 كم دووجا درووست بكات له ناوچه‌ی ئیتابۆری سه‌ر كه‌نار ده‌ریا به‌هۆی نزیكی و گونجاوی شوێنه‌كه له‌پێگه‌ی گازی سروشتی ژێر ئاوی باسین (Santos Basin)، چاوه‌روان ده‌كرا كه‌متر له‌دووساڵ پرۆژه‌كه ته‌واو بكرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی 150 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ی نه‌وتی قورسی خام و كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می كیمیایی دیكه. پیترۆبراس له پرۆژه‌ی پترۆكیمیاوی كۆمپێرژ رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م كۆمپانیا كێبركێكارهكان كرد بۆئه‌وه‌ی وه‌رگرتنی پرۆژه‌كه زامن بكات و به‌نرخێكی گران بۆ خۆی بێت و به‌وشێوه‌یه ئه‌و پرۆژه‌یه زه‌به‌لاحه‌ی بۆ ده‌رچووه و له‌هه‌مانكاتیشدا به‌شێوه‌یه‌كی ئیجگار زۆر نرخی دروستكردنی پرۆژه‌كه‌ی له‌سه‌ر حكومه‌ت گران كرد، كه له‌جیاتی به 6.5 ملیار دۆلار ته‌واو بێت ئه‌وا پرۆژه‌ی كۆمپێرژ 14 ملیار دۆلار له‌سه‌ر حكومه‌ت و خه‌زێنه‌ی گشتی به‌رازیل كه‌وت، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌كه ته‌واویش بكرێـت و بخرێته كار زیانه‌كان هه‌ر به‌وه نه‌وه‌ستان و له‌نرخی پشكه‌كان نزیكه‌ی 5 دۆلاری بۆ هه‌ر پشكێك له‌ده‌ستدا و حكومه‌تی به‌رازیلیش جگه لهتێچوونهكان زیاتر له 14 ملیاردۆلاری به‌هۆی 29% پشكه‌كانی له‌ده‌ستداو هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌دادگاكانی ئه‌مریكاش په‌یوه‌ست به‌م كێشه‌یه 2.1 ملیار دۆلاری سزا به‌سه‌ر پترۆبراس سه‌پاند. هه‌روه‌ك كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و سكانداڵه بووه هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری و كه پێش رووداوه‌كه 7.1% بوو دوای ئه‌وه به‌رزبوویه‌وه بۆ 13% و هه‌روه‌ها له‌ساڵانی 2015، 2016،2017 ئه‌وا جی دی پی گشتی 2.5% بۆ هه‌ر ساڵێك له‌ده‌ستداو له‌كاتێكدا گومان ده‌كرێت له‌ده‌ستدانی جی دی پی تاوه‌كو 3.6% رۆیشتبێت! هه‌روه‌ها ئه‌و سكانداڵه بووه هۆی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی به‌رازیل 11 ملیار دۆلار له سێ ساڵی دوای رووداوه‌كه له‌ده‌ستبدات به‌هۆی دابه‌زینی پشكه‌كان و وه‌ستانی قازانج و باجه‌كان.
باسكردنی هه‌ردوو مۆدێلی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی حوكمرانی كۆمیونیستی و سه‌رمایداری ئاماژه‌یه‌كی روونه بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵكردنی ئابوورییانه چ له مۆدێلێكی حوكمرانی دیموكراسی بێت چ له‌مۆدێلێكی حوكمرانی تاكراوانه یاخود كۆمیونیستی بێت ئه‌وا باجه‌كه‌ی گه‌وره‌و قورسه‌و وڵات و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌هیلاك ده‌بات و ئه‌م پرسه‌ش ده‌مانخاته به‌رده‌م پرسیارێكی جددی: ئایا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم چۆن چۆنی سیاسه‌تی دارایی و ئابووری خۆیان داده‌رێژن؟ بریاری بری دیاریكراوی راده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم (250 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه) به به‌غدا؟ چۆن كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر ئابووری هه‌رێم و بژێو قوتی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه؟
به‌ر له‌هه‌موو شتێك ئه‌گه‌ر بریاره ئابووری سه‌ربه‌خۆ به كۆكردنه‌وه‌و لێدهركردنێكی ساده‌ی ژماره‌كانی دۆلاره‌وه بریاری له‌سه‌ر بدرێت ئه‌وا هه‌رێم داهاتوویه‌كی ناروونی ئابووری چاوه‌رێی ده‌كات و به‌ڵكو ئابوورییه‌كه‌ی له‌و نیمچه سه‌ربه‌خۆییه‌و كراوهییهی كه له‌ئێستادا هه‌یه به‌ره‌و داخرابوونی ده‌بات. چونكه ئابووری ته‌نها و ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به داهاتی به‌ده‌ستهاتوو، به‌ڵكو وه‌ك ته‌ونی جاڵجاڵۆكه ئه‌وا ئابووری جوگرافیایه، ژماره‌ی دانیشتووانه، زانسته، هێزی مرۆیی و ئیداره‌ی مرۆییه، رووبه‌رو خاكه و له‌دواجاریشدا یاسا‌و رێسای وڵاتی خاوه‌ن سیادییه و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك بنه‌مای دیكه. كه هه‌ر یه‌كێك له‌و مه‌له‌فانه كۆمه‌ڵێك لق و پۆپی لێده‌بێته‌وه‌و له‌دواجاردا خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخی ئێستا‌و شاره‌زابوون له‌رابردوو پێشبینیكردنی داهاتووشیان ده‌وێـت!
بۆیه له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوی هه‌ر نیاز‌و بریارێكی راده‌ستنه‌كردنی بره نه‌وتی خاوی دیاریكراو به‌حكومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌وا هه‌ر خه‌ڵك و مووچه‌خۆران زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م نابن، به‌ڵكو هێدی هێدی كاریگه‌رییه‌كانی دادهچۆرێنه سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی وڵات و ئابوورییه‌كه‌ی.
ئه‌گه‌ر له‌روانگه‌ی یه‌كێك له‌مه‌له‌فه‌كانی سه‌ره‌وه خوێندنه‌وه بۆ ده‌رئه‌نجامه تاڵه‌كانی سیاسه‌تی رادهستنهكردن بكه‌ین و لایه‌نه یاسایی و ده‌ستوورییه‌كه‌ی به‌هه‌ند وه‌ربگرین ئه‌وا به‌پیاده‌كردنی سیاسه‌تی رادهستنهكردن وعینادی كردن به‌روونی ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌رێم نایه‌وێت له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمێكی ده‌ستووری و یاسایی دانپێنراوه ته‌سه‌روف بكات و ئه‌مه‌ش له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌وه ده‌بێته به‌ربه‌ست و كێشه بۆ كرانه‌وه‌ی ئابوورییه‌كه‌ی كه هه‌ر وڵاتێكی پێشكه‌وتوو ده‌وڵه‌مه‌ند بیه‌وێت وه‌به‌رهێنان، قه‌رزی درێژخایه‌ن، پێشخستنی پیشه‌سازی یاخود یارمه‌تیدان و هاوكاری پێشكه‌شی هه‌رێم بكات ئه‌وا ناتوانێت و عیراق ده‌توانێت به‌بیانووی ناده‌ستووری بوون و حه‌قی پاراستنی سه‌روه‌رییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه له‌و كار‌و خزمه‌تگوزاریانه رابگرێت!
هه‌ڵبه‌ته بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانیشی له‌به‌رده‌م ته‌حه‌دییه‌كانی ده‌ستوورو سهروهریبوون، ئه‌وا هه‌رێم ناچار ده‌بێت وڵاتێكی به‌رگریكار و به‌دیلی به‌غدا بدۆزێته‌وه‌و بۆ ئه‌مه‌ش روون و ئاشكرایه به‌هۆی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه توركیا ده‌بێت و له‌و حاڵه‌ته‌شدا به‌هۆی بچووكی قه‌باره‌ی هه‌رێم و ده‌وڵه‌ت نه‌بوون و باڵاده‌ستی سه‌ربازی و دیبلۆماسییانه‌ی توركیا وقه‌باره گه‌وره‌كه‌ی، ئه‌وا هه‌رده‌م هه‌رێم ده‌بێته نێچیرو دیلی سیاسه‌ته شاراوه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته و ئه‌مه‌ش تۆماتیكی مانای وایه ئابووریییهكی داخراو لهفیعلیدا له‌ژێر ناوی سه‌ربه‌خۆبووندا!
بۆیه مه‌ترسییه‌كانی درووستنه‌بوونی لێكتێنه‌گه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌غداو راده‌ستنه‌كردنی نه‌وت، ئه‌وا قه‌یرانێكی گه‌وره‌تر له‌قه‌یرانه سیاسییه‌كان به‌رۆكی هه‌رێم ده‌گرێت و ئه‌م پرسه‌ش پرسێكی سیاسی نییه هه‌ق وایه سه‌رجه‌م هیزو پارته‌كان خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵوێستییان هه‌بێت و نابێت و ناشێت هێنده سانا وه‌ربگیرێت چونكه ئه‌م پرسه په‌یوه‌ندی به‌ژیان و ماڵی هه‌مووانه‌وه هه‌یه نه‌ك ته‌نها سندوقی ده‌نگدان!
*شاره‌زا له‌ئابووری سیاسی و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان