بۆچی نەوشیروان مستەفا بوو بە ڕەمز ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 297 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

(نەوشیروان مستەفا پیاوێک نیوسەدە خەبات لە ژیاندا کردی بە خاوەنی چەندین سەدە لە دوای کۆچی دوایی )

زۆر جارلە مێژووی هەر گەل و نەتەوەیەک ڕودەدات سەرکردەیەک جیاوازتر لە هەموان دەردەکەوێت کە تا لە ژیاندایە خۆی دەبێت بە دروستکەری ڕووداوگەلێک بۆ مێژوو، دوای کۆچی دواییشی خۆی دەبێت بە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژوو . ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ناوێکی درەو شاوە لە خەبات و نیو سەدە خەباتی گەلی کورد، پیاوێک نیوسەدە خەبات لە ژیاندا، دەیکات بە خاوەنی چەندین سەدە لە دوای کۆچی دوایی .

پیاوێک لە خاوەنی خەباتی نیوسەدەی گەلەکەی، دەیکات بە کەسێکی ئەبەدی و خاوەن خەباتێکی نەپساوە لە مێژووی نەتەوەیەکدا . سەرکردەیەک دروستکەری زۆرترین ڕوداوی ناوازە بۆ بەدەسهێنانی مافی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی کورد، سەرکردەیەک خاوەنی سەرەتایەکی پڕ ئومێدو کۆتاییەکی پڕ سەرەتا، سەرەتا بۆ هەرکەسێک بیەوێت لە هەر بوارێک لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی و ڕزگاری ببێ بە ڕێبوار . (نەوشیروانی بوون ) قوتابخانەیەک بۆ ئەبەد لە مێژووی میللەتێک دەمێنێتەوە و دەبێت بە ڕێچکە و ڕێبازێک بۆ ڕێباوەڕی داهاتوی نەوەکان . نەوشیروان مستەفا ئەگەر دوێنێ کاراکتەرو دروستکەری قۆناغێکی مێژوویی بوو، ئەمڕۆ و بۆ ئەبەد بوو بە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی نەتەوەیەک .

ئەو بوو بە ڕەمزێکی نەتەوەکەی، ئیتر ڕەمزی نەتەوەیەک بۆ ئەبەد نامرێ و یاد و باس و خواسی بە زیندویی دەمێنێتەوە . ئیتر ئەو بوو بە مێژوو، مێژوویەکی درەوشاوە و پرشنگدار . ئەگەر تیۆری جیاواز لە سەر بوون و دەرکەوتنی سەرکردەیەک هەبێت ئەوە بۆ سەرکردەیەکی وەک کاک نەوشیروان تیۆری خودی یا زاتی زاڵ و کاریگەر بوە بۆ ئەوەی وەک سەرکردەیەک و دواتریش وەک ڕەمزێک دەربکەوێت . ئەگەر چی بارو دۆخ و ڕوداوەکانی چەند دەیەی ڕابردوو جیاواز و جۆراو جۆر بوون، بەڵام خودی نەوشیروان مستەفا لەلایەک لەهەر یەک لەم ڕوداوانە بوە ئاڕاستەکەر و گۆڕەری هەریەکەیان بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی و نیشتمانی و لەلایەکی تر خۆی دروستکەری ڕوداوەکان بوە و هەوڵی داوە هیچ دەرفەتێک لەدەست نەدا و ببێ بە دروستکەری دەرفەت . ئەمەش وایکردوە لە سەرکردەیەکی بێ هاوتا ببێ بە ڕەمزێکی نیشتمانی و نەتەوەیی لە قۆناغە جیاجیاکانی خەبات دا .

چی وایکرد ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ببێ بە ڕەمز ؟

ئەگەر بمانەوێت بە شێوەی گشتگیر باس لە ڕەمزی نەتەوەیەک بکەین دەکرێ بڵێین لە نێو نەتەوەیەک و کۆمەڵگایەک مەرجی بوون بە ڕەمز جیاوازە بۆ کۆمەڵگا و نەتەوەو گەلێکی تر، وەک چۆن قۆناغ و سەردەم هەمان جیاوازی هەیە . ئەگەر بواری کۆمەڵایەتی و ئیداری و پەروەردەیی چەند بوارێکی گشتگیربن بۆ سەرکردایەتی کردن ئەوا دەکرێت بڵێین شێوازی خەبات و جۆرو چەندێتی و بیری شۆڕشگێڕی و خەباتی چەکداری و مەدەنی بواری تربن لە بوارەکان بۆ سەرکردە و سەرکردایەتی کردن لەنێو نەتەوەو کۆمەڵگە جیاوازەکان بەتایبەت نەتەوەیەک دوور لە دەسکەوتنی مافەکانی و گەل و نیشتمانێکی ژێر دەستەو داگیرکراو . ئەوەی من مەبەستمە لێرە قسەی لەسەر بکەم و ئاماژەی پێ بکەم ئەو هۆکار گەلەن کە وایکردوە نەوشیروان مستەفا لەسەرکردەیەک بکات بە ڕەمزێک، ڕەمزێکی جیاواز، ڕەمزێک لە خەبات دا کە یار و نەیاری نەتوانن نکۆڵی لێبکەن . لەم هۆکارو بوارانەی کە بوون بە بناغەیەکی پتەو بۆ دروستبونی وەک ڕەمزێکی زیندوی مێژوو، کە هەر یەک لەو بوارانە بەتەنها دەتوانن ببن بە دروستکەری سەرکردەیەک یا ڕەمزێک بەڵام ئەو لەوەشدا جیاوازتر لە هەموان کۆکەرەوەی هەموو ئەم بوارانەدایە و هەریەک لەو بوارانە لە نەوشیروان مستەفادا بونیان هەبوە و لە ئەودا بەرجەستە بوون . بواری ( سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، ئاینی ، خەبات و شۆڕشگێڕی ، سادەیی و خاکێتی دوور لە خۆ دەرخستن ، نوسین و ڕۆژنامەگەری ، هۆشیاری و ڕۆشنبیری ، بونیادنان و نیشاندانی ڕێگای ئاوەدانی ، ژینگە و پاراستنی سروشت ، نەتەوەیی و نیشتمانی ، پەروەردە و خوێندن و خوێندەواری ، دارایی و کارگێڕی ، هاوڕێیەتی و نهێنی پارێزی ، ئیردەو بڕوابەخۆبون و متمانە ، کاردابەشکردن و هێنانی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو ، خەباتی مەدەنی و هزری ناتوندوتیژی ، داهێنەرلە کاری نوێ و داهێنانی بیری نوێ ، خەبات لە پێناو گۆڕینی جۆر و شێوازی حوکمڕانی و بنیادنانی دەوڵەتداری و چەندین بواری تر …… ) . ئەگەر بەکورتی و بە نمونەیەک لەسەر هەریەک لەم بوارانە قسە بکەین، ئەو کات دەتوانین بە ئاسانی وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرین کە بۆچی نەوشیروان مستەفا بوو بە ڕەمزی نەتەوەیەک ؟ لە ڕووی سیاسیەوە کەسێکی شارەزاو لێهاتوو و کارامە کە لە پێناوی گەیشتن بە مافی ڕەوای گەلێک سیاسەتی کردوە نەک سیاسەت لە پێناوی سیاسەت دا .

ئەو بۆیە سیاسەتی خوێند وبۆیە سیاسەتی کرد تا نەتەوەیەک بگەیەنێت بە کەناری ئارام و نەتەوەیەک لە ژێر دەستەیی ئازادبکات و نیشتمانێک لە داگیرکاری ڕزگار بکات . وەک چۆن لە ناو کۆمەڵگایەکی کۆمەڵایەتی کوردەواری پیاوێک بوو پڕاو پڕ لە کۆمەڵایەتی بوون تێکەڵبوون و پڕاو پڕ بوو لە ڕێزگرتن لە نەریتە کۆمەڵایەتی و کولتوریەکان ، پڕ بوو لە سادەیی و خاکێتی، سەرکردەیەک بوو سادەی ڕەنگدانەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی بوو، پیاوێک جگە کۆمەڵایەتی بوونی خۆی هەوڵیدا وەک کۆمەڵناسێک شەن و کەوی گشت لایەنە کۆمەڵایەتیەکان و کلتوری کوردەواری بکات و شیکردنەوەی کوردانە و کۆمەڵناسانە بۆ بوارە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردی بکات و وەک زانایەکی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسێک دەربکەوێت . نەوشیروان مستەفا بە شێوازی ڕەفتار و هەوڵدانەکان و باوەڕبوون بە یەکسانی و وەک یەکی مرۆڤ و دابینکردنی مافی وەک یەک و نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی و خەبات بۆ دادی کۆمەڵایەتی و بەدەستخستنی ماف و سەربەستی و حوکمڕانیەکی یەکسان، بەلەبەر چاوگرتن و بونی هەموو ئەمانە وەک کاری ئاینی هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی ڕەوانشاد وەک پیاوێکی ئاینی و دادخواز و یەکسانی خوازی ناو کۆمەڵگا دەربکەوێت .

ئەو هەم خاوەنی خەباتی شاخ و هەم خەباتی شارە ، کەسێک لەشاخدا سەرکردەو دروستکەری خەباتی چەکداری بوو، وەک چۆن لە شاردا سەرکردە و دروستکەری خەباتی مەدەنی بوو. ڕەمزێک قۆناغەکانی دەخوێندەوە، بۆیەش بوو بە دامەزرێنەروئەندازیاری خەباتی پارتیزانی و ئەندازیاری ڕاپەڕین و ئەندازیاری دژەگەندەڵی و ناسێنەری بودجە بە کۆمەڵانی خەڵک و دامەزرێنەری ئۆپۆزسیۆن و دروستکەری خەباتی پەرلەمانی لە کوردستان . ڕەمزێک خاوەنی ( نا ) یەکی گەورەیە بۆ نا شەفافی لە داهات و سامانی نەتەوەیی و شێوازی حوکمڕانی، نایەکی گەورە بۆ سیستمی حوکمڕانی سەرۆکایەتی و بنەماڵەیی . ڕەمزێک خاوەن و دروستکەری هێزێکی مەدەنی و پەرلەمانی و گۆڕینی شێوازی ململانێ لە ڕێگەی کوشت و کوشتار و سەربازی و چەکەوە بۆ ململانێی مەدەنی و پەرلەمانی و سندوقی دەنگدان . ئیتر ڕەمزێک وەک مێژوو نوسێک و نوسەرێک بوو بە نوسەرێکی جیاواز لە نوسینەوەی بەشێک لە قۆناغی مێژووی گەلێک . ڕەمزێک بە هۆشیارکەرەوە و بڵاوکەرەوەی هۆشیاری دەناسرێتەوە، ڕۆشنبیرێک و ڕوناکبیرێک و ڕۆژنامەنوس و نوسەرێک، شۆڕشێکی لە ڕۆشنبیرکردن و هۆشیارکردنەوە دەستپێکرد . پێشەوایەک لە بە ئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگا، پێشڕەوێک لە هاندان بۆ شۆڕشێکی ڕۆشنبیری و شۆڕشگێڕێک بۆ پێشەوایەتی شۆڕشی سپی . داهێنەرێک لە بنیادنانی پەروەردە و پێشەنگێک بۆ دووبارە بنیادنانەوەی زانکۆ و مامۆستایەک بۆ دامەزراندن و بەهێزکردنی پێگەی زانکۆ .

ژینگە دۆستێک بوو بە ئەندازەی خاکێتی و سادەییەکەی، دۆستی سروشت و پاکی و ڕاستگۆیی بوو . خۆنەویستێک بوو وەک بڵێی خودا ئەوی بۆ خزمەت و خەبات و بەرخۆدان ناردووە، بەئەندازەیەک ئەو بۆ میللەتێک ژیاو خەباتی کرد کە هەموو خۆشی ژیان و خۆشگوزەرانی بۆ خۆی بیر خۆی بردبۆوە و لەدواجاردا زاڵبوو بەسەر حەزوو ئارەزوە کەسیەکانی خۆی و بەیەکجاری لە خۆی دوورخستەوە . پیاوە کاریزماکەی کورد لەناو کۆمەڵگایەک سیاسەتی کرد جیاواز لە دەوروپشتەکەی باوەڕی بە پاسەوان و لێشاوی ئۆتۆمبێل نەبوو . وەک چۆن باوەڕی بە دیتنەوەی کارو دانانی کوڕ و نزیکەکانی نەبوو . ئەو سیاسەتی لە هاوڕێیەتی جیاکردبۆوە هیچ کات ئامادەی درکاندنی نهێنیەکانیان نەبوو . ئیتر ئەمانەو چەندانی تر بوون بەهۆکار تا نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەکی دانسقەی گەلێک و ڕەمزێک و کاریزمایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و سیاسیەکی بێ هاوتا بۆ ئەبەد لە دڵ و دەرونی میللەتەکەی بمێنێ و وەک ڕەمزی میللەتێک بەزیندویی بمێنێتەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.