دلاوەر شێخ محمد
دەبێ ئێوە بزانن و لە ئێمە تێبگەن ، بۆچی ئێمە لە داخی مناڵانی لاساری گەڕەک دێین ڕەخنە لە ئێوە دەگرین و لە ئێوە دەدەین ، چونکە ئێمە و خۆشتان زۆرمان ھەوڵدا ، کە مناڵانی گەڕەک سالار و چاک بکەین تاوەکو خەڵکی گەڕەک لەبەر دەستیان نەناڵێنن .
تا دوێنێ ئێمە و خۆشتان دژی ئەوەبووین ، کە مناڵانی لاساری گەڕەک پەنجەرەکانیان دەشکاند و ھەرچی کرداری خراپ و نابەجێیە دەیان کرد و ھیچ حیسابێکیان بۆ خاوەن ماڵ و خەڵکی گەڕەکیان نەدەکرد ، بۆیە ناحەقمان مەکەن ، چونکە ئێمە نامانەوێ ئێوە ببن بە شەریک و ھاوڕێی دەستەی گورگەکان و وەکو ئەوان لە شەوانی تاریک دەست بۆ مێگەڵە مەڕی نوستوو ببەن و بیان خۆن .
ئەرێ بەڕاست ھەر دوێنێ نەبوو ، پێکەوە دەمان وت : [ نا بۆ دز و شەریکی دز ] ، باشە پێمان ناڵێن ئێستا ئێوە چین ؟
ئەرێ چۆن بڕیارتان دا ببن بە شەریکی دووەمی دز ، یان نا دەتانەوێ ئەم دزە وەکو دزەکەی [ مالیکی کوڕی دینار ] بە نیوە شەو ، شەونوێژی پێبکەن و بەیانی لەگەڵ خۆتانی ببەن بۆ نوێژی بەکۆمەڵ و ئەویش ئیتر تەوبە بکات ؟! ھەر بەڕاست ئەمەتان پێ دەکرێ ، یاخود تەسلیم بوون وەکو ئەو شوانەی دەبێتە ھاوڕێی ڕەوە گورگ.
ئەوندەی ئێمە بزانین ، ئۆپۆزسیۆن کە دروست دەبێ بۆ ئەوە نییە ببێتە ھاوبەش و شەریکی دەسەڵات ، بەڵکو دەبێ تێبکۆشێ و خەبات بکات بۆ دوو شت :-
یەکەم / گەیشتن بە دەسەڵات .
دووەم / گۆڕینی سیستەمی وڵات.
ئێوە دڵێن : ئێمە لەپێناو پڕۆژەی چاکسازی ھاتووینەتە ناو حکومەت ، دڵنیابن دوای چوارساڵ بە دەستی بەتاڵ دێنە دەرەوە و ھیچتان پێ ناکرێ ، ئێمە ئاگادارین خۆشتان یەک ڕا و یەک دەنگ نین بەوەی کردووتانە ، مەگەر ھەندێکتان باوەڕتان بەوە ھەبێ یاخود باوەڕتان بە خۆ نابێت ، کە دەتوانن چاکسازی بکەن لەناو حکومەت بەو چوار ساڵەی ، کە لەناو حکومەتدان ، ئەمەش دیسان مەحاڵە.
ئێوە نەگەیشتن بە دەسەڵات و نە دەتوانن سیستەمی حوکمڕانی بگۆڕن ، تەنانەت دووبارە بوونەوە بە ھاوکار و یارمەتیدەر و رێژەپێدەری ئەو حوکمڕانییەی ، کە ھەر دوێنێ پێکەوە دەیان ڕەخنە و دەیان دۆسیەی گەندەڵی و چەندین ڕاپۆرتتان لە کەناڵ و سایت و بڵاوکراوە و میدیا و سوشیاڵ میدیا باستان دەکرد .
ئێوە بە چ روویەک و چۆن دەتوانن ، جارێکی تر داوا لە خەڵک بکەن دەنگتان پێ بدەن ، دوای چوار ساڵی تر ، کە وەکو ڕۆژی روون لە خەڵک دیارە ، کە ئەم دەسەڵاتە نایێتە ژێر باری ئێوە ، بەڵکو ئەوان توانیان ئێوە بە پێدانی چەند پۆستێک لە ئۆپۆزسیۆنییەوە بتانکەن بە شەریکی دەسەڵاتێک ، کە ئەمە بێست و ھەشت ساڵە لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی و چەند باڵێکی خۆیان و کۆمپانییاکانیان سامانی وڵات ھەرزانفرۆش دەکەن و خۆیان دەوڵەمەند و خەڵکیش ھەژار دەکەن ، خۆیان خاوەن شارو گوندی خەونەکانن و خەڵکیش خەوەن بە خانوویەکی سەدمەترییەوە دەبینێ ، مناڵەکانیان لە دەرەوە ژیان و خۆشی و خۆشبەختی و بڕوانامەی بەرز و کوڕی خەڵکیش دەستی لە خوێندن ھەڵگرتووە بۆ پەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەی خۆیان ، ئەوان لەبەر ملمڵانێ نیوەی زیاتر خاکی کوردستانیان فرۆشت ، ئایە ئێوە دەتوانن ئەوەی ئەوان کردوویان و بە بەردەوامیش ھەر چییەکیان بوێ دەیکەن بیانوەستێنن ؟نەخێر ھەرگیز ناتوانن .
ئایە دەتوانن ڕێگری بکەن لەوەی چیتر سامانی گشتی بۆ خزمەت و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکار نەھێنن ؟نەخێر دیسان ناتوان
لە کۆتاییدا ئەمە دووبارە دەکەینەوە ، ئێمە کە رووی ڕەخنەمان لە ئێوەیە ھەرگیز بیرمان لەوە نەدەکردەوە ئێوە دەبنە شەریکی دووەمی دز.