کێ دەرگای قەرەچوغی بۆ داعش ئاوەڵا کردوە ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 280 جار بینراوە

جمعە کانی لەلەیی

دوای پرۆسەی کۆتایی پێ ھێنانی سەربازیانەی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش لە لایەن وڵاتە یەکگرتوەکان و ھاوپەیمانە ڕۆژھەڵاتی و ڕۆژئاواییەکانیەوە دەرگای چیای قەرەچووغ بۆ سەدان چەکداری داعش و خاو و خێزانیان کراوەتەوە، بەپێی زانیاریە ھەواڵگریەکان شەش سەد چەکداری داعش بەخۆیان و ژن و منداڵەکانیانەوە لە قەرەچووغ دەژین، شێوەی نیشتەجێ بوونەکەیان لەشێوەی نیشتەجێ بوونی ئاوارە دەچێت لە کەمپێکی مرۆ دۆستی و پڕ خزمەتگوزاریدا بەجۆرێک ھیچ مەترسیەکیان لەسەر ئاسایش و ھێمنی ناوچەکە نەبێت و نەبووبن بە ھەڕەشە و ھیچ پێشینەیەکی خراپیشیان نەبوبێت.
قەرەچووغ لە نزیک زێی بچووک لای شارۆچکەی دووبسەوە درێژ دەبێتەوە بەرەو زێی گەورە بە ئاراستەی باکوری ڕۆژئاوا لەنزیک شارۆچکەی گوێڕ، ناوچەکە لە بنچینەدا بەر لەھاتنی بەعسیەکان بۆ سەر حکوم سەر بە پارێزگای ھەولێر بوە بەڵام لەچوارچێوەی سیاسەتی (ئەمنی ستراتیژی ئابوری) بەعس و دۆزینەوەی نەوت، ناوچەکە خرایە سەر پارێزگای کەرکووک و لە دوای پێکھێنانی یەکەم کابینەی وزاری حکومەتی ھەرێمیش بەشێک لە ناوچەکە خرایە سەر پارێزگای نەینەوا، ناوەندی شار لە ناوچەکە قەزای مەخموورە کە چوار ناحیە لەخۆ دەگرێت بریتین لە قەراج، دیبەگە، گوێڕ، مەلاقەرە. لەم قەزا و چوار ناحیەیە لە ئێستادا و دوای ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر ناحیەکانی دیبەگە و گوێڕ و مەلاقەرە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم دان و لە دەور و بەریان زیاتر لە ھەزار پێشمەرگە لە ئەرک دانراون، ھەروەھا سەر چیای قەرەچووغ و پێدەشت و گرد و تەپۆلکەکانی دیوی ڕۆژھەڵاتی قەرەچووغ زیاتر لە ھەزار پێشمەرگە ئەرکی ناوچەکەیان پێ سپَردراوە، جگە لەمانە لە خەتی ھەولێر- دیبەگە و ھەولێر – گوێڕ زیاتر لە پێنج سەد پێشمەرگە خراونەتە حاڵەتی ئەرک بینینەوە، ھەروەھا لە خەتی کەڵەک و گوندەکانی خوارووی مەلا عومەر زیاتر لە دووسەد پێشمەرگە تەرخان کراوە بۆ پاسەوانێتی ناوچەکە کە کەوتۆتە سەرووی زێی گەورە لە ئاست چیای قەرەچووغ.
سەبارەت بە ھێزە عێراقیەکانیش لە ناحیەی نەمروود کە تەنھا سی کیلۆمەتر لە چیای قەرەچووغەوە دوورە ھێزێکی گەورەی لێ دانراوە کە ژمارەیان لە پێنج سەد سەرباز زیاترە، ئەوە جگە لە فەوجێکی پۆلیسی ئیتیحادی، لەناو خوارووی مەخموور کە لەم بارەی ئێستادا کەوتۆتە دامێنی چیای قەرەچووغ زیاتر لە شەش سەد سەربازی عێراقی و پۆلیسی ئیتیحادی لێ نیشتەجێ کراوە ئەوە سەرەڕای ئەوەی ھێزە عێراقیەکان لەوبەری زێی گەورە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە دوو ھەزار سەرباز کە بۆ حاڵەتی پێویست دانراون.
چیای قەرەچووغ لە نەخشەی عێراق دا بە چیا ناوی نەھاتوە بەڵکو ناوی نراوە زوورگی قەرەچووغ لەبەر ئەوەی بەرزی و ڕادەی سەختیەکەی ھێندە نیە تا ناوی بە چیا بێت، جگە لەوەش ھەموو لاکانی قەرەچووغ تەختی و پێدەشتە مەگەر کەمێک گرد و تەپۆلکەی نزم نەبێت، جگە لەمانەش دووری قەرەچووغ لە پایتەختی کوردستانەوە تەنھا چل دەقیقە ڕێیە بە ئۆتۆمبیل، ھەروەھا بەشێوەی سێگۆشەیەکی ناڕێک کەوتۆتە نێوان ھەرسێ پارێزگای مووسلڕ و کەرکووک و ھەولێرو ھەردوو زێی بچووک و گەورە بۆتە لەمپەرێکی ئاوی تا ھاموشۆ کردن و جمووجۆڵی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەکانی عێراق ئاسان نەبێت، حەوانەوەی شەش سەد چەکداری داعش لەو بارە تۆبۆغرافیایەی قەرەچووغ کە ھێندە چیایەکی سەخت نیەو حەشارگەو دارستانی چڕ و پڕی نیە جێی سەرسوڕمان و پرسیارە، ئایا خۆیان چیای قەرەچووغیان ھەڵبژارد تا لێی ئیختیفا بن؟ ئایا ئەو ژمارە زۆرە بە ژن و منداڵەکانیانەوە کێ ئەرکی گواستنەوەیانی خستۆتە ئەستۆ ؟ بەچی گوازرانەوە؟ ئایا بەبەر چاوی ئەم ھەموو تەکنەلۆژیە سەربازیە پێشکەوتوەی ئەمریکیەکان چۆن ئەم گواستنەوەیە ئەنجام درا؟ لەکاتێک دا تەکنەلۆژیای سەربازی ئەمریکی لەناوچەکە جێگیر کراون و تێپەڕینی مێشێک دەبینن چ جای شەش سەد چەکدار، ئەوە جگە لە تیشکی مانگە دەستکردەکان کە ھەموو سوچێکی نەدیویش دیاری دەکات.
لەم بارە سەربازیەی ئێستای ناوچەی قەرەچووغ کە ھەر چوارلای بە ھێزی عێراقی و ھێزەکانی پێشمەرگە تەنراوە و کۆی ھێزە سەربازیەکانی ھەردوولا دەگاتە نزیک دەھەزار کەس ئەوە وێڕای پشتیوانی یەکەکانی زرێپۆش و تیمی فرۆکەی شەڕکەری عێراقی و بوونی سەدان سەربازی ئەمریکی لە شارەکانی ھەولێر و مووسڵ و کەرکووک ئایا شەش سەد چەکداری داعش بە خاو خێزانەوە چۆن دەژین و سەرچاوەی بژێویان لە کوێوەو لە چ لایەنێکەوە بۆ دابین دەکرێت؟ گریمان ئەو شەش سەد چەکدارە سێ سەدیان خێزاندارەو لەو سێ سەد کەسەش تەنھا سەدوو پەنجایان یەک منداڵییان ھەیە کە کۆی گشتیان دەکاتە ھەزار و پەنجا کەس، بۆ ھەر ژەمێکی نان خواردنی ئەم ھەزار و پەنجا کەسە پێویستیان بە ھەزار و پەنجا نان ھەیە و بۆ ھەر سێ ژەمەکەش کۆی ئەو نانەی بۆ بیست و چوار کاتژمێر پێویستیانە دەکاتە سێ ھەزار و سەدو پەنجا نان، کێ ئەم نانەیان بۆ دابین دەکات و لە کوێوە و بەچی دەگەیەنرێتە دەستیان؟ ئەوە لەو سورشتە ووشک و برینگەی چیای قەرەچووغ بگەڕێین کە لە چەند کانی و کانیاوێکی کەم ھیچ سەرچاوەیەکی تری دەسکەوتنی ئاوی تیا نیە ئەوەی ھەشە تاڵاوە و بۆ خواردنەوە ناشێت، کێ ئاوی ئەو ژمارە زۆرە دابین دەکات و دەیگەیەنێتە دەستیان؟
ھەموو زانیاریە ھەواڵگریەکان و ھەموو پێشبینیەکان ئەو ڕاستیەمان پێ دەڵێت کە ھێزەکانی داعش لە ژێر چاودێری ئەمریکیەکان و بە ھاوکاری و ھەماھەنگی لایەنی تر دەرگای چیای قەرەچووغیان لێ کراوەتەوە، جا لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە، ئایا ئامانج و مەرامی ھێنانی داعش بۆ چیای قەرەچووغ و بەخێو کردنیان چیە ؟ وڵامەکەی لە سێ ئەگەر تێناپەڕێت کە بریتین لە :
یەکەم : وەک ھەڕەشەیەک بۆ سەر کورد و سەرکردایەتیە سیاسیەکەی دانراون تا ھەر کاتێک کوردو حزبەکانی گوێڕایەلی ئەمریکا نەبن.
دووەم : وەک وەرەقەیەکی فشار بۆ سەر مەددی شیعەی عێراق لەو کاتەی بیانەوێت کۆدەنگی بۆ دەرکردنی سوپای ئەمریکا لە عێراق دروست بکەن یان ھەر گوێڕایەڵ نەبونێکی شیعەکانی عێراق گەر پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکا مامەڵە بکەن.
سێیەم : لە داھاتوویەکی نزیک دا چەکدارانی داعش بۆ ناوخۆی ئێران ئاراستە بکات .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.