کەرکوک یەکلاکەرەوەیە

لەلایەن ستاندار Posted on 253 جار بینراوە

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

وەک پێشبینی دەکرا ئەو بڕگەیەی پەیوەندی بەیەکلایی کردنەوەی پارێزگاری کەرکوک و وەزیری دادی بەغداوە ھەیە، گرێی بۆ دروستکرا و پاشەکشە لەجێبەجێکردنیدا ھەیە! لێدوانەکانی چەند رۆژی رابردووی چەند سەرکردایەتییەکی پارتی، بەڵگەی ئەو پاشەکشەیەیە.
جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە، لێکەوتەو دەرھاویشتەی خراپی دەبێت لەسەر بارودۆخی کەرکوک بەشێوەیەکی گشتیی، ھەروەھا پێکھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بڕیارە چەند رۆژێکی داھاتوو ھەنگاوی نوێ دەستپێبکات.
سەبارەت بەکەرکوک، ماوەیەکە ھەوڵی بەعەرەبکردن و زەوتکردنی زەوی کوردان و گوشار خستنەسەر کورد لەھەموو روێکەوە زیادیکردووە، ئەگەر ھەوڵی سەرۆکایەتی کۆمارو بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردو گوشاری یەکێتی لەکەرکوک نەبوایە، بەدڵنیاییەوە زیاترو خراپتر دەبوو! یەکێک لەھۆکارەکانی ئەو زیاتربونەی گوشاری بەشێک لە عەرەب و تورکمان، ئەو پەرتەوازەیی و ناڕێکییەی کوردە سەبارەت بەچارەنوسی ئەو شارە. دیارترینیان رێگریکردنی پارتییە لەدانانی پارێزگارێکی نوێی کورد لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ کەرکوک! ئەم پەرتەوازەیی و ناڕێکییەی کورد زەمینەیەکی لەباری بۆ شۆڤینستەکان رەخساندووە لەھەموو روێکەوە گوشار بێنن و زەوی کورد داگیربکەن و بەبیانوی تەجاوز خانوی گەڕەکە کوردەکان بڕوخێنن ..تد.
ئەگەر پارتی نەیەتە ژێرباری رێککەوتنەکە، ئەوا دەرگا واڵا دەبێت بۆ یەکێتی و کەرکوکییەکان تا پلان و ھەنگاوی دیکە بنێن. رەنگە سەرەتا لەخۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی مەدەنیانەو راگرتنی ئیشوکاری حکومەت لەکەرکوک دەستپێبکات، بەڵام خۆ ئەگەر ئەو ھەنگاوە کاردانەوەو وڵامی نەبوو، بەدڵنیاییەوە ھەنگاوی دواتر توندترو کاریگەرتر دەبێت! توندتر بەو مانایەی چیتر یەکێتی ناتوانێت رێگری بکات لەناڕەزایی و توڕەیی ھەم یەکێتییەکانی کەرکوک و ھەم خەڵکی کەرکوک بەگشتیی بەرامبەر زەوتکردنی ئیرادەو ئیستحقاقی کورد لەشارەکە. ئەگەر ئەوە روبدات بەدڵنیاییەوە مەسەلەی بەرکەوتەو لێکەوتەی ئەو بارودۆخە دێتەگۆڕێ، واتە ئەوانەی رێگربون لەئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و دانانی پارێزگارێکی نوێی کورد چیتر مافی ئەوەیان نابێت باسی چارەنوسی ئەو شارە بکەن، ھاوکات پرسی گەڕانەوەو کارکردنیشیان لەوشارە روبەڕوی دەبێتە جێی پرسیار؟!
سەبارەت بەپرسی پێکھێنانی حکومەت، وابەستەی ئەو رێککەوتنەیە کە ئێستا گرێ و گرفتی بۆ دروستکراوە، ئەگەر ئەو بڕگەیەی تایبەت بە کەرکوک وەکوخۆی جێبەجێنەکرێت، ئەگەرەکانی بەردەم یەکێتی بۆ بەشدارینەکردن لەحکومەتی کراوەتر دەبێت، چونکە ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ پارتی کراوە، پرەنسیپی بەیەکەوە کارکردن و سەقفی زەمەنی و میکانزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەخۆدەگرێت، ناکرێت ھیچ بڕگەیەکی رێککەوتنەکە داببڕێت یان دەستکاریی بکرێت یان دەستکاریی بکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.