بارزانییەک سەرۆکایەتیی لە بارزانییەک وەگرت تا سبەی رادەستی بارزانییەکی تری بکات

لەلایەن ستاندار Posted on 253 جار بینراوە

كه‌مال چۆمانی

ئەمڕۆ بارزانییەک پۆستی سەرۆکی ھەرێمی لە بارزانییەک وەرگرت بۆئەوەی سبەی تەسلیمی بارزانییەکی تری بکات. چەند رۆژی داھاتوش بارزانییەکی تر پۆستی سەرۆک وەزیران لە بارزانییەک وەردەگرێت تا ئەویش سبەی رادەستی بارزانییەکی تری بکات. ئەو دو بارزانییەی ئەو دو پۆستە وەردەگرن بەرپرسیارن لە زۆربەی نەھامەتییەکانی ئەو چەند ساڵەی رابردو بە سەرکردایەتیی بارزانیی باوک.
ئەوە واقیعی سیاسیی ھەرێمی کوردستانی عێڕاقە. سیاسەتمەدار و حیزبی سیاسیی لە کوردستانی عێڕاق و عێڕاق و ناوچەکە ھەرگیز ئامانجیان خزمەتکردنی خەڵک و پێشخستنی دیموکراسیی و حوکمی قانون نییە، بۆیە ھەرکەسێک و ھەر بنەماڵەیەکی دیکە بوایە لەو ھێزانەی ھەرێم، چاوەڕێدەکرێت ھەمان رێکاری بنەماڵەی بارزانیی و پارتییان بگرتبوایە بەر. ھەر بۆیە، ئەو واقیعە دەمێنێتەوە تا ئەلتەرناتیڤێکی سیاسیی، ئایدۆلۆژیی و میلیی دروستنەکرێت کە بەتەواوی بارزانیی، پارتیی، کوردایەتیی، عەقڵلیەتی سیاسیی، ئابوریی و کۆمەڵایەتییان تێنەپەڕێنێت.
ئەو ئەلتەرناتیڤە، بەداخەوە، لە ئێستادا نییە، ھەربۆیە بارزانییەکان دەتوانن چۆنیان بوێت وا نەخشەی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، عەسکەریی و ئابوریی ھەرێمی کوردستان دابڕێژن.
ئەو بەدیلە لە خوارەوەی کۆمەڵگەوە تا سەرەوە دەبێت دروستبکرێت، ئەگەر دروستنەکرێت، یان بارزانییەکان بەو جۆرە بەردەوام دەبن، یان بارزانییەکان بە ھاوبەشیی لەگەڵ ئەوانیدی شێوە-بارزانیی/پارتیی بەردەوام دەبن.
تێبینی: کە باسی بارزانیی دەکەم، من باسی یەک بنەماڵە دەکەم کە مەسعود بارزانیی بە شێخی خۆیان دەزانن. ئەگەرنا بارزان و بارزانییەکان شتێکی ترن و ئەوەشیان ناوێت کە رودەدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.