حکومەتی ئەلکترۆنی لە نێوان تارمایی دو جەنگدا

لەلایەن ستاندار Posted on 428 جار بینراوە

لاوک ئەحمەد

لە نێوان تارمایی دو جەنگدا: داعش لە رابردویەکی نزیکدا و ئێران لە داھاتویەکی نزیکدا، حکومەتی ئەلکترۆنی ئێمە وەک دیدێک و کۆڵەکەیەک بۆ حکومەتی ئایندە چۆن دادەڕێژرێت؟ لەم دۆخەدا، پلانی لەم جۆرە وەک کارێکی نامۆ و پرۆژەیەک کە نایەتە دی دێتە بەرچاو، ئەمەش لەبەر ھۆکارێکی زۆر سەرەکی و ئاشکرا؛ لە پاڵ نەبونی سەقامگیری سیاسی و نەبونی پرۆژەیەک بۆ پەرەسەندنی پرۆسەی دیموکراسی، ھەر بودجەیەک لە بەر دەستدا بێت دەخرێتە خزمەت ھاتنە دەرەوە لە جەنگ بە سەرکەوتویی، بەداخەوە، دۆخ و ژینگەی جەنگ بە ئاسانی ھەمو سەرچاوە مرۆیی و داراییەکان ھەڵدەڵوشێت و تارمایی جەنگە جیاوازەکان ھەمیشە زەقن ئەگەر روش نەدەن.

بەرجەستە بونی حکومەتی ئەلکترۆنی لە ژیانی رۆژانەی ھاوڵاتیاندا بە بێ بونی ئیرادەی سیاسی و ناوەرۆکێکی واقیعی سەرکەتو نابێت. ئەو ئیرادە سیاسییەش وەک ھەمو لایەک دەزانن لە ناو حکومەتدا نییە بەڵکو لە ناو گروپە سیاسیەکاندایە، گروپی سیاسی داینامیکی ژیانی ئێمەیە، ئەوەی کە پێویستی بە چاککردن ھەیە ئەم داینامیک و ھەیکەلی پارتی سیاسییە. ھەیکەلی حکومەت کە فۆرمێکی گەشەسەندوی دیکەی مەدەنییەتە لەم قۆناغەدا لاوازە و وەک کۆڵەکەیەکی کۆمەڵگە ھێشتا نەچەسپاوە و دانەمەزراوە و ھەمیشە لەبەردەم گۆڕانکاری سەرکێشانەدایە و تەنانەت زۆر جار شەرعییەتی نییە، بەداخەوە ئەوەندەی کار لەسەر پتەوکردنی ھەیکەلی پارتی سیاسی دەکرێت بە پیادەکردنی میکانیزمە لۆکاڵییەکان ئەوەندە کار بۆ پتەوکردنی حکومەت ناکرێت، وەک ئەوەی حکومەت بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە نەبێت.

با بەخێرایی پێناسەیەکی سادە و کورتی حکومەتی ئەلکترۆنی بکەین: حکومەتی ئەلکترۆنی بەکار‌ھێنانی ئامرازە پێشکەوتوەکانی تەکنەلۆجیایە وەک ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر بۆ پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ھاوڵاتی و حکومەت، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتەکانی حکومەت لە ناو خۆیاندا و لەگەڵ پارێزگاکان و کۆمپانیاکان و شارەکان و دەزگاکانی دیکە بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتی و باشتر بەرێوەبردنی کارەکان و خوڵقاندنی ئەو شەفافیەتی کە پێویستە لە پرۆسەی حکومرانیدا و بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی ئیداری و سیاسی.

بۆ زیاتر لە پێنج ساڵ دەچێت پرۆژەی بە ئەلکترۆنیکردنی حکومەت لە ھەرێمی کوردستاندا لە ئارادایە، گرنگە بزانین بە کوێ گەیشتوە؟ تا چەند ئینتەرنێت و کۆمپیتەر کاریگەر بوە لە بەرێکردنی مامەڵەکانی ھاوڵاتیان و پێشکەشکردنی کارئاسانی بۆ ھاوڵاتیان؟ بۆ نمونە، ئایا حکومەت توانیویەتی گرفتی چونی ھاوڵاتی لە سلێمانییەوە بۆ ھەولێر چارەسەر بکات؟ ئایا ئیمزای ئەلکترۆنی وەک ئیمزای رەسمی حکومەت بەکار دێت!؟ بێگومان کارێک و داواکارییەکی لەم جۆرە بۆ ئەم دۆخە زۆر زۆرە، ئایا بەرنامەی بایۆمیتری لە کوێی پرۆسەی بەئەلکترۆنیکردنی حکومەتدا پۆلین دەکرێت؟ پرۆژەی بایۆمیتری بۆ کامیان گونجاوترە پارتی سیاسی یان حکومەت؟ ناوەکان یەکەمجار لە کوێ تۆمارکراون؟ کێ ناوەکان رەوانەی کێ دەکات، حکومەت بۆ پارتی سیاسی رەوانە دەکات یان بە پێجەوانەوە؟ کامیان بڕیاردەرن؟ و چۆن حکومەت دەبێتە خاوەنی پێگەی بڕیاری سیاسی لە سنوری دەستەڵاتەکانی خۆیدا؟

رەنگە شیاوتر بێت بۆ کۆمەڵگەی ئێمە کە بە تەواوی لە ژێرھەژمونی گروپی سیاسیدایە یەکەم جار ئامرازەکانی حکومەتی ئەلکترۆنی لە ناو ئۆرگانەکانی گروپە سیاسییەکاندا بەکار بێنێت تا ئەو کادیرانەی کە دواتر دێنە ناو حکومەتەوە شتێکی لێ بزانن وە ببێتە بەشێک لە رەفتاری سیاسی و حکومی، بە مانایەکی فراوانتر ئالنگارییەکانی دامەزراندنی حکومەت کەمتر دەبێت، بەو پێیەیی ئەو کادرانەی دێنە ناو حکومەتەوە ئەزمونیان دەبێت و گرفتی مەرجەعیەتی سیاسیان کەمتر دەبێت.

کەواتە دەبێت ئەو دیدەی کە ھەیە ستراتیژیی بێت بەو مانایەی کە دەبێت دەستنیشان بکرێت چ پرۆژە و ھەنگاوێک، لە چ رەوتێکدا، و بۆ چ مەبەستێک گونجاوە. لە بنەرەتدا دەبێت پرۆژەی حکومەتی ئەلکترۆنی پرۆسەیەکی ریشەیی بێت بۆ خوڵقاندنی تۆرێکی سیاسی و ئابوری و دامەزراوەیی و حکومڕانی و تەنانەت کۆمەڵایەتی راستگۆ و ببێتە بەشێک لە دامەزراندنی پرۆسەیەکی سیاسی گەشەسەندو و حکومڕانییەکی دروست.

پرسیارێکی گرنگ ھەیە کە شایانی باسکردنە لێرەدا، بۆ ئیداردانی سیستمی زانیاری و ئامرازە تەکنەلۆجییەکان لە وڵاتە تازە پێگەیشتوەکاندا بەرەنگاری چەندان ئالەنگاری دەبێتەوە و سەرکەوتو نابێت چ جای ئەو وڵاتانەی کە بۆ زیاتر لە سەدەیەک بونەتە مەیدانی جەنگ بۆ ھێز و لایەنە جیاوازەکان، چەندان گرفتی سیاسی و کەلتوری و کۆمەڵایەتی و ئابوری ھەن کە رێگرن. گرفت نەبونی ئامێرە پێشکەتوە تەکنەلۆجیاکان نییە بەڵکو نەبونی پرۆژە و پرۆگرامی کارکردنە بۆ بەرزکردنەوەی ئاست و توانای کەسەکان بۆ ئیدارەدان و بەکارھێنانی ئامراز و ئامێرەکان، تۆ ببینە، نوێترین و دواترین ئامرازی چاپکردن لە کوردستاندا ھەیە بەڵام ئایا شارەزایی کارمەندەکان لەو ئاستەدایە کە باشترین کواڵیتی کتێپ چاب بکرێت؟ خەستەخانەکان تازەترین ئامێرە پزیشکەییەکانی تێدایە بەڵام ئایا لە ئاستی بەکارھێنانی ئەو ئامێرانەدایین؟ زانکۆکان باشترین موختبەری تێدایە بەڵام ئایا وەک پێویست بەکار دێن؟

پرۆسەی بە ئەلکترۆنیکی حکومەت دەبێت ببێتە بەشێک لە دید و تێڕوانینێکی ستراتیژی فراوانتر و بەشێکی گرنگی پەرەپێدانی پرۆسەی دیموکراسی و ‌ھاوشان بە یەکتری ھەمو سەکتەرەکان بگرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.