بۆچی بەسەرۆکی نوێ خۆشحاڵ نەبم ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 328 جار بینراوە

ئەمین بەکر

بەرزانی بۆ جارێکی تریش بۆوە بەسەرۆک وئەمجارەیان لەجێی مامیی سەرۆکی ھەرێمە:
نێچرڤان بارزانی کە لەتەمەنی ٢٣ساڵیدا لەبەر ئەوەی کوڕی گەورەی ئیدریس بارزانی وکوڕەزای مێگفی بارزانیە دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمکراتی کوردستان، تائێرە بۆمن گرنگ نیە ومافی ڕەخنە گرتنیشم نیە چونکە کارێکی ناوخۆی حزبەکەیەتی و ئەندام ولایەنگرانی ئەو حزبە بەوە ڕازین، بەڵام کاتێک نێچیرڤان بارزانی پۆستی گشتی حکومەت وەردەگرێت وبەتەسکیەی بنەماڵەوە زیاتر لەدوو دەیەیە سەرۆکایەتی حکومەت دەکات و لە ساڵی ١٩٩٦ ەوە دەبێتە جێگری سەرەک وەزیران لە ١٩٩٩ەوە دەبێتە سەرۆکی حکومەت–ئیدارەی ھولێر–و لەساڵی ٢٠٠٦یشەوە دەبێتە سەرەک وەزیرانی ھەردوو ئیدارەکەو تا ساڵی ٢٠١٩، بێجگە لەدوو ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١١ ، سەرەک وەزیرانی ئەم ھەرێمە بووە وئێستاش لەدوای چۆڵکردنی پۆستەکە لەلایەن مامیەوە دێت ودەبێت بەسەرۆکی ھەرێم ، بۆیە مافی خۆمانە کەبزانین کامانەن ئەو دەسکەوتانەی کەلەماوەی بیست وئەوەندە ساڵەی ڕابردودا بۆئەم ھەرێمە بەدەستی ھێناون تا ئێستاش دڵ خۆش بین بەوەی کە جارێکی تریش تاجی شاھانە لەسەر بنێتەوە،
–لەڕوی سیاسیەوە : نێچیرڤان بەرزانی لەماوەی حوکمڕانی زیاتر لەدوو دەیەیدا نەیتوانی دابەش بونی ھەرێم بۆ دو ئیدارە کۆتایی پێ بھێنێت و بەردەوام ھەرێمی کوردستان –ئیدارەی ھولێر وئیدارەی سلێمانی دوو حکومەتی جیایان ھەبووە بەشێوازی سەرەک وەزیران وجێگرەکەی حوکمرانیان کردوەو، خۆی سەرەک وەزیرانی دێگەڵە تا زاخۆی کردوەو جێگرەکەشی لەدێگەڵە بۆ کلار دەسەڵاتداری ڕاستەقیە بوە، بۆوەزارەتەکانیش ھەمان پێودانگ، لەلایەن وەزیرو جێگر وەزیر بەو شێوەیە حکومەت دازەشکراوبوە؟وبەڕێوە براون ، تەنانەت وەک سەرۆکی حکومەت نەیتوانی سەندیکاو دەزگا بەناو سەربەخۆکانیش لەو دابەش بونە حزبی وناوچەییە دەربھێنێ ، وکاتێکیش دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی عێراق وبەفشاری ھاوپەیمانان حکومەتەکەیان لەڕوکەشدا کردەوە بەیەک ، لەواقعدا دوئیدارەی حزبی جیاواز بون و تا ئەم چڕکە ساتەش سلێمانی وھولێر دوو ناوچەی نفوزی حزبی وبنەماڵەین .
نزیکەی ٣٠ساڵە ئەم ھەرێمە سەربەخۆیە بەڵام تائێستا حکومەت و دامەزراوە جۆڕاوجۆرەکانی بەدەسەڵاتی دادوەریشەو لەژێر فەرمانی حزب وحزبەکانیش لەدەستی بنەماڵەکاندان، بۆیە مافی خۆمانە کە بپرسین کامە کاری گەورەی نێچرڤان بەرزانیە کە بۆکۆتایی ھێنان بەو دۆخە کردویەتی ،ڕاستە ئەو بەتەنھا بەرپرس نیە بەڵام ئەو سەرەک وەزیرانێک بوە کەنەیتوانیوە کۆتایی بەو دۆخە بھێنێت و بەپێچەوانەوە شەرعیەتی بەتۆخ کردنەوەی داوە.
. لەڕوی دبلۆماسیەوە لەماوەی درێژی دەسەڵاتی ئەودا نەک نەیتوانی سەرکەوتنی دبلۆماسی بەرامبەر بغدا بەدەست بھێنێت ولەدۆسیە گرنگە چارەنوس سازەکاندا چارەسەری پرسە گرنگەکانی خاک وپێشمەرگەو ئابوری ودارایی وڕێکخستنی دەسەڵاتەکان و شێوازی پەیوەندی نێوان ھەرێم وبغدا بکات ، بەڵکو خۆی بۆ پرسە حزبیەکانی حزبەکەی دەگەیشتە بغداو زۆرجار ململانێ حزبیەکانیان دەبردە ئەوێ.
لەپەیوەندیە دەرەکیەکاندا زۆر ڕۆڵی گەورە پیشان ئەدرا بەڵام لە دوای ڕیفراندۆما دەرکەوت چەند کوردیان بێ دۆست کردوەو لەیاری نێوان بەرژەوەندی زلھێزاندا زۆر ناموەفەق بون.
— لە ڕوی سەربازی و ئەمنیەوە زیاتر لەدوو دەیەیە وەزیری پێشمەرگە لەبەردەستی ئەودا بوە،بەڵام تائێستاش ھێزێکی نیشتمانی ناحزبی نیەو پێشمەرگە پێشمەرگەی پارتی ویەکێتیەو مافی خۆمانە بپرسین کامانەن ئەو ھەنگاوانەی حکومەتەکانی ئەو بۆ بێ لایەنکردنی پێشمەرگەو دروستکردنی ھێزێکی نیشتمانی ھاویشتونی، چەند پڕۆژە یاسایان لەو بوارەدا داوەتە پەرلەمان وچەند بەرپرسی ئەمنی سزادراون ، ئایا توانراوە ھێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەک پڕچەک بکرێن و لەفرمانی حزب دەربھێنرێن ولەسەر بیروباوەڕی بەرگری لەبەرژەوەندی نیشتمانیە باڵاکان پەروەردە بکرێن.
ئایا توانراوە ئامانج وستراتیژی ھێزی پێشمەرگە دیاری بکرێت تا پیاوەتی بەخوێنیانەوە نەکرێ، شەڕی موسڵ وتکریت ودیالەیان پێ بکرێت و دواتریش پاشەکشەیان پێ بکرێ، ئایا لێرەوە بەرپرسیارێتی شکستی ھێزی پێشمەڕگە بەشێکی بەرئەو ناکەوێ؟.
لەڕوی ئابوریەوە ،تەنھا لەساڵی ٢٠٠٤ەوە نزیکەی سەد ملیار دۆلار لەبغداوە ھاتۆتە ھەرێمی کوردستان ،بێجگە لەداھاتی ناوخۆو باجی ھاوڵاتیان و فرۆشتنی نەوت، بەڵام ھەموو ئەم ھەرێمە بگەڕێیت ناتوانیت بایی ٥ ملیار دۆلار بەژێرخانی ئەم وڵاتەوە ببینی.،ئەوی تری کەس نەیزانی بەقوڕگی چ ئەھریمەنێکدا کراوە تەنانەت ڕاپۆڕتە نێو دەوڵەتیەکان دەڵێن ھەر کۆمپانیایەک بیەوێت بچێتە بازاڕەکانی ھەرێمەوە پێویستە دەسەڵاتدارانی ھەرێم بکات بەشەریک.
بەفرمانی ئەو بانکەکان تاڵان کران و بانکەگەورەو جیھانیەکان، ترسێنران بەبڕیاریکردنەوەی لقەکانیاندا لەھرێمدا چونەوە
تەنانەت پارەی ھاوڵاتیان وبەرھەم ھێنە ناوخۆیەکانیش بردراوافلاس بەسەدان کۆمپانیا کرا
دەسکەوتی حوکمڕانی ئەو بۆ چارەسەری کێشەی دارایی کەم کردنەوەی موچەی موچەخۆران بوو بۆنیوەو ،تەنانەت ئەو پارەش کە لەبغداوە بۆ موچە خۆران دەھات لێیان زەوت دەکرا وقەرزی کۆمپانیا گەوورەکانی پێ ئەدرایەوە ، ویاخود بەسەر موچەخۆرانی حزبیدا دابەش دەکرا.
ھەر لەسەردەمی حوکمڕانی ئەودا حکومەتی ھەرێم زیاتر لەبیست ملیاردۆلاری قەرزی لەسەر خەڵکی ئەم ھەرێمە کردە ماڵ و دەبێت تا عەیامێکی زۆر مناڵەکانیشمان باجی ئەو سیاسەت چەوتە بدەین.
ئابوری ھەرێم لەماوەی ڕابردودا بێجگە لەئابوریەکی بەکاربەر نەیتوانی ببێتە خاوەنی ژێرخانێکی ئابوری وبازاڕی ساغ کردنەوەی کاڵای تورکی وئێرانی بوە، چونکە دەسەڵاتدارە حزبیەکانی ئەم ھەرێمە نازانن بەرھەم ھێنان،بکەن بەڵام ئاسانە،بۆیان لەڕێگای قۆرغ کاریەوە بازرگانی بکەن، بەجۆرێک ئەگەر پارەیەکیش دەست خەڵک دەکەوت دەدرا بەکاڵای تورکی وئێرانی ودەچوە گیرفانی ئەوانەوە ھەربۆیە حکومەتەکەی بەرگەی بچوکترین قەیرانی ئابوری نەگرت .
، لەڕوی ئاستی ژیانەوە ئاستی ھاوڵاتیانی لەگەڵ ئاستی ژیانی ھاوڵاتیانی سۆماڵی وئەفغانیدا بەراورد دەکرێ،وڕۆژانە لەسۆشیال میدیاو تەلەفزیۆنەکانەوە وێنەی ژیانی کولەمەرگی ونەبونی خێزان و پیرو پەک کەوتەو کەم ئەندام ونەخۆشەکانی پیشان ئەدرێ و داوای ھاوکاری وبەدەمەوە ھاتن لەخێرخوازان دەکرێت، ڕوی دەمیان ناکەنە حکومەت چونکە نەک ھەر دەزانن حکومەت ھیچیان بۆناکات بەڵکو ئەزانن ئەوەی توشی ھاتون دەرئەنجامی سیاسەتی چەوتی ئەو بەناو حکومەتەبوە. ولەڕوی مافەکانی مرۆڤ وئازادیشەوە لەڕیزی پێشەوەی ئەو وڵات وناوچانە دێت کەپێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی تێدا دەکرێ.
— لەسەردەمی حوکمڕانی ئەودا زۆربەی سامانی ژێر زەوی ئەم ھەرێمە بەخاکەکەیەوە بەکۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت فرۆشراو بەشێکیکشی کرایە دیاری ڕەزامەندی دەوڵەتی تورکیا ودەسەڵاتەکەی، بەجۆرێک کە زۆر غەشیمانە گرێبەستەکانی دەرھێنان وفرۆشتنی نەوتیان ڵەگەڵ کۆمپانیاکان لەسەر حسابی سامانی گشتی و ئایندەی خەڵکەکەی واژوکردوە.
بێجگە لەوەی کە ھەر لەمیانەی گرێبەستە نەوتیەکاندا و بەڕەزامەندی ئەو چارەنوسی ئابوری وسیاسی ئەم ھەرێمەش خراوەتە قومارێکی دۆڕاوەوە.
— ئەو سەرەک وەزیران بوو دەیزانی پرۆسەی ڕیفراندۆم کارەساتی گەورە بەسەر ئەم پارچەیەی کوردستاندا دەھێنێت، بەڵام ڕازی بوو چارەنوسی ئەم وڵاتە بخاتە ئەو قەیرانەوە کە بێجگە لەتێرکردنی حەزی چەند کەسانێک ، نەک ھەر دەسکەوتی بۆ خەڵک بەدەست نەھێنا بەڵکو پاشەکشەیان بە ھەرێمی کوردستان و ئەزمونی حوکمڕانی کرد بۆ دەیان ساڵی تر.
ھەر لەسەردەمی ئەودا بوو ٥١% خاکی کوردستان ھەر لەجەلەولاو خانەقین ودووزو کرکوک وشنگارو مخمورو دەشتی موسڵ تەسلیم بەحەشدی شعبی کران و خوێنی ڕژاویی دەیان ھەزار گەنج ولاوی ئەم وڵاتە کە لەژێر ختوکەی سۆزی نەتەوەیی وڕزگارکردنی خاکی کوردستاندا ڕژێنرا بەبادرا .
من ھیچ ڕقێکی شخێیم نیە بەڵام دڵخۆش نیم وگەش بینیش نیم بەوەی کە سەرەڕای ئەو ھەمو شکستانەو ماڵ وێرانیەی بەسەر خەڵکی کوردستانی باشور ھاتوە لەماوەی دەسەڵاتی ئەوو بەھۆی بێ توانایی ئەوەوە ،جارێکی تریش لەسەر کورسی سوڵتانی دائەنیشنەوە ، تەنھا خەم بۆ ئایندەی میلەتەکەم دەخۆم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.