عەبدولستار مەجید: لەگەڵ ھاوبیرەکانی پێشومان نەتوانین ئەو مامەڵەیە بکەین، چۆن دەتوانین بیر لە گەورەبوون و کرانەوەی کۆمەڵ بکەینەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 228 جار بینراوە

ستاندەر

عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی لە ساڵیادی حیزبەکەیدا رایدەگەیەنێت گۆڕینی شێوازی کار و ھەڵبژاردنی باشترین و دەستبەرداربوون لە شێوازە تەقلیدییەکە بۆ ئێستا بۆتە ئەرکێکی گرنگ. سەبارەت بەو کەسانەشی کە پێشتر ئەندامی ئەو حیزبە بونە و ئێستا دەستبەرداری بونە ناوبراو نوسیویەتی جا ئەگەر ئێمە لەگەڵ ھاوڕێ و ھاوسەنگەر و ھاوبیرەکانی پێشومان نەتوانین ئەو مامەڵەیە بکەین، چۆن دەتوانین بیر لە گەورەبوون و کرانەوە و پێشخستن و فراوانبونی پرۆژەی سیاسیی کۆمەڵ بکەینەوە ؟! ئەو لێدوانەی ناوبراو لە کاتێکدایە پێشتر عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند بۆ کرانەوەی زیاتر ئاساییە پاشگری ئیسلامی لاببەین و لەبارەی ئەو کەسانەشی کە بەو دواییە جیابونەوە رایگەیاند ئازادن هەر بڕیارێکیان داوە.

بەگوێرەی لێکدانەوەکان ئەو نوسینەی عەبدولستار مەجید جۆرێک لە نارازی بونی تێدایە لە مامەڵەی سەرکردایەتی ئەو حیزبە لەگەل کەیسی جیابونەوەی سێ سەرکردایەتیەکە و کادیرەکانی تری ئەو حیزبە.

دەقی وتارەکەی عەبدولستار مەجید بخوێنەوە:

٣١ ی ئایار و چەند ڕاستی و ڕاسپاردەیەک بۆ ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان

عەبدولستار مەجید

وێڕای پیرۆزباییم بۆ ھەژدەھەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بە پێویستی دەزانم تەئکید لە چەند خاڵێکی جەوھەریی بکەمەوە، وەک ناوەڕۆکی کار و پرۆژە و ھۆکاری فراوانبوون و گەورەبوونی ئەم پرۆژە ئیسلامییە .

لە ئێستاشدا کە بەرەو کۆنگرەی چوارەم ھەنگاو دەنێین، گرنگە چاومان لە ئایندەیەکی گەشتر و پرۆژەیەکی گەوررەتربێت، ئەوەش نایەتەدی تا دەست نەخەینە سەر خاڵە لاوازەکانی ڕابردوومان .

بۆیە لێرەدا بەپێویستی دەزانم چەند خاڵێکی گرنگ ئاماژە پێبکەم :

یەکەم: پابەندبوونی ھەموولایەک بە (ھێڵە گشتییەکان و بنەما شەرعییەکان) کە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی لەسەر دروستبووە و فاکتەری ئۆقرەیی و تۆکمەیی و یەکڕیزی ناوخۆیە !

دووەم: کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان پرۆژەیەکی سیاسیی ناوازەیە، خاڵی ھەرە بەھێزی ئەوەیە کە توانای خۆ گونجاندنی ھەیە لەگەڵ ھەر قۆناغێک کە کاری تێدادەکات، ئەم خەسڵەتە لە کەم ھێزی کوردیدا ھەیە، یان دەتوانم بڵێم ھەر نیە .
ئێستاش کە ١٨ ساڵمان لە یەکەم ڕۆژی ڕاگەیاندنیەوە تێپەڕاندووە، پێویستە واقیعی ئێستای ھەرێمی کوردستان و سروشتی تەونی کۆمەڵگەی خۆمان بە وردی بخوێنینەوە و لە پاڵیشیدا خوێندنەوە و دونیابینیەکی عاقڵانە پێویستە !

سێھەم: ئەم پرۆژەیە موڵکی ھەموو ئەو بەڕێزانەیە کە ڕۆژژانێک کاریان تێداکردووە و تەمەنێکیان بۆ خزمەت و گەورەبوون و ھێشتنەوەی پێبەخشیوە .
کۆمەڵی ئیسلامیی پێویستە ھەمان ماڵە گەورەکەی ٢٠٠١ بێت و بۆ ئێستا و ئایندە ھەمووان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە !

چوارەم: گۆڕینی شێوازی کار و ھەڵبژاردنی باشترین و دەستبەرداربوون لە شێوازە تەقلیدییەکە بۆ ئێستا بۆتە ئەرکێکی گرنگ، پێویستە ھەموو ئەو ڕێگا و شێوازی کارەی ھەڵبدەبژێرین سەردەمیانە و لە ئاستی گەورەیی ئەو پەیامەدا بێت کە ھەڵمانگرتووە و بەقەد گەورەیی ئەو ئامانجانە بێت کە چاومان لە بەدیھێنانیانە .

پێنجەم: گرنگتر لە ھەمووی، ڕاگەیاندنی ئاشتەوایی گشتییە بۆ ھەموو ئەو خوشک و برایانەی سەردەمێکی زۆر پێکەوە لەم پرۆژەیەدا بوین و تەمەنێکمان پێبەخشیتوە . دەبێ درێژکردنی دەستی برایەتی و کردنەوەی باوەشی خۆشەویستی و ڕاخستنی باڵی میھرەبانی بۆ ھەموویان ببێتە کلتورێکی جوانی تایبەت بە خۆمان، کە ئەوە نزیکترینە لە ڕۆحی ئیسلامەتی و دینداریمانەوە .
جا ئەگەر ئێمە لەگەڵ ھاوڕێ و ھاوسەنگەر و ھاوبیرەکانی پێشومان نەتوانین ئەو مامەڵەیە بکەین، چۆن دەتوانین بیر لە گەورەبوون و کرانەوە و پێشخستن و فراوانبونی پرۆژەی
سیاسیی کۆمەڵ بکەینەوە ؟!

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.