کورد لە عێراقدا بەرەو کەمینەیەکی ناکاریگەر

لەلایەن ستاندار Posted on 324 جار بینراوە

عارف قوربانی

کورد لە باشووری کوردستان کێشەی جۆراوجۆری ھەیە، بەڵام لە ھەموویان مەترسیدارتر ئەوەیە کە لە رابردوودا دەژین و بیر لە داھاتوو ناکەینەوە. لەخۆمان ناپرسین ئێمە لە کوێ دەژین؟ لەگەڵ کێ دەژین؟ بیر لەوە ناکەینەوە چارەنووسمان لەم چوارچێوەیەی پێی دەڵێن عێراق و لەناو ئەم ژینگە کۆمەڵایەتییەی عارەبدا، بەکوێ دەگات؟

ئەگەر کەسانێکیشمان لە پەراوێزێکدا قسەیەک لەسەر ئەم بابەتە بکات، بە قەومەچی و عەقڵی شۆڤینی تۆمەتباری دەکەن. ئێستا تەماشا بکەن لە میدیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چی بەو کەسانە دەگوترێ کە بیانەوێ ختوکەی ھەستی نەتەوەیی کۆمەڵگە بدەن کە بەئاگابێتەوە لەوەی لەناو ململانێیەکداین چارەنووسی نەتەوەکەمان دەخاتە مەترسییەوە و پێویستە پلانمان بۆ مانەوە ھەبێت. کەسانێک ئەم خەمە بگرنە کۆڵ، لۆمە دەکرێن. نازانن ئێمە لە وڵاتێکداین ھێشتا مەحکومە بە ململانێی تایفی و نەتەوەیی، مانەوەی ھەرلایەک لەم گەمەی دەستشکانەوەیەی یەکتریدا بەستراوە بە ھێز و بازووی خۆیەوە. بیر لەوە ناکەینەوە ئەگەر ئێمە لای خۆمانەوە ئەو قۆناغە تێپەڕێنین و بمانەوێ لەسەر بنەمای ھاووڵاتیبوون و وەک مرۆڤ پێکەوە بژین، ھەڵوێستی بەرانبەرەکانمان چۆن دەبێت.

لەم وتارەدا مەبەستمە پرسێک بورووژێنم: ئێمە لە کوێ و لەگەڵ کێ دەژین؟ ئەم وڵاتەی ناوی عێراقە چۆن دەبێت و چارەنووسی ئێمە لەناو عێراقدا بەکوێ دەگات؟ ئەگەر عێراق وڵاتێکی پڕ لە کێشە و ململانێ و شەڕ و ئاشووب بێ، ئێمە دەکەوینە کوێی ململانێکانییەوە؟ ئەی ئەگەر عێراق وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر بوو، ئێمە چیمان بەسەردێت؟ ئایا ھیچ ھیوایەک ھەیە ژیان لە عێراق و لەگەڵ عەرەب، بە پێکەوەژیانێکی دوور لە مەترسی و ئاشتیانە بەسەر بەرین؟

با وێنای ئەو دیوەی عێراق بخەینە پێش چاوی خۆمان کە ململانێ و ناکۆکی لە نێوان پێکھاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی بەردەوام دەبن. کورد دەتوانێ بە ئارامی لە کوێی ئەو عێراقەدا دەرفەتێک بۆ ژیانێکی بێ کێشە بۆ خۆی بدۆزێتەوە؟ عێراق ئێمە دروستمان نەکردووە، ھەڵبژاردە و دڵخوازی ئێمە نەبووە تا لەم چوارچێوەیە و لەگەڵ ئەم کۆمەڵگە خێڵەکییەی ناویدا بژین. تەنانەت بەزۆر و بێ خواستی خۆمان لکێندراوین پێوەی. ئێمە بەرپرس نین لەوەی ئەم وڵاتە لە کورد و عەرەب پێکھاتووە، کە عەرەب لەوەتەی ھەن نەیانتوانیوە لەگەڵ نەتەوەیەکی تر بە ئاشتی بژین و ھەمیشە ھەوڵیانداوە ھەموو جیاوازییەک لەنێو عەرەبدا بتوێننەوە. ئێمە ھیچ رۆڵێکیشمان لەوەدا نەبووە سوننە و شیعە پێکەوە لەم چوارچێوەیەدابن کە لە کوشتنی حوسێنەوە تا رۆژی قیامەت ململانێ لە نێوانیان کۆتایی نایەت. بۆیە بەھۆی خەسڵەتی نەگونجاویی پێکھاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی، ھەروەھا ئاسەواری ململانێی نزیک بە سەت ساڵی رابردووی نێوانیان، ئاماژەی بەردەوامی و درێژەدانی ئەو ململانێیانەی رابردووە بۆ داھاتوویەکی زۆر دوورتر.

مەترسیەکەش لەوەدایە ئەگەر پێشتر بە چەکی سووک و تەقلیدی شەڕی یەکترییان کردبێت، لە داھاتوودا بە چەکی زۆر قورس و وێرانکەر رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. ئایندەی عێراق پڕ دەبێ لە کوشتار و خوێنڕشتن. بۆیە پێویستە ھەمیشە ئەوەمان لەپێشچاو بێت کە تا ئەو ساتەی لەگەڵ عێراق بمێنینەوە، ئێمە لەناو ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتیەدا دەژین.

با گریمانەی ئەوە بکەین کە ئەم بۆچوونەی من ھەڵەیە و عێراق دەبێتە شامی شەریف. نەک سوننە و شیعە، نەک کورد و عەرەب ناکۆک نابن، گریمان مەڕ و گورگ پێکەوە لە کانییەک ئاو دەخۆنەوە. عێراق دەبێت بە وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر. ئایا ھیچکات لە خۆمان پرسیوە لە دۆخێکی لەم جۆرەشدا چارەنووسی ئێمە چی دەبێت لە عێراقدا؟ عێراق وڵاتێکی زۆرینە عەرەبی کۆمەڵگەی خێڵەکیە.

رێژەی گەشەکردن و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان تیایدا پێچەوانەی ھەموو بنەما زانستیە چاوەڕوانکراوەکانە. ئەگەر ئەو ئامار و سەرژمێریانەی لە دروستکردنی عێراقەوە بۆ کەوتنی سەدام و لەوکاتەشەوە تا ئێستا بە ھەر وڵاتێکی تری دونیا بەراورد بکەین، جێی تێڕامانە کە سەرباری ئەو ھەموو شەڕ و کوشتارە خوێناویانەی لەو ماوەیەدا روویانداوە، رێژەی گەشەکردن و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بەو خێراییە بەرز بووەتەوە.

ساڵی ٢٠٠٣، عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە کەمتر بوو لە ٢٥ ملیۆن کەس، نزیکەی ٥ ملیۆنیان دانیشتووی ھەرێمی کوردستان بوون. کۆتایی ئەمساڵ عێراق دەبێتە ٤٠ ملیۆن، ھەرێمی کوردستان کەمترە لە ٦ ملیۆن و کەمتر لە یەک ملیۆن گەشەی کردووە، بەڵام پارێزگاکانی تری عێراق زیاتر لە ١٥ ملیۆن کەس زیادیان کردووە. کەمتر لە ١٠ ساڵی تر واتا پێش ٢٠٣٠ عێراق ٥٠ ملیۆن تێدەپەڕێنێ. ئەو تەعریبەی پێشتر بە پلان و لە رێگەی سیاسەتی پاکتاوی رەگەزی و بە ھێز و دامەزراوەی دەوڵەتی دەیانکرد، ئەوەی ئێستاش بە پاساوی جۆراوجۆر دەستیان کردووە بە ھێنانی عەرەب بۆ ناوچە کوردستانییەکان، لەمەودوا بەھۆی لەدایکبوون و گەشەکردنی ژمارەی خێزانی عەرەبەوە ھەمان ئامانج دەپێکن. تەنانەت لە شارەکانی ناو ھەرێمی کوردستانیش لە دوو بۆ سێ دەیەی داھاتوودا ئەم مەترسییە پەیدا دەبێت.

ئاین و کۆمەڵگە و یاسا، ھەرسێکیان یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی لە داھاتوودا عەرەب بکەنە زۆرینەیەک، ئەگەر ھیچ ناکۆکی و کێشەیەکیش لە نێوان کورد و عەرەب نەمێنێ، عەرەب دەبنە مەترسی لەسەر دیمۆگرافیای کوردستان. سەدام لە سەرەتاکانی جەنگی عێراق ئێراندا بڕیارێکی دەرکرد کە (ژنی شەھیدی قادسیە) شوو بکاتەوە، مووچە و ئیمتیازەکانی وەک خۆی دەمێنێتەوە و دایکی شەھیدەکەش ھەمان ئیمتیاز وەردەگرێت. بەمە ھانی ئەوەیاندا کە ژن وەک کارگەی بەرھەمھێنانی مرۆڤ لەکار رانەوەستێ. ئاین رێگەی ٤ ژنی پێداون و ئەوەی ٤ ژن بێنێت لەناو کۆمەڵگەی عەرەبیدا شەھامەتی پێ زیاد دەبێت، یاساش رێگەیان پێدەدات. دەسەڵاتدارانی ئێستا بۆ تەواوکردنی ئەو ئامانج و ستراتیجە خەریکە یاسای باری کەسێتی دەگۆڕن تاوەکو کچ لە ٩ بۆ ١١ ساڵی بەشوو بدرێت.

لە کوردستان لەڕووی یاساییەوە دووژنی قەدەغەیە، لەناو کۆمەڵگاش بەچاوی کەم لەو پیاوانە دەڕوانن کە لەیەک ژن زیاتریان ھەبێت. ئەگەر خێزانی شەھیدێک شوو بکاتەوە حکومەت مووچەکەی دەبڕێت و کۆمەڵگاش بەچاوێکی دیکە تەماشای دەکەن. زۆرترین ژنانی بەجێماوی ئەنفال و کچە نازدارەکانیان بە قەیرەیی مانەوە، چونکە ئەو مووچە کەمەی وەریاندەگرت لە حاڵەتی چوونەژیانی ھاوسەرێتییەوە ئیتر دەبڕدرا. خێزانی کوردیش تادێت بچووکتر دەبێتەوە و منداڵی کەمتر دەخرێتەوە. ئەمانە ئاماژەی مەترسیدارن کە ئێمە لە ململانێی ژمارە و پارێزگاری لە ناسنامە، دەکەوینە بەردەم ھەژموونی عەرەبەوە و دەبین بە کەمینەیەکی ناکاریگەری حساب بۆ نەکراو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.