بارزانی و تاڵەبانی حکومەتێکی قەرزدار جێدەهێڵن

لەلایەن ستاندار Posted on 305 جار بینراوە

کەمال چۆمانی

لە ماوەی حوکمڕانیی نێچیرڤان بارزانییدا، هەرێمی کوردستانی عێڕاق توشی دەیان و سەدان قەیران بۆتەوە، بارزانیی حکومەت بەجێدەهێڵێت لەگەڵ دەیان قەیرانی چارەسەرنەکراو. بارزانیی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانیی، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردودا یەک کێشەی جدییان چارەسەرنەکردوە، بەڵام هۆکاری دەیان قەیرانی چارەسەرنەکراون. هەمو کێشەکانیش دەگێڕنەوە بۆ هاتنی ئاوارە و پەنابەری زۆر، دابەزینی نرخی نەوت، بڕینی بودجە لەلایەن حکومەتی ناوەندیی و شەڕی داعش. کاتێک حەیدەر ئەل-عەبادیی حکومەتی لە نوری ئەل-مالیکیی وەرگرت، دۆخی سیاسیی، ئابوریی و عەسکەریی و ئەمنیی عێڕاق لە هەرێمی کوردستان خراپتر بو باشتر نەبو، بەڵام ئەل-عەبادیی توانی عێڕاقێکی شکستخواردوی دۆڕاو و داگیرکراو لەلایەن داعش، بگێڕێتەوە سەر خۆیی. توانی ملبداتە بەر زۆر لە کێشەکانی عێڕاق و عێڕاق لە شکستی تەواوەتیی رزگاربکات. ئەگەر ئەل-مالیکیی وەک سەرۆک وەزیران بمابایەوە، ئەگەری هەبو کێشەکانی عێڕاق لە ئێستادا سێ ئەوەندە بوان.
ئێستا بارزانیی سەرۆکایەتیی حکومەت جێدەهێڵێت و تاڵەبانیی وەک جێگری مەسڕوڕ بارزانیی بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی هەفتەنامەی وشەی سەر بە پارتیی، لە سێ ساڵی رابردودا تەنها لە زانکۆکانی کوردستان ٨٨،٥٨٥ خوێندکار دەرچونە. لەو ژمارەیە، تەنها ٩٤٦٠ دەرچو کاریان دۆزیوەتەوە. واتا نزیکەی ٨٠ هەزار تەنها دەرچوی بێکار لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا هەیە.
قەیرانی بێکاریی یەکێکە لە قەیرانە گەورەکان. خۆشبەختیی ئێمە ئەوەیە هێشتا کۆمەڵگایەکمان هەیە خێزان هاوکاریی یەکتر دەکات، ئەگەرنا بێماڵ/هۆملێس لە کوردستان دەبوە دیاردەیەکی گەورە، رێژەی تاوان دەیان هێندە بەرزدەبوەوە، کێشە کۆمەڵایەتیی و ئەمنییەکان زۆر زیاتر دەبون.
بارزانی و تاڵەبانی تەنها پاساو بۆ شکستەکانیان دەهێننەوە، وەک ئێمەش گلەیی لە دۆخی قەیراناویی دەکەن. تەنانەت مێرولەش حیسابی زستان دەکات و پاشەکەوت دەکات، کەچی بارزانیی و تاڵەبانیی بیریان نەبو حکومەت دەبێت پاشەکەوتێکی هەبێت بۆ رۆژی تەنگانە. بە هۆی ئاوارە و پەناهەندەکانەوە دۆخی کوردستان خراپ نەبو، بەڵکو ئاوارە و پەناهەندەکان خێر و بەرەکەت بون بۆ کوردستان بۆ راکێشانی فەندی نێودەوڵەتیی و عێڕاقیی، ئەمە جگە لەوەی زۆر لە دەوڵەمەندانی عێڕاق هاتنە کوردستان و بزنسیان دەستپێکرد و پارەی زۆر هاتە ناو بازاڕی کوردستان. شەڕی داعش دیسان وای کرد کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی هاوکاریی کوردستان بکات نەک شەڕەکە ببێتە هۆی دروستبونی قەیران.
ئەوەی هەیە لە کوردستاندا قەیرانی ئیدارە و عەقڵە، قەیرانی دەوڵەتداریی و حکومڕانییە، قەیرانی گەندەڵییە. ئەوە دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و ئاوارە و پەنابەرەکان نەبو هەرێمی توشی قەیران کرد، ئەوە چەتەگەرایی ئابوریی و دارایی حکومەتی هەرێم و یەکێتیی و پارتیی بو، ئەوە ساویلکەیی تاڵەبانیی بەرانبەر بە ریفۆرم و گەندەڵیی کەڵەکەبوی حوکمڕانیی ٢٠ ساڵی بارزانیی بو.
ئێستا بارزانی و تاڵەبانی ئەو کابینەیە جێدەهێڵن، لەگەڵیشیدا حکومەتێکی قەرزدار و شکستخواردو لە هەمو بوارەکان، تەنها لە بواری گەندەڵیی نەبێت.
ئەوەی جیی کارەساتترە، هەر ئەوە نییە کە لە ٢٨ ساڵی رابردودا رویداوە، ئەوەیە کە حکومەتەکەی مەسڕوڕ بارزانیی و قوباد تاڵەبانیی نەک بۆ ٢٨ ساڵی داهاتو پڕۆژەیان نییە، تەنانەت بۆ ٢٨ رۆژی یەکەمی حکومەتەکەشیان پڕۆژەیان نییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.