شوانە حسن ابوبکر
کاتێک دەسەڵات بەردەوام کار لەسەر پانتایەکانی ھوشیاری ساکاری جەماوەر دەکات و ھەمیشە پشگیری ئەو مەعریفەیە دەکات کە لەبەرژەوەندی حوکمڕانی خۆیدا بێت، دەنا بەھەموو شێوازێک دژایەتی دەکات. سەرکردە و نوخبەی سیاسی بەسەر ھەزارەھا خەڵکی بێ ئاگاو خەفڵەتزادەدا دەپەڕنەوە بۆ بەدیھێنانی تەواوی ئامانجەکانیان. ئەمەش بە سودوەرگرتن لە لاوازی بەشداری سیاسی تاک، نزمی ئاستی ھوشیاری، لەغیابی مەعریفەی زانستی لە زۆربەی ئاستەکانی کۆمەڵگەدا حزب دەتوانێ ئەو مۆدێلە پیادە بکات کە خۆی دەیەوێت. نوخبەی سیاسی زۆرجار فەلسەفەیەکی کۆمەڵایەتی، ئاینی، کەلتوری و پەروەردەیی دەکات بە ئایدۆلۆژیایەکی بزوێنەر و لەوێشەوە دایدەبەزێنێت بۆ ئاستی ژیانی ئاسایی جەماوەر.
لەفەرھەنگ و ئەزموونی سیاسی دونیای ئێمەدا، دەشێ چەند ڕەھەندێک دەنیشان بکەین، کە تیایدا نوخبەی سیاسی کوردی بەردەوام ڕوودەکەنە بەکارھێنانی زمانی ئاینی و ناسیۆنالیزمی وکەلتوری و ئابووری….ھتد کۆی ئەو فاکتەرانە بەکاردێنن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دەورووبەر و درێژەدان بە ئەزموونی فاشی و ناعەقڵانی و نالۆجیکی خۆی. ھەروەھا بڵاوکردنەوەی ھوشیاری سیاسی ساختە و بەکارھێنانی ڕێگا و میکانیزمی جیاواز بۆ داپۆشینی عەیب و عار و ماکیاژکردنی دەسەڵاتی خۆیان.
ڕەھەندەکانی ئەم پرسە لەم چەند خاڵەدا دەستنیسشان دەکەین:
١. ڕەھەندی سیاسی: بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتەوە باس لە ڕیفۆرمی سیاسی دەکرێت، بەڵام وەک ئاشکرایە گۆڕانی ڕاستەقینە کاتێک ڕوودەدات کە ڕوئیا و وێنای تاکەکان بەرامبەر ژینگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی بگۆڕێت. لەدەرەوەی ئەمە تەنھا توێژی سەرەوەی شتەکان دەگۆڕێت، ڕۆناچێتە خوارەوە و ناتوانێت ماناو ناوەڕۆکێکی تازە بداتە چەمک و ڕوانینە جیھانییەکان. زۆربەی کات ئەم ڕیفۆرمە یاریەکی سیاسی ساختەی دەسەڵاتە و ئامانجی گەورە لێی خەیاڵی سیاسی و سۆسیۆلۆژی خەڵک دادەبڕن لە ئامانجی باڵا و گۆڕانێکی بنچینەیی. تەنھا دەبێتە ئامرازێک بۆ درێژەدان بەواقێکی نامەعقول بەفۆڕمێکی نوێ، دەبێتە ماکیاژێکی خەست و خۆڵ و لە دەمووچاوی ناشیرنی دەسەڵاتی ھەڵدەسوون. چارەگە سەدەیەکە ئەم بزوتنەوە سیاسیانەی دونیای کوردی خەریکی بڵاوکردنەوەی ھوشیاری ساختەن بەناوی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی سیاسی، ئەم مۆدێلە نەک ھیچ شتێکی نوێ ناخوڵقێنێ، بەڵکو بەشێوەیەکی ڕەھا پێویستی بەگۆڕانێکی ڕادیکاڵی ھەیە، لە ڕێگای شۆڕشێکی فیکری و پەروەردەییەوە. دەشێت ئەم فکرەیە ھاومانا بێت لەگەڵ ئەم دونیابینیەی کاڕل مارکس کاتێک دەڵێت: “ئێمە ناتوانین لە ھاوئاھەنگی نێوان پڕۆسەی گۆڕین و چالاکی مرۆڤ تێبگەین یان ڕاڤەیەکی عەقڵانی بۆ بکەین، ئەگەر کردەیەکی شۆڕشگێڕانە وجودی نەبێت”.
٢. ڕەھەندی ئاینی: دەسەڵات بەکۆمەڵێک پەیوەندی ئاڵۆز و نھێنی کاردەکات لەسەر پانتایەکانی ژیانی ئاینی، کەتیایدا ھەموو ئاراستەکانی ناو ئەم ڕووبەرە دەچێتەوە چوارچێوەی خزمەتکردن و مۆنۆپۆاڵکردنی لەلایەن دەسەڵات خۆیەوە. بەگشتی ئەمە لە کۆمەڵگە نەریتی و سونەتیەکان دەبینرێ کە تیایدا پانتایەکی فراوان دەکرێتەوە بۆ کایەی ژیان و ژیانکردن لەدەرەوەی سیاسەت. ئایدۆلۆژیای دەسەڵات دەچێتە ناو کایەی ئاینی بەجۆرێک دایدەڕێژێتەوە کە لەبەرژەوەندی خۆی کۆتایی پی بێت. بۆنموونە: دیاکردنی وتاری ڕۆژی ھەینی لەلایەن دەسەڵات و وەزارەتی ئەوقاف، کردنەوەی مزگەوتی سەلەفیەکان لەناو جەرگەی سلێمانی و کارئاسانی کردنی لەلایەن گروپێکی سیاسی سۆشیاڵ دیموکرات و کۆکردنەوەی ھەزاران گەنج تیایدا، کە خەونیان گەیشتنە بە فیردەوس و وازیان لەگۆڕینی واقیعی کۆمەڵاتی و سیاسی ھێناوە. لێدان و کوشتن و دەرکردنی ھەموو ئەو مامۆستا ئاینیانەی کە گوتارەکانیان ناچنەوە خزمەتی ئایدۆلۆژیای دەسەڵات. ئاستێکی دیکەی ئەم کێشەیە لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێ کە مامۆستایانی ئاینی نەیانتوانیووە ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بن بەرامبەر کۆمەڵێک چەمک و بەھای دینی، وەک: داکۆکیکردن لە دادپەروەری کۆمەڵاتی، بەرەنگاری بەرامبەر فاشیزم، یەکسانی، ئەرک و مافی ھاوڵاتی …ھتد بەڵکو گوتاری ئاینی زۆرجار چۆتەوە خزمەتی فاشیزم خۆیەوە. دەشێ لەم ئاستەدا ئاین ھێزێکی گەورەبێت بۆ خزمەتکردنی دەسەڵات و بچێتەوە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای سیاسی. ئاین بۆتە یەکێک لە پڕۆژەکانی دەسەڵات و لەڕێگەی پیلانەوە پڕۆگرامکراوە. ھەر ئەم ھۆکارەیە کە لای کاڕڵ مارکس دین دەبێتە تلیاک و دەچێتە بەرەی مانەوەی واقیع دژی شۆرش و گۆڕانکاریی.
٣. ڕەھەندی کۆمەڵایەتی: ھیچ دەسەڵاتێکی سیاسی ڕێگا نادات ئاستی ھوشیاری تاکەکانی لە ئاستێکی دیاریکراو تێپەڕبکات، لەم پینتەوە دەسەڵات و نوخبەی سیاسی لە ئامانجەکانی خۆیان نزیک دەبنەوە و ھەیمەنەی خۆیان دەسەپێنن بەسەر کۆمەڵگەدا، گروپە سیاسیەکان ھەمیشە پانتایەکی فراوان دەکەنەوە بۆ کایەی کۆمەڵایەتی و ڕووبەرەکانی ئەم کایەیە فراوان دەکەن بۆئەوەی ئاگایی و ھوشیاری تاک زیاتر وابەستەی کەلتور و واقیعە کۆمەڵایەتیەکان بێت، لەئاستێکی جێگیر و بەدواکەوتویی دژی گۆڕانکاری بمێنێتەوە. بەتایبەتی ئەمە لە کۆمەڵگەکانی جیھانی سێ بەئاشکرا ھەستی پێدەکرێت کەنوخبە خێڵەکیەکان (ئاغا و کوێخا وبەگ)، ھەروەھا بەھا و نەریتی کۆنەپارێزی کۆمەڵایەتی، کاریگەری بەرچاویان ھەیە لەسەر ڕەوتی سیاسی و یەکلاکردنەوەی کردە سیاسیەکان.
لەپاڵ ئەمەدا، سۆشیاڵ میدیا و پیشەسازی ڕاگەیاندن ڕووبەرێکی فراوانیان داگیرکردووە لەژیانی ئینسانی کوردی و پڕۆسەگەلێکی گرنگن بەدەست دەسەڵاتەوە و بەردەوام لەم ڕێگەیەوە خەریکی پڕۆسەی” بەنەزانکردنی خەڵکن”. ئەمانە ئامرازێکی گرنگن بۆ داپۆشینی شەرمی سیاسی و شەریعەتدان بەم مۆدێلە، بەشێوازێکی ئاراستەکراو کاردەکەن بۆ دروستکردنی ڕوداوی کۆمەڵایەتی نوێ، زقکردنەوەی ھەندێ دیاردەو و کێشە و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و لەدواجاردا بەجۆرێکی کاریگەر دەیانھێننە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمەوە. لەم ڕێگەیەوە ھوشیاری کۆمەڵایەتی پێ سەرقاڵ دەکەن و ئاراستەی ڕەفتاری بەکۆمەڵ دەکەن، ئەم ڕووداوانە دەخەنە ژێر بارودۆخ و کۆنتڕۆڵکردنی دیاریکراوەوە بۆخزمەتی دەسەڵاتی خۆیان. سەرەڕای ئەمانە دەسەڵات سودێکی زۆری لە دابەشکردنی نێوان گروپ و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە وەرگرتووە.
٤. ڕەھەندی کەلتوری و پەروەردەیی: فەزای ڕۆشنیری دونیای ئیمە فەزایەکی پەرش و بڵاووە و کەمترین سەنتەریبوونی تێدایە، ھەر ئەمەیە وایکردوە بەدرێژایی مێژووی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە فەزای سیاسی و فەزای ڕوناکبیری دابڕاونەبن لە یەکتر. ئەم نوخبەیە وەکو مەخلوقێکی وشیار لەزۆر ئاستدا نەیانتوانیوە گوتاری دژە سیستەم بەرھەمبێنن و بەئەرکی خۆیان ھەستن، چرکەساتی بیرکردنەوەی ئەم نوخبەیە چرکەساتێکە ناتوانێ فۆڕم و دونیابینیەکی نوێ بدات بە دونیای سیاسی ئێمە. ئەم فاکتە وایکردووە دەستەبژێری ڕۆشنبیر لەپاڵ نوخبەی سیاسی وەکو بەشێک لەجەستەی سیاسی خۆی مانفێست بکات. ئەم نوخبەیە بەشدار بووە لەبەرھەمھێنانی وشیاری سیاسی ساختە لای ئینسانی دونیای ئێمە و ماکیاژکردنی دەسەڵات و دووبارە چۆتەوە چوارچێوەی خزمەتکردنی سیستەم.
لەپاڵ ئەمەداو سەبارەت بە ڕەھەندە پەروەردەیەکان( پەروەردەی فەرمی) دەشێ بڵێین ئەرکی دەزگای ئەکادیمی و پەروەردەیەکان بریتییە لە: ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی، بەرھەمھێنانی مەعریفەی بابەتی لەسەر واقیع، خوڵقاندنی کۆمەڵێک ماناو دەلالەتی نوێ، ھینانەدی ھەندێ بەھای نوێی عەقڵانی و لۆجیکی بۆ ناو سیستەم وئاستەکانی ژیانمانن، پێدانی بیرکردنەوە و دونیابینی نوێ بە ژیانی سایسی و کۆمەڵایەتی و.. لەدواجاردا ڕەنگدانەوەی ھەبێ لەسەر بەزانستی بوون و بە ئەکادیمی بوونی کۆی کایەکانی دیکە. بەڵام ئەم دەزگایانە نەک بەم ئەرکانەیان ھەڵنەستاون بەڵکو کۆمیدیا و گاڵتەجاڕیەکی زۆریان تیادا دەگوزەرێ بەجۆرێک کەبەدرێژایی مێژووی زانکۆ لەدونیای ئێمە، خەریکی بەرھەمھێنانی تاکی نەخوێندەوار و بێ مۆڕاڵە (مۆڕاڵی: پیشەیی و زانستی و مەعریفی..ھتد). بەبڕوای ئێمە مەعریفەیەی ناو ئەم دەزگایانە مەعریفەیەکی سیاسیە، پڕۆسەی سیاسی لەڕێگەی سیستەمەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاردەکات بۆئەوەی ئاستی وشیاری ھاوڵاتیان لەئاستێکی دیاریکراو تێپەڕنەکات و ئاگایەکی وشیاریان نەبێ لەبارەی واقیع و ئەو دۆخەی دەگوزەرێ، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک میکانیزمی تیۆری و پڕاکتیکی بەکاردێنن. کۆنسێرتی بەندبێژ و توڕدانی توێژینەوە زاستیەکان و ھەڵبژاردنی سەرۆکی زانکۆ و بەش و فاکەڵتیەکان لەڕێگەی لق و مەڵبەندەوە بەبێ ڕەچاوکردنی توانای زانسیتی و ئیداری و مەعریفی، پڕکردنەوەی فۆڕمی حیزبی بوون لەلایەن زۆربەی مامۆستایانی زانکۆوە….ھتد وایکردووە زانکۆ ھیچ شتێک لەواقیعی دونیای ئێمە نەگۆڕێ و ھیچی نوێ سەربار نەکات. نەک ھەر ئەمە بەڵکو لە ئامێڕیکی ئایدۆلۆجی دەوڵەت بە مانا ئاڵتۆسێریەکەی ھیجیتر نیە.
٥. ڕەھەندی ئابووری: لە دونیای تازەدا بونیادی ئابووری فاکتەرێکی گرنگە و کاریگەری لەسەر کۆی کایەکانی دیکە ھەیە، کاتێک بکەر خاوەنی ئابووری سەربەخۆ نەبوو، ئینسانی سەربەخۆ، بیرکردنەوەی سەربەخۆ، بڕیاری سەربەخۆش بوونی نابێت، لەم دۆخەدا کەلتور و سیستەمی” باوک سالاری” دێتە ناو فەزای ژیانەوە، تاک وەکو منداڵێک چاوەڕێی “باوکی سیاسیە” پارەی پێبدات، جا پارەکە چارەگێک بێت یان نیوە بێت دەبێ سوپاسگەزاربێت!، بەکەیفی خۆی کاتی پێدانیشی دیاری دەکات. دەسەڵات بە کۆمەڵێک تۆری پەیوەندی ئاڵۆز ئابووری وەک ومکانیزمێکی گرنگ دەخاتەگەڕ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆی ئاستەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و سیاسی و ئاینی کۆمەڵگە.
جگە لەمانە و لە ئاستێکی گشتیدا، لەمێژوو و فەرھەنگی سیاسی ئێمەدا چەمک و وشەی زۆر ھەن بونەتە سێبەر و درۆ، لەسایەیاندا ھوشیاری ساختە بەرھەمدێت و ماکیاژی دەسەڵاتیان پێ دەکرێ. چەپ و ناسیۆنالیزم، ئیسلامی و سیکیولار. دیموکراسی، دادپەروەری، سیاسەت و مۆڕاڵ و …ھتد ئەم چەمک و بنەمایانە نەک پەیڕەو ناکرێن لەلایەن دەسەڵات و نوخبەی سیاسیەوە بەڵکو سوکایەتیشیان پێ دەکرێ. ھیچ پەیوەندیەکی مەنتقی و لۆجیکی ئەم چەمک و بەھایانە بە ئەم مۆدێلەی ژیانی سیاسی ئێمە نابەستنەوە. گروپ و نوخبەی سیاسی ھەموو ئامرازەکانی تیۆری و کرداری کۆدەکاتەوە، بۆماکیاژکدنی دیوە بەدەکانی دەسەڵاتی خۆی و دەیخاتەوە خزمەتی ئامانجی سیاسی خۆیەوە.
ھەروەھا، کۆمەڵێک کایەی دیکە ھەیە کە دەسەڵات پەنایان بۆ دەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی خۆیان ، وەک: کۆمەڵگەی مەدەنی، ھونەر، میدیا، دەزگای ئەکادیمی، سینەما، مێنتێڵێتی خێڵ، بازار، ڕەمزەکانی نەتەوە، ھوشیاری کۆمەڵایەتی…. ھتد ھەموو ئەمانە دووبارە دەچنەوە چوارچێوەی خزمەتکردنی سیسەم و ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتەوە، لێرەوە حیزب بەگشتی و یەکێتی و پارتی بەتایبەتی خەیاڵی ئیبداع وگۆڕانکاری لە فەزای گشتیدا تیرۆر دەکەن.