نامەیەک بۆ

لەلایەن ستاندار Posted on 250 جار بینراوە

نامەیەک بۆ/ بەڕێزان
رای گشتی میللەت
سەرۆک وەزیرانی عێراق
سەرۆک کۆماری عێراق
پەرلەمانی عێراق
دوای سڵاو
چەندم کرد نەمتوانی جەژن بکەم، دورکەوتمەوە و بە تەنها بیرم لە نوسی ئەم نامەیە کردەوە. چ جەژنێکە بەبەر چاومەوە لە کەرکوک غەدر لە شارەکەم و پێکهاتەم دەکرێت، تەعریبی بەعسیان بەردەوامە، بەبەرچاومەوە خەلە و دەغڵ و دانی برا جوتیارەکانم دەسوتیندرێ. پرسیار دەکرێت کێ دەیسوتێنێت. داعش یان کەسانی تر… دواتر ئەمە روندەکەمەوە. لەولاشەوە سەرۆک وەزیران دەڵێت ” راگەیاندنەکان روداوەکانی کەرکوک گەورە دەکەنەوە”. بەڵآم ئەوەی بەندە دەیبینێ بێچەوانەکەی راستە.
یەکەم : میللەت : بۆ ئەوەی زیاتر زەرەرمەند نەبن داواتان لێدەکەم لە نێوان پێکهاتەی کورد لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان لە لایەک وسەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەکی تر ببن بە شایەد و دادوەر.
دوەم :جەنابی سەرۆک کۆمار: دو داوام هەیە:
1- جەنابت ماوەیەک لەمەوبەر سەردانی نەجەفت کرد، ئێستاش لە سەفەری عومرەی، تکام وایە دوعای خێر بۆ ئێمەی خەڵکی کەرکوک بکە بەڵکە خودا دوای ئەو هەمو کارەساتەی بەسەر میللەتەکەمان هات بەزەیی پیێمان بێتەوە و ئاوڕێکمان لێبداتەوە. چونکە سیاسیەکان و حیزبەکانمان لە خزمەتکردنی نیشتمان درۆیان کرد و شکستیان هێنا.
2- پێداگری بکە لەسەر جێبەجێکردنی بەندەکانی دەستوری عێراق، ئەمەش یەکێکە لە ئەرکەکانی جەنابت.
پێشتر هەر لە بارەی کەرکوکەوە لە رێگەی فراکسیۆنی گۆڕانەوە نامەیەکم بۆ جەنابت نارد، تا ئێستا بی وەڵامە.
سێیەم : جەنابی سەرۆک وەزیران:
دەربارەی کێشەکانی کەرکوک جەنابت دەڵێی ” دەزگاکانی راگەیاندن زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەیان کردۆتەوە”. دیارە جەنابت دەرئەنجامی رای ئەو لیژنەیەیە کە هاتنە کەرکوک و تەنها ئەوانەیان بینی کە لە بینای پارێزگان و پارێزگاریان بینی. دڵنیابە زۆر دورە لە راستیەوە و راستیەکانیان شاردۆتەوە. دڵنیابە روداوەکان زۆر لەوە گەورەتر و خەتەرترە لەوەی لە راگەیاندەکان باس دەکرێت. لێرە بە پێویستم زانی ئەم پرسیار و رونکردنەوانە باس بکەم:
1- دەربارەی سوتانی خەلە و دەغڵ و دان، تاوانەکە دەخەنە سەر داعش.. بەندە دوای سەردانی گوندە کورد نیشینەکان و بینینی چەندین جوتیاری حەویجە دەرکەوت کەسانی تر لە پشتی ئەم کردەوەیەن: خەڵکەکە دەڵێن ” لەو کاتانەی داعش دەسەڵاتی لە ناوچەکە هەبو یەک پارچە دغڵ نەسوتا، ئێستا بە ڕۆژی روناک زەویەکان گر دەگرن”.
2- دروستکردنی گوندەکانی العزة، الزهراء و ال بودێر لە نێوان کەرکوک و دوبز، دوای ١٦/١٠ ،بە بریاری کێیە؟. ئەمە ئەگەر درێژەدان نەبێ بە سیاسەتی تەعریب ئەبێت چی بێت؟
3- گردبونەوەی زیاتر لە ١٥٠ لە عەرەبی شەمەر لە گوندی پەڵکانە و ناوچەی سەرگەڕان، بە ئەمری کێیە؟. لەم بارەوە داوات لێدەکەم لە نزیکەوە بەدواچون بکە لەسەر ئەم دو خاڵە:
• تا ساڵی ١٩٧٥ واتە بەر لە تەعریبی بەعس ناوی یەک خوێندکاری عەرەب و مناڵی شەمەر لە تۆماری قوتابخانەی پەڵکانە نیە، ئەم قوتابخانەیە لە ١٩٤٨ دروسکراوە.
• لە گۆڕستانەکە یەک گۆڕی عەرەب و شەمەری لێ نیە.
4- پێکهاتەی کورد، کاتێ بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوپا و پۆلیسی ئیتحادی دەبێنێت لە هەمان شوێنەکانی سوپای سەردەمی سەدام ، بە تایبەتی لە ناوچەکانی شوان و ساڵەیی کە دو ناوچەی ئارامن و هیج کێشەی تێدا نیە، پرۆسەی تەعریب و ناوچەی ئامنەی سەردەمی بەعس و تەرحیل و تەهجیری دێتەوە بەرچاو و یاد.
چوارەم : پەرلەمانی عێراق
، بفەرمون، بڕواننە ئەو دو نامەیەی سەرەوە.
ئەمەی سەرەوە بەشێکی کەمی راستیەکانن، بەردەوامبون لەم سیاسەتە نەک هەر پێکەوەژیان لە کەرکوک دەخاتە مەترسیەوە بەڵکە بەدور نازانرێت تەشەنە بکات بۆ هەمو عێراق و دەستی دەرەکیشی تێ بکەوێ. بۆیە باشتروایە راستەوخۆ دەستبکرێت بە چارەسەری کێشەکان و چیتر دەستی دەستی بە دەستوری عێراق و مادەی ١٤٠ نەکرێت. راستیەک لێرەدا دەمەوێ بێڵێم ” پیکهاتەی کورد لەم ناوچانە لە دەسەڵاتی ئێوە خەریکە بێ ئومێد دەبێت، وەک لە دەسەڵاتی هەرێمێش بی ئومێد بوە و متمانەی نەماوە، چونکە لە نێوان بەردەئاشی ئێوەدا خەریکە دەهاڕدرێین.”.

بۆ کاری باش و دادپەروەرانە خوا یارتان بێت.
براتان
مەلا فرمان
کەرکوک، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.