وەرزی ھەڵوەرینی حزبەکان ٣

لەلایەن ستاندار Posted on 220 جار بینراوە

ئارام ھادی/ بەشی سێ یەم و کۆتایی

لەھەموو وڵاتێکدا ئۆپۆزسیۆن چەند شەقاوێک لە پێش دەسەڵاتەوەیە، بەو حوکمەی دەسەڵاتدارەکان تێوەدەگلێن لە کۆمەڵێک مەلەفی (گەندەڵی ئەمنی و ئیداری)، لێرەش بەپێچەوانەوە دەسەڵات زۆر لەپێش ئۆپۆزسیۆنە ئەمەش بۆ نەبونی پلان و کارنامەی تۆکمە دەگەڕێتەوە و لەزۆرپرسیشدا خەڵک ناتوانێ بەئاسانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لێک جودابکاتەوە، لەبەر تێڕوانینی ھاوبەشیان بۆ پرسەگرنگ و چارەنوس سازەکان.

ئێستانا بەڵکو زەمانێکە سیاسەتیان لەباشووری کوردستاندا ناشیرنکردوە و ھەرچی ھات تەنھا باری سەرشانی سیاسەتی قورستر و پیسترکرد، بەڵام نەوەی نوێ پەڕ و باڵی پێوەنەھێشت، وایکرد کە خەڵک قێزی لێ بکاتەوە و ھاوکات ترسی زیاتری خستە دڵی کاندیدی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوی سەرجەم حزبەکانەوە، کە زۆر زیاتر ئاگاداری خۆیان بن بەجۆرێک ھەست بەترس بکەن نەکا لەماڵەکانی خۆشیاندا بکرێنە مشکی تاقیگە!!.

ھەڵوەرینی حزبەکان
لە پرسە گرنگ و چارەنوس سازەکانی تایبەت بەم ھەرێمەی خۆماندا لەوانەش (گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوت لەگەڵ تورکیا. فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ بغداد. پرسی مانەوەی سوپای تورکیا لە باشوری کوردستان و دەستوەردانە بەردەوامەکانی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان. ڕیفراندۆم)، کە حەتمەن ھەر یەکێک لەم بڕیارە ھەڵانە لێکەوتەی زۆر خراپی بەسەر خەڵکەوە جێھێشتوە و بەشێکیشیان خەتەری جدی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دروستکردوە، نەمانبینی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لەبەردەم بڕیاری حزبە دەسەڵاتدارەکاندا وەک پۆڵا بچەقن و لە بڕیارە ھەڵەکانیان پەشیمانیان بکەنەوە وەک ئەمەیان نەکرد، ئەرکی چالاکوان و ڕێکخراوە مەدەنیەکانیان قورسترکرد، بۆ ئەمەش ئەرشیفی شەقام شایەدە کە چالاکوان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان چ ڕۆڵێکیان گێڕا و ھیچ کات بێدەنگ نەبونە و بەردەوام ھەوڵی دروستکردنی فشاریان لەسەر حزبە حوکمڕانەکان دروستکردوە، کە بەداخەوە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان تەنانەت ھانی ئەندام و لایەنگرانی خۆشیان نەدەدا پاڵپشتی لەم ھەوڵانەی شەقام بکەن کە لەلایەن چالاکوان و ڕێکخراوە مەدەنیەکانەوە سازدەدرا.

لەلایەکیترەوە بەشی ھەرە زۆری حزبەکان لە ژوورە داخراوەکاندا لە سەر پرسە ھەنوکەییەکان بە باش بۆبێت یا خراپ ڕێکدەکەوتن و ھەندێک جار ھانی فراکسۆنەکانی خۆشیان لە پەرلەمان داوە دەنگ بە تێپەڕبونی یاسا چەوتەکان بدەن، بەڵام بۆ چەواشەکاری پەرلەمانتارەکانیان دەناردە سەرشاشەی تەلەفزیۆنەکان و پەیامی دووفاقیان بە گوێی خەڵکدا دەدات، بێ ئاگا لەوەی ئەقڵیەتی خەڵک لەپێش ئەوانەوە بوە، پاداشتی خەڵکیش بۆ ئەم جۆرە سیاسەتەی حزبەکان بایکۆتی ھەڵبژاردن بو.

پەیامی دوا ھەڵبژاردن و زەنگی ترسناک بۆ ھەموان.
پێشتر وتمان دەسەڵات لەپێش ئۆپۆزسیۆنەوەیە، خۆشبەختانەش ئەقڵی خەڵک لەپێش ھەردوکیانەوەیە، ھەرئەمەش وایکرد خەڵکی کوردستان لەدواھەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا پەیامێک بە گوێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا بدات و نیوەزیاتری دەنگدەرانی کوردستان نەچونە سەرسندوقی ھەڵبژاردن و لەماڵەکانی خۆیاندا مانەوە، ئەم دەنگدەرانەش وەک چۆن ڕەقیبن بەسەر دەسەڵاتەوە و چاوەڕێن بزانن تاچەند کارنامەی ھەڵبژاردنەکانیان لەماوەی حوکمڕانیدا جێبەجێدەکەن، ئاواش ڕەقیبن بەسەر ئۆپۆزسیۆنەوە و چاوەڕێن مۆدێلێکیتری ئۆپۆزسیۆنبون ببینن، کە دووربێت لە ژاوەژاو و بەرنامەی جیاواز لەدەسەڵاتی ھەبێت بۆ چارەسەری. گەرنا دۆخەکە بەجۆرێک دەشێوێت کە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن چارەسەرنەکرێت و وای لێدێت وەک پەندە کوردیەکە دەڵێت “سەگ ساحێبی خۆی نەناسێتەوە”، ئەمەش وادەکات سنورەکانی ھەرێم لەئێستا واڵاتربن لەبەردەم داگیرکەراندا و ئەنجامەکەشی بە خۆڵەمێشکردنی ھەرێمی لێ دەکەوێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.