دوا بژارده‌كانى به‌رده‌م یه‌كێتیى

لەلایەن ستاندار Posted on 239 جار بینراوە

سەرتیپ وەیسی

به‌هۆكارى نه‌بوونى هیچ كارتێكى سیاسى و یاسایى و ئیدارى و دیراسه‌نه‌كردنى بارودۆخه‌كه‌، یه‌كێتی نیشتمانى كوردستان، له‌ دواى وه‌رگرتنى هه‌ر هه‌ڵوێستێك له‌به‌رامبه‌ر پارتى، دواتر سازشێك بۆ پارتى ده‌كات.
له‌ڕووى یاسایه‌وه‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ كه‌متر له‌ 35 ڕۆژى ماوه‌، دواى ئه‌وه‌ى یه‌كێتیى له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا ده‌نگى به‌ نێچیرڤان بارزانى وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم نه‌دا، یه‌كێتیى ئه‌و هه‌نگاوه‌ى گرتیه‌ به‌ر ئه‌وه‌ندى كاردانه‌وه‌بوو، نیو ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ڵوێستى ئه‌و حزبه‌وه‌ نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌ یه‌كێتیى له‌ هه‌نگاوى دووه‌مدا كه‌ مه‌ڕاسیمى سوێند خواردنه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانیه‌ به‌شدارى بكات (جا له‌سه‌ر هه‌ر ئاستێك بێت)، ئه‌گه‌ر به‌شدارى مه‌ڕاسیمه‌كه‌ بكات، ئه‌وا له‌ ناولێنانى مه‌سرور بارزانیش وه‌كو ڕاسپێردراوى سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ به‌شداریده‌كات.
ئه‌وه‌ى ئێستا ڕوونبۆته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ قوباد تاڵه‌بانى به‌ دڵنیايه‌وه‌ به‌شدارى مه‌راسیمى سوێندخواردنه‌كه‌ ده‌بێت، ( به‌رهه‌م ساڵحیش ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ بچێته‌ ئه‌و مه‌ڕاسیمه‌، چونكه‌ ئاماده‌كارى پڕۆتۆكۆڵى ده‌ستیپێكردووه‌، هه‌رچى كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و فراكسیۆنى یه‌كێتیى و مه‌كته‌بى سیاسیه‌ ئه‌و حزبه‌یه‌، پێده‌چێت ئه‌وانیش دواى بڕیارى مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى به‌شدارى بكه‌ن.
كه‌واته‌ به‌شدارینه‌كردنى یه‌كێتیى له‌ ڕۆژى ده‌نگدان بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم هیچ قازانجێكى نه‌بوو، جگه‌ له‌ زویركردنى نێچیرڤان باررزانى و دوورخستنه‌وه‌ى پرسى دانانى پارێزگارى كه‌ركوك له‌ ئێستادا.
یه‌كێتیى به‌و هه‌نگاوه‌ى گرتیه‌به‌ر نه‌یتوانى هیچ ئامانجێك بپێكێت، چونكه‌ ئه‌و حزبه‌ نه‌یتوانى ڕاسته‌وخۆ ئۆپشن و بژارده‌كانى به‌رده‌مى جێبه‌جێیانبكات و چۆك به‌ پارتى دابدات، ئه‌و پژاردانه‌ش بريتیبوون له‌ : پۆستەکان بە بەتاڵی بەجێبھێلدرێت تا ئەوکاتەی کێشەیی پارێزگاری کەرکوک چارەسەر دەکرێت، دووه‌م بژارده‌ش ئه‌وه‌بوو یەکێتی ببێت بە ئۆپۆزسیۆن بژارده‌ى سێیه‌م كه‌ تاراده‌یه‌ك قورس بوو یەکێتی کار بۆ دوو ئیدارەیەکی ئاشتیانە بکات دوایی ڕاوێژی ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی.
ئێستاش كه‌ مه‌راسیمى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى و ناولێنانى مه‌سرور بارزانى و متمانه‌دان به‌ كابینه‌ى نوێ له‌به‌رده‌میاندا ماوه‌، به‌هۆكارى ئه‌وه‌ى هیچ كارتێكى له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، گرینگه‌ یه‌كێتیى به‌شدارى مه‌راسیمى سوێندخواردنه‌كه‌و ناولێنانه‌كه‌ بكات، تاوه‌كو جارێكى دیكه‌ نێچیرڤان بارزانى بهێنێته‌وه‌ به‌ره‌ى خۆیان، له‌ هه‌مانكاتیشدا بتوانێت پاڵپشت به‌ پاشكۆى رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌باره‌ى كه‌ركووك، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پێكهێنانى حكومه‌ت له‌ماوه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ پارتى بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسى كه‌ركوك.
ئه‌گه‌ر له‌وماوه‌یه‌ یاسایه‌ى كه‌ 30 ڕۆژ بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ، پارتى هه‌ر نه‌هاته‌ ژێربار له‌سه‌ر پرسى كه‌ركوك، ئه‌وكات یه‌كێتیى ده‌توانێت دوا هه‌ڵوێستى خۆى به‌ پێشكه‌شنه‌كردنى ناوى كاندیدو متمانه‌نه‌دان به‌ كابینه‌ى نوێ بخاته‌ڕوو، دواتریش بیر له‌ بژارده‌كانى به‌رده‌مى بكاته‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌وكات خه‌ڵك و قاعیده‌ى جه‌ماوه‌رى ئه‌و حزبه‌ش پشتگیریان بكه‌ن و پارتیش قه‌رزبار بێته‌وه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.