یەکێتیی و پارتیی و ئەگەرەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 300 جار بینراوە

بایز رەشید ئەمین

ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی رەگ و رێشەیەکی مێژویی ھەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکانی سەدەی رابردو.لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا ئەم دو پارتە بە شەڕ وململانێ وئاشتیدا گوزەریان کردوە.شەڕی چەکداری نێوان ئەم دو پارتە دوای پێکدادانێکی زۆر و رژانی خوێنی ھەزاران لاوی کورد و بێسەروشوێنبونی سەدانیتر .لەساڵی ١٩٩٨دا لەسەر دەستی ئەمریکاو بە فشاری ئەوان لە( واشنتۆن) ی پایتەخی وڵاتە یەکگرتوەکان بەئامدەبونی ئۆلبراییت سکرتێری دەولەت کە دەکاتە وەزیری دەرەوە رێکەوتنی ئاشتی ئەنجامدرا. لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا ئەم دوپارتە شەڕی چەکداریان بەرامبەر یەکتر ئەنجامنەداوە. .ئەم ئاشتیە لە لایەن ئەمریکاوە بەسەر ھەردو پارتدا سەپێنرا کە تەنھا ئاشتیەک بو کە توندوتیژی رابگرێت و لەھەمانکاتدا ھەرێمی کوردستانیان لە نێوان خۆیاندا پەنجا بە پەنجا دابەشکرد.،کە ئەم جۆرە ئاشتیە لەلایەن بیرمەندی دامەزراندنی سەنتەری ئاشتی (ئۆھانس گالتونگ) بە ئاشتی نەرێنی ناودەبرێت.بۆیە ئاشتی ئەم دوپارتە لەھەناوی کادیرانی خوارەوەو سەرەوەدا سەرچاوەی نەگرتوە بەڵکو لە ئەنجامی فشاری ھێزە دەرەکیەکانەوە لە دایک بوە.بۆیە لەڕەوشێکی وەھادا کە دوپارتی خاوەن ھێزی چەکدارو پێگەی جوغرافی سەربەخۆ چەند ئەگەرێک بەدەر لە رۆلی ھێزە دەرکییەکان لە پرسی گرژییەکان و کێشەی پێکھێنانی کابینەی نوێدا چاوەڕواندەکرێت.

ئەگەری یەکەم..
پارتی شەرعیەتی یاسایی بەدەستەوەیەو دەتوانێت لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان وەک چۆن سەرۆکی ھەرێمیان ھەڵبژارد ،بەھەمانشێوەش دەست بەدامەزراندنی کابینەکە بکەن . بەبێ بەشداری یەکێتی ھەنگاوەکانی کابینەی تازە دەستبەکارەکانی دەکات و ھەنگاوەکانی چاکسازی دەستپێدەکەن کە لەوانەیە لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراقدا بتوانن پشتیوانی بەدەست بھێنن . بەشێوەیەک کە روی یاساییەوە مافی خۆیانە و ئەگەر پرۆسەی چاکسازیش ئەنجامبدەن ئەوا لەسەر ئاستی شەقامی کوردی رای گشتی فەراھەم دەکەن کە یەکێتی دەرفەتی جوڵاندنی شەقامی لە دەست بچێت.کەنارگیرکردنی یەکێتی تەنھا بەئەنجامدانی چاکسازی ریشەیی دەتوانێت سەرکەوتوبێت ، بە پێچەوانەوە پارتی و گۆڕان ناتوانن تەنھا بەڕاگەیاندنی حکومەت بێکێشە بن ئەگەر لە ڕێگەی چاکسازییەوە رای گشتی بۆ لای کابینەکە رانەکێشن.

ئەگەری دوەم…
پێدەچێت یەکێتی پرسی پارێزگاری کەرکوک وەک کارتی فشار بەکاربھێنێت ئەگینا دانانی پارێزگار ھیچ دەسکەوتێک بۆ ئەم پارتە نایەنەتە دی لەکاتێکدا کەرکوک لەژیر ھەژمونی سەربازی عێراق و گروپە چەکدارەکاندایە. دانانی پارێزگا کە ھیچ دەسەڵاتێکی لەڕوی ھێزی سەربازییەوە بەدەستەوە نەبێت ھیچ سود بە یەکێتی ناگەیەنێت.ئامانجی یەکێتی لە بنەمادا بەشدارینەکردنە لە کابینەیەکی وەھا کە پشکەکانی نیوەی پارتی نەبێت و لەھامان کاتیشدا لەسنوری سلێمانی لایەننێکی وەک گۆڕان لەبەرامبەریدا بەھێزبکرێت .لەبەرئەوە کێشەی سەرەکی یەکێتی ھاتنە ناوەوەی ھێزی سێیەمە بۆناو ھاوکێشەی حوکمڕانی بەشێوەیەک کە ھاوکێشەی باڵەکانی ناو یەکێتی لاسەنگ کردوە ، لە کاتێکدا ئەم پارتە پێویستی بە پۆستی زیاترە بۆ ئەوەی لە ناوخۆیاندا رێکبکەون و پشکەکان بەشی ھەمو باڵەکان بکات.لەم سۆنگەیەوە یەکێتی لەوەناچیێت بتوانێت بەم پشکە کەمانەوە لە پرۆسەی سیاسی ئایندەدا بەشدار بیێت بۆیە لەوانەیە ھەوڵی بەشدارینەکردن بدات و سەرچاوەی دارایی ئەم کابینەیە لە رێگەی بەغدادەوە وشکبکات.

ئەگەری سێیەم.
دەگوترێت لە سیاسەتدا بەرژەوەندی ھاوبەش لە سەروی ھەمو ڕێکەوتن ودۆستایەتییەکە .بەرژەوەندی نێوان یەکێتی و پارتیش لە ئاستێکی وەھادایە کە بەئاسانی دەست لەیەکتر ھەڵناگرن و ئامادە نین لەپێناو کابینەیەکدا ھەڵوێست لەیەکتر وەربگرن .بۆیە پێدەچێت ناکۆکی نێوانیان لە بنچینەدا سیناریۆ بێت بۆ ئەوەی گۆڕان لەم نێوەندا جەماوەرەکەی بە ھۆی ھەنگاوەکانی لە بەرژەوەندی پارتیدا لە دەستبدات وپاشان پارتی بەبیانویەک لە حکومەت بیانخاتە دەرەوەو یەکێتی بگەڕێتەوە ناو کابینەکە . ئەڵبەتە ئاستی رێکەوتنی یەکێتی و پارتی و جێگرانی ھەردو پارت لە ھی پارتی و گۆڕان کە ئەندامی خانەو مەکتەبی سیاسی بو باڵا تر بو .ئەوە لە کاتێکدا ھیچ بەرژەوەندییەکی دارایی لە نێوان پارتی وگۆران نییە. تاکە کارتی گۆڕان لەو کابینەیەدا چاکسازییەو ئەنجامنەدانی کۆتایی ھاتنی ئەم بزوتنەوەیە .کە پێناچیت پارتی جارێکی تر ئەم ھەلە بداتەوە گۆران و چاکسازی ئەنجامبدات کە دواجار بەسودی گۆران کۆتایی دێت.ئەگەر دواجار پارتی ناچار بێت ویەکێتی ملنەدات و لە نێوان یەکێتی وگۆڕان یەکێکیان ھەڵبژێرێت ئەوا یەکێتی ھەڵدەبژێرێت نەک گۆڕان.

ئەگەری چوارەم..
پێدەچێت پارتی ویەکێتی لەسەر داخوازی وبەرژەوەندی وڵاتانی دەرەوە نەتوانن رێکبکەون و لەبنچینەدا مەبەستایان نیە ئەم کابینەیە بەیەکەوە پێکبھێنن.بەشیوەیەک یەکێتی بیەوێت لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەسەڵاتی سەربەخۆ دابمەزرێنیت و شەرعیەت لە کابینەکە وەربگرێتەوە ،ھەمان نمونەی پارتی دوبارە بکاتەوە کە بزوتنەوەی گۆڕانی لە کابینەی پێشو وەدەرناو لەسەر ئاستی نێو خۆ و نێودەوڵەتی ھیچ زیانی پێنەگەیشت . لە ھەلبژاردنەکان کورسیەکانی پارتی لە بری دابەزین زۆرتر بون. .بۆیە یەکێتی بەتایبەت نەوی تازەی داوی تاڵەبانی مەبەستیانە توانای خۆیان نیشانی نێوخۆو ناوچەکەو جیھان بدەن کە خاوەن ھێز و بڕیارن و توانای گۆڕینی ھاوکێشەکانیان لە توانادایە. تاڕادەیەک ئەم نەوەیە لە پرسی کەرکوک ودانانی سەرۆک کۆمار بریارەکانی خۆیان سەپاند بەجۆرێک لەسەر ئاستی ناوخۆ بەسودیان شکاوەتەوە ، بینرا ئەمانیش لە بری کەمکردنی کورسییەکانیان کەچی لە کەرکوک بەرەو پێشچون.
بەکورتی لە بۆشایی ئاشتی ئەرێنی ھەمیشەییدا ھەمو ئەم ئەگەرانە چاوەروانکراون.ھەرکاتێک بنەماکانی ئاشتی نێوان لایەنەکان لەسەردەستی ‌ھێزی دەرەکی ئەنجامبدرێن ھەمیشەیی نابن و دەکرێت ھەر ئەم ھێزانە ئاشتیەکە ھەڵبوەشێننەوە.ئاشتی نێوان ئەم دو پارتەش لە دەرەنجامی فشاری دەرەکی بوەو لەسەربنەمای دابەشکردنی داھات بوە ،کەئەمڕۆ بەھۆی ناکۆکی ھێزە دەرەکییەکان لەم ناوچەیەداو و گەڕانەوەی دەسەڵاتی دارایی بۆ دەست حکومەتی ناوەند ،ھیچ فاکتەرێک بۆ رێکەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی نەماوە بۆیە پێناچێت بە ئاسانی بگەنە ھیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.