مردن و چەق بەستویی ژیانی سیاسی

لەلایەن ستاندار Posted on 272 جار بینراوە

جمال حمەڕشید

ھۆکار چیە حیزبی کوردی لە دواجاردا ھەمویان لەیەک دەچن و شتێکی نوێ یان پێ نیە بۆ کۆمەڵگەی کوردی؟

یان بۆچی ئەو حیزبانەی جاران بە ئۆپۆزسیۆن ناسرا بون، شکستیان ھێنا لە بەردەوامی دان بەو رَێگەیەو ئێستا جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵاتدا؟

یان ئایا بۆچی حیزبی کوردی بە کۆن و نوێ وە لەلایەن دەسەڵاتەوە قوت دەدرێت و ڕۆحی بەرگری کردن تا ماوەیەکی زۆر بڕ ناکات؟

تا واقعی سیاسی ئەم ھەرێمە گەیشتە ئەوپەڕی نا ئومێدی لە ئێستادا ؟

پێم وایە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە چەندین ھۆکار ھەیە، بەڵام بە ڕای من سەرەکی ترین ھۆکار و گرنگترینیان مردویی ژیانی سیاسی ناو خودی حیزبی کوردیە.

بەو پێیەی حیزبەکان خولقێنەر و پێکھێنەری سەرەکی ژیانی سیاسی ھەر وڵاتێکن، ڕادەی زیندوێتی ژیانی سیاسی ھەر وڵاتێکیش پەیوەندی ڕاستەخۆی ھەیە بە چەندێتی زیندویی مومارەسەی سیاسی لە ناو خودی حیزبەکانی ھەر وڵاتێک.

با بزانین بۆچی مومارەسەو ژیانی سیاسی نێو خودی حیزبی کوردی مردوە؟

ئەوەی دەیبینین لە حیزبی کوردی، ھەمویان، بە ئیسلامی و عەلمانیەوە، زۆر بە ئاستەم سەرکردایەتیان نوێ دەبێتەوە، گۆڕانکاری لە سەرکردەو بڕیار بەدەستی حیزب ڕوو نادات مەگەر بە مردن، کە جاری وا ھەیە لە دوای مردنی کەسی یەکەمی حیزب پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتی بڕیار بە میکانیزمی سروشتی خۆیدا ناڕوات.

ئەم حاڵەی حیزبی کوردی کە تەمەنی سەرکردایەتی و بڕیار بەدەستی ئەم حیزبانە بۆ زیاتر لە بیست ساڵ و بگرە زیاتریش درێژ دەبێتەوە و پێگەو پۆستەکانیان بۆ کادری گەنج و توانای نوێ چوڵ ناکەن. ئەمەش وا دەکات لەگەڵ پیر بون و لاوازی توانای سەرکردەکان، حیزبیش پیر و لاواز بێت و نەتوانێت وەک پێویست وەڵامدەرەوەی پێویستی و داخوازیەکانی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگە بێت.

بە سروشتی حاڵ کاتێک مرۆڤ پیر دەبێت و تەمەنی ھەڵدەکشێت بەرەو ژوور، ڕۆحی بەرگری واقعی باوی تێدا کەم دەبێتەوەو ناتوانێت وەک سەردەمی گەنجی تەحەددای واقع و خراپیەکانی واقعی کۆمەڵگە بکات و زیاتر ھەوڵ دەدات موسایەرەی واقعی باو بکات و دەسەڵات لە خۆی ڕازی بکات و بە بانگەشەو بیانوی جۆرا و جۆر سازش لە سەر مافەکانی خەڵک دەکات بۆ دەسەڵات.

ئیتر ووردە ووردە ئەم حیزبانە میسداقیەتیان لای جەماوەر دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و متمانە لە دەست دەدەن.

لە کاتێکدا کە سروشتی گەنج پێچەوانەیەو زیاتر ڕۆحی بەرگری و ھەوڵی گۆڕینی واقعی باوی تێیدا بەھێزە.

حیزبیش کاتێک لە کاتی سروشتی و پێویستی خۆیدا سەرکردایەتیەکەی نوێ نەکاتەوە و سەرکردە پیر و بێ تواناکانی نەگۆڕێت بە کادرە گەنج و بە تواناکانی، ئەو کاتە ژیانی سیاسی لە ناو خودی ئەو حیزبەدا دەمرێت و ئەم مردنەش کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر مراندن و نوێ نەبونەوەی کۆی ژیانی سیاسی لە وڵاتدا.

بۆ نموونە دەبینین لە باشوری کوردستان ئەو حیزبانەی کە جاران ئۆپۆزسیۆن بوون و جێگەی ئومێدی خەڵک بوون و دواتر رۆژ لە دوای ڕۆژ متمانەی جەماوەریان لە دەستداو ژیانی سیاسی ئەم ھەرێمەیان دوچاری چەقبەستویی و نا ئومێدی سیاسی کرد، دەبینین زۆربەی سەرکردایەتیەکانیان ئەوانەن کە زیاتر لە بیست ساڵە لەو پێگەو پۆستانەدان یان ئەو دەموچاوانەن کە لە حیزبە کۆنەکانیشیاندا ھەر خاوەن بڕیاڕ بوون.

ئەمە جگە لەو ڕاستیە کە لە زانستی کارگێڕیدا دەڵێت مانەوەی ھەر کەسێک لە پێگەو پلەو پۆستێکدا بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ ھۆکارە بۆ گەندەڵ بونی ئەو کەسە و جگە لە لاواز بونی توانای بەرەو پێش بردنی کارو داھێنان لە کارەکەیدا.

لە لایەکی ترەوە مانەوەی زۆری کەسەکان لە پێگەو پلەو پۆستەکانیاندا ئەو ھەلەیان بۆ دەرەخسێنێت کە بە چەندین ھێڵی بەرژەوەندی جیاوازەوە بە دەسەڵاتەوە ببەسترێنەوە، ئیتر بەرژەوەندی حیزبیش ببێتە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی تایبەتی کەمینەیەکی خاوەن بڕیاری حیزب و حیزب لە جیاتی ئەوەی ھۆکاری بەرەوپێش بردن و خزمەتی گشتی بێت، دەبێتە ھۆکاری خزمەتی بەرژەوەندی تایبەتی سەرکردەکانی.

بەم شێوەیە حیزب بەرەو سازش و تەسلیم بونی تەواو بە دەسەڵات دەڕوات.

لێرەوە ئەگەر دەمانەوێت واقعی چەق بەستوی ژیانی سیاسی وڵات ڕزگاری بێت دەبێت سەرەتا خودی ژیانی سیاسی ناو حیزبی کوردی لە مردن ڕزگار بکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.