حەشدی شەعبی چی دەکات لە سنوور

لەلایەن ستاندار Posted on 234 جار بینراوە

عارف قوربانی

لە سەروبەندی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا زانیاریی ئەوە ھەبوو کە ھێزێکی زۆری حەشدی شەعبی بەناو خاکی ئێراندا چوونەتە ناوچەکانی (حاجی ئۆمەران) و پلانیان وابوو لەگەڵ ئەو پەلامارانەی لە کەرکووک و پردێ و دەشتی نەینەوا، ئەم ھێزەش لە پشتەوە بێنە ناو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە. بەڵام وەک دەگوترێت جەواد زەریف ئاگایینامەی داوەتە سەرانی ئێران، کە ئەوە ئێران رووبەڕووی دۆخێکی مەترسیدار دەکاتەوە، بەو ھۆیەوە رێگە لەوە گیرا حەشد لە پشتەوە پەلاماری کوردستان بدەن.

سەرباری ئەوەی دوای لێکەوتەکانی ئەو رووداوە ھەرێمی کوردستان و بەغدا لاپەڕەیەکی تازەیان لەنێوان خۆیاندا ھەڵداوەتەوە و جۆرێک لە لێکگەیشتن و ھەماھەنگی لە نێوانیان ھەیە، بەڵام پێناچێت ھێشتا ئەو مەترسیە کۆتایی ھاتبێت؟ یان دروستتر ئەوەیە بگوترێت پێناچێت عەقڵیەتی شیعی دەستبەرداری ئەو ئامانجە بووبێت. ئەمەش بە دەلیلی ئەوەی نەک ھەر ئەو ھێزەیان نەکشاندەوە کە لە سەروبەندی ئەو رووداوانەدا ناردبوویانە حاجی ئۆمەران، بەڵکوو ئێستاش لە چەند ناوچەیەکی سنووریی لە نزیک (نەغەدە و شنۆ و بانە و مەریوان تا نزیک سەرپێلی زەھاو) بنکە و بارەگایان ھەیە. تەنانەت رۆژانە شانبەشانی سوپای پاسداران لەو ئۆپەراسیۆنانە بەشدار دەبن کە بۆ کوشتنی کۆڵبەرانی کورد دەکرێن و لە میدیای کوردی و جیھانیدا زۆر بە ئاسایی باس لە ژمارەی کوژراوانی کۆڵبەرە کوردەکان دەکرێت بە گوللەی حەشد و سوپای پاسداران، بێ ئەوەی کەس ئەو پرسیارە بکات کە حەشدی شەعبی چی دەکات لە سنوور؟

ھیچ گومانێک لەوەدا نییە کە حەشد بەشێکە لە مەنزومەی سەربازیی جیھانی ئیسلامیی شیعە لە ناوچەکەدا، ھەرچەندە ئەگەر بە تەکنەلۆجیای سەربازیی ئەمریکیش پڕچەک کرابن، بەڵام بە عەقیدەی سەربازیی ئێرانی پەروەردەکراون. بۆیە چاوەڕوانکراوە ئەم ھێزە لە خزمەتی ستراتیژی ئێراندا بێت. لە چەند ساڵی شەڕی داعش و لە ململانێ ناوخۆییەکانی سووریادا بەڕوونی ئەوە دەرکەوت کە حەشدی شەعبی عێراقی لە زۆر ناوچەی سووریا شانبەشانی راوێژکارە ئێرانییەکان شەڕیان بۆ مانەوەی ئەسەد و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئێران کردووە. تەنانەت لە قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بەشێک لە سەرکردەکانی ئەم ھێزە وابەستەیی خۆیان بۆ بڕیاری ئێران دەربڕی کە ئامادەن دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بجەنگن. حاڵەتێکی ئاساییە کە حەشدی شەعبی پشتیوانیی ئێران بکەن لە ھەر رووبەڕووبوونەوەیەکی ئێران و ئەمریکادا.

بەڵام ئەوەی کە نائاساییە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە، ئەوەیە لە دۆخێکی وەک ئێستادا کە ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا تا ئاستێکی باش رێکخستووەتەوە، ناکۆکی و کێشەیەکی ئەوتۆ لە نێوانیاندا نییە کە چاوەڕوانی ئاڵۆزیی لێبکرێت، کەچی لەم ساتە ھەستیارەدا ئێران ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەگوازێتەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی دیوی پشتەوەی ھەرێمی کوردستان! ئەمە ناکرێ ھەڵوەستەی لەسەر نەکرێت و وەک ئاماژەی ھەڕەشە و مەترسی تەماشا نەکرێت. بە تایبەتیش کە ھەرێمی کوردستان بۆ خۆبەدوورگرتنی لە ئەمریکا و بۆ ئەوەی دەرفەتی ئەوە نەدات کە نەیارانی ئێران ھەرێمی کوردستان دژ بە ئێران بەکاربەرن، لە بابەتی زەمینی و ئاسمانیدا بەتەواوی خۆی وابەستە کردووە بە سیاسەتی بەغداوە. کوردستان ھیچ کارێکی نەکردووە کە ئاماژەبێت بۆ ئەوەی لەم ناکۆکییانەدا بیەوێ دژایەتی ئێران بکات، بە پێچەوانەوە وەڵامی روونی بۆ ئەمریکییەکان ئەوە بووە کە ھەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە کێشەی ئێوە و ئێران. کەواتا دەبێت بپرسین ئێران بۆچی ئەم کارە دەکات؟

ئێران وڵاتێکە لەڕووی توانای سەربازییەوە خاوەن پێگەیەکی گەورەیە و بۆ پارێزگاری لە ناوچە سنوورییەکانی خۆی پێویستی بە ھێزی تر نییە. ھەر لە بنەڕەتیشەوە مەترسیی ئەوتۆ لەسەر ئێران دروست نەبووە تا پەنا بۆ ھێزێکی وەک حەشدی شەعبی بەرێت. بردنی حەشد بۆ ئەو پشتێنە سنوورییەی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، پەیوەندی بە کوردەوە ھەیە. ھیوادارم ئەو سیاسی و میدیاکارە کوردانەی بەشێکن لە ستراتیجی حەشد، سبەینێ نەکەونە چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی ئەم مەترسیە، بەوەی ئاراستەی بیرکردنەوە و سەرنجی خەڵک و ھێزە کوردییەکان بەو ئاراستەیە بەرن گوایە لەدوای قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی ئێران و ئەمریکا و پاش ئەوەی ئەمریکا ھەڕەشەی لە ھاوپەیمانەکانی سوپای پاسداران کرد، ئێران ئەو گرووپانەی ناو حەشد کە ھاوپەیمانی خۆین، لە چاوی ئەمریکا دوور دەخاتەوە. ئەمە کاتێک راست بوو کە بیبردنایە بۆ ناو قووڵایی ئێران، نەک بیانھێنێتە پشتێنە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان.

دەبێت سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ھەڵوەستە لەسەر ئەم کارەی ئێران بکات و بەوردی ئەم مەترسییە ھەڵبەسەنگێنێ. پێویستە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لەم مەترسییە ئاگادار بکرێنەوە و لەگەڵ خودی ئێرانییەکان لەوبارەیەوە گفتوگۆی راشکاوانە بکرێت، ھەروەھا دەبێت نوێنەرانی کورد لە بەغدا بە راشکاوی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق قسە بکەن. پێموایە ئەمە لە دوو حاڵەت بەدەر نییە، یەکەمیان دوای ئەوەی (پەیەدە) باڵی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان، لە ھاوکێشەی ناوچەکەدا بەلای ئەمریکادا رۆیشت، ئێران کە پێشتر پەکەکەی لە ستراتیجی خۆیدا دەبینییەوە، لەگەڵ عێراق و تورکیا چوونە ناو ھاوپەیمانێتییەکی نھێنی سەریازییەوە بۆ لێدان لە پەکەکە و دوور نییە گواستنەوەی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی خوارووی عێراقەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا و ئێران، بەشێک بێت لەو ستراتیژە ھاوبەشە و ئامانجەکە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی سێ قۆڵی بێت بۆ سەر قەندیل. چونکە تا ئێستا چەند جارێک بەرپرسە باڵاکانی تورکیا تەئکیدیان لەسەر پلانێکی ھاوبەشی سێقۆڵی کردووەتەوە.

ئەگەری دووەم درێژەپێدانی ئەو لەقاڵبدانەی ھەرێمی کوردستانە کە لە کەوتنی کەرکووکەوە دەستیپێکرد و مەبەستیانە قۆناغەکانی تری جێبەجێ بکەن، ئەگەر بۆیان بچێتە سەر تا ئاستی لەچەک داماڵینی ھێزی پێشمەرگە ئامانجیانە. بۆیە دەبێت ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی، ئەم بابەتە وەک حاڵەتێکی ئاسایی تەماشا نەکەن، پێویستە بەوردی و وەک ھەڕەشەیەکی مەترسیدار لێی بڕوانن و پلانیان ھەبێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر کە زامنی دوورخستنەوەی ھەڕەشە و مەترسی بێت لەسەر قەندیل و لەسەر باشووری کوردستانیش.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.