خۆسەغڵەتکردن لەقسەکانی ھۆشیارو کاوە بۆ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 236 جار بینراوە

مەلا فرمان

رەخنەو ئازادی رادەربڕین، بەدەنگەوەچونی کێشەکانی خەڵک‌و خۆ بەخاوەنزانین‌و بون بەمحامی خەڵک، رەخنەگرتن‌و لێپرسینەوە لەدەسەڵاتی جیبەجێکردن لەئەرک‌و پرەنسیپە لەپیشینەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی رەسەنن.

لە یەکێک لە بریار و راسپاردەکانی کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانی رەسەن ھاتوە ( گۆڕان کە بەشداری حکومەت دەکات، میدیاکەی لەگەڵ خۆی نابات). بەتایبەتی لەم کابینەیە ھێشتا نازاندرێت ئایا گۆڕان بەشدارە لە دەسەڵات یان موچەخۆرە لەو کابینەیە. لە ھەموو حێ‌ڵەتێکدا دەبێت راسپاردە و بریاری کۆنفرانس وەک خۆی جێبەجێ بکرێت ” نابێت گۆڕان لەگەڵ خۆیدا میدیاکەشی بەرێتە دەسەڵاتەوە”. پێویستە خانەی راپەڕاندن و جڤاتەکان بەبێ ھیچ لێکدانەوەیەک وەک خۆی جێبەجێی بکەن.

دو ٢ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەند کەیسێکی باشیان وروژاندوە، لەوانە:
پەرلەمانتار کاوە محمد:
بە فەرمی داوا لە بەڕێز عادل عبدالمھدی سەرۆک ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای نەھێشتنی گەندەڵی دەکات کە داوا لە حکومەتی ھەرێم ( بە تایبەتی بە ڕێزان نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی ھەورامی )، و نجمالدین کریم پارێزگاری پێشوی کەرکوک کە ناوەڕۆکی ھەریەک لەم رێکەوتنانە ئاشکرا بکەن:

رێککەوتنی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی تورکیا سەبارەت بە نەوت و غازی ھەرێم کە بە (رێککەوتنی پەنجا ساڵە) ناسراوە. ئەم نەک ھەر پرسێکی دارایی و قوتی خەڵکە بەڵکە پرسێکی نیشتمانیە. لەگەڵ وڵاتێک ئیمزا کراوە کە سەرۆکەکەی سەرۆکی ئەملا بە سەرۆکی عەشیرەت دەزانێ.

رێککەوتنی نێوان حکومەتی ھەرێم و پارێزگاری پێشووی کەرکوک (نەجمەدین کەریم) سەبارەت بە شایستەی پترۆدۆلاری کەرکوک کە لەساڵی (٢٠١٥) دا ئیمزاکرا.

پەرلەمانتاری ناوبراو لەفەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ناوەرۆکی ئەم ھەنگاو و داواکارییە و ھۆکارەکانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن خستەڕوو.
پەرلەمانتار وشیار عبادللە
بەڕێزی بە ھاوکاری و ھەماھەنگی چەند پەرلەمانتارێکی دی دەیەوێت پێداگری بکات لە :
بە مەبەستی بەدواداچون بۆ پرسی نەوتی ھەرێم سەردانی دادگای فیدرالی عێراق دەکەن و لیکۆڵینەوە لە سکاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق دەکەن لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ھەرێم.

بەڕێزی پیداگری دەکات و دەڵێت ” دەبێت داھاتی نەوتی ھەرێم بە یاسا چارەسەر بکرێت و لە ٤چێوەی سامانی عێراقدا لە خزمەتی دانیشتوانی کوردستان بێت، نەک لە دەستی نا ئەمیندا بێت و بخرێتە خزمەتی دەستە و گروپ و بە تاڵان ببرێت.

ئەمەی ئەم دو بەڕێزە قسەیان لەسەر کردوە و بەدواداچونی بۆ دەکەن، ویستی ناخی ھەمو ھەڵسوڕا و گۆڕانخوازێکە چونکە دەقاودەق ئەرکی خۆیان نەک ھەر وەک پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕانی رەسەن جێبەجێ دەکەن بەڵکە ئەرکی وەفای خۆشیان وەک محامی خەڵکی کوردستان جێبەجێ دەکەن . ئەم ھەنگاوانە نەک ھەر جێی رێز و تەقدیرە بەڵکە دەبێت ھەمومان پشتیوانیان بین. نمونەتان زۆر.

لە بری خۆسەغڵەتکردن، دەبو کادرەکانی پارتی و پەرلەمانتارەکانیان پشتیوانبونایا. ئەمە کارێکی یاساییە و بەندە بە پرسی نیشتمان و قوتی خەڵکەوە، رون و ئاشکرایە. بۆیە ناکرێ و نابێت و ناگونجێ ئەم کارەش وەک فشە و بیری نەتەوەیی ساختە و درۆ بەخەڵک بفرۆشرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.